بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
نوسەر و شوێنەوارناسە. ناوی (عەبدولڕەقیب یوسف حەسەن)ـە، ساڵی ١٩٤٣ لە بۆتان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٠ بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە لە پارێزگای دهۆک، ساڵی ١٩٦٢ ڕاژەکەی گواستوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، ساڵی ٢٠٠١ بوەتە ڕاوێژکار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری شوێنەوار و کلتوری شارستانی، لە ساڵی ١٩٦٠وە سەرقاڵی نوسینەوەی مێژوو و دۆزینەوە و زیندوکردنەوەی شوێنەوار و کەلەپوری کوردە، زیاتر لە پەنجا کتێبی لە بواری مێژوو شوێنەواردا نوسیوە. کۆمەڵێک کتێبی لەسەر هەڵەبجە و کەسایەتییەکانی و شارەزوور نوسیوە، لەوانە: (نامەکانی شێخ حسام الدینی تەوێڵە بە دەستخەتی کاتیبەکەی مەلا عەبدوڵای مەریوانی، بەڵگەنامەی جاف، تەلاری وەسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە شاکارێکی تەلارسازیە لە کوردستان، شارەزوور، بۆردومانی کیمیاوی هەڵەبجە و شوێنەوارەکانی دیکە).
نوسەر و وەرگێڕ و مامۆستای ئاینییە. بە مامۆستا (ستار ئەسەف هەورامانی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٧ لە گوندی (یاڵانپێ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و ناوەندی لە خورماڵ خوێندووە. لە مەدرەسەی (زەیدی کوڕی ثابت) لە هەڵەبجە دەستی بە خوێندنی ئاینی کردووە. ماستەری لە وڵاتی ئێران لەبواری (فیقهـ و یاسادا) بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. جگە لە زمانی دایک، فارسی و عەرەبیش دەزانێت. کتێبی (مەلا محەممەدی ڕەبیعی ژیان و خەبات و جوامێری)ی وەرگێڕاوە و خۆیشی چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە لەوانە: (٦٠ وەڵام ڕوون و ڕەوان دەربارەی حەیز و نیفاسی ئافرەتان، نەفرەتلێکراوان لە قورئان و فەرمایشتی ئازیزانمان، نمێک لەژیان و تێکۆشانی مەلا مەحموودی ئازادی، مەلا عەلی سەلاجە، مێژووی زانایانی هەورامان). لە ئێستادا لە ژیاندایە و لە سلێمانی دەژی.
نوسەر و وەرگێڕ و زانای ئاینییە. ناوی (عەبدولعەزیز ئەمین ئەحمەد پاڕەزانی)یە. لە بنەماڵەی شێخ ئیلیاسە، ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی (پاڕەزان)ی سەر بە شارۆچکەی بەرزنجە لە قەزای چوارتای پارێزگای سلێمانی لەدایکبووه. هەر بە منداڵی دەخرێتە خوێندنی حوجرەوە، ساڵی ١٩٤٢ دێتە هەڵەبجە، ساڵی ١٩٤٥ لای مەلا ساڵحی گەورە ئیجازەی دوازدە عیلمی وەردەگرێت، حاجی مستەفا لە گوندەکەی (تەپی سەفا) مەدرەسە و مزگەوتی بۆ دەکاتەوە، هەر لە هەڵەبجەش ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت. ساڵی ١٩٥٩ دەچێتە خولی پەروەردەی وەزارەتی مەعاریفەوە و دەبێت بە مامۆستای سەرەتایی لە هەڵەبجە. هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە دەچێتە ڕیزەکانی (برایانی موسڵمان)ەوە و دەبێت بە یەکێک لە دیارترین ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە لە کوردستاندا. پاڕەزانی سەرەڕای شارەزایی ئایینی و پیشەی مامۆستایی، نوسەر و وەرگێڕێکی کارامەش بووە، یەکەم کەسە بە تێروتەسەلی بە زمانی کوردی ژیاننامەی پێغەمبەری خودای نوسیوەتەوە، جگە لە کوردی، زمانەکانی عەرەبی و فارسی بەباشی زانیوە، ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. بەشێک لە بەرهەمەکانی: (ژیانی پێغەمبەری مەزن دوو بەرگ، نموونەیەک لە ئیسلام، کوڕێکی لاسار و باوکێکی هەژار). ساڵی ١٩٧٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو بەخاکسپێرراوە.
