بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
قایمقام، سياسى، کارگێڕیی و کەسایەتیی کۆمەڵايەتیيە، ناوی (ئەحمەد محەممەد نوری مەحموود)ە و بە (ئەحمەدى مامەنوری قارەمانى) ناسراوە. ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی (قارەمانی) سەر بە شارۆچکەی (سیروان) لەدایکبووە. تا ئاستى ناوەندی خوێندووە و لەبەر پێشمەرگايەتى وازى لە خوێندن هێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵه. ساڵی ١٩٩٩ قایمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. لە ئێستادا ئەندامی مەکتەبی سیاسی (پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان)ـە.
یەکەم قایمقامی قەزای مەرکەزی پارێزگای ھەڵەبجەیە، کە پاش ڕاپەڕین دەستبەکاربووە. ناوی (ئەرکان حەسەن غەفور محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (سەراو) لەدایکبووە. قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لە ھەڵەبجە و بەشی فیزیای لە کۆلێژی پەروەردە لە هەولێر تەواوکردووە. چەند ساڵێک مامۆستایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ماوەیەک بەڕێوەبەری پەروەردەی ھەڵەبجە و ماوەیەکیش قایمقامی (سەیدسادق)بووە. ژیانی وەرزشی لە قوتابخانەی گوندەی سەرەتایی لە ناوچەی نەوڕۆڵییەوە دەستیپێکردووە و لەم تیپە وەرزشییانەی تۆپیپێدا یاریکردووە: تیپی وەرزشی نەورۆڵی، تیپی وەرزشی باڵامبۆ، تیپی وەرزشی بۆکان، تیپی وەرزشی ئاوارەکان لە ئۆردوگای هەرسین لە ئێران، هەروەها لە تیپی وەرزشی مامۆستایان لە خوێندنگای ناوەندی گۆران یاری تۆپی بالەی ئەنجامداوە.
لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەریمی کوردستاندا، یەکەم قایمقامی هەڵەبجە بووە. ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی (وەڵەسمت) لە بناری سورێن لەدایکبووە. لە نفوس ١٩٦٩ی بۆ تۆمارکراوە. خوێندنی سەرەتایی لە وەڵەسەمت و ناوەندی لە کۆمەڵگای شانەدەری تەواوکردووە. ساڵی ١٩٨٣ بووە بە پێشمەرگە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ساڵی ١٩٩٢ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٤ شەهید بووە.
قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى سوڵتان (٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمی ١٩١٨) وەک قايمقامى قەزاکه بووە. زانیاریی زیاتر لەسەری نەزانراوە.
قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد عەلى بەگ بووە بە قايمقامى قەزاکه. پێشتر قايمقامى قەزاى کۆيە بووە و لە ١٧ی ٦ی ١٩١٤ فەرمانى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە، بەڵام زۆر لەو پۆستەدا نەماوەتەوە و ١٩١٤ ئەمين بەگ ناوێک جێگەی گرتووەتەوە.
قايمقام قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى ئيبراهيم ئەدهەم وەک قايمقامى قەزاکه بووە. پێشتر قايمقامى قەزاى (واردۆ) بووە لە باکورى کوردستان. لە ڕۆژى ٢٢ی ٦ی ١٩١٦ەوە بۆ چەند مانگێک قایمقامی قەزاکە بووە و لە ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ سوڵتان بەگ لەشوێنی دانراوە.
