مەریوان ھەڵەبجەیی نوسەر

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-14


شاعیر و نوسەرە. ناوی (مەریوان ئەبوبەکر سەعیدە). ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٧ تا ساڵی ١٩٧٨ لە خانەی هەتیوان ژیاوە و درێژەی بە خوێندن داوە. لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٨ بووە بە پێشمەرگە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٩ بە برینداری دەستگیرکراوە، پاش حوکمدان لە ساڵی ١٩٨٢ بە لێبوردنی گشتی ئازادکراوە. لەناو زینداندا ئامادەیی تەواوکردووە، بەڵام بڕوانامەکەی پێنەبەخشراوە. ساڵی ٢٠٠٦ هەڵهاتووە بۆ وڵاتی نەرویج و لەلایەن پۆلیسەوە پارێزراوە. دامەزرێنەری بنکەی ئەدەبی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری بووە. دامەزرێنەر و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕەخنەی ڕۆشنگەری، ڕۆژنامەی سپێدە بووە. دامەزرێنەری کەناڵی ئاوێنە تی ڤی (Awena TV) یەو زیاتر لە ٢٤٠ بەرنامەی دۆکۆمێنتاری بەرهەمهێناوە. ئێستا ئەندامی نوسەرانی نەرویجە و متمانەپێکراوی هەڵسەنگاندنی ئەو لێکۆڵینەوانەیە، کە بە زمانی کوردی و عەرەبی دەنوسرێن و هاوکارییان پێ دەبەخشن. متمانەپێکراوی دەزگاکانی دادگایی کەیسەکانی پەنابەرییە بۆ ئازادی ڕادەبڕین. خاوەنی ١٧ کتێبە لە نوسین و وەرگێڕان، لەوانە: خورافە لەکۆمەڵگەکاندا، هێزە نامۆکان. دەروازەکانى ئایین، زانستى ئایینەکان. خوێننامە، سێکس و شەرع و ژن لە مێژووى ئیسلامدا، خوێندنەوەیەکى ڕەخنەگرانە بۆ ئیسلام... هتد. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە نەرویج دەژی.

سەرچاوەکان:

  1. گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (مەریوان ھەڵەبجەیی)، لە ١٨ی ١٢ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتن لەگەڵ (مەریوان ھەڵەبجەیی)، بەرنامەى (شەقام)، تەلەڤزيۆنى (NRT٢).

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

5

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کەرنەڤاڵی باخچەکانی ساوایان

کەرنەڤاڵێکی گۆرانی و ئۆپەرێتە. چالاکیی هونەریی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهید، لە ٦ی ٦ی ٢٠١٢ لە هۆڵی سیروان، سازیکردووە. ئەم باخچانە بەم بەرهەمانە بەشداربوون: ١- باخچەی ساوایانی باخی میر: گۆرانی گیانداران. ئاواز و مۆسیقا. ئیحسان کەریم. نمایشێکی هەڵپەڕکێی ساوایان. ئامادەکردنی: سروە عەباس. ٢-باخچەی ساوایانی خونچە: شانۆگەری پاشا. دەرهێنان و داڕشتنەوەی دەق: یاسین عەلی(ڕێناس). ڕاهینانی منداڵان: مائیدە جەبار. ئاواز و هۆنراوەو مۆسیقا: ڕێناس. مکیاج و جلوبەرگ: مائیدە و ڕوپاک فەتاح. ٣- باخچەی ساوایانی هەڵەبجە: ئۆپەرێتی گەشتێک بۆ دارستان، گۆرانیی (کۆرپەی باخچەی هەڵەبجەین، بەخێرهاتن، هەر کە ئەچمە باخچەکەم، ئێمە جوان و ژیکەڵەین، ئالاکەم)، بە بەشداری ٣٠ منداڵی چاوگەش. ئامادەکاران مامۆستا (عوسمان هەورامی، م. ئارام، م. عەلی، م. کازم کۆیی). دەرهێنانی: ئەسمەر سەفەر. مۆسیقا: پەروین حەمە کەریم. بەسەرپەرشتی: هەڵاڵە عومەر. ٤-باخچەی ساوایانی سیروان: ئۆپەرێتی مافی منداڵان. ٥-باخچەی ساوایانی بینایی: ئۆپرێتی مامۆستا: نوسینی: یاسین عەلی(ڕێناس). دەرهێنانی: جوان ئیسماعیل. ٦- باخچەی ساوایانی شنە: ئۆپەرێتی گوڵ. ئامادەکردنی: شەیدا ئەحمەد حسێن. دەرهێنانی: تارا نوری. گۆرانیی هەنگ: هۆنراوەی: ئەسعەدی پورزادە. ئاواز و مۆسیقا: ئیحسان کەریم. گۆرانیی منداڵان وەرن وەرن: هۆنراوەی: شوان ئەحمەد. ئاواز و مۆسیقا: ئیحسان کەریم. سەرپەرشتی: ئیلهام فەتاح. ٧-باخچەی ساوایانی پەریان. گۆرانی گوڵدان: ئاواز و مۆسیقا: کرمان جەلال. هۆنراوەی: کاکەی فەللاح. وتنی: کۆرس. لیژنەی سەرپەرشتیاری (ئیحسان کەریم، حەمید حەمە عەلی، فازل محەممەد، جیهانگیر جەلال، سعدون عمر، سامی سەعدوڵڵا، میدیا محەممەد، کاوە نوری، جەلال عبدالرحمن، دڵخۆش محەممەد، ئەمجەد جەمال، هاوژین عەبدولواحید، بکر عومەر، تەرزە قادر، شاڵاو سەلاح، شاجوان شێرزاد).

قەڵای ڕەزێنە شوێنەوار

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو) لە نێوان گوندەکانی (دەرەشیش و تاوێرە). ڕووبەرەکەی (٢٠٠م)ە. شوێنەوای قەڵاکە دیارە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. بەپێی ئەوەی، کە لە نزیک قەڵاکەدا سەری ڕم و نوکی تیر دۆزراوەتەوە، دیارە، کە قەڵایە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهاتووە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.