نوسەر و وەرگێرە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی مەلا وەیسەی بناری سورێن سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە،. پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشی پەرستاری تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٠ وەک کارمەندی تەندروستی دامەزراوە. ساڵی ٢٠٠٨ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە، سەدان بابەتی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، دەیان کتێبی بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی نوسیون و وەرگێڕاون، لەوانە: شۆڕشی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ لە عێراق، فەرهەنگی سەبا، لێکۆڵینەوەی کارگێڕی، خانەنشینی و حوکمە گشتییەکانی خانەنشین.
نوسەر و وەرگێڕە. ساڵى ١٩٦٢ لە گوندى (گامێشتەپه) لەدایکبووە. لە بنچينەدا خەڵکى گوندى (بەردەبەل)ـی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. کۆلێژى ئاداب بەشى زمانى ئينگليزى لە زانکۆى موسڵ تەواوکردووه. ئيجازەنامەى لە زانستە ئيسلامييەکان وەرگرتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. لە گۆڤارى ژيار و ستاندارددا کاریکردووە و دەيان وتارى بڵاوکراوەی هەیە. خاوەنى چوار ڕۆمانە بە ناونیشانەکانى: (گەڕانەوە بۆ مەرگ، حيکمەتى پيران، کۆمارێک لە سێبەردا، سەرپۆشێ خوێناوى). نوسەری چەندين کتێبى تریشە، لەوانە (پێغەمبەر و يارانى، ميزان، شەرحى حيکمەتەکانى ئيبن عەتا، ناسرى سوبحانى، ١٠٠ ياساى پەروەردەيى، شەرحى عەقيدەى کاک ئەحمەدى شێخ). لە بواری وەرگێڕانیشدا ئەم کتێبانەی هەیه: (حيکمەتى چين بريتييە لە حيکمەتەکانى کۆنفۆشيوس، إحياء علوم الدين "نۆ بەرگ" مەشخەڵى سوننەت "چوار بەرگ" مدارج السالکين، غەزالى، ريسالەى قوشەيري، وابل الصيب، فتح الرباني، تەفسيرى صفوة "هەشت بەرگ").
نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عەبدوڵا ئەحمەد محەممەد)ە. ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (ئەحمەدئاوا)ی لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵه. قۆناغی سەرەتایی لە وڵاتی ئێران و هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بەشی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری شەریعە لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. لە بواری نوسین و وەرگێڕان کاریکردووە و زیاتر لە ٥٠ کتێبی هەیە، لەوانە (نەقشبەندی و نەقشبەندییەکان، ژیان و بیروڕاکانی دکتۆر مستەفا زەڵمی، دوو عەوامیلی جوڕجانی و بوڕکەوی، شەرحی عەوامیلی مەلا موحسین، زانستەکانی فەرمودەناسی، شێخ عەلائەدینی نەقشبەندی و دوو پەیامی عیرفانی لە لوتکەدا).
نوسەر و ڕۆژنامەوانە. ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی (تەپی سەفا) لە شارەزوور لەدایکبووە. لای باوکی خوێندنی دەستپێکردووه. بەشی دیراساتی ئیسلامی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا. ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و فیدراسیۆنی جیهانیی ڕۆژنامەوانان و لیژنەی پێداچونەوەی تەفسیری ئاسان و لیژنەی پێداچونەوە و دانانی پڕۆگرامی قوتابخانە ئیسلامییەکان بووە. سەرنوسەری گۆڤارەکانی (مامۆستای دوارۆژ) و (جگەرگۆشەکان) و (شاهۆ) بووه، کە دوانیان تا ئێستا بەردەوامە. بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانیی گۆڤاری پەیامی ڕاستی بووە. دەیان کتێب و نامیلکە و بەرهەمی جیاوازی چاپکردووە، لەوانە: باڵەخانەی چەم، مستیلەی ئەفسوناوی، زەینەب خاتوون، تەجوید بەکوردی، ژیانی مامۆستا مەلا سەید حەکیمی خانەقین، سێ بێچووە چۆلەکە، کتێبی ڕەوشتەکان، ١٠٠ چیرۆکی منداڵان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. پیشەی خانەنشینە.
شانۆکار و ڕاگەیاندکارە. بە (فەلاحی مسەوەر) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. ئەندامی تیپی نواندنی هەڵەبجە و منداڵانی هەڵەبجە بووە. وەک ئەکتەر و دەرهێنەر و ئامادەکار و کاری هونەری لە چەندین بەرهەمدا بەشداریکردووە، لەوانە: (ئۆپەرێتی سەوزە، مانگرتن، کۆچی هەتا هەتایی، فەلەستین و شۆڕشی بەرد، کلیل، شیرین و فەرهاد، کالیگۆڵا، ماراساد، جەنابی جانەوەر گەمەی ئەمڕۆمانە، هەڵەبجە و خەزانی مەرگ، مەرگی سەوز، ماڵئاوا ئەی شاعیران، بانگەوازی ئازارەکان، شانۆیی زەماوەندی ژەهر، مەرگەساتی هەڵەبجە، ورچ). فلیمی دیکۆمێنتاری (گەوهەری مێژوو لە تەوێڵەوە بۆ ئۆرەبروو)، لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان وەک کامێرامانیش کاریکردووە. لەئێستادا لە وڵاتی سوید دەژی.
نوسەر، وەرگێڕە. ناوی (عەدنان عەبدولقادر کامیل)ـە و بە (عەدنان هەورامانی) ناسراوه. ساڵی ١٩٧٧ لە شارۆچکەی تەوێڵە هاتووەتە دنیاوە، ساڵی ٢٠٠١ کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی دهۆکی تەواوکردووە، ساڵی ٢٠٠٧ خوێندنی ماستەری لە پسپۆڕی (فیقهی بەراوردکاریدا) لە زانکۆی بەغداد لە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان تەواودەکات، لە هەمان زانکۆ ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت، لە ساڵی ٢٠٠٨وە مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی. بڕوانامەی زانستە شەرعییەکانیشی لە خزمەت مامۆستایانی سلێمانیدا بەدەستهێناوە، ئەندامە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو و بنکەی زانستی و کەلەپوری و ڕۆشنبیریدا. چەند کتێبێکی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: (گەنجینەی وەفای مامۆستای مودەڕیس لە ڕوانگەی نامەکانیەوە، الأمام السیوطی حیاتە وأثاره، بیبلیۆگرافیای نامەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، مصطلح – الألتفات في البلغة العربیة).
نوسەرە. ناوی (عەلی محەممەد مەعروف)ە، ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (جانجان) لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. جیا لە کاری فەرمانبەرییەکەی، دوکانی دەلاکی هەیە و بە ناوی ئەم پیشەیەوە ناسراوە. سێ کتێبی بە چاپ گەیاندووە، کە تایبەتن بە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەوانیش: (گوزەرێک بە جانجاندا، گەوهەرەکانی شارەزوور، منارەکان لە ئاسمانی هەڵەبجەدا).
نوسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانە. ناوی تەواوی (عەلی محەممەد حەمەئەمین)ە، بە دکتۆر عەلی زەڵمی ناسراوە. ساڵی ١٩٧٢ لە خورماڵ لەدایکبووە. ئەندامی دامەزرێنەری تیپی شانۆیی شەهید پێشەوا بووە. لە دەزگاکانی (تەلەفزیۆن، ڕادوێ، ڕۆژنامە) کاریکردووە. لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمی کوردستاندا نوسین و وتاری بڵاوکردووەتەوە، وەک (ڕۆژنامەی یەکگرتوو، گۆڤاری پەیامی ڕاستی، گۆڤاری کاروان، گۆڤاری ڕامان، ڕۆژنامەی برایەتی، گۆڤاری گوڵان). لەنێوان ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٩ ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی کورد و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەوانانی کوردستان و ئەندامی کۆمەڵەی هونەرمەندانی کوردستان بووە. ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ کۆمەڵێک نوسەری دیکەدا سەنتەری لێکۆڵینەوەی (ژیار) دروستدەکەن. بووەتە ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری (ژیار). ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە وڵاتی بەریتانیا. ساڵی ٢٠١٢ ڕاوێژکار و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری کۆنسێپت بووە. دکتۆراى لە زانستی کۆمەڵناسی لە زانکۆی یودەبلیوی برستڵ لە بەریتانیا وەرگرتووە. خێزاندارە و خاوەنی سێ منداڵە. جیا لەزمانی دایک شارەزای زمانی ئینگلیزیە. کتێبێکی بە زمانی ئینگلیزی و سێ کتێبی بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە، لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ وتار و لێکۆڵینەوە. هەروەها وەرگێڕانی دەیان وتار و نامیلکەی ئینگلیزی بۆ زمانی کوردی، لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (Home and Sense of belonging among Irai Kurds in the UK, ٢٠٢٠ Roman&Littlefield USA، پرسی شوناس لەمژدەکانی مۆدێرنە بۆ گومانەکانی پۆستمۆدێرنە، زنجیرە کتێبی پەروەردەی ئیماکس "پێنج نامیلکە") ئەندامی گروپی ئەکادیمیی توێژەرانی بواری کۆچبەری لە زانکۆی برستڵ بەریتانیا و لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا دەژی.
نوسەرى بوارى کەلەپوور و فۆلکلۆرە. ناوی (عەلی کوڕی مەعرووف کوڕی محەممەد)ه. بە (عەلی شارەزووری) ناسراوە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی (گامێشپەتە) لەدایکبووە. لە حوجرە دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان لە قوتابخانەی حکومی قۆناغی سەرەتايى لە (سەیدسادق) و ناوەندى لە (هەڵەبجە) و ئامادەیی کشتوکاڵی لە (سلێمانى) خوێندووە. ساڵی ١٩٧٢ بووە بە فەرمانبەر لە هەولێر، دواتریش ڕاژەکەی گواستراوەتەوە بۆ (کەلار) و پاشانیش بۆ (سلێمانی) و لە هەموو ئەم شوێنانە پەندی پێشینان و گۆرانیی فۆلکلۆری کۆکردووەتەوه و لەم بوارەدا چەند کتێبێکی بەچاپ گەیاندووە، لەوانە: (چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور)، دوو بەرگ لە(پەندی پێشنانی کورد). پاش ڕاپەڕین، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی (کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی)یان دامەزراندووە. ساڵی ٢٠٠٠ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (سەیدسادق) بەخاکسپێرراوە.
بە (عەلی حاجی عەبدوڵای پریسی) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (پریس) لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. کۆلێژی ئیمام ئەعزەمی لە بەغداد تەواوکردووە. وەرگێڕی تەفسیری ابن الکثیر و مدارج "پێنج بەرگ"، السالکین "سێ بەرگ)ـە. خانەنشینە.
نوسەر و وەرگێڕە. بەڕێوەبەری شارەوانیی ھەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد عەلی عارف ئەبوبەکر)ە. نازناوی (عەلی میرزا عارف)ـە. ساڵی ١٩٤٦ لە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. بووە بە فەرمانبەر. لە چەند شوێنێک بووە بە بەڕێوەبەری شارەوانی، وەک (پێنجوێن، ھەڵەبجە، ھەڵەبجەی تازە و کۆمەڵگەی باریکە). خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە: (بارزانی لە ھەگبەی پۆڵاینی ستالیندا، نەقشبەندی لە کوردستان، تورکیا چۆن لەگەڵ کێشەی کورد مامەڵە دەکات، جەنگی کەنداو).
ناوی (عەمران حەمەسەعید ڕەحمان)ـە. ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بەغداد لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٨ هاتونەتە هەڵەبجە، تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی خوێندووە. چەندین کتیبی لە زمانی فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، وەک: (شەیتان وخانم پرێم، جوانترین بەهرە، ڤێرۆنیکا بریار دەدات بمرێت، براوە تەنهایە، کیمیاگەر)ی پاولۆ کۆیلۆ، و چەند بەرهەمێکی تری جیهانی، وەک: (ئاشکراکردنی نهینیەکانی کیمیاگەر، پەیامبەرو دیوانە، مادام کامیلیا، سەرجەم بەرهەمەکانی ئیفلاتۆن، سینۆهە "سێ بەرگ"، سیاسەت، نەمری، نیاتوچکا، مرۆڤ و ئاینەکان... ).