نوسەر، شۆڕشگێر و قایمقامە. ناوی تەواوی ئیسماعیل حەقی عەلی ڕەسول ئەحمەد ئاغایە. ساڵی ١٨٩٤ باوکی ئەفسەر بووە لە موسڵ، بۆیە لە موسڵ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٠١ چووەتە قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەری لە سلێمانی و ساڵی ١٩٠٧ تەواویکردووە. پاشان دەچێتە بەغداد و ئەستەنبوڵ و لە قوتابخانەی جەنگیی شاهانە بووەتە ئەفسەر و پلەی ملازمی پێدراوە. لە جەنگەکانی یۆنان و بالکاندا بەشداریکردووە و لە سالۆنک بەدیل گیراوە. پاش ئازادکردنی گەڕاوەتەوە ئەستەنبوڵ و لە جەنگی یەکەمی جیهانی ڕاپێچی جەنگ کراوە و پاش کۆتایی جەنگەکە گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەڕاپەڕین و شۆڕشی شێخ مەحموددا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩١٩ وەک نوێنەری شێخ بۆ گفتوگۆ لە گەڵ فرایزەر و سۆن چووەتە کەرکوک و لە داگیرکردنەوەی سلێمانیدا ئینگلیزەکان بە شوێنیدا دەگەڕێن. بە جلوبەرگی پیاوێکی ئایینیەوە دەچێتە بێستانسوری شارەزوور و دەبێتە مەلا شاوەیس. لەو کاتەوە بە ئیسماعیل حەقی شاوەیس ناسراوە. شاوەیس دەبێتە نازناوی بنەماڵەکەیان. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە. دوو کتێبی لەسەر فۆلکلۆر و پەندی پێشینان چاپکردووە. قایمقامی مەخموور و ئاکرێ و ڕانیە بووە. لە ڕیزبەندیی قایمقامەکانی هەڵەبجەشدا ناوی هاتووە، لە ساڵی ١٩٥٦-١٩٥٧. قایمقامی بووە. ١٣ى ١٩٧٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی (سەربەشاخ)ی ناوچەی کەندیناوە لە شارۆچکەی سەرگەرانی سەر بە قەزای دبس لە پارێزگای کەرکوک لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی سەربەشاخ و ئامادەیی لە کەرکوک و کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە و وەک بەڕێوەبەری ناحیەی (کەندیناوە) دەستبەکاربووە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٥ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە و لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧ گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و وەک وەکیل پارێزگار لەو شارە دەستبەکاربووە، دوا پۆستی ڕاوێژکاری یاسایی بووە لە ئەنجومەنی وەزیران (ئیدارەی سلێمانی) و دواتر خانەنشین بووە. چەندین پۆستی تری وەرگرتووە، وەک (جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی یاسادان و جێبەجێکردن، جێگری پارێزگار، قایمقام، لە زۆر شاری تری عێراقیش بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام بووە). ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری هەولێر کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوندی سەربەشاخ بەخاکسپێرراوە.
قایمقام و ئەندامی پەرلەمانە. ساڵی ١٩٥٧ لە بەرزنجە لەدایکبووە. کۆلێژە سیاسیەکانی لە زانکۆی سانت کلیمینتس تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن و ساڵی ١٩٩٥ قایمقامی هەڵەبجە بووه، تا مانگی ٨ی ١٩٩٦ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، چووەتە هەولێر و دواتر کراوە بە قایمقامی ئاکرێ. لە خولی دووەمی پەرلەماندا و لە ساڵی ٢٠٠٦دا بووە بە ئەندامی پەرلەمان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. لە ئێستادا خانەنشینە و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.
قایمقامی قەزای هەڵەبجه، پێشمەرگەیە. ناوی (جەمال نامیق ئەحمەد بەگی قادر پادشا)یە و بە (جەمال نامیق) ناسراوە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەی لە سلێمانی و کۆلێجی کشتوکاڵی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و لە ناوچەی هەورامان بووە. پاش ڕێکەوتنامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ کراوەتە قایمقامی قەزای هەڵەبجه و تا ساڵی ١٩٧٤ بەردەوام بووه و دواتر بووە بە قایمقامی قەزای ڕانیە. پاش دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نێوان پێشمەرگه و حکومەت، گەڕاوەتەوە بۆ سنوری هەڵەبجە و کراوە بە ئامر هێزی خەبات. ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکردووە.
