کەتان خادیمی
چیرۆکنوس و شاعير و ڕاگەیاندکارە. ناوی (کەتان حەمەڕەحیم حەمەشەریف)ە. ساڵی ١٩٧٥ لە تەوێڵە لەدایکبووە. هاوسەری نەبەز هەورامی شاعیر و نوسەرە. دەرچووی ناوەندییە. ساڵی ١٩٨٨ دەستیداوەتە نوسین. پەخشان و بابەتی جیاواز و دەقی شانۆیی و سیناریۆی نوسیوە. بەڵام زیاتر وەک چیرۆکنوس ناسراوە. کۆمەڵە شیعری(کە ژنێکی شاعیر دەمرێ، کۆمەڵە چیرۆکی بوخچەکەی دایکم) لە بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەون. لە نێوان ٢٠٠٧ بۆ٢٠٢٢ بەرنامەکانی (ڕێژنە، زەمزەمەی شیعر، ئاریا و ئاونگ و چیرۆکی هەفتە)ی پێشکەشکردووە. لە دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ئاییندەسازییە. ساڵی ٢٠١٧ ماڵی مەستوورەی ئەردەڵانی دادەمەزرێنێت. لە سلێمانی نیشتەجێیە.
پشتیوان هەڵەبجەیی
ناوی (پشتیوان عەلی عەبدولڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە دەستی بە نوسینی چیرۆک کردووە. بەشداری چەندین فیستیڤاڵی کردووە و چەند خەڵاتێکی وەرگرتووە، لەوانە: یەکەمی چیرۆک لە: پێنجەمین فیستیڤاڵی ناوەندی ڕووناکبیریی هەڵەبجە ساڵی ٢٠٠٨، چواردەیەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ ساڵی ٢٠١٠، فیستیڤاڵی گوڵعەنبەر ساڵی ٢٠١١، یەکەمین فیستیڤاڵی کەڤاڵی ئەدەبیی هەولێر ساڵی ٢٠١٣. تا ئێستا پێنج کتێبی چاپکردووە: (شانۆگەری مەملەکەتی ڕۆحە پەژموردەکان، کۆمەڵە چیرۆکی جەلادێکی قوربانی، ڕۆمانی بکوژی خودا، کۆمەڵە چیرۆکی نامەی شاعیرێک بۆ سۆفیا، باخەوانی گوڵەکان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. فەرمانبەرە و لە سلێمانی دەژی.
حەسەن نازدار میر ئەحمەد
چیرۆکنوس، لێکۆڵەر و وەرگێڕە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی (بانیبۆڵان)ی ناوچەی تاوگۆزی لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەی تازە و بەشی کوردیی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٢ یەکەم چیرۆکی بڵاوکردووەتەوە. لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی هەرێم و دەرەوی هەرێم بابەتی بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی ٢٢ کتێبی چاپکراوە، لەوانە: (ئەفسونی ئاوێنە ڕەشەکە، ئەدەبیاتی نامەو نامە لای مەولەوی، ئیمامی شافیعی، حکایەتی عاریفان، چیرۆکەکانی مەسنەوی، زنجیرەی ژیاننامەی کەسایەتییە دیارەکانی وەک مەولانا، ئۆشۆ، غاندی، چاپلن، کۆیلۆ، شەرعەتی، ماندێلا). چەند جارێک خەڵات کراوە. لەوانه: (خەڵاتی فیستیڤاڵی گەلاوێژ، فیستیڤاڵی لاوان و خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی دەستی شار). لە ئێستادا لە شاری هەڵەبجە دەژی و پیشەی مامۆستایە.