کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

35 بابەت

عەبدولمەجيد ئەفەندى

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. ماوەیەک قايمقامى (مڵازگرد) بووە لە تورکيا. ساڵی ١٩١١ بڕيارى گواستنەوەى بۆ قەزاى گوڵعەنبەر بۆ دەرچووە. ساڵی ١٩١٣ لەگەڵ (محەممەد عەلى بەگ)ى قايمقامى (ئامێدي)دا ئاڵوگۆڕيان پێکراوە. لەبارەی ژیانییەوە زۆرتر نازانرێت.

عوسمان پاشای جاف

سەرۆک عەشیرەتی جافە. ناوی (عوسمان پاشا کوڕی محەممەد پاشا کوڕی کەیخەسرەو بەگی کوڕی سلێمان بەگی کوڕی زاھیر بەگ)ـە. ساڵی ١٨٤٧ لەدایکبووە. یەکێکە لە سەرۆک عەشیرەتەکانی جاف و لە ناوچەکانی سلێمانی و ئەردەڵاندا دەسەڵاتی ھەبووە. ساڵی ١٨٧٣ لەلایەن ئێرانەوە کراوە بە فەرمانڕەوای (جوانڕۆ) و (زەھاو). بەپێی پەیمانێک، کە باوکی لەگەڵ عوسمانییەکاندا بەستویەتی، عەشیرەتی جاف گەڕاوەتەوە بۆ ناو دەوڵەتی عوسمانی. ساڵی ١٨٨٨ عوسمان پاشا کراوە بە قایمقامی ھەڵەبجە. لەبارەی کەسێتیی عوسمان پاشاوە زێوەری شاعیر دەڵێت: (بەڕاستی دیوەخان و نانوخوانی عوسمان پاشا خوانی "بەغما" بووە، نەک بە خسوسی، بە دائیمی وابووە. بۆ تەعمیری مزگەوتی گەورە لە سلێمانی، کە لە زەمانی بابانەکانەوە دروستکرابوو، ڕوو لە خراپ بوون بوو، بەجارێ ٥٠٠ لیرەی عوسمانی نارد، کە سەرفی تەعمیراتی بکەن، ھەروەھا بۆ عولەمای ھەڵەبجە و ئەترافی ئیحسانی دەوامی ئەکرد، تەبیعەتی ئەوەندە بەرز بوو، کە بھاتایە سولەیمانی میوانی کەس نەدەبوو، خانووی خسوسی ئەگرت. ھەروەک ھەڵەبجە