بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
وەرگێڕ، شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. ساڵی ١٩٧٠ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆرۆسی لە لە کۆمەڵناسیدا هەیە. ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨ لە دەرهێنانی دەقی شانۆیی و فلیمی دیکۆمێنتاری و نواندندا کاریکردووە. دواتر ڕووی لە ڕاگەیاندن کردووە و وەک پەیامنێر و پێشکەشکار و کارگێڕی، تا ساڵی ٢٠١٠ لە چەند دامەزراوەکی ڕاگەیاندندا کاریکردووە. ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ بە وەکالەت بەڕێوەبەری گشتیی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە هەڵەبجە. لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا سێ کتێبی چاپکردووە، (خولەکێک بۆ پەروەردەکردنی منداڵەکەم، خولەکێک بۆ خۆم، لە جوامێریەوە بۆ جوامێری).
ناوی (سەبا ئەحمەد حەمە)یە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٣ لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی منداڵان دامەزراوە. بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە. چەند بەرهەمێکی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، لەوانە کۆمەڵە چیرۆکەکانی (کچەکانی حەوا، غرورەکانی کچێک، شارێک لە پێشوازی عەشقێکی نامۆدا، ئەفسانەی شاری جادوان)، نۆڤلێتەکانی (حەکایەتەکانی شەهریار، حەکایەتەکانی شەهرەزاد) و ڕۆمانەکانی (خەون لەسەر زەمینی شێرە پەڕۆکان، مرۆڤێک بەدوای مردندا ئەگەڕێ و کەسێکی تر، ساڵی ئاڵتونی) بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری (دیلانێ) و ڕۆژنامەی (هەڵەبجە) بووە.
نوسەر و مافپەروەرە. ناوی (سەرحەد یونس محەممەد)ە و بە (سەرحەد جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (شەکرالی) سەر بە شارۆچکەی سیروان لەدایکبووە. بەشی یاسای لە زانکۆى گەشەپێدانى مرۆیى لە سلێمانی تەواوکردووە. فەرمانبەرە لە شارەزوور. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. جگە لە بڵاوکردنەوهی نوسین لە ڕۆژنامە و پێگە ئەلەکترۆنییەکاندا، چەند کتێبێکى چاپکراوی هەیە، لەوانە: (مەلا تایەری یاروەیسی دیرۆکی هەشتاو پێنج ساڵ تەمەن، لە شارەزوورەوە بۆ ناسریە، پێغەمبەر و پێغەمبەرناسی لەڕوانگەی پەیامەکانی نوورەوە).
نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به شارۆچکەی خورماڵ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە قەزای شارەزوور و ناوەندی لە خورماڵ و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ئابوریدا لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوریی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ وەک مامۆستا دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ڕۆژنامە و گۆڤار و سایت و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکاندا بابەتی بڵاوکردووەتەوە. لە ڕادوێی (دەنگی نوێ) ئامادەکاری بەرنامەی هەفتانەی (هۆشیاریی ئابوری) بووە. کتێبی چاپکراوی بەناوی (قەیران و شیکار) چاپکردووه، کە باس لە ئابوریی هەڵەبجە و گرنگیی کردنەوەی مەرزی سازان بۆ هەڵەبجە دەکات. لە ئێستادا لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی سەندیکای ئابوریناسانی کوردستانە.
وەرگێرە، ساڵی ١٩٧٠ لە هەڵەبجە لە دایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. کتێی: تاریخ سلاتین هورامان. تاریخ سیاسی هزار سالە اورامان. قازی عبداللە شیدا مردوخی، لە فارسییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە، فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرێتیی ئاوی هەڵەبجە. نیشتەجێی هەڵەبجەیە.
ساڵی ١٩٨٢ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. فەرمانبەرە لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی ھەڵەبجە و کاری وەرگێڕأن بۆ دەزگاکە دەکات. خاوەنی چەندین کتێبی وەرگێڕانە لە زمانەکانی فارسی و عەرەبییەوە، لەوانه: (موقەدیمەی ئیبن خەلدون بەکوردی، موعتەزیلە، ئیبن ڕوشد، ئەقڵ و ئازادی، کورتەیەک لەمێژووی چەکی کیمیایی ھەڵەبجەوەک نمووونە، ڕەھەندە نێو دەوڵەتیەکانی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ڕەخنەگرتن لە ئەقڵ لە فەلسەفەی غەزالیدا، ھاوشێوەکەی سەدام، من کوڕی سەدام بووم و شەش ساڵ لەناو ھۆزی ژنە وەحشییەکانی ئامازۆندا). لە ئێستادا فەرمانبەرە لە مۆنۆمێتی هەڵەبجە.
وەرگێڕ، نوسەر، ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. کە لە قۆناغی سێی زانکۆ بووە، بەهۆی پەیوەندینەکردنی بە (الجیش الشعبی)یەوە، فەسڵکراوە. پاش ڕاپەڕین بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە ئیسلامییەکان و ماستەری بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئێستا لە مەڵبەندی کوردۆلۆژی وەک سەرۆکی توێژەرانی پێشکەوتوو دەستبەکارە. لە نمونەی کتێبە چاپکراوەکانی: (بەرەو ڕەییان، نیگایەک لە کۆچ، شەن و کەو، هەرگیز لە یادم ناچێتەوە، المواثيق الدولية وأثرها في هدم الأسرة). ئەندامی ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ڕۆژنامەوانانی نێودەوڵەتییە. سەدان وتار و شیعری لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە.
ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (دەرەتوێ) لەدایکبووە. کۆلیژی ئاداب، بەشی زمانی کوردی تەواوکردووە. یەکەم چیرۆکی بە ناونیشانی (دوای ١٦ ی سێ)یە، لە گۆڤاری کاروان ژمارە ١٢٤ بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ وتار و لیکۆڵینەوە و چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. ١٧ کتێبی چاپ کراوی هەیە، لەوانه: (جینۆساید لە قەڵادزێوە بۆ شەنگال، ڕادوێی دەنگی کوردستان مێژوو بەردەوامی، کاکەییەکانی هاوار مێژوو کلتووریان). خاوەنی پڕۆژەی نوسینەوەی کەلتوری پێشمەرگەیە لە ساڵی ١٩٤٦ بۆ ١٩٩١، خاوەنی بیرۆکەی (ڕۆژی وەفاداری)یە لە کوردستان.
وەرگێڕە. ناوى (سۆران لوقمان مستەفا گوڵپى)یە. ساڵی ١٩٨٥ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتایى و ناوەندى و ئامادەیى لە خورماڵ تەواوکردووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسى لە بایۆلۆجیدا بەدەستهێناوە. ماوەى ١٥ ساڵە لە قوتابخانەکانى سنورى خورماڵ مامۆستایە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. خاوەنى شەش بەرهەمی وەرگێڕانە بۆ سەر زمانی کوردی: (تەندرووستى و ژیان، مرۆڤ و گەردوون، زانست و ئیعجاز، پوکانەوەى ئێسک، ١٠١ بابەتى زانستى، سەیر و سەمەرەکانى جیهان).
ساڵی ١٨٨٩ لە وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووه. کۆلێجی (کمبرج)ی تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩١٠دا قوتابیەکی وەرگێڕ بووە لە قونسڵی گشتیی بەریتانیا ـ لە کەناری خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ساڵی ١٩١٣دا بوو بە وەکیلی یاریدەدەری قونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە (بوشەهر) و ساڵی ١٩١٥ بووە بە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی هێزەکانی بەریتانیا له باشوری خۆرئاوای ئێران، دواتر و لە ساڵی ١٩١٩دا و بە هەمان پلە، ئەمجارە لە باکوری خۆرئاوای ئێران کاریکردووە. ساڵی ١٩٢٢ ئەرکێکی تایبەتی لە باشوری کوردستاندا پێسپێرراوە، دوو ساڵ و نيو حاکمى سياسیی کەرکوک بووە، ماوەیەکيش لە هەڵەبجە و دواتريش لە ڕانيە یاریدەدەری حاکمی سیاسی بووە، دواتر لە ڕاوێژکاری بەشەوە بووە بە پشکنەری بەڕێوەبەرایەتی لە حکومەتی عێراقدا و پەیوەندیدار به هێزە سەربازیيەکانی بەریتانیای ناوچەی کەرکوک و سلێمانی. ساڵی ١٩٢٥ ئەرکی ئەفسەری پەیوەندی لە لیژنەی نێودەوڵەتی له کێشەی موسڵی پێسپێرراوە. ساڵی ١٩٢٦ بووە بە یاریدەدەری ڕاویژکاری ناوخۆیی عێراق و ساڵی ١٩٢٨ بوو بە قونسوڵ و لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٤٥ ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە. لە حکومەتی عێراق وازی لە خزمەتگوزاری هێنا، ئەمەیش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٨دا نیشانەی (ڕافیدین)ی پێبەخشرا لەلایەن حکومەتەکەی خۆیەوە، ساڵی ١٩٤٨ بەپلەی وەزیر لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا دامەزرا، تا ساڵی ١٩٥٠ خانەنشین کرا، خاوەنی کتێبە بەناوبانگەکەی (کورد تورک عەرەب)ە.