مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


پێشنوێژ و وتاربێژ، شاعیر و ساغکەرەوە و لێکۆڵەری ئەدەبییە. ناوی (عەبدولکەریمى کوڕی سۆفی محەممەد کوڕی فەتاح سولەیمان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٠ لەدایکبووە. بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر ھۆزی (قازی) لە عەشیرەتی (غەوارە). باوکی لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ بووە و پاش پێکهێنانی ژیانی ھاوسەریی چوونەتە گوندی (گوێزە کوێر)ی سەر بە شارۆچکەی (مەریوان) لە ڕۆژھەڵاتی کودستان. سەرەتا لە مزگەوتی گوندەکەیان خوێندویەتی و دواتر چووەتە سلێمانی و ساڵی ١٩٢٥ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. وەک مامۆستا و پێشنوێژ و وتاربێژ لە چەند شوێنێک دامەزراوە. نزیکەی نیو سەدە وانەی وتووەتەوە و بە (مودەڕیس) ناسراوە. لە بواری شیعرنوسیندا، بە (نامی) و (مەلا عەبدولکەریمی بیارە، عەبدولکەریمی شارەزووریی، عەبدولکەریمی مەریوانی) ناسراوە. تا کۆچیدواییکردووە سەرۆکی (ڕابیتەی زانایانی عێراق) و ماوەیەکی زۆریش موفتی گشتیی عێراق و بەرپرسی زانایان بووە. یەکەم وتاری هەینی بە زمانی کوردی خوێندووەتەوە. لە بوارە جیاوازەکانی (ئەدەب، زانست، فەرھەنگ)دا، خاوەنی ٦٥ کتێبی چاپکراوە. جگە لە زمانی کوردی، زمانى عەرەبی و فارسی زانیوە. لە گرنگترین بەرھەمەکانی: (تەفسیری نامی "حەوت بەرگ"، یادی مەردان "دوو بەرگ"، شەریعەتی ئیسلام "چوار بەرگ"، مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ "چوار بەرگ"، بنەماڵەی زانیاران) لێکدانەوە و کۆکردنەوە بۆ چەند دیوانێکی شاعیران، لەوانە (نالی، مەحوی، مەولەوی، فەقێ قادری هەمەوەند). بە کوردی شەرحی لە سەر مرضیە و بە عەرەبی لەسەر الفضیلە کردووە. ژمارەیەک دەستنوس و بەرھەمی بڵاونەکراوەشی ھەیە. لە ٣٠ی ٨ی ٢٠٠٥ کۆچیدواییکردووە و لە مەرقەدی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی) لە شاری بەغداد بەخاکسپێرراوە. گەلێک دیدار و کۆنفڕاسی بۆ گیراوە و لە شارەکانی کوردستان مزگەوت و شەقامی بەناوەوە کراوە و لە بیارەش پەیکەری بۆ دانراوە.

سەرچاوەکان:

  1. اعلام کرد العراق، جمال بابان، مطبعە شڤان، السلیمانیە، ٢٠٠٦، ص١٠٩.
  2. گەنجینەی وەفا، د. عەدنان، چاپی یەکەم، ٢٠١٦.
  3. یادی مەردان، مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس، بەرگی دووەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری عێراق، بەغداد، ١٩٨٣، (ژمارەیەک لە پەراوێزەکانی).

ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەتۆفیق

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەرزی هەڵەبجە

پڕۆژەیەکی گەورەی دانراوە لە دەروازەی شاری هەڵەبجە. پانۆرامای بیرهێنانەوەی ڕووداوی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. وەک مۆنۆمێنت و سونبولی نەمری و ژیانەوە خۆی دەنوێنێت. کاری هونەرمەند (ڕەجا محەممەد عەلی)یە و لە‌ بیرۆکە و بە سەرپەرشتی هونەرمەند خۆیشیەتی، بە کەرەستە و میتاڵی هەمان ئەو چەک و موشەکانەی بەعسن، کە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ دران بە شاری هەڵەبجەدا و نەتەقینەوە. ساڵی ٢٠٠١ جێبەجێکراوە. لە باخچەی تەنیشت بەڕێوەبەرێتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەدایە. بەردەکان لە عەنەب کۆکراونەتەوە بۆ بنکەی پڕۆژەکە، لە ناوەڕاستدا دەستی نزا بە نێرگزی ڕواوەوە بەرزبوونەتەوە، کە هێمای ژیانەوەن. لەبەر گۆڕانکاریی شەقامەکە ساڵی ٢٠٢٣ لابراوە.

