کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

ماجد خەلیل فەتاح

نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرای لە زانکۆی سلێمانی و لە بواری مێژوودا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا مامۆستای زانکۆی سلێمانییە. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانه:‌ (ڕێکخستنە سیاسییەکانی باکوری کوردستان، ئیسلامی سیاسی و ئیسلامیەکانی کوردستان، کورد لەسەردەمی خەلافەت و خەواریچ، خوێندنەوەی میتۆد و پێڕەوی ئیسلامییەکانی کوردستان، داعشناسی، داعش و داعشناسی، چەپ و چەپی تورکیا، مێژووی پەکەکە، مێژووی پەیەدە، حزبوڵای کوردی لە تورکیا، ئیسرائیل لە مێژووی کوردستاندا، سەلەفیزم لە کوردستاندا، مێژووی پەیوەندیەکانی ئێران و هندستان، ئیسلام لە نیمچەدورگەی باڵکان).

مامۆستا سەیفەدین

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (سەیفەدین ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (بامۆک) لەدایکبووە. کۆلێژی ئادابی لە بەغداد تەواوکردووە و لە هەڵەبجە بووە بە مامۆستا و دواتر لە (ئامادەیی ئێوارانی کوڕان) و (ئامادەیی ئیسلامی) بەڕێوبەر بووە. ساڵی ١٩٩٤ کۆچیدواییکردووە. کتێبی)کوڕی شیرینم ئەمەیە بیروباوەڕەکەت، چۆن خێزانەکەت پەروەردە دەکەیت)ی وەرگێڕاوە و (زنجیرەی ژیان و بەسەرهاتی پێغەمبەران)ی نوسیوە.

مامۆستا محێدین هەورامی

نوسەر، مامۆستا و چالاکەوانە. ناوی (محێدین سەلیم حەمەیوسف محەممەد). ساڵی ١٩٣٣ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی لە سلێمانی و خانەی مامۆستایانی لە بەعقوبە تەواوکردووە. وەک مامۆستا دامەزراوە. دواتر بەشی دەروونناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆی موستەنسریەی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستای دواناوەندی تەوێڵە. بۆ بەرگرتن لە ڕاگواستنی تەوێڵە و بیارە بووە بە سەرۆکی لیژنەی تەوێڵەییەکان و بۆ ئەو مەبەستە سکاڵانامەیەکیان نوسیوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، بەهۆی سکاڵاکەوە، لە ئەنجامدا ڕاگواستنی تەوێڵە ڕاگیراوە. ئەندامی چەندین کۆمەڵە و ڕێکخراو بووە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سندوقی خێرخوازیی هەورامان و ئەنجومەنی تەوێڵەییەکان. وتار و نوسینی هەمەجۆری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ئەم کتێبانەی بەچاپ گەیاندووه:‌ (چمکێک لە مێژووی شۆڕشگێڕی تەوێڵە، کەشکۆڵی ئەنجومەنی گیانداران، زەردەشت کێیە، میرزا عەبدولقادری تەوێڵەیی، هەجیجییەکان، سەرەتاکانی سایکۆلۆژی گشتی). ساڵی ١٩٦٠ خێزانی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. ساڵی ٢٠٠١ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

مەریوان سەلاح محەمەد حیلمی

ڕۆژنامەنوس و نوسەرە، ساڵی ١٩٦٩ له ‌خێزانێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و ئەدەبدۆست لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی له ‌هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٨٦- ١٩٩٠ له ‌کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدینی هەولێر، بەشی زمان و ئەدەبی کوردی خوێندووە و بە پلەی زۆرباش تەواویکردووە. خێزانداره ‌و خاوەنی یەک منداڵە. کتێبەکانی له ‌بواری پەروەردەدا و لەبارەی پەروەردەوە، پەروەرده ‌و گۆڕین، وتارە پەروەردەییەکانی، چاپکردووە. نزیکەی ٢٠ ساڵ کاری ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژنامەکانی (هاوڵاتی، ئاوێنە، هاوبیر، ڕۆژی گەل، ئامانج، ٢١، تیرۆژ، راسان، زەمەن، کەلەپوری کورد، سبەی.. هتدا) کردووە. سەرنوسەری ڕۆژنامەی گەل و جێگری سەرنوسەری ڕۆژنامەی هاوبیر بووە. کاری لێکدانەوە و ساخکردنەوەی بۆ ١٠ شاعیر کردووە، لەوانە: دیوانی محەمەدخامۆش، کەمالی چاپکردووە.

مەریوان ھەڵەبجەیی نوسەر

شاعیر و نوسەرە. ناوی (مەریوان ئەبوبەکر سەعیدە). ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٧ تا ساڵی ١٩٧٨ لە خانەی هەتیوان ژیاوە و درێژەی بە خوێندن داوە. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٨ بووە بە پێشمەرگە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ بە برینداری دەستگیرکراوە، پاش حوکمدان لە ساڵی ١٩٨٢ بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە. لەناو زینداندا ئامادەیی تەواوکردووە، بەڵام بڕوانامەکەی پێنەبەخشراوە. ساڵی ٢٠٠٦ هەڵهاتووە بۆ وڵاتی نەرویج و لەلایەن پۆلیسەوە پارێزراوە. دامەزرێنەری بنکەی ئەدەبی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری بووە. دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕەخنەی ڕۆشنگەری، ڕۆژنامەی سپێدە بووە. دامەزرێنەری کەناڵی ئاوێنە تی ڤی (Awena TV) یەو زیاتر لە ٢٤٠ بەرنامەی دۆکۆمێنتاری بەرهەمهێناوە. ئێستا ئەندامی نوسەرانی نەرویجە و متمانەپێکراوی هەڵسەنگاندنی ئەو لێکۆڵینەوانەیە، کە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەنوسرێن و هاوکارییان پێ دەبەخشن. متمانەپێکراوی دەزگاکانی دادگایی کەیسەکانی پەنابەرییە بۆ ئازادی ڕادەبڕین. خاوەنی ١٧ کتێبە لە نوسین و وەرگێڕان، لەوانە: خورافە لەکۆمەڵگەکاندا، هێزە نامۆکان. دەروازەکانى ئایین، زانستى ئایینەکان. خوێننامە، سێکس و شەرع و ژن لە مێژووى ئیسلامدا، خوێندنەوەیەکى ڕەخنەگرانە بۆ ئیسلام... هتد. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە نەرویج دەژی.

مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕ

وەرگێڕ و نوسەرە. ناوی (مەریوان جەلال ڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی و ماستەری لە زانکۆی تاران بەدەستهێناوە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە نیشتەجێی تارانە. لە ساڵی ١٩٩٧وە دەستی بە وەرگێران کردووە لە فارسییەوە بۆ کوردی و لە کوردییەوە بۆ فارسی. تا ئێستا ٦٧ کتێبی بەو دوو زمانە چاپ و بڵاوکردووەتەوە. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: ئەحمەد هەردی بۆ باشترین وەرگێڕ ٢٠١١، مارف بەرزنجی ٢٠٠٩، یەکێتیی نوسەرانی ئێران، ناوەندی کلتوریی ئێران ٢٠١٧، باشترین وەرگێڕ ٢٠٢٠، یونسکۆی جیهانیی باشترین وەرگێڕ ٢٠٢١، وەرگری خەڵاتی باشترین وەرگێڕی شانۆنامە لە فیستیڤاڵی سەقز ٢٠٢٣، سەدان گفتوگۆی لەگەڵ سینەماکاران و ڕەخنەگرانی فارس و نەتەوەکانی تردا ئەنجامداوە و لە دیارترین بڵاوکراوەکاندا بڵاوکراوەنەتەوە. چەندین ساڵ بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری گەلاوێژی نوێ داوەری ڤیستیڤڵەکانی فلیم و گەلاوێژ بووە.

مەسعەب ئەدهەم عەلی

نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵە لە زانکۆی سەلاحەدین. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. جگە لە زمانی دایک، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزیش دەزانێت. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بەرهەمی وەرگێڕراوی بڵاوکردووەتەوە. خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی گوڵعەنبەری بەدەستهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە. پێنج کتێبی نوسینی خۆی و نزیکەی ٣٠ کتێبی وەرگێڕانه، لەوانه:‌ (فەلسەفە چییە؟ فەیلەسوف کێیە؟، دیوی ئەخلاقی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، جوانی و ناشیرینی، فەلسەفە بۆ لاوان، ئاین و مەعنەویەت، سوڵتانی عیشق، عیشقنامە، عیرفان باغێک لە حەقیقەت، نیگایێک بۆ ئەخلاقناسی).