قایمقام و شاعیرە. ناوى (جەميل عەبدولڕەحمان محەممەد فەرج مەحموود ميروەيس)ـه. ساڵی ١٩٥٤ لە گوندى (پريسى ژوروو) لەدایکبووە. خوێندنى قۆناغى سەرەتايى و ناوەندى لە شارى هەڵەبجە و دواناوەندى لە شارى سلێمانى تەواوکردووە و بۆ ماوەى ساڵێک خولى ئامادەکارى و پێگەياندنى مامۆستايانى لەشارى بەغداد بینیوە و لە قوتابخانەی گوندەکانی: سازان، پريسى ژوروو و ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی هەڵەبجەدا مامۆستا بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە سەرەتاى هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستى بە نوسینی شيعر و هۆنراوە کردووە و نازناوى (شاخەوان) بووە. جگە لە ديوانە چاپکراوەکەى (ديوانى شاخەوان)، (١٥) کاسێتى تۆمارکراو و سەدان دەستنوسى شيعريى چاپنەکراويشى هەيە. پاش کیمیابارانى شارى هەڵەبجە بووە بە پێشمەرگە و تا ساڵى ١٩٩٦ بەردەوامبووە. لەو ساڵەوە تا ٢٠٠٦ قائيمقامى هەڵەبجە بووه. ساڵى ٢٠١١ خانەنشين بووە و لە زێدى خۆى بە کشتوکاڵ و باخدارييەوە خەريکبووه. ساڵی ٢٠١٧ لە گوندى (پريسى ژوروو) کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
حەمەپاشا کوڕی کەیخوسرە و بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگە، ساڵی ١٨١٤/١٨١٥ لەدایکبووە و دوای مردنی باوکی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەلایەن بەگزادەکانی جافەوە بە سەرۆکی عەشیرەتەکەی هەڵبژێرراوه. لە ٢٤ی ١١ی ١٨٦٩ مەزبەتەی بوون بە قایمقامی بۆ پڕدەکەنەوە و دەینێرن بۆ بەغداد و دواتریش پلەی پاشایەتی پێ دەدەن. محەممەد پاشا دەبێتە یەکەم قایمقامی هەڵەبجە و دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا دیار بووە و هەتا ساڵی ١٨٧٣ لەو پۆستەدا ماوەتەوه. بە لێهاتوویی خۆی توانیویەتی هۆزی جاف یەک بخات و بیانکات بە خاوەن دەسەڵاتێکی گەورە و فراوان. (ئیدمۆندز) پێیوایە ناوبراو دوا سەرۆکەکانی جافە، کە تەواوی هۆزەکانی عەشیرەتەکەی لەژێر دەستدا بێت. سەر بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی دانەنەواندووە. بنکەی سەرەکی لە هەڵەبجە بووە. کاتێک نێوانی لەگەڵ کاربەدەستانی عوسمانی لە بەغدا تێکچووه، لەگەڵ خزمانی لە بەگزادەکانی بارام بەگی و وەڵەدبەگی و ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکەی خاکی عوسمانی جێهێشتووە و چووەتە ئێران. ئەوانیش ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە و نازناوی (خان)یان پێداوە و ناوچەکانی (زەهاو و قەسری شیرین و هۆرێن و شێخان)یان پێ بەخشیوە و عوسمان بەگی کوڕیشیان کردووە بە حاکمی (جوانڕۆ). ساڵی ١٨٧٧ گەڕاوەتەوە سنوری دەوڵەتی عوسمانی و جگە لە سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی، پۆستی قایمقامیەتیی هەڵەبجەشی پێدراوەتەوە و لەو پۆستەدا ماوەتەوە. حکومەتی عوسمانی پلەی قاپوچی باشی ١٨٦٢ پێبەخشیووە. ئەگەرچی لەگەڵ مەدحەت پاشای ١٨٦٩-١٨٧٢ والی بەغدا پەیمانی نیشتەجێکردنی جافەکانی مۆرکرد و لەپای ئەو پەیمانە پلەی (میری میران)ی پێدراو و کرا بە قایمقامی گوڵعەنبەر و یەکەی کارگێڕی قەزای بۆ دروستکراوە. بەڵام حەمەپاشا نەک هەر ئەو بەڵینەی نەبردەسەر، بەڵکو تا ساتی کوشتنی دژی نیشتەجێکردنی جافەکان بەرەنگاری کرد. لە کارەکانی دروستکردنی بازاڕ و قەیسەری و مزگەوت و ئاوەدانیی هەڵەبجە، کۆشکێکی لە بەکراوا دروستکردووە، پاشان قەڵای شێروانەی بونیادناوە، ساڵی ١٨٨١ بە فیتی دەوڵەتی عوسمانی نەیارەکانی پاشا و عەشیرەتی جاف، لە نزیک (کفری) کاتێک خەریکی ڕاوکردن دەبێت غافڵکوژی دەکەن.
قایمقامی هەڵەبجەیە. ناوی (خالید عەبدولغەفار نەقشبەندی)یە. ساڵی ١٩١٠ لە (ئامێدى) لەدايکبووه. ساڵی ١٩٣٧ ئامادەیی سەربازی و ساڵی ١٩٤٥ کۆلێژی سەربازی تەواوکردووە و ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی یاسای بەدەستهێناوە. لە (ڕانیە، کۆيە، و هەڵەبجە) قایمقام بووە. ساڵی ١٩٥٧ بووە بە پارێزگاری هەولێر. ساڵی ١٩٥٨ بە ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردايەتى هەڵبژێرراوە. سەرۆکایەتی یەکەم شاندی عێراقی بۆ باکوری ئەفریقا (میسر، لیبیا، تونس و مەغریب)ی کردووە. سأڵی ١٩٦١ کۆچیدواییکردووە.
قایمقامە. ناوی (ڕەئوف نوری جەلال)ـە، لە ساڵی ١٨٩٦ لە شاری ڕەواندز لەدایکبووە و و خوێندنی سەرەتایی لە کەرکوک تەواوکردووە، ساڵی ١٩٠٩ پەیوەندیکردووە بە قوتابخانەی (ڕوشدییەی سەربازی) لە بەغداد و ساڵی ١٩١٢ تەواویکردووە، سەفەری کردووە بۆ ئەستانە و چووەتە کۆلیژی جەنگی و لەوێ بە پلەی (نائب زابت) ساڵی ١٩١٤ تەواویکردووە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرەکانی جەنگەوە کردووە لە بەرەی (ئێران) و ھەردوو بەرەی (وان) و (تبلیس) لە قەفقاس و بەھۆی بەشداریکردنی لەو شەڕانەدا مەدالیای (جوامێریی ئەڵمانی) و (مەدالیای ئاسنینی عوسمانی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٣١ و دەستی لەکارکێشاوەتەوە و ساڵی ١٩٣٥ بووە بە بەڕێوەبەری شارەدێی (ئامێدی) و دواتر چەند شوێنێکی تری بەڕێوەبردووە. ساڵانی ١٩٤٤ بۆ ١٩٤٧ قایمقامی ھەڵەبجە بووه و چەند کارێکی باشی پێشکەشکردووە، لەوانە: کردنەوەی قوتابخانە لە گوندی (گوندە) و قوتابخانەیەک لە ناوەندی لە سەنتەری قەزا و هەوڵی داوە بۆ کردنەوەی سێ شەقامی سەرەکی، کە شارەکە دەبڕێت و دامەزراندنی گەڕەکی سەردەمیانەی تەندروستی و کردنەوەی باخچەی ساوایان.
