ئەژی گۆران

دواین نوێکردنەوە: 2026-07-14


شاعير، ئەکتەر و وەرگێڕە. ناوی، (ئەژی عەبدوڵا گۆران کوڕی سلێمان بەگی کاتب فارسى)یە. ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک ھەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغى خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە‌. لەلای (گیوی موکریانی) فێری تیپچنین و وێنەگرتنەوە بووە. بەھۆی چالاکيی ڕامیارییەوە لە خوێندن دابڕاوە و ساڵی ١٩٥٢ بۆ شەش مانگ خراوەتە بەندیخانەوە. دوای شۆڕشی ١٩٥٨، جارێکی تر دەستیکردووەتەوە بە کاری سیاسی. ساڵی ١٩٥٨ وەک ئەکتەر لەسەر شانۆ دەرکەوتووه و هەر هەمان ساڵ یەکەم ھۆنراوەی لە گۆڤاری (هيوا)دا بڵاوکردووەتەوە. لە بواری نوسینی هۆنراوەدا چوار کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوه:‌ (زایەڵەی زەنگ، نەبا غەریبێ جێت بگرێ، سەمای لاولاو، نۆتەى ئاوازێکى تەرە)، لە بواری (چیرۆک، شانۆ)شدا بەرهەمی هەیە و چەند دەقێکیشی کردووە بە کوردی. جگە لە زمانی کوردی، فارسی و عەرەبیشی زانیوە. ماوەی سێ ساڵ سەرۆکی (یەکێتيی نوسەران- لقی سلێمانی) بووە. ڕۆژی ٣١ی ١ی ٢٠٠٤ لە سلێمانى کۆچیدوايیکردووە و لە گردى (سەيوان) بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (گۆران ئەژی گۆران)ی کوڕی (ئەژی گۆران)، لە ١٣ی ١ی ٢٠٢١، لە سلێمانى.
  2. چاوپێکەوتنی (عەبدوڵا تاهير بەرزنجى) لەگەڵ (ئەژى گۆران)، گۆڤارى گەلاوێژى نوێ، ژمارە ٢٩ى ساڵى ٢٠٠٢.
  3. کەشکۆڵی گیو، کۆکردنەوەی: گیوی موکریانی، بەرگی یەکەم، ل٦٧و٦٨.

ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق

41

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەمیر سلیم ئەمین بەگ

ڕاگەیاندن کارە، لە دایک بووی گوندی  بەڵخەی هەورامان ، ساڵی 1972. سەروتای خوێندنی لە زێدی خۆی دەستپێکردووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە، لەدواتێ قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر خوێندووە، دەرچووی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان -زانکۆی بەغدا 1995، لە ساڵی 1995پیشەی مامۆستایە -پسپۆڕی زمانی عەرەبی، لە ساڵی 2000 وەک راگەیاندکارێک کاری ڕاگەیاندن ئەکات . دەستی نوسینی شیعری هەیە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، 18ساڵە وەک پەیامنێر لە سنوری هەڵەبجە شارەزوور هەورامان کار ئەکات، لە ساڵی 2009  پەیامنێری کەناڵی سپێدە بووە،  لە 2018 پەیامنێری کەناڵی زاگرۆس عەرەبیە تا ئێستا بەردەوامە،  خاوەنی سێ منداڵە لە هەڵەبجە نیشتەجێیە

زیاتر بزانە
ڕاگەیاندکار

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.

ئامادەبوون بۆ چل ساڵی

کورتە فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ١٣ خولەک فۆرمات: Dvcam، بەرهەمی: خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و دەرهێنان و بەرهەمهێن و دەنگدانەر و مۆنتێر: مهرداد سلێمانییە. وێنەگر: سیامەک سلێمانی. دەنگهەڵگر: ئارەش ڕەسافی. بێژەری دەق: سەعید سلێمانی. موزیک: هەڵبژاردە. کورتەی فلیمەکە: گێڕانەوەی تێپەڕبوونی ژیانی دەرهێنەری فلیمسازی و تەنگەژە و هەڵچون و داچوونی ژیانی ئەو دەرهێنەرەیە. بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٦ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پیشاندراوە. مهرداد سلێمانی: لە دایکبووی ١٩٧٤ی کرماشانە. بەکالۆریۆسی لە سینەمادا هەیە. مامۆستای دەرهێنان و مۆنتاژە. چەند ئەزمونێکی فلیمۆگرافی هەیە.

ئاوێنە

کورتە فلیمە. ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەمهێنراوە. لە نوسین و سیناریۆیی (سەنعان فایەق هانەدنی)یە، دەرهێنانی (سەردار قادر)بووە، ئەنجومەن تەوێڵەیی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، تەلەفزیۆنی خاک مۆنتاژی بۆ فلیمەکە کردووە. ئەکتەرەکانی (شەیما حەمەئەمین، بابا سەنعان، شەیدا شارەزووری، هۆشمەن محەممەد، ئاشنا بورهان)بوون.

ئەنفال ئەڵقەی بووکێنی فڕاندم

فلیمێکی دیکۆمێنتەریی ١٨ خولەکییە. ساڵی ٢٠١٠ بەرهەمهاتووە. بەرهەمهێن: تەلەفزیۆنی کەرکوک. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و نوسەری دەق و خوێندنەوە و دەرهێنەر: محەممەد سەید. وێنەگر: شێرزاد ئەکرەم. دەنگهەڵگر: ئەحمەد قادر. دەنگدانەر و مۆنتێر: دەریا دڵشاد. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەممەد عەزیز. بابەتی فلیم: سیاسی، کۆمەڵایەتی. بابەت: دوو قەیرەکچی دەزگیراندار، ئامۆزا دەزگیرانەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و... بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٩ ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پێشکەشکراوە.

ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە

فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ساڵی ٢٠١٦ بەرهەمهاتووە. بەرهەمی کۆمپانیای (بەمۆ)یە. بیرۆکە و دەرهێنانی: عوسمان محەممەد. وێنەگرتن و مۆنتاژ: بەهجەت بەکر. مۆسیقا: ڕێباز سادق. باس لە سەختیی ژیانی بەرکەوتەی کیمیاباران (کامیل عەبدولقادر) دەکات. ساڵی ٢٠١٩ بەشداری فیستیڤاڵی فیلیمس (سەلامەت)ی لە تاران کردووە.