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (سەبور حەمەشەریف ڕەشید)ە و بە(مەلا) ناسراوە. لە بنەماڵەیەکی تەوێڵەییە. ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبووە. لە پاڵ خوێندنی فەرمیدا خوێندنی ئایینیشی خوێندووە. لە کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی موسڵ بەشی عەرەبی وەرگیراوە. ساڵی ١٩٨٨ ئاوارەی وڵاتی ئێران بووه و لە سەوڵاوا نیشتەجێ بووە و بووەتە پێشنوێژ و وتارخوینی مزگەوت. پاش ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە کوردستان و بە مامۆستا دادەمەزرێت. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری هەورامانە. چەندین بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانەدا بڵاوکردووەتەوە.هەندێک لە چاپکراوەکانی: ئەسانەی نیگابەک (ڕۆمان)، جیۆپۆلەتیک (وەرگێران)، ژیانی ئادەمیزاد (نامیلکە)، بیرەوەرییەکانی میستەر هیمفەر (وەرگێران)، ئیسلام و بنەماکانی فەرمانڕەوایی (وەرگێڕان)، دروستبوون و سەرهەڵدانی قاعیدە، کەمینەکان (وەرگێران)، فەلسەفەی سۆفیگەری، دیوانی تاهیر بەگ و گۆران و جەفایی بە هاوبەشی لەگەڵ مەریوان حیلمی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
نوسەر، قایمقام، مدیر ناحیە، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی (شاکر فەتاح ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩١٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. سەرەتا چووەتە بەر خوێندنی ئایینی و پاشان خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی و دواناوەندی و حقوقی لەبەغداد تەواوکردووە. یەکێکە لە نوسەرە پێشەنگەکانی کورد، کە پەخشانی بۆ نوسین هەڵبژاردووە. چوبێتە هەرشوێنێک خزمەتی بە ڕوناکبیری و خوێندەواری کردووە. بووەتە کارگێڕ و مدیر ناحیە و قایمقامی چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بووە، لەوانە ناحیەی خورماڵ و قایمقامی هەڵەبجە. پێشتریش چەندجارێک سەردانی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامانی کردووە و لەوانە لە ١٦ى ٨ى ١٩٣٣و لە گەشتنامەکانیدا ئەو سەردانانەی تۆمارکردووە. لە نێوان ساڵی ١٩٤٢ بۆ ١٩٤٤ قایمقامی هەڵەبجە بووە. پاشتریش ساڵی ١٩٤٦ سەردانی ناوچەکەی کردووەتەوە. لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و ئایینی و مێژوویی و ڕۆژنامەگەریدا، گەلێک بەرهەمی نوسیوە و ١٠٤ بەرهەمیشی بۆ کوردی وەرگێڕاوە. بۆیەکەم جار چیرۆکی بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ لە ساڵی ١٩٣٥دا چاپکردووە. لە بەرهەمەکانی خزمەت بە هەڵەبجەو هەورامان ڕۆژنامەی خورماڵ دەکات، کە ٤٢ ژمارەی لێ نوسیوە و پاشان تەواوی ڕۆژنامەکانی لەکتێبدا چاپکردووە. جێگری سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد، کۆڕی زانیاری کورد و ئەنجومەنی یاسادانانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ١٩٨٠ خانەنشین بووە. لە مانگی ١١ بۆ ١٣ى ٣ى ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس بۆ چەواشەکاری و پەردەپۆشی تاوانەکانی سیمینارێکی بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە هەولێر بۆ ڕێکخستووە. ساڵی ١٩٨٨ شەهیدکراوە.
وەرگێڕە. ناوی (شاھۆ عەمەر عارف فەرەج)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. دوو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە. ئەندامی شانۆی دەزگای هونەری پەیام بووە. وەک مامۆستای زمانی عەرەبی دامەزراوە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسیش دەزانێت و چەندین کتێبی بەو زمانانە وەرگێڕاوە لەوانه: (بەناوی تۆوە دەژین، نەتەوە لەناوچووەکان، دەوڵەتی عەبباسی، بونیادنانی شارستانیەتییەکی تەواوکار، موعتەزیلە... ). ساڵی ٢٠١٠ خەڵاتی سێەمی وەرگێڕان و ساڵی ٢٠١٢ خەڵاتی یەکێتی مامۆستایانی وەرگرتووە.
نوسەرى بوارى ئەدەبى منداڵانە. ناوی (شەماڵ محەممەد عەلی ئەفەندی نەوڕۆڵی)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە لەدایکبووە. دەرچووی بەشی بیناسازییە لە کۆلێژى ئەندازیارى لە زانکۆى سەڵاحەدین. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵه. ساڵى ١٩٩٦ چووەتە وڵاتى ئەڵمانیا. لە سەرەتاوە بە هۆنراوە، پاشان چیرۆکی ئاسانى لە ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردى. ساڵی ٢٠٠٦ یەکەمین بەرهەمی لە گۆڤاری منداڵانی سەردەم لە کوردستان و دواتریش لە زۆرێک لە گۆڤارەکانی منداڵان بەرهەمی جۆراوجۆرى بڵاوکراوەتەوە، لەوانە: (گۆڤاری سەردەم، گۆڤاری هێلانەی منداڵان، گۆڤاری پەپوولە، گۆڤاری مشکە، گۆڤاری حاجیلە، پەپوولە). ساڵی ٢٠١٤ یەکەم بەرهەمى لەژێر ناوی (گەڕان بەدوای نهێنیدا)دا بڵاوکردووەتە. تا ئێستا ١٠ کتێبی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە (کوکوختییەک، لەژێر هەورەوە تا زەوی، سەمای سمۆران، نەنکم ناوی منی لەبیرچۆتەوە، هێلانوور و هاوڕێکانی، ماڵی ماری و میرۆ، سۆنیا و سێ براکەی، لە ئاهەنگی شازادەیەکدا، بەسەرهاتی هاوڕێکانم).
نوسەر، دەروونناس و ئەکادیمییە. ساڵى ١٩٤٧ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالوريۆسى لە دەروونزانی و ماستەر و دکتۆراى لە ڕێنمايى دەرونیدا بەدەستهێناوە. لە زانکۆى (موستەنسەرییە)ى بەغداد بووە بە فەرمانبەر. پلە زانستيیەکانى تا پڕۆفيسۆر لە هەمان زانکۆ بڕیوە. لە وەزارەتى پەروەردەى (حکومەتى عێراق) ئەندامى لیژنەى هەميشەيى و ئەندامى ليژنەى ڕاوێژکارانى دەروونى بووە. پاش گواستنەوەى بۆ (زانکۆى کۆيە) کراوە بە سەرۆکى بەشى دەروونزانى و دواتر بووە بە ڕاگرى کۆلێژى پەروەردە. لە زانکۆکانى سلێمانى و کۆيە و سەڵاحەدين مامۆستا بووە، سەرپەرشتی زياتر لە ٤٠ نامەى ماستەر و تێزى دکتورا بووه. خاوەنى دە کتێبی چاپکراوە، که هەندێکيان له زانکۆکان دەخوێنرێت و زياتر لە ٨٠ توێژنەوەى زانستى لە گۆڤارە زانستيیەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و دوو منداڵی هەیە.
شێخ محەممەدی کوڕی شێخ عەلی کوڕی حاجی شێخ ئەمینی خاڵە (نوسەر و زمانزان و کەسایەتی) لە ساڵی ١٩٠٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی ئاینی لای باپیری و زانایانی سلێمانی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٣١ دەکرێت بە مودەڕیس و پێشنوێژی مزگەوتەکەی باپیری (مزگەوتی شیخ ئەمینی خاڵ)، ساڵی ١٩٣٩ پاش ئەنجامدانی تاقیکردنەوە دەبێت بە قازی ٢٨ ساڵ لە زۆر لە شارەکانی عێراقدا قازی بووە، ١٩٦٢ بووەتە ئەندامی مەحکەمەی تەمیزی شەرعی لە بەغداد. ساڵی ١٩٦٧ خانەنشین کراوە. مامۆستا جگە لە تەدریسی و دادوەریی، نوسەرێکی کارامە بووە و لە بوارەکانی تەفسیر و فەرهەنگ و فۆلکلۆر و زمان و مێژوو پەروەردە و ئاینیدا ٢٩ کتێبی چاپ کراوی هەیە. جگە لە نوسینە عەرەبیەکانی، مامۆستا جێگری کۆڕی زانیاریی کورد و ئەندامی کۆڕی زانیاریی عێراق بووە، لە سەرەتای دامەزراندنی بە دادوەریی، ساڵی ١٩٣٩ بووە بە قازیی هەڵەبجە. لە ١٥ی ٧ی ١٩٨٩ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
پەروەردەکار و نوسەرە. ناوی (عەبدوڵا حەمەئەمین عەبدولڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٤١ لە گوندی عەبابەیلێ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندەکەی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. بۆ یەکەمجا وەک مامۆستا لە گوندی خەرپانی دامەزراوە. شارەزایی لە ڕێگەکانی وانەوتنەوە و تایبەتمەندی ئەلفبێی کوردی هەیە و هەوڵی زۆری لەو بوارەدا داوە. جگە لە بەشداریکردنی لە چەندین کۆڕ و کۆنفڕاس و خولی پەروەردەیی، سەرۆکی لیژنەی زانستەپسپۆڕییەکانی ئەلفبێ و سەرپەرشتیاری پەروەردەی تایبەت بووە. نوێنەری وەزارەتی پەروەردە بووە بۆ بەرهەمهینانی کارتۆنی پەروەردەیی، ئەندامی لیژنەی ڕاگەیاندن بووە و لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لەگەڵ ڕێکخراوی m. a. g چەند کتێبی مەنهەجی بۆ خولەکان داناوە، لە چەندین پڕۆژەی پەروەردەییدا بە بیرۆکە و پێشنیاز بەشداریکردووە. جگە لە نوسینی دەیان وتار و بابەتی پەروەردەیی و بڵاوکردنەوەیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و چاوپێکەوتن، خاوەنی کتێبی مێژووی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی قوتابیانی کوردستانە لە سەرەتای پەنجاکانەوە تا ساڵی ١٩٦٠. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و شاری سێمانی دەژی.
نوسەر و ئەکادیمیی، پێشنوێژ و وتارخوێنە. ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان دواناوەندی ئیسلامی خوێندووە، ساڵی ١٩٩٧ پەیمانگای پێگەیاندنی پێش نوێژ و وتاربێژی لە هەولێر خوێندوە، ساڵی٢٠٠١ ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتوە، کۆلێژی لە بەغداد خوێندووە، پاشان ماستەر و دواتریش بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، پێشنوێژ و وتارخوێنی کۆمەڵێک مزگەوت بووە لە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، ئێستاش بەڕێوبەری ڕێکخراوی (تاج العارفین)ە لە هەڵەبجە، هەروەها لە زانکۆی هەڵەبجەیش مامۆستایە. کتێبە چاپکراوەکانی: (العلامة عبدالکریم المدرس و منهجە في تفسیر القرآن و علومە، ئیعتیکاف سونەتێکی فەرامۆشکراو، اعداد البرکات الأحدیة في شرح الصمدیة للعلامة عبدالکریم المدرس، سەدەیەک لە تەمەنی نوورین، مامۆستا مەلا عەبدواکەیمی مودڕیس بە پێنوسی خۆی بناسە).
نوسەر و دیزاینەرە. ناوی (عەبدولرەحمان نەجمەدین تەها)یە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی ھەڵەبجە. خاوەنی بیست کتێبی چاپکراوە، لەوانه (تەفسیری سورەتی "الحمد"، خەرمانێک لە ھەزار پرسیار، فێربوونی ۆرد، فێربوونی پاور پۆینت، فێربوونی کیبۆرد و مۆنیتەر، چەپکێک لە مەرگی ھەڵەبجە، یەکەمەکان لە مێژوودا). وەک یەکەم کەس زیاتر لە ٢٠٠٠ وێنەی کارەساتی ھەڵەبجە لەسەر سیدی بڵاوکردووەتەوە. یەکەم کەس بووە، کە توانیویەتی ساڵی ٢٠٠٤ ڤایرۆسێکی کۆمپیوتەری بە زمانی کوردی دروستبکات. یەکەم کەس بووە دووکانی تایبەت بە کۆمپیوتەر لە شاری ھەڵەبجە دابنێت.
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان محەممەد حامید)ە و بە (مامۆستا عەبدولڕەزاق) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە شارەدێی تەوێڵە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە تەوێڵە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی و بەشی مێژووی لە کۆلێژی پەروەردەی کەرکوک تەواوکردووە. وەک مامۆستا دامەزراوە. لەبواری مێژوو، ئایین، ڕێکخراوەیی و سیاسیدا دەنوسێت و خاوەنی ١٢ بەرهەمی چاپکراوە، لەوانە: (سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، بزاوتی ئیسلامی لەڕەگی ئیخوانەوە بۆ ڕاگەیاندنی یەکگرتوو). لە فیستیڤاڵە کلتورییەکانی هەوراماندا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە.