بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
نوسەر و ئەکادیمییە. ساڵی ١٩٧٤ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. بەشی کوردیی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. بە نامەی (ڕستەی ئاڵۆز لە زاری سلێمانی و هەورامیدا) لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی ماستەر و دواتریش لە زانکۆی سەڵاحەدین بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٥ لە زانکۆی سەلاحەدین وانەی وتووەتەوە و دواتر چالاکییە ئەکادیمی و فەلسەفی و ڕۆشنبیرییەکانی گواستووەتەوە بۆ دەرەوەی زانکۆ و چەندین کۆوانەی فەلسەفی لە بوارەکانی: کوردناسی و مرۆڤبوون، لۆجیک، سروشتناسی، باوەڕ و زانین، پەروەردە، ئاکار و...هتد پێشکەشکردووە. کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی تاکی ناوچەکە هەبووە و چەندین ماڵپەڕ گرنگیان داوە بە گواستنەوەی کۆرس و سیمینارەکانی لەوانە (ژنەفتن، زانین). لە کتێبە چاپکراوەکانی (بوونی مرۆڤ و دەرکەوتەکانی "سێجار چاپکراوە"، بوونی نەتەوەیی کورد، مێژووی فەلسەفە). لە زۆرێک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بابەتی بڵاوکردووەتەوە. لە چەندین کۆنفڕانسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بەشداریکردووە و چەندین سیمیناری لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و خورماڵ و سیروان، لەگەڵ سەنتەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیدا پێشکەشکردووە. لە ئێستادا لە خورماڵ دەژی.
نوسەر و ئەکادیمییە، ساڵی ١٩٥٦ لە بیارە لەدایکبووە. بەشی کۆمەڵناسی لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە و ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهیناوە. مامۆستای کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکانە و ئەندامی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستانە. خاوەنی کتێبی هەورامان، توێژینەوەیەکی سۆسیۆئەنترۆپۆلۆجییە. خێزاندارە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.
نوسەر و لێکۆڵەر و شاعیر و وەرگێڕە. بە فاتحی مەلا عەبدولکەریمی مودەرس ناسراوە. لەساڵی ١٩٢٦ لە گوندی نێرگسەجاڕی هەڵەبجە لەدایکبووە. هەموو پلەکانی خوێندنی مەلایەتی لای باوکی تەواوکردووە و چەند ساڵ وانەی وتووەتەوە و لە بازیان و شارباژێڕ فەقێی ڕاگرتووە. بەکالۆریۆسی لە شەریعە و ئادابدا وەرگرتووە. ساڵانی ١٩٥٤-١٩٥٧ لەسەر نیشتمانپەروەری گیراوە. دوای شۆڕشی ١٤ی تەموز لە بەغداد بووە بە پێشنوێژ. گۆشەی جوتیارانی لە بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغداد بەڕێوەبردووە و لە بڵاوکراوەکانی هیوا، تاخی، عێراق ...هتد کاریکردووە. بە یەکێک لە شارەزاکانی ئەدەبی کلاسیک دادەنرێت و هاوکاری بەهێزی باوکی بووە. کەشکۆڵ و دەستنوسەکانی بەرەو تێکستۆلۆجی وەرچەرخاندووە، لە لێکدانەوە و چاپکردنی دیوان و هەندێک کتێبدا، جێدەستی دیارە، لەوانە، دیوانی نالی، فەقێ قادری هەمەوەند،عەقیدەی مەرزیە. بەشداری لە وەرگێڕانی کتێبەکانی قوتابخانەدا کردووە و چەندین وتاری ئەدەبی و ڕۆشنبیری بڵاوکردووەتەوە. لەوانە گەشتی بیارە، شەترەنجباز. خێزاندار بووە و خاوەنی چوار منداڵ بووە، ١٦ی٥ی ١٩٩١ لە بەغداد کۆچیدواییکردووە.
نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرزشەوانی دێرینە. ناوەی (فارس عەلی عەبدوڵا)یە و بە (فارس نەورۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی (نەوەر)ی نەورۆڵی لەدایکبووە. بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری ڕاگەیاندندا بەدەستهێناوە، لە بواری نوسین و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریدا، شارەزایی و ناوی دیاری هەیە. یاریزانێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، لەم تیپە وەرزشییانەدا یاریکردووە: (باڵامبۆ، نەورۆڵی، گوڵان، زەمەقی). چەند کتێبێکی بە چاپ گەیاندووە لەوانە، سێ شکست ئەزمومێکی نادیار، فەرهەنگی زاراوەکان، سیاسەت لە ناو فۆڕمەکانی ستەمکاریدا.
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٤٦ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە خوێندووە. بەشی جوگرافیای لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی بەغداد و ماستەری لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە و وەک پڕۆفیسۆری یایدەدەر لە هەمان زانکۆ خزمەتی کردووە. ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٦ وەک مامۆستای وانەبێژ لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی و هەڵەبجە و پەروەردەی بنەڕەت، لە مێژوو، جوگرافیادا وانەی وتووەتەوە. بە زمانەکانی: کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بەرهەمی هەیە و چەندین توێژینەوەی زانستیی بڵاوکردووەتەوە. کاتی خۆی لەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە وەڵامی وتارێکی واشنتن پۆستی داوەتەوە. لە کتێبە چاپکراوەکانی: (الاهمیە الجیو ستراتیجیە لکردستان الجنوبیە و اثرها علی السیاسە البریطانیە، کاریگەری بەرزو نزمی لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دانیشتوان لە قەزای هەڵەبجە، فەرهەنگی زاراوەکانی ئاو "بەهاوبەشی"، دووساڵ لە باشوری کوردستان "وەرگێڕان"، باستان شناسی بین النهرین، شهر دینور و دانشمندان نامی ان). خێزاندارە و لە سلێمانی نیشتەجێیە.
نوسەرە. بە (فریاد هەورامی) ناسراوە. خەڵکی گوندی (نارنجڵە)ی سەر بە ناوچەی هەورامانە. ساڵی ١٩٨٨ لە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. پیشەی کارمەندی کۆلێژی پۆلیسی سلێمانییە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ٢٠١٩ سەنتەری (ژیوا)ی دامەزراندووە، کە کار لەسەر بوارەجیاجیانی ناوچەی هەورامان دەکات. جگە لەوەی چەندین وتاری بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (بیروباوەڕەکان، بیناسوتاوەکەی سیروان لەزمانی شایەتحاڵەکانەوە، نارنجەڵە). لە ئێستادا لە شارۆچکەی سیروان دەژی.
نوسەر و پێشنوێژ و وتاربێژە. ساڵى ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغى خوێندنى سەرەتایى و ئامادەیى لە هەڵەبجە خوێندووە. لە پۆلى ١٢ى ئامادەیى لە دەیە یەکەمەکانى کوردستان بووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆس و ماستەرى لە زانستە ئیسلامییەکاندا بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى پێنج منداڵە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. خاوەنی چەند کتێبێکى نوسراو و وەرگێڕاوە، لەوانە (عادات النجاح الیسح، بەهێزکردنى تواناگیانى و دەرونییەکان، پیاوێک لە جەهەنەمەوە، چۆن سەرکەوتوو دەبیت لە ژیان و لەسەر کاردا، چۆن دەبیتە بەختەوەرترین ئافرەت، حکومى خروج و خۆپیشاندان دژى کاربەدەستان، کەى قیامەت دێت).
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە دەستی به کاری ڕۆژنامەگەری و وەرگێڕان کردووە. بڕوانامەی ماستەری له بواری یاسای ڕاگەیاندن له زانکۆی سلێمانی و پاشان دکتۆرای لە ئیتیک و یاسای ڕاگەیاندن لە زانکۆی تاران بەدەستهێناوە. لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٦ مامۆستای بەشی ڕۆژنامەوانی بووە لە پەیمانگای تەکنیکی لە سلێمانی. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە مامۆستای بەشی تەکنیکی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. خاوەنی چەند کتێبێکی توێژینەوەییە، لەوانه: (سانسۆری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەوان و تاوانەکانی ڕاگەیاندن، میدیا و بەرپرسیارێتییەکانی... ) و ١٨ کتێبیشی دەربارەی میدیا و کوردۆلۆجی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و پاداشتی سەرجەم کتێبەکانیشی بەخشیوە به منداڵانی هەژاری قوتابخانەکانی دەڤەری پشدەر. تایبەت بە شاری هەڵەبجە، دوو کتێبی (تارماییەکانی هەڵەبجە، جینۆسایدی هەڵەبجە لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا) بە چاپ گەیاندووه.
توسەر و هونەرمەند و ڕۆژنامەوانە. بە کامەران سوبحان ناسراوە. ساڵی ١٩٧٧ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان، کۆلیژی میدیای زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە. لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار، گۆشەی هەفتانەی هەبووە، لەوانە: کوردستانی نوێ، ئاسۆ، زەمەن، ئایندە، ڕۆڤار، ئاڵای ئازادیی، هەرێمی کوردستان و .... هتد. ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٢ لەدەزگای چاپ و پەخشی سەردەم وەک بەڕێوەبەری نووسینی هەردوو گۆڤاری ئایندە و ڕۆڤار کاری کردوە. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە، لە بوارەکانی ئەدەبیات و هونەر و ڕۆژنامەوانی . لە دامەزراندنی دەزگای میدیایی زەمەن دا یەکێکە لە بۆردی بەڕێوەبردن و بەرپرسی بەشی کولتووری ڕۆژنامەی زەمەن بووە و ماوەی دوو ساڵ سەرنووسەری کولتووری زەمەن بووە. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە. لەوانە: فەرهەنگى شانۆیی، شانۆ و ناسنام، لەڕقەوە .. بۆ خۆشەویستی، حیکایەتەکانی بینین، تاڤگەی وشە و هەڵوێست-نامەکانی شێرکۆ بێکەس، لە خەیاڵەوە ... بۆ خۆڵ، گۆران... سێبەری خەیاڵ، پیرەمێرد لە دەستنووسی چل چیرۆکدا. خێزاندترەو خاوەنی دوو منداڵە. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
نوسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. بە (کامیل مەحموود) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهیناوە. چەندین بەرنامەی بۆ ڕادوێ و تەلەفزیۆنەکان ئامادەکردووە، سەرنوسەری چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار بووە، لەوانه: (ڕابوون، الجماهیر، دوانگە، ئاسۆی هەڵەبجە، بزوتنەوە، باسک). خاوەنی چەند کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (دەربارەی ئیسلامی سیاسی، ڕێبازە ئەدەبییەکانی ڕۆژئاوا، بەهاری خنکاوی هەڵەبجە، ئیسلامۆفۆبیا). دەیان خەڵاتی لە لایەن ناوەندە میدییەکانەوە وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە خاوەنی حەوت منداڵە.
مێژوونوس و خاوەن کەشکۆڵە. کوڕی فەتاح بەگی حەمەپاشای جافە. بە جیاوازی سەرچاوەکان لەنێوان ساڵانی ١٨٨٥ - ١٨٨٩ لەدایکبووە. لای مامۆستای تایبەت پاشان لە حوجرە خوێندویەتی. لەناو جافیشدا لای شێخ عەلی و شێخ غەنی ناوێک، کە مەحموود پاشا لە ئەستەنبوڵ هێناویەتی، تورکی و فارسی خوێندووە. لای مەلاعەلی قزەڕەباتی زانستی عەرەبی خوێندووە. دوای کۆچی باوکی ١٩٠٨ خەریکی کاوباری هۆزەکەی بووە. لەدوای دامەزراندنی عێراق، بەفەرمی داوای لێ کراوە خۆی بۆ ئەندامیێتیی نوێنەرانی عێراق بپاڵێوێت، بەڵام پەسەندینەکردووە و بەلای سیاسەتدا نەچووە. ساڵی ١٩٢٧ دوای هەڵگرتنی سەرۆکایەتیی عەشایر لە کەلار نیشتەجێبووە. ئاشتیخواز و ئەدەبدۆست بووە. مێژووی هۆزی جافی نوسیوە و خاوەنی کەشکۆڵێکی دەستنوس بووە لە شیعری شاعیران. ساڵی ١٩٤٩ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی بەگزادەکانی جاف (سید خلیل) بەخاکسپێرراوە.
شاعیر و نوسەرە. ناوی تەواوى (کەریم محمود حەمەسەعید)ـە. ساڵی ١٩٤٧ لەگوندی )زاوەر) ی هەورامانی لهۆن لەدایکبووە. ساڵی ١٩٥٢ هاتوەتە خورماڵ. سەرەتایی و ناوەندی لە خورماڵ و هەڵەبجە خوێندووە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و ١٩٧١ بە مامۆستا دامەزراوە. پەیامنێری ئێزگەی دەنگی کوردستان بووە لە پارێزگای سلێمانی. دەیان چاپکراوی هەیە. لەوانە: (نەفرەت لە کورد کوژی، بژی برایەتی کورد و کور، بۆچی جەماوەر لە دەسەڵات نیگەرانن، پریاسکەیەک لە خەم و خەونەکانم، نەی ژەن، پۆستاڵ، چەند پێشنیار و بیرخەرەوەیەک بۆ بەرچاوی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان). هاوسەرگیرى کردوە و خاوەنى ٤ منداڵە، ئێستە مامۆستای خانەنشینە و لە هەولێری پایتەخت لە ماڵی خۆی نیشتەجێیە.
ناوی کەمال ئەمین فەتاحە (نوسەر و وەرگێڕ)ـە. ساڵی ١٩٧٩ لە شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە، لە شەش ساڵییەوە براوەتە بەر خوێندن. ساڵی ٢٠٠٥ ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە و ساڵی ٢٠٠٧ بڕوانامەی بەکالۆرێسی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ماستەری لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە. ئەندامی دامەزرێنەری کۆمەڵێک ڕێکخراوی زانستی و ئاینییە، زیاتر لە دە کتێبی چاپکردووە، لەوانە: میرات و چۆنێتی دابەشکردن و چەندێتی وەرگرتنی لە فیقهی ئیسلامیدا، زانستی لۆجیک، ڕاڤە و لیکدانەوەی(مغني الطلاب)، سەرفیترە لە فیقهی ئیسلامیدا، ئیستا لە سلێمانی دەژی.
نوسەر و بەڕێوەبەری ڕۆشنبیرییە. ناوی (کەمال حسێن ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی (خەرپانی) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. تا ساڵی ١٩٨٣ پێشمەرگە بووە. خاوەنی چەندین کتێب و نامیلکەیە، لەوانه: (لە زیندانەوە بۆ نەمری، هەورامان مەڵبەندی بەرهەمهێنانی نەرمونیانی، هەناسەکانی یەکگرتوو لە ژێر وەڵامی پێنج پرسیاردا). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان لە وڵاتی سوید کردووه و ساڵی ٢٠١٠ گەڕاوەتەوە گوندی (خەرپانی) و دەستیکردووە بە بونیادنانی شوێنێکی گەشتیاری. ساڵی ٢٠١٥ کۆچیدواییکردووە و لە خەرپانی بەخاکسپێرراوە.
وەرگێڕە. ناوی (کەیوان غەفوور سادق حەمەعەزیز)ە. ساڵی١٩٩٠ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی بیارە خوێندووە. کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی لە سلێمانی تەواوکردووە. ئەم بەرهەمانەی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی: (سوهراب باڵندەی کۆچەر، بوون و نەبوون لە دیدگەی خەییام و مەولاناوە، ئاوێنەی دڵ، ڕۆمانی سەگدڵ، ڕۆمانی شەوە ڕۆشنەکان، ڕۆمانی هاوزا، ڕۆمانی سووک و ڕسواکراوەکان، ڕۆمانی تاوان و سزا، ڕۆمانی قومارچی، ڕۆمانی یادداشتە ژێرزەمینییەکانن، ڕۆمانی بێگانە، ڕۆمانی تەقە لە کۆلارەکان مەکەن، کۆمەڵە چیرۆکی لووت).
نوسەر، سەرۆکی ڕێکخراوی (دۆستانی هەڵەبجە)یە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خانەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دەبێتە ئەندامی تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی لە شاری هەڵەبجە و تا ساتی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە بەردەوامبووە. لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا (بنکەی ڕۆشبیریی سەردەم) دادەمەزرێنن، پاشان وەک سەرۆکی ئەو بنکە ڕۆشنبیرییە هەڵدەبژردرێت. پاش کردنەوەی لقی شارەزووری (بنکەی ئەدەبیی ڕووناکبیریی گەلاوێژ)، وەک سەرۆکی ئەو لقە هەڵدەبژێردرێت. لە کتێبەکانی: حاجی میرزا تۆفیق، عاشق و زاهید و بەخشندەیەکی سەردەمی خۆی، (چیرۆکەکانی شار) چوار بەرگی لێ بەچاپ گەیشتووە. ساڵی ٢٠١٨ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و هاوشاریدا، ڕێکخراوی (دۆستانی هەڵەبجە)ی لە پارێزگای هەڵەبجە دادەمەزراندووە و بووە بە سەرۆکی ڕێکخراوەکە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی.
ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیی هەڵەبجەیە. دانیشتووی شارۆچکەی (بیارە)یە. لە بواری دین و فەلسەفە و عیرفان و ئەخلاقدا، کاری وەرگێڕان دەکات و چەندین کتێبی وەرگێڕأوە. لەوانه: (خودای مەولانا، خودای حافز) (پەنجا ساڵ لەگەڵ مەولانا)، (پەیمانی نێوان مرۆڤ و خودا)، (فێرگەی مەولانا)، (فەلسەفەی دروستبوونی مرۆڤ)، (لە حزووری حافزدا، زنجیرەی یەک: خوداناسیی حافز).
ناوی (کۆسار ئەبوبەکر حەسەن)ـە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە، لە نەوەی شێخانی بەرزنجییە، خوێندنی سەرەتایی لە دێی گوڵپ و شارۆچکەی (خورماڵ)، ناوەندیی لە شارۆچکەی (سیروان) و ئامادەیی لە هەڵەبجە دەخوێنێت. ساڵی ١٩٩١ کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی بەغداد تەواودەکات، خوێندنی حوجرەی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٩٣ مۆڵەتی زانستی ئاینی وەرگرتوە. لە سەرەتای دووهەزارەوە دەچێتە دەرەوەی وڵات، تا ساڵی ٢٠١٤ پاشان دەگەڕێتەوە و لە سلێمانی نیشتەجێدەبێت، زیاتر لە دە کتێبی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی لەوانە: ڕێبەری ئاسان بۆ مەبەستەکانی شەریعەت، هێڵە گشتییەکانی میتۆدی ئیسلامی، بنچینەکانی فیقهو ڕێساکانی، زانستی کۆمەڵناسی ڕۆژئاوا.
ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغى ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. بەشی جوگرافیای کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردوە. وەک مامۆستا دامەزراوە. لە وڵاتی میسر ماستەری لە جوگرافیای سروشتی بەدەستهێناوە. لە بواری وەرگێڕاندا و لە زمانی عەرەبییەوە ئەم بەرهەمانەی کردووە بە کوردی: (جوگرافیای ئاووهەوا، بەبیابانبوون، خراپبوونی زەوی لە ناوچە وشکەکاندا و جوگرافیای ئاووهەوا و ڕووەک). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت.
ئامادەکار و وەرگێڕە. ناوی (گوڵناز عەزیز قادر)ە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (قەڵاقۆچاڵ)ی گەرمیان لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی بەدەستهێناوە. ساڵانی ٢٠٠٥ تا ٢٠٠٩ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە. بەشداری زۆر کۆبوونە و کۆنفڕانسی تایبەت بە ناساندنی کەیسی ئەنفال و ھەڵەبجە و پرسی جینۆسایدی گەلی کوردی لە ناوخۆ و دەرەوەدا کردووە. لە کەیسی ئامادەکردنی شایەتحاڵەکانی دادگای تاوانەکان لە عێراق، بەشداری لە کەیسی ئەنفال و دانیشتنەکانی دادگایی (سەدام حسێن)دا کردووە. ئەندامی دەستەی دامەزراندنی (ڕێکخراوی ئینستیوتی کوردی بۆ ڤیکتۆمۆلۆجی بۆ ھاوکاری قوربانیانی جینۆساید) و (دەستەی دامەزرێنەر بووە لە ڕێکخراوی کەشتی ژیان بۆ ھاوکاری کەسانی ونبوو) و(ڕێکخراوی بزاڤی ئاشتی نیشتمانی بان) و (ئەنجومەنی دامەزراندنی یەکێتی نوسەرانی جینۆساید)ە. چەند کتێبێکی ئامادە و وەرگێڕراوە. پەیوەندار بە هەڵەبجە کتێبی (ھەڵەبجەییەکانیش ئەنفالکران).