ماکوان هەڵەبجەیی
ڕاگەیاندکار و ڕۆژنامەوانە. ناوى (ماکوان عیزەت مەحموود)ە. ساڵى ١٩٧٩ لەدایکبووە. قۆناغى سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى دوو منداڵە. لە: گۆڤاری گزنگ، ماڵپەری پەیامنێر، ڕۆژنامەی وشە، کاریکردووە. لە بەڕێوبەرایەتیی پاراستنی تەندروستی بەرپرسی ڕاگەیاندن بووە. لە ئێستادا لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی و ڕۆژنامەی هەولێر لە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی بەردەوامە.
محەممەد عومەر حەمەڕەشید
ساڵی ٢٠٠٠ لەشاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی هەڵەبجە بەدەستهێناوە. لە: ڕادوێی دەنگی نوێ، کەناڵی هەڵەبجە تیڤی، تۆڕی میدیایی ٩٦٤، تۆڕی میدیای KBC کاریکردووە. لە ئێستادا وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە تۆری میدیای KBC لە کاری ڕاگەیاندن بەردەوامە.
محەممەد نەجیب حەمەخان
ناوی (محەممەد حەمەنەجیب حەمەخان)ـە. ساڵی ١٩٨٥ لەدایکبووە. خەڵکی گوندی (دەرەیمەڕە)ە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ و بەشی ڕاگەیاندنی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ماوەی ١٥ ساڵە کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ماوەی جیاوازدا: وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە ڕۆژنامەی دەستوور، وەک هەواڵساز و سەرنوسەر و جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پەیجی مۆر، سەرنوسەری سایتی ژیان، کاریکردووە و لە ئیستاشدا وەک جێگری بەڕێوەبەری ژووری هەواڵ لە کەناڵی کوردستان بەردەوامە.
موختار حەبیب محەممەد
ساڵی ١٩٨٢ لە گوند (کوڵکنیی شارەزوور) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٩٩ دەستی بەکاری وێنەگرتن کردووه. لەکەناڵی ناوخۆیی یەکگرتوو لە هەڵەبجە، کەناڵی ئاسمانیی سپێدە، کاریکردووە. وەک وێنەگر لە چەند کورتە فلیم و کلیپێکدا بەشداریکردووە. لەئێستادا وەک وێنەگر لە تەلەفزیۆنی سپێدە بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
مونیر سەلیم
ڕاگەیاندکار و شاعیرە. ناوی(مونیر کوڕی سەلیم بەگی ئەمین بەگی بەڵخە)یە. نازناوی(لهۆنی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە پارێزگای (دیوانیە) لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەیی پیشەسازییە. هەندێک لە شیعرەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٧ چووەتە نێو دنیای ڕاگەیاندنەوە. سەرەتا وەک پەیامنێری ڕۆژنامە و دواتر ڕادوێ و پاشان تەلەفزیۆن کاریکردووە. لە چەندین دەزگا و کەناڵی ڕاگەیاندنی جیاجیادا کاریکردووە. لە بواری ڕێکخراوەیشدا کاریکردووە. ساڵی ٢٠٠٦ جێگری ئۆفیسی سلێمانی ڕێکخراوی کۆنکۆردیای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەندامی کارای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانە. ئێستا ئامادەکار و پێشکەشکاری بەرنامەیەکە لە ڕادوێ و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
وریا حەمەکەریم
ناوی (وریا حەمەکریم حەمەساڵح مەحەممەد)ە. ١ى ١١ى ١٩٨٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی دارایی و بانک لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ لە هەولێر دەستی بەکاری ڕۆژنامەوانی کردووە و ساڵی ٢٠١١ تا ئێستا لەهەڵەبجە درێژەی بەو کارە داوە. سەرنوسەری ڕۆژنامەکانی(تریفە، تیشک)بووە. ٢٠٠٨-٢٠١٠ پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوڵاتی بووە. ٢٠١٠-٢٠١٣ وەک پەیامنێر لە کەناڵی NRT کاریکردووە و لە ساڵی ٢٠١٥وە تائێستا بەرپرسی نوسینگەی هەڵەبجەی کەناڵەکەیە. دامەزرێنەر و خاوەنی کەناڵی خۆراکیی زنار تیڤییە. چەندین ڕاپۆرتی جۆراوجۆر و فلیمی دیکۆمێنتاری و بەدواداچوونی ئامادە و پێشکەشکردووە. ڕاپۆرتی بۆ دەزگا و کەناڵە نیودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانە(سکای نیوز، بی بی سی، الجزیرە). لە ئەنجامی بەدواداچونەکانیدا چەندین بەرپرس لەکار دورخراونەوتەوە و چەندین بێسەرو شوێن دۆزراونەتەوە. لە ماوەی کارکردنیدا ٢١ سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە و ١٠ دۆسیەی بردووەتەوە و ١٠ سکاڵاش یەکلایی نەکراونەتەوە. چەندین خولی ڕاهێنانی کردووەتەوە و بەشداری چەندین خولی کردووە و چەندین بڕوانامەی ڕاهێنانیشی وەرگرتووە. لەوانە (پەیمانگای فۆکس ئەکادیمی و بڕوانامەی ivlp لە ئەمریکا. ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووه و دوو منداڵی لە پاش خۆی بەجێهێشتووە.