سیسل جۆن ئیدمۆندس
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ساڵی ١٨٨٩ لە وڵاتی بەریتانیا لەدایکبووه. کۆلێجی (کمبرج)ی تەواوکردووە، لە ساڵی ١٩١٠دا قوتابیەکی وەرگێڕ بووە لە قونسڵی گشتیی بەریتانیا ـ لە کەناری خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، ساڵی ١٩١٣دا بوو بە وەکیلی یاریدەدەری قونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە (بوشەهر) و ساڵی ١٩١٥ بووە بە یاریدەدەری ئەفسەری سیاسیی هێزەکانی بەریتانیا له باشوری خۆرئاوای ئێران، دواتر و لە ساڵی ١٩١٩دا و بە هەمان پلە، ئەمجارە لە باکوری خۆرئاوای ئێران کاریکردووە. ساڵی ١٩٢٢ ئەرکێکی تایبەتی لە باشوری کوردستاندا پێسپێرراوە، دوو ساڵ و نيو حاکمى سياسیی کەرکوک بووە، ماوەیەکيش لە هەڵەبجە و دواتريش لە ڕانيە یاریدەدەری حاکمی سیاسی بووە، دواتر لە ڕاوێژکاری بەشەوە بووە بە پشکنەری بەڕێوەبەرایەتی لە حکومەتی عێراقدا و پەیوەندیدار به هێزە سەربازیيەکانی بەریتانیای ناوچەی کەرکوک و سلێمانی. ساڵی ١٩٢٥ ئەرکی ئەفسەری پەیوەندی لە لیژنەی نێودەوڵەتی له کێشەی موسڵی پێسپێرراوە. ساڵی ١٩٢٦ بووە بە یاریدەدەری ڕاویژکاری ناوخۆیی عێراق و ساڵی ١٩٢٨ بوو بە قونسوڵ و لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٤٥ ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە. لە حکومەتی عێراق وازی لە خزمەتگوزاری هێنا، ئەمەیش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٨دا نیشانەی (ڕافیدین)ی پێبەخشرا لەلایەن حکومەتەکەی خۆیەوە، ساڵی ١٩٤٨ بەپلەی وەزیر لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا دامەزرا، تا ساڵی ١٩٥٠ خانەنشین کرا، خاوەنی کتێبە بەناوبانگەکەی (کورد تورک عەرەب)ە.
سەرچاوەکان:
- ئەحمەدموختاربەگی جاف، عەبدولکەریم حەمید عەبدولکەریم، سلێمانی، ٢٠٠٠، پ٣، ل٢٢٥ـ٢٢٦ .
- کورد تورک عەرەب، سيسيل جۆن ئيدمۆندس، و: حاميد گەوهەرى، چاپى سێيەم، لە بڵاوکراوەکانى ناوەندى ئاوێر، ٢٠٠٤، ل٥-١٨.
- ناودارانى کورد، مير بەسرى، و: عەبدولخالق عەلادين، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى، ٢٠٠٣، ل٢٤٠.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی