کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

حەسەن مەحموود حەمەکەریم

نوسەر و مێژوونوسە. ساڵی ١٩٥٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە، ساڵی ١٩٧٨ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ٢٠٠٩ بڕوانامەی بەکلۆریۆسی لە مێژوودا وەرگرتووە، زیاد ٥٠٠ بابەتی ئەدەبی و مێژووی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان، دەستەی نوسەرانی گۆڤاری(پەیامی ڕاستی)یە. سەرنوسەری گۆڤاری مامە یارە، ئەندامی کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کوردی بووە، هەروەها لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی تیشکی ڕۆشنبیرییە، کە سەد کتێبی بڵاوکردووەتەوە. کۆمەڵێک کتێبی نوسیوە و بە چاپ گەیاندووە لەوانە: (کوردستان لە بەردەم فتوحاتی ئیسلامیدا، کوردستان لانکی دووەمی مرۆڤایەتی، مەلا ئیدریسی بەدلیسی و ڕۆڵی لە یەکگرتنی میرنشینە کوردیەکاندا، فەتواکەی مەلای خەتێ). له ‌ئێستادا خانەنشینە و لە سلێمانی دەژی.

حەسەن نازدار میر ئەحمەد

چیرۆکنوس، لێکۆڵەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بانیبۆڵان)ی ناوچەی تاوگۆزی لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی تازە و بەشی کوردیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەرێم و دەرەوی هەرێم بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەفسونی ئاوێنە ڕەشەکە، ئەدەبیاتی نامەو نامە لای مەولەوی، ئیمامی شافیعی، حکایەتی عاریفان، چیرۆکەکانی مەسنەوی، زنجیرەی ژیاننامەی کەسایەتییە دیارەکانی وەک مەولانا، ئۆشۆ، غاندی، چاپلن، کۆیلۆ، شەرعەتی، ماندێلا). چەند جارێک خەڵات کراوە. لەوانه:‌ (خەڵاتی فیستیڤاڵی گەلاوێژ، فیستیڤاڵی لاوان و خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی دەستی شار). لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی‌ و پیشەی مامۆستایە.

زیاتر بزانە
چیرۆکنوس

حەکیمی مەلا ساڵح

شاعير، لێکۆڵەر، شانۆکارە. ناوی (حەکیم مەلا ساڵح عەبدولکەریم)ـە. بە (حەکیمی مەلا ساڵح) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٧ لە بەشی شەریعە لە زانکۆی بەغداد وەرگیراوە. بەهۆی کاری ڕامیارییەوە وازی لە خوێندن هێناوە. سەرەتا وەک: شانۆکار و وەرزشەوان دەرکەوتووە و دواتر لەسەر نوسینی شعیر و لێکۆڵینەوە بەردەوامبووە. ساڵی ١٩٧٩ لە بانکی هەڵەبجە بووە بە فەرمانبەر. ساڵی ١٩٨١ خراوەتە زیندانەوه و دوای ئازادبوونی بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. پاش ڕاپەڕین، وەک ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری کاریکردووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و بووە بە بەرپرسی سەنتەری ڕۆشنبیریی هەڵەبجە و گۆڤاری (هەڵەبجە) و (گۆران)ی دەرکردووە. نزیکەی سی کتێبی چاپکراوی هەیە، لەوانه: ‌(هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، ‏‎دیوانی ئەحمەد بەگی کۆماسی، ‏‎دیوانی ناتیق، بەشێک لە دیوانی مەجزوب، مەولەوی وەک شاعیرێکی ناتورالیزم و نالی لە دیدێکی ترەوە...). دەیان وتار و نوسینی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوه. چەند جارێک ڕێزی لێ نراوە و خەڵاتکراوە. لەوانە خەڵاتی کارۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٢.

‌ حەمەی فەرەج

فەرماندەیەکی سەربازییە. ساڵى ١٩٣٤ لە‌ شاری هەڵەبجە لەدایکبووە‌. ساڵى ١٩٥٦ دەستی بە کاری ڕامیاریکردووە. لە ساڵانى سەرەتاى پێشمەرگايەتيدا ڕۆڵێکى گرنگى لە سنورى هەڵەبجە هەبووە و سەر لقى ناوچەى شارەزوور بووە. ساڵى ١٩٧٢ بووە بە جێگرى فەرماندەى هێزى خەبات. ساڵى ١٩٧٤ کراوە بە فەرماندەى بەتاليۆنى ٣ى قەرەداغ. ساڵی ١٩٧٥ لە (گەڵاڵه)‌ بريندار بووە. ساڵى ١٩٧٦ خەباتى چەکدارى دەستپێکردووەتەوە. ساڵى ١٩٨٢ بۆ ماوەیەک دەستگیرکراوە. ‌ساڵی ١٩٨٣ بووە بە ئەندامى سەرکردايەتى. بۆ جاری دووەم زۆر بە سەختی بريندار بووه و قاچى ڕاستی بڕڕاوەتەوە. چووەتە دەرەوەی وڵات و لە سويد نیشتەجێبووە. ساڵى ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و تا ساڵى ١٩٩٤ ئەرکى کۆمەڵايەتى لە ناوچەکانى هەورامان و هەڵەبجە و شارەزوور و پينجوێن و بەرزنجە دەربەنديخان پێسپێرراوە. بیرەوەرییەکانی خۆی لە سێ بەرگی (لە شنروێ وە بۆ ستۆکهۆڵم) بەچاپ گەیاندووە. ساڵی ٢٠١٩ بە نەخۆشى کۆچیدوايیکردووە.

حەمەنووری عومەر کاکی

نوسەرە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی کشتوکاڵی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوه کردووە. گەڕاوەتەوە بەر خوێندن و بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٨٩ ماستەری لە زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٣ تا کۆتایی ساڵی خوێندنی ١٩٩٦ مامۆستای یاریدەدەر بووە لە بەشـــی کوردیی کۆلێجی زمان لە زانکۆی سلێمانی. ساڵی ١٩٩٧ ڕووی لە وڵاتی ئەڵمانیا کردووە و ساڵی ٢٠٠٥ گەڕاوەتەوە‌ بۆ کوردستان و لە بەشی کوردیی کولێجی زمان لە زانکۆی سلێمانی تا ئێستا بەردەوامە. ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا وەرگرتووه و ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووە بە پلەی پڕۆفیسۆر. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی، ئەڵمانی و فارسی دەزانێت. جگە لە نامەی ماستەرەکەی (شێواز لە شیعری کلاسیکی کوردیدا) ئەم کتێبانەشی بە چاپ گەیاندووه:‌ (شێوازی شیعری نوێی کوردی، گەشتێک بە کوردستانی کێویدا "کارڵ مای"). هەروەها (بەپێی بڕیار)، کە کۆمەڵە چیرۆکێکی عەزیز نەسینه،‌ لە فارسییەوە وەریگێڕأوە. چەندین لێکۆڵینەوە و نوسینی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوه.

حسەینی خەلیفە

ناوی (حسەین محەممەد وەڵەدخان)ـە. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی (حەسەن بەگ)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شارۆچکەی سیروان خوێندووە. ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردستانەوە کردووە. ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بووە. لە ئێستادا بە پلەی (لیوا) خانەنشینە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی نۆ منداڵە. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا نوسینی بڵاوکردووەتەوە، لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا دوو نامیلکەی نوسیووە: (چمکێک لە مێژووی کارەساتەکانی کوردستان و هەڵەبجەش لەم مێژووەدا، پێناسەکردنی چیای سورێن) و دواتر بڵاوکراوەتەوە.

حسێن هەڵەبجەیی

وەرگێڕ و نوسەرە. ناوی (حسێن مەحموود کوێخا مستەفا حاجی محەممەد سلێمان)ـە. بە(حسێن هەڵەبجەیی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. پاش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی ساڵی ٢٠١٤ پەیمانگای خوێندنی ئیسلامی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و سەندیکای ڕۆشنبیریدا ئەندامە، زیاتر لە چل کتێبی نوسراو و وەرگێڕاوی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: کارەساتی هەڵەبجە و کەناڵەکانی ڕۆژئاوا، ئەمڕۆ لە مێژوودا. کتێبی (سیازدەماڵە بنیادنەر و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە)شی ئامادەیە بۆ چاپ.