مەلا عەبدولڕەحیمى چروستانی

مامۆستای ئاینی و نوسەرە. ناوى (مەلا عەبدولڕەحیمى چروستانی کوڕى مەلا عومەرى کوڕى شەریفى کوڕى ئیبراهیم)ـە. ساڵى ١٨٧٦ لە گوندى (چروستانە) لەدایکبووە. خزمایەتى لەگەڵ مەولەوى شاعیردا هەیە، هەر لەبەر خۆشەویستیى ئەو، بەو ناوەوە ناونراوە. لە تەمەنى چوار ساڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنى ئایینى لای چەندین مامۆستا زانستى ئاینى وەرگرتووە. دواى وەرگرتنى مۆڵەتى مەلایەتى چووەتە گوندى ئابڵاغ و لە مزگەوتى شێخ سەلام دەستیکردووە بە تەدریس. لە ترسى هێرشى ڕووسەکان، سلێمانى بەجێهێشتووە و چووەتە بەرزنجە. لە کۆتایدا لە دەوروبەرى ساڵى ١٩٣٤ لە بەرزنجە کۆچیدواییدەکات و لە لاى شێخ عیسا و موساى بەرزنجەدا دەنێژرێت. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و سێ منداڵی هەیە. چەندین دانراوی لە بوارەکانى وەک (علم النحو، المنطق، الفرائض، التجوید، ألاداب و الحکمە، العقاید، الموعظة) هەیە و چەندین حاشییەى بۆ کتێبەکانى (نامیلکەیەکى فەرائیز، بورهانى گەلەنبەوى، ئادابى گەلەنبەرى، فەرائیزى شێخ مەعروف، فتح المعین، شەرحى عەقائیدى تەفتازانى) داناوە.

مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس

پێشنوێژ و وتاربێژ، شاعیر و ساغکەرەوە و لێکۆڵەری ئەدەبییە. ناوی (عەبدولکەریمى کوڕی سۆفی محەممەد کوڕی فەتاح سولەیمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٠ لەدایکبووە. بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر ھۆزی (قازی) لە عەشیرەتی (غەوارە). باوکی لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ بووە و پاش پێکهێنانی ژیانی ھاوسەریی چوونەتە گوندی (گوێزە کوێر)ی سەر بە شارۆچکەی (مەریوان) لە ڕۆژھەڵاتی کودستان. سەرەتا لە مزگەوتی گوندەکەیان خوێندویەتی و دواتر چووەتە سلێمانی و ساڵی ١٩٢٥ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. وەک مامۆستا و پێشنوێژ و وتاربێژ لە چەند شوێنێک دامەزراوە. نزیکەی نیو سەدە وانەی وتووەتەوە و بە (مودەڕیس) ناسراوە. لە بواری شیعرنوسیندا، بە (نامی) و (مەلا عەبدولکەریمی بیارە، عەبدولکەریمی شارەزووریی، عەبدولکەریمی مەریوانی) ناسراوە. تا کۆچیدواییکردووە سەرۆکی (ڕابیتەی زانایانی عێراق) و ماوەیەکی زۆریش موفتی گشتیی عێراق و بەرپرسی زانایان بووە. یەکەم وتاری هەینی بە زمانی کوردی خوێندووەتەوە. لە بوارە جیاوازەکانی (ئەدەب، زانست، فەرھەنگ)دا، خاوەنی ٦٥ کتێبی چاپکراوە. جگە لە زمانی کوردی، زمانى عەرەبی و فارسی زانیوە. لە گرنگترین بەرھەمەکانی: (تەفسیری نامی "حەوت بەرگ"، یادی مەردان "دوو بەرگ"، شەریعەتی ئیسلام "چوار بەرگ"، مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ "چوار بەرگ"، بنەماڵەی زانیاران) لێکدانەوە و کۆکردنەوە بۆ چەند دیوانێکی شاعیران، لەوانە (نالی، مەحوی، مەولەوی، فەقێ قادری هەمەوەند). بە کوردی شەرحی لە سەر مرضیە و بە عەرەبی لەسەر الفضیلە کردووە. ژمارەیەک دەستنوس و بەرھەمی بڵاونەکراوەشی ھەیە. لە ٣٠ی ٨ی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی) لە شاری بەغداد بەخاکسپێرراوە. گەلێک دیدار و کۆنفڕاسی بۆ گیراوە و لە شارەکانی کوردستان مزگەوت و شەقامی بەناوەوە کراوە و لە بیارەش پەیکەری بۆ دانراوە.

مەلا مەحموودی کزەڵ

نوسەر و وەرگێڕ و شاعیرە، ناوی تەواوی مەحموود قادر ئەحمەدە، ساڵی ١٩٢٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خولیای ئیلاهیات و لاهوتی لەسەر بووە و لای گەلێک مەلای ناودار خوێندویەتی و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەبەرئەوەی لە بنچینەدا مۆریاسین، لە مۆریاس بووەتە مەلا. شیعر و وتاری لە ژیان و ژین و گەلاوێژدا نوسیوە. ساڵی ١٩٥٨ بووەتە مامۆستا. لە کتێبەکانی: کەشکۆڵێک لە گەنجینەی ژیانی کوردەواری، دیوانی کزەڵ، یۆگا هەمیشە لاوی، چوار وتار بۆ چوار قارەمان، پەند و ئامۆژگاری، دەبەرگ لە کتێبی ڕوەکناسی، ڕزگاربوون لە مەرگی دەسکرد، بەختنامە. بۆ ماوەی دە ساڵ ئەندامی کارای یەکێتیی نوسەرانی کورد بووە. خێزانداربووە و خاوەنی منداڵە، ساڵی ٢٠١٤ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە.

مەودوود جەبار عەبدوڵا

ساڵی ١٩٩٠ لە کامێران لە وڵاتی ئێران لەدایکبووە. بەشى زانستی کۆمپیوتەری لە زانکۆى سلێمانی خوێندووە. بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزیشدا هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە زانکۆی هەڵەبجە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، تورکی، فارسی، ئینگلیزی و ئیسپانییش دەزانێت. زیاتر لە بیست بەرهەمی کتێبی وەرگێڕاوە، لەوانە: (واعیزەکانى سوڵتان، گەڕى گەردوون، گاڵتەجاڕیی عەقڵی مرۆڤ، ئەى کێ خوداى دروستکرد، سۆسیۆلۆجیاى ئیسلام، بەڵگەى ئارکیۆلۆجیی پێغەمبەران).

محەممەد ئەمین ھەورامانی

مێژوونوس، زمانەوان، فەرهەنگسازە. ناوی (حەمەئەمین غەفور عەبدوڵا)يە. لە تایفەی مەلا براھیمی بیارەیە. ساڵی ١٩٢٨ لە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە بیارە و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە و چەند ساڵێک مامۆستا بووە. بۆ خوێندن چووەتە زانکۆی (موستەنسرییە) و لە زمانە ئەوروپاییەکان بەشی (زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی) خوێندووە. لە ساڵی ١٩٨٣بۆ ١٩٨٩ بە زەمالە خوێندنی لە(ئەسکەندەرییە) تەواوکردووە و لە مێژووی ڕێبازی زمانی کوردیدا (P. H. D)ی وەرگرتووە. ماوەیەک ھاوکاریی بەشی کوردی و پەروەردەی کوردی بووە لە زانکۆی بەغداد و ماوەیەکیش وەک (ئەندامی یاریدەدەر) ھاوکاری (کۆڕی زانیاریی کورد)ی کردووە. سەفەری کردووە بۆ (سویسرا) و ساڵی ٢٠٠١ گەڕاوەتەوە هەورامان. لە بواردا چەند بەرهەمێکی هەیە، لەوانە: (گوڵزاری هەورامان، مێژووی هەورامان، لەیلێ و مەجنوون، دیوانی میرزا عەبدولقادری پاوەیی، کاکەیی، زمانی ئاڤێستا، فۆنەتیکی زمانی کوردی، فەرھەنگی ئاریانڤاچ، فیلۆلۆژی زمانی کوردی..هتد). بە گەڕانەوەی بۆ هەورامان و بیارە، سەنتەری ڕۆشنبیری د. حەمەئەمین هەورامانی دامەزراندووە. ساڵی ٢٠١٨ کۆچیدواییکردووە و لەبیارە بەخاکسپێرراوە.

محەممەد چیا

نوسەر و وەرگێڕ، ڕۆژنامەوانە. ناوی (محەممەد حسەین حەمەسەعید)ە. ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەریدا هەیە. ماستەری لە بواری ژمێریاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنی یەکگرتوو وەک پەیامنێر کاریکردووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (هەژان) و سەرنوسەری گۆڤاری (ڕێنسانس)بووە. نزیکەی ٣٠ کتێبی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لەوانه:‌ (ئیسلام لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەحکامەکان بەپێی سەردەمەکان دەگۆڕێن، ئەزمونی هیندستان، گەورەترین دیموکراسیەت لە جیهاندا، ئەزمونی ئیمارات، خوێندنەوەیێک لەبارەی ئەزموونی فیدراڵییەوە، بنەما نوێکانی کارگێڕی. بنەماکانی لیبراڵیزمی سیاسی، پوختەیێک لە گرێبەستە مەدەنییەکان، مێژووی ئابووری جیهان، فەرهەنگی فەلسەفی).

محەممەد حەمەساڵح تۆفیق

نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٥٣ لە شارۆچکەی کفری لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە شارۆچکەی کفری خوێندووە. کۆلیژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و ڕێکخراوەکانی تری مرۆڤدۆستیدا کاریکردووە. ماوەی هەشت ساڵ بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سێمانی بووە. لەو بوارەدا هاوکاری هەژار و قوربانیانی جینۆسایدی کردووە. بە تایبەتی منداڵانی هەڵەبجە. خاوەنی ٤٠ کتێبە لە بوارەکانی: جینۆسایدی کورد، ئەدەب و ڕۆشنبیری، مێژوو، ناسیونالیزم و کەلەپوور، جینۆساید لە عێراقدا، مێژووی کورد، کارێکی ژەهراوی و ئەمریکاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە، گۆڕینی ڕژێم، کورد لە نامەکانی میس بێڵ، مەولانا خالدو دەسەڵاتی میراتی ئایینی، قبور غیر هادئە) و دەیان وتاری بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە. چەندین خەڵات و پاداشتی وەرگرتووە. لەوانە خەڵاتی زێڕینی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

محەممەد سابیر

نوسەر و ڕاگەیاندنکارە. ناوی (محەممەد سابیر ساڵح محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە خورماڵ و ناوەندی و دواناوەندیی ئێوارانی لە هەڵەبجەی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە بوارى هونەری و وەک ئەکتەر لە نزیکەی ٢٠ دراما و فلیم و شانۆدا بەشداربووە. خاوەنی کتێبێکە لەسەر (مێژووی ئەحمەدئاوا). ماوەی هەشت ساڵ بەرنامەی لە ڕادوێ و تەلەفزیۆن پێشکەشکردووە. ئەندامی مەڵبەندی ڕۆشنبیری و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ڕوناکبیریی خورماڵە. خاوەنی خەڵاتی زێرینی شاکر فەتاحە.

محەممەد سەعید فەرەج

ساڵی ١٩٧٢ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. دەرچووی بەشی پەرستارییە و دواتر پەیمانگای چاودێریی منداڵانی لە وڵاتی بەریتانیا تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. چەند کتێبێکی نوسیوە و وەرگێڕأوە، لەوانه:‌ (چاو و پەناگە ئیمانییەکان، لەخۆگرتن لەژیانی بانگەواز و بانگخوازدا، وەرگێڕان، ئازادییە گشتییەکان لەدەوڵەتی ئیسلامیدا، سەرگوزەشتە لە مێژوو، دواندنی منداڵ کاتێک گەورەیەک شێرپەنجەی هەیە).

محەممەد عەبدوڵا عەلی

ساڵی ١٩٩٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی لە هەڵەبجە و بەشی ئاداب - ئینگلیزی لە زانکۆی گەرمیان تەواوکردووە. ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢١ (کتێبخانەی محەممەد) و ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٢٣(کتێبخانەی ئایندە)ی لە شاری هەڵەبجە کردووەتەوە. تا ئێستا چوار کتێبی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر کوردی (جادووی سوپاسگوزاری، هێز، سەرکەوتووەکان چۆن بیر دەکەنەوە، باوکی زەنگین باوکی هەژار).

محەممەد عەلی ئەحمەد

نوسەر و ئیمامی مزگەوتە. بە (حسامەدینی سانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ئێران زانستە شەرعییەکانی خوێندووە. لە بونیادنانەوەی خانەقا و مەدرەسە ئاینییەکان و مەرقەد و مزگەوتی مەشایخی نەقشبەندی لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەی تەوێڵە، کاریکردووە. لە ئێستادا لە هەڵەبجە سەرپەرشتیار و ئیمامی خانەقای هەڵەبجە و مەرقەد و خانەقای تەوێڵەیە. دوو کتێبی چاپکراوی بڵاوکردووەتەوە بەناونیشانەکانی: (بەیداخهەڵگرانی ڕێبازی حیسامی، کورتەیەک لە سراج التالبین).

محەمەد غەفور شەریف

نوسەرە. ساڵی ١٩٥٤ لە هەڵەبجە لەگەڕەکی سەرا لە دایکبووە. هەر لەوێ سەرەتایی و ناوەندی خوێندووە و ساڵی ١٩٧٦ ئامادەیی تەواوکردووە و لە ئاماری هەڵەبجە دامەزراوە و لە گەڵ دامەزراندنی دەزگای هاندانی وەبەرهێناندا، ڕاژەکەی گواستووەتەوە. زانیاریی زۆری لەسەر باری ژیان و گەشەی هەڵەبجە هەیە. چەندین وتاری لەسەر هەڵەبجە نوسیوە و چەند بەرهەمێکی وەرگێڕاوە. خاوەنی کتێبی هەڵەبجە، یادەوەریی و شارستانیێتییە. خێزاندارە، خانەنشینە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.

محەممەد مەلا کەریم

نوسەر، لێکۆڵەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (محەممەدی مەلا کەریمی مودەڕیس)ـە. لە ١٤ی ٨ی ١٩٣١دا لە (بیارە) لەدایکبووە. خوێندنی فەقێیەتی لە بیارە و سلێمانی خوێندووە. لە سەرەتای لاوێتییەوە کاری ڕۆژنامەوانی کردووە. لە ساڵانی ١٩٤٩ -١٩٥٠دا گۆڤاری (العروة الوثقی) بە دەستنوس دەرکردووە. دواتر لەگەڵ چەند فەقێیەکی هاوڕێی گۆڤاری (دەنگی فەقێ)ی دەرکردووە. پەیوەندیی لەگەڵ بزوتنەوەی نیشتیمانی هەبووە و ئەندامی لیژنەی ئاشتیخوازانی سلێمانی بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٥٤ بۆ ١٩٦٧ چوار جار دەستگیراوە. لە ژمارەیەکی زۆر لە گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاریکردووە و نوسینی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە گۆڤارەکانی شەفەق، هیوا، توتن، ئیسلاحی زەراعی، بەیان، ڕەنگین و ڕۆژنامەی ئازادی، تەئاخی، برایی، الفکر الجدید-بیری نوێدا کاریکردووە. تا کۆچیدوایی، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی بووە لە هەولێر. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە. زیاتر لە ٣٠ کتێبی چاپکراوی بە نوسین و وەرگێڕان هەیە، لەوانە (ضوء علی الوضع فی الإیران، جەنگاوەرێکی ڤێتنامی، شیرین و خوسرەوی خانای قوبادی، کردستان فی سنوات الحرب العالمیة الأولی، نالی لە کڵاوڕۆژنەی شیعرەکانییەوە، مەولەوی ژیان و بەرهەمی،..). ساڵی ٢٠٠٧ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە لە گردی مامەیارە بەخاکسپێراوە.

پێشتر 1
...
20 21 22
...
60 دواتر