قایمقام و پارێزگار، شاعیر و ڕۆژنامەوانە. ناوی (ساڵح زەکی بەگ کوڕی حسەین بەگ کوڕی داود بەگ کوڕی مەحموود بەگ)ـە. لە بنەماڵەی (ساحێبقڕان)ـە. لە ٦ی ٣ی ١٨٨٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. کە منداڵ بووە دایکی و دواتریش و باوکی کۆچیدواییانکردووه. عوسمان بەگی مامی بردویەتییە لای خۆی. لە سلێمانی و بەغداد خوێندویەتی. ساڵی ١٩٠٢ چووە بۆ ئەستەنبوڵ و لە خوێندنگەی جەنگی خوێندویەتی و ساڵی ١٩٠٦ پلەی مولازمی وەرگرتووە. بەشداری شەڕی یەکەمی جیهانی کردووە و لە شەڕی (شوعەیبه)دا بریندار بووە. پلەی (موقەدەم)ی وەرگرتووە و ساڵی ١٩٢١ وازی لە سوپا هێناوە و گەڕاوەتەوە عێراق. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی زانیوە و شارەزای زمانی فەرەنسی و فارسیش بووە. بە کوردی هۆنراوەی نوسیوە. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە قایمقامی (ئاکرێ). لە بەغداد گۆڤاری (دیاری کوردستان)ـی دەرکردووە. بە ماوەی جیاجیا بەڕێوەبەری ناحیەکانی (قەزانیه)، (شارەبان)، (عەفەک) و قایمقامی (چەمچەماڵ)، (کۆیە) و (ئامێدی)، هەروەها پارێزگای (سلێمانی)، (دیالە) و (هەولێر) بووە. لە ١٣ی ١٢ی ١٩٤٤دا لە بەغداد کۆچیدواییکردووە.
قایمقامی هەڵەبجەیە. ناوی (محەممەد سەعید کوڕی مەلا مەجید کوڕی ئەحمەد کوڕی حەسەن قەزاز)ە، ساڵی ١٩٠٤ لە سلێمانی لەدایکبووە. بە منداڵی خراوەتە حوجرە و دواتر لە (مەدرەسەی ڕوشدییەی عەسکەری) خوێندویەتی. ساڵی ١٩٢٢ بووە بە مامۆستا. ساڵی ١٩٢٤ بە کاتبی کاپتن لاین دامەزراوه و ساڵی ١٩٢٨ بووە بە کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە لیوای (دلێم) لە ئەنبار و هەمان ساڵ بووە بە وەرگێڕ لە موتەسەڕیفییەتی موسڵ. لە حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی سەردەمی پاشایەتیدا بووەتە وەزیری ناوخۆ، تا ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی، کاتب بووە لە لقی هەواڵگریی نهێنیی وەزارەتی ناوخۆ، کاتبی نهێنی موفەتیشی ئیداری لە حیللە و دلێم، مودیری تەحریراتی لیوای کەرکوک، بەڕێوەبەری شارەدێیەکانی (تکریت، دوزخورماتوو، شەقڵاوه، تانجەرۆ و بازیان)، قۆمیسەری سنوری عێراق، قایمقامی (زاخۆ، کفری) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ناوخۆ، وەکیل و دواتر موتەسەڕیفی (هەولێر، کوت، کەرکوک و موسڵ)، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری گشتیی بەندەرەکانی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی کەشتیوانی، وەزیری ناوخۆ، دوو جار بووە بە نائیبی سلێمانی و شەش جاریش وەزیری ناوخۆ، ساڵی ١٩٣٨ بۆ ١٩٣٩، کە هەڵەبجە قایمقامی نەبووە، بەوەکالەت قایمقامیەتی بەڕێوەبردووە. لەسەردەمی ئەمدا هەڵەبجە بە دوو مەکینەی کارەبایی ڕوناککراوەتەوە. ساڵی ١٩٥٨ خۆی ڕادەستی شۆڕشگێرانی ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ دەکات. ساڵی ١٩٥٩ لەسێدارەدراوە.
قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. لە نێوان ٢٩ی ١٠ی ١٩١٦ بۆ کانوونى دووەمى ١٩١٨ لە دواى ئيبراهيم بەگ، قايمقامى قەزاکە بووە. زانیاری زیاتر لەسەری نەزانراوە.
بەگزادەی جاف، مودیر ناحیە و قایمقامە. ناوی (سیروان عەبدوڵا بەگ حسەین بەگ مەحموود پاشای محەممەد پاشای جاف)ـە. ساڵی ١٩٣٦ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٥٦ لە کۆلێجی ياسا لە بەغدا خوێندویەتی و ساڵی ١٩٦١ بووە بە ئەفسەری يەدەگ. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ بۆ ١٩٧٠ لە چەند شوێنێک بەڕێوەبەرى ناحیەکانی: (راوە، سرووری لە سنجار، ئەڵقۆش، زاب، بەعشیقە) و ماوەیەکیش قایمقامی (شێخان) بووە. لە نێوان ساڵانى ١٩٦٩ بۆ ١٩٧٤ ئەم پۆستانەی دیوە: جێگری پارێزگارەکانی شارەکانى هەولێر، دیوانیە، سماوە و بۆ ماوەیەکی کەمیش پارێزگاری هەولێر بووە. لە کۆتایی ١٩٧٤ تا ١٩٨٦ ئەم پۆستانەی دیوە: ئەمین عامی بلدیات، ئەمین عامی مالیە، ئەمین عامی داخلیە. ساڵی ١٩٨٦ تا ساڵی ١٩٩٠ بووە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی تەنفیزی ناوچەی حوکمی زاتی و لە هەمان کاتدا سەرۆکی ڕۆژنامەی عێراق بووە. ساڵی ٢٠٠٣ خانەنشین کراوە.
ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە هەڵەبجە و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. دەرچووی بەشی یاسای کۆلێژی یاسا و ڕامیاری زانکۆی سلێمانییە. وەک بەڕێوەبەری ناحیەی سیروان دامەزراوە و ١٠ ساڵ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠٠٩ بە وەکالەت قایمقامی هەڵەبجە بووە. ماوەیەک بەڕێوەبەری شارۆچکەکانی سیروان و پیرەمەگرون و دوو ساڵ قایمقامی دوکان و چوار ساڵ قایمقامی شارباژێڕ بووە. ساڵی ٢٠٢٣ وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی دەستبەکاربووە و تا ئێستا بەردەوامە. لە ناوەوەی هەرێم و وڵاتانی ئیتاڵیا و لبنان و تورکیادا بەشداری چەندین خول و پانێلی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.
قایمقامی هەڵەبجە بووە. ناوی (شێخ محەممەد ئەمین شێخ عەبدوڵا)یە. لەبەرئەوەی بنەماڵەی شێخانی عەبابەیلێ لە شۆڕشی شێخ مەحموددا دژی ئینگلیز بوون و گوندەکەیان سووتاوە، چوونەتە خۆرهەڵات. ساڵی ١٩٢٥ لە گوندی (بارامئاوا)ی ناوچەی مەریوان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٣٢ لە هەڵەبجە خراوەتە قوتابخانە. سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە و خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواوکردووە. سەرکردەی شەڕی دەربەندیخان بووە. بەشداری گرتنی مەخفرەکانی هەورامانی کردووە. ساڵی ١٩٦٦ بۆ ١٩٧٠ کراوە بە قایمقامی هەڵەبجە. لەو خزمەتانەی لەسەردەمی ئەودا کراوە (ڕاکێشانی کارەبا، قیرتاوکردنی شەقامەکان، کردنەوەی کارگەی توتن و هێنانەوەی فەحسی توتن، فراوانکردنی بنکەو پڕۆژەی ئاو). ماوەی جیاواز قایمقامی (کەلار، چەمچەماڵ) و پارێزگاری (کەرکوک)یش بووە. ساڵی ١٩٧٨ خانەنشین بووە و ساڵی ١٩٨٨ کۆچیدواییکردووە.