ئامادەبوون بۆ چل ساڵی

کورتە فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ١٣ خولەک فۆرمات: Dvcam، بەرهەمی: خۆرهەڵاتی کوردستانە. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و دەرهێنان و بەرهەمهێن و دەنگدانەر و مۆنتێر: مهرداد سلێمانییە. وێنەگر: سیامەک سلێمانی. دەنگهەڵگر: ئارەش ڕەسافی. بێژەری دەق: سەعید سلێمانی. موزیک: هەڵبژاردە. کورتەی فلیمەکە: گێڕانەوەی تێپەڕبوونی ژیانی دەرهێنەری فلیمسازی و تەنگەژە و هەڵچون و داچوونی ژیانی ئەو دەرهێنەرەیە. بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٦ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پیشاندراوە. مهرداد سلێمانی: لە دایکبووی ١٩٧٤ی کرماشانە. بەکالۆریۆسی لە سینەمادا هەیە. مامۆستای دەرهێنان و مۆنتاژە. چەند ئەزمونێکی فلیمۆگرافی هەیە.

ئاوێنە

کورتە فلیمە. ساڵی ٢٠٠٥ بەرهەمهێنراوە. لە نوسین و سیناریۆیی (سەنعان فایەق هانەدنی)یە، دەرهێنانی (سەردار قادر)بووە، ئەنجومەن تەوێڵەیی کاری وێنەگرتنی بۆ کردووە، تەلەفزیۆنی خاک مۆنتاژی بۆ فلیمەکە کردووە. ئەکتەرەکانی (شەیما حەمەئەمین، بابا سەنعان، شەیدا شارەزووری، هۆشمەن محەممەد، ئاشنا بورهان)بوون.

ئەنفال ئەڵقەی بووکێنی فڕاندم

فلیمێکی دیکۆمێنتەریی ١٨ خولەکییە. ساڵی ٢٠١٠ بەرهەمهاتووە. بەرهەمهێن: تەلەفزیۆنی کەرکوک. ئامادەکاری بابەت و سیناریۆ و نوسەری دەق و خوێندنەوە و دەرهێنەر: محەممەد سەید. وێنەگر: شێرزاد ئەکرەم. دەنگهەڵگر: ئەحمەد قادر. دەنگدانەر و مۆنتێر: دەریا دڵشاد. بەڕێوەبەری بەرهەم: محەممەد عەزیز. بابەتی فلیم: سیاسی، کۆمەڵایەتی. بابەت: دوو قەیرەکچی دەزگیراندار، ئامۆزا دەزگیرانەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفال دەکەون و... بەشداری دوەمین فیستیڤاڵی فلیمی دیکۆمێنتەریی هەڵەبجەی شەهیدی کردووە. ١٩ ی ١٠ی ٢٠١١ لە هەڵەبجە پێشکەشکراوە.

ئەو ڕۆژەی هەناسەیان لێسەندمەوە

فلیمێکی دیکۆمێنتارییە. ساڵی ٢٠١٦ بەرهەمهاتووە. بەرهەمی کۆمپانیای (بەمۆ)یە. بیرۆکە و دەرهێنانی: عوسمان محەممەد. وێنەگرتن و مۆنتاژ: بەهجەت بەکر. مۆسیقا: ڕێباز سادق. باس لە سەختیی ژیانی بەرکەوتەی کیمیاباران (کامیل عەبدولقادر) دەکات. ساڵی ٢٠١٩ بەشداری فیستیڤاڵی فیلیمس (سەلامەت)ی لە تاران کردووە.

ئەوکاتەی بابا نۆئێل گریا

سیناریۆ و دەرهێنانی ڕەحیمی زەبیحی. کامێرا: ئەمیر عەلی وەیسی. دەنگهەڵگر: ئەرستۆ موسەخەری. نواندنی: (سەڵاحەڕەش، شوان عەتووف، جەلیل ڕەحمان زادە، جەبار محەممەد، نیگا بەکر، نەوزاد مەجید، دەوەن نەوزاد، عەلی زەبیحی، جەلیل سەعید، ئاشتی عەبدوڵڵا، بەرزان حامید و چەند بەشداربوویەکی تر). لاوانەوە و گۆرانیی سەرەتا و کۆتایی: هومایون ساحیب. یادکردنەوەی بیست و دوو ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ١٦-١٧ی ٣ی ٢٠١٠ لە هۆڵی ئەحمەد موختار پیشاندراوە.