مامۆستای ئاینی و کەسایەتی و نوسەر و وەرگێڕە. ناوی (عومەر فەتاح یەعقوب)ـە، ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی ڕێشاو لە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە هاتووەتە ژیانەوە، ساڵی ١٩٤٣ دەستی بە خوێندنی فەقیەیەتی کردووە، ساڵی ١٩٥٦لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، ئیجازەی دوازدە عیلمی وەرگرتووە. ساڵی ١٩٥٩ خولی وەزارەتی مەعاریف تەواودەکات و دەبێتە مامۆستای سەرەتایی، لە قوتابخانەکانی (سەرگەت)، (پریس)، (پەیمانگای ئیسلامی) لە هەڵەبجە، دەرسی وتووەتەوە. لە کۆتایی پەنجاکاندا پەیوەندی بە کۆمەڵی برایانی موسڵمانەوە کردووە، یەکێک بووە لە ڕابەرانی ئەو کۆمەڵەیە. ساڵی ١٩٩٤ یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی، پاشتر بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی، چەندین پلەی دیکەی وەرگرتووە. جگە لە نوسینی دەیان وتار، کۆمەڵێک بەرهەمیشی بە زمانی کوردی نوسیوە و وەرگێڕاوە، لەوانە: (تاوانە دەروونیەکان "وەرگێڕان"، بەرەو ڕێبازی ئیسلام "وەرگێڕان"، با منداڵانمان وا پێبگەن، خێزانی موسڵمان "وەرگێڕان"). شەوی ١٧ بۆ ١٨ی ١٠ی ٢٠٠١ لە شاری هەولێر کۆچیدواییکردووە و لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
نوسەر، ڕۆژنامەوان و وەرگێڕە. ناوی (عومەر حەمەسەعید ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی چاپ و بڵاوکراوەکانی سلێمانی، ماوەیەک سەرۆکی بنکەی ئەدەبی و ڕووناکبیریی گەلاوێژ بووە لە شارەزوور، سێ ساڵ دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ڕوانگە و ڕەخنە بووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤارەکانی (مەدەنیەت، ڕیفۆرم) بووە. لە بەرهەمە چاپکراوەکانی (دیوانی شعری شەوی یەکەمین گوناه، فەلسەفەی ڕۆشنگەری، ڕەخنەگرتن لە ئاین، من دواهەمین یەهودیم).
نوسەر و شاعير و دۆکۆمێنتارە. ناوی تەواوی عومەر عەبدول محەمەد محەمەدە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندى لە هەڵەبجە تەواوکردووە، بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لە خوێندن دابڕاوە، پاشتر لە ساڵی ١٩٨٩ بە ئاوارەیی لە شاری هەولێر ئامادەيى تەواوکردووە. دوای ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە و ساڵى ٢٠١١ بەشى بنەماکانى ئايينى لە کۆلیژی زانستە ئيسلامييەکان لە هەڵەبجە تەواوکردووە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستیداوەتە پڕۆژەی نوسینەوەی یادەوەری کەسوکار و ڕزگاربووانی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تا ئێستا نزیکەی بیست نامیلکەی چاپکراوى هەیە، لەوانە (ڕۆژی تاوانە گەورەکە، ئەو گوڵەگەنمانەی لە داس بەجێمان). کتێبێکیشی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی تایبەت بە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە، کردووە بە فارسی. لە ئێستادا لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە فەرمانبەرە و لێپرسراوی هۆبەی دیکۆمێنتاریيە.
نوسەر و وەرگێڕە. لە گوندی (مۆردین)ی سەر بە هەڵەبجە لەدایکبووە. پەیمانگای تەکنیکی لە کەرکوک تەواودەکات و پاشان کۆلێجی ئادابی بەشی زمانی ئینگلیزی لە سلێمانی تەواودەکات، ماوەی دە ساڵ دەستەی نوسەران و بەڕێوبەری نوسینی ڕۆژنامەی یەکگرتوو بووە، لە ڕۆژنامەکانی: یەکگرتوو، ئاوێنە، ئاسۆ، ڕۆژنامە، باس، وشە. پەیامی ڕاستی، سەنتەری برایەتی، المجتمع... هد، دەیان بابەتی بە هەر دوو زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردووەتەوە، بە ناوی خوازراوی شکار، عەلی، ساماڵ سلێمانی، بابەتی نوسیوە. خاوەنی دوازدە کتێبی نوسراو و زیاتر لە چل کتێبی وەرگێڕاوە، کە هەموویان چاپکراون، لەوانه: (ئاین لە فکری مەسعوود محەمەددا، ئەخلاق لە سیاسەتدا، چیرۆکی شارستێنێتی کەلتووری ڕۆژهەڵات)
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. خوێندکاری شەشی زانستی بووە لە لایەن دەزگای ئەمنەوە دەستگیرکراوە و لە خوێندن بێبەشکراوە. خاوەنی کتێبی (بۆنی سێو یادەوەرێکانی لاوێک لەناو دوکەڵ و زیندانەکاندا)یە، کە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی فەڕەنسی. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یەک منداڵە. لە وڵاتی فەڕەنسا دەژی.