خەبات عەبدوڵا

نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکاندا بەدەستهێناوە. جگە لە بڵاوکردنەوەی دەیان وتار و لێکۆڵینەوە‌ لە بوارەکانی سیاسەت و فکردا، خاوەنی پێنج کتێبی چاپکراویشە، لەوانە: (هەڵەبجە مەملەکەتی ژیان). لە ئێستادا ڕاوێژکارە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

ڕەئوف مەعروف محەممەد

بە (ڕەئوف مەعروف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (نارنجڵە) سەربە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. بەشی پیشەسازی لە پەیمانگای موسڵ خوێندووە. خوێندنی ئیسلامی لە پەیمانگای هەڵەبجە تەواوکردووە. وەک فەرمانبەر ماوەی چەندین ساڵ خزمەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پێنج منداڵە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و تا ئێستا شەش کتێبی وەرگێڕاوە. لەوانە (کەلیمە گولانەکێ، پەیامو بیمارا، ڕۆح و حەقیقەتی جیهاد لە ئیسلامدا، بەرگی دووەمی دواین شەهیدەکان).

ڕەزوان حەسەن وەستا مەحموود

ساڵی ١٩٩٠ لە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. هاوسەرگیری کردووە. بەکالۆریۆسی لە زانستی ڕامیاری لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. جگە لەزمانی دایکی، ئینگلیزیش دەزانێت. ١٠ کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، لەوانە: (تۆڵەی جوگرافیا، مەسەلەی کورد، قەیرانی ئیسلام، ئیسلام و خۆرئاوا، ڕزگاربوون لە زنجیرەی وەهم، کاتێک کۆمپانیاکان حوکمی جیهان دەکەن، چینی نوێ). ئەندامی کۆمەڵەی زانستە سیاسییەکان و دامەزراوەی ئایدیا بۆ فیکر و لێکۆڵینەوەیە. چەندین خەڵات و ڕێزێنانی پێبەخشراوە.

ڕەسوڵ مەستى ئەفەندى

ناوی (ڕەسوڵ مەستى ئەفەندى کوڕى مەحموود بەگ)ـە. ساڵى ١٨٢٤ لە گوندى (سەراو)ى ناوچەى نەورۆڵى لەدایکبووە‌. لە مەدرەسەى هانەسوورە و چەند شوێنێکی تر خوێندویەتی و ئيجازەى مەلايەتى وەرگرتووە. جگە لە زمانى کوردى، فارسى، عەرەبى، تورکى و فەڕەنسى زانيوە. بۆ تەواوکردنى خوێندن چووەتە ئەستەنبوڵ. گەڕاوەتەوە و لە ماوەی جیاوازدا لە شارەکانی: موسڵ، کەرکوک، بەسرە، وان مامۆستایەتی کردووه. بەڕێوەبەرى مەعاريفى موسڵ و دواتر دیاربەکر بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. بەهۆى داهێنانە زانستييەکانييەوە لە بوارى فيزيادا (هەڵکێشانى ئاو لە قوڵاييەکى زۆرەوە بەبێ هێزى هەوا و هەڵم) بۆ ماوەى هەشت مانگ نێردراوە بۆ فەڕەنسا و بۆ هەمان مەبەست سەردانی ڤييەننا و ميسری کردووە. دەستی نوسینی هۆنراوەی هەبووە و لە ماوەى ژيانيدا نزيکەى ١٠ کتێبى لە بوارە جیاوازەکاندا نوسيوە، لەوانه:‌‌ (حوادث عناصر، سپر زلزلە، تشريح الادراد فى تشريح الافلاک، رسالە اثبات الواجب، علم الهيئة) بەڵام تەنها دوانيان چاپکراون‌. ساڵی ١٩٠٨ کۆچیدوايیکردووه.

ڕەشید هەورامی

ناوی (ڕەشید ئەبوبەکر مەحموود)ە. ساڵی ١٩٣٣ لە شارۆچکەی (بیاره)‌ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە بیارە و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە و وەک مامۆستا دامەزراوە. لە پۆلی چواری سەرەتایی بووە، کە یەکەم شیعری نوسیوە. لە بواری زمان و ئەدەبیات و مێژوو، ڕامیاریدا نوسینی هەبووە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاویکردووەتەوە. خاوەنی کتێبی (هەڵاڵە برایمەی هەورامان، مێژووی هەورامان)ـە. ساڵی ٢٠١٦ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

ڕەنجیار

نوسەر، شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ئەحمەد حەمەئەمین فەتاح عەزیز)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌. خوێندنی ئامادەیی ئیسلامی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستی بە نوسینی هۆنراوە کردووە. جگە لەوەی کاری ڕۆژنامەوانی کردووە، خاوەنی ‌چەند بەرهەمێکی چاپکراوە‌، لەوانە (ئافرەت بەرەو ڕووناکی، خۆرەی گەل، برسێتی ئەم گەلە لە ئەستۆی کێدایە، کۆماری کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، بەرگری لە پێشەوا بوخاری، تێڕوانینێک بۆ زەردەشتی-یەزیدی- کاکەیی..). ساڵی ٢٠٢٠ بە نەخۆشیی کۆرۆنا کۆچیدواییکردووە.

ڕیچ

جوگرافیاناس، مێژووناس، گەشتیار و شوێنەوارناسە. ناوی (کلۆدیوس جێمس ڕیچ)ـە. ساڵی ١٧٨٧ لە وڵاتی فەڕەنسا لەدایکبووە. لە زمانەکانی: لاتینی، یۆنانی عیبری، فارسی، تورکی، عەرەبی و کەمێک چینیشدا شارەزایی هەبووە. ماوەیەک یاریدەدەری کۆلۆنیلی باڵوێزی بەریتانیابووە لە میسر، ماوەیەکیش لە بەغداد بەرپرسی نیشینگەی بەریتانیا بووە. ساڵی ١٨٢٠ گەشتێکی بۆ باشور و خۆرھەڵاتی کوردستان کردووە و یاداشتەکانی حەوت مانگى لە شێوەی بیرەوەریی ڕۆژانەدا لە کتێبی (بەسەرھاتی نشینگەیی لە کوردستاندا) تۆمارکراوە. لە چەند شوێنێکدا باسی جوگرافیای شاری ھەڵەبجە و عادیلەخانم و بازرگانیکردن بە سوورەچناری کردووە لە سنورەکەدا.

ڕێباز لوقمان مستەفا

ئەکادیمی و مامۆستای زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٨٨ لەدایکبووە. بەشی جوگرافیای لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە و لە هەمان بەش وەکو یاریدەدەری توێژەر دامەزراوە. ماستەری لە پلاندانان و گەشەپێدانی گەشتوگوزار و GIS و دکتۆرای لە مۆدێلەکانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار و پرۆگرامەکانی (GIS& RS) هەیە. خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوە بە ناونیشانەکانی (لێکۆڵینەوەیەک لە دەرامەتی سەرچاوە ئاوییەکانی ناحیەی خورماڵ و ئاسۆی بەکارهێنانیان لە دواڕۆژدا، جوگرافیای کیشوەری ئەمریکای باکور ئەنگلۆسەکسۆن/ وەرگێڕان، جوگرافیای کیشوەری ئەمریکای ناوەڕاست و باشور – لاتین/ وەرگێڕان) و نۆ توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی و کۆنفڕانسەکاندا پێشکەشکردووە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە جوگرافیای پارێزگای هەڵەبجەوە و بەتایبەتی تر بە هەورامانەوە هەیە. لە ئێستادا سەرپەرشتیاری بەشی گەشتوگوزاری زانکۆی هەڵەبجەیە.

ڕێبوار حەمەتۆفیق

نوسەر و توێژەری بواری ئەدەبیاتە‌. ناوی (ڕێبوار حەمەتۆفیق محەممەد ئەمین)ـە. ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردوە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی و دواتریش لە یاسادا لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە. لە ساڵی ١٩٩٢ەوە دەستی بە نوسین کردووە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوی کردوونەتەوە. دامەزرێنەری ناوەندی زەردەشتناسی بووە بۆ لێکۆڵینەوەی کلتوری. بۆ ماوەی دە ساڵ لە بەشی لێکۆڵینەوە لە ئینستیوتی کەلەپووری کورد کاریکردووە. خاوەنی چواردە کتێبی چاپکراوە، لەوانه: (گۆران لە یادەوەریی هاوچەرخەکانیدا "سێ بەرگ"، دیوانی مەلا پەرێشان، جوولەکەکانی شاری سلێمانی، کۆمەڵی هەقە، ١٠ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، من ئەحمەدم ٢٢٤).

ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد

نوسەر و وەرگێڕ و ڕاگەیاندکارە. پێشتر ناوی (غەریب) بووە. ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی (تاوێرە) لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی کوردی و بەکالۆریۆس و ماستەری لە یاسا بەدەستهێناوە. خەڵاتی یەکەمی شیعر ١٩٩٢ و چیرۆکی ٢٠٠٢ بەهاوبەشی و سێیەمی پێشبڕکێی یەکێتی نوسەرانی کوردی ١٩٩٩ لە هەولێر وەرگرتووە. وەک پێشکەشکار و بێژەر کاری ڕاگەیاندنی کردووە. سکرتێری نوسینی ڕۆژنامەی (ڕاپەڕین) بووە. ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (ڕابەر) و (یەکبوون) بووە. بەرپرسی بەشی کوردیی گۆڤاری (الهدی) و ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (ستاندەر) و (خاڵ) بووە. لە بواری وەرگێڕاندا خاوەنی ٢٦ کتێبی چاپکراوە، لەوانه:‌ (شارۆ، ڕەگ و ڕیشە و ڕەهەندەکانی ململانێی ڕوسیا و چیچان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە.

زانا ناجی عەبدوڵا

نوسەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٨٧ لە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و بنەڕەتی و دواناوەندی لە شارەزوور تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامیی کۆلیژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی خوێندووە. ساڵی ٢٠١٦ بڕوانامەی ماستەری بە پلەی نایاب لە فەلسەفە و بەراوردی ئایینەکاندا و ساڵی ٢٠٢٣ بڕوانامەی دکتۆرای لە (زانستی کەلام) بەدەستهێناوە. بە دانان و وەرگێڕانەوە خاوەنی ١٥ کتێبە، لەوانه:‌ (مێژووى ڕەهەندەکانی سۆفیگەرى لە ئیسلامدا، ئافرەت لە عیرفانی ئیسلامیدا، دەستێکی عیرفانی بەرەو مەدینەى منەووەرە، ڕۆژهەڵاتناسی لە ژیاننامەى پێغەمبەردا لە دیدی وات و برۆکلمان و فلهاورن). لەئێستادا مامۆستایە لە کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سلێمانی.

ساجد ئاوارە

نوسەر، شاعير، شانۆکار و لێکۆڵەری ئەدەبییە. ناوی (ساجد محەممەد عەلی حەمەڕەزا کوڕی قوربانی)یە و بە (ساجد ئاوارە) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٣ لەدایکبووه. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ساڵی ١٩٥٩ لە سلێمانی (دار المعلمین)ی تەواوکردووە. ماوەیەک مامۆستا و دواتریش وەک بەڕێوەبەری قوتابخانە کاریکردووە. ساڵی ١٩٦٠ لە هەڵەبجە مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی لە ڕۆژنامەی (ژین) و دواتریش لە ڕۆژنامەکانی (هاوکاری، ژیان، طريق الشعب)دا بڵاوکردووەتەوە. ئەندامی نوسەرانی عێراق و کوردستان بووە. چەند کتێبێکی چاپکراوی هەیە، لەوانه:‌ (لێکۆڵینەوەی ئەدەبی نوێی کوردی، لە بەرهەمی کەشتی نوح، نەوای ھەتیو، بەستەی چوار داستان)ـە. ساڵی ٢٠١١ لە شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

سادق شێخ عوسمان

نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (سادق عوسمان عارف سازانی)یە، لە نەوەی شێخ مۆمنی سازانە، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی سازان لەدایکبووە. تا پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە سازان خوێندووە و پۆلی سێی ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە، پاشان خانەی مامۆستایانی سلێمانی خوێندووە، ساڵی ١٩٧٣ بووەتە مامۆستا، ساڵی ١٩٩٨ وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەستبەکاربووە، هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە تێکەڵی کاری سیاسی بووە، لە کۆمەڵێک ڕێکخراوی ڕۆشنبیریدا کاریکردووە، لەوانە (ئاسک، ناوەندی ڕۆشنبیری بەدلیسی، دۆستانی هەڵەبجە)، بەشداری دانانی پڕۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی لە یەک بۆ نۆی بنەڕەتی کردووە، جگە لە زمانی دایک، عەرەبی و فارسیش دەزانێت. هەشت کتێبی وەرگێڕاو و نوسراوی هەیە، لەوانە: (هەستانەوە لە ئامێزی سازاندا، هکذا ظهر جيل صلاحدين، المرأة و العمل سياسى). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا نوسینی بڵاوکردووەتەوە. ‌‌

پێشتر 1
...
16 17 18
...
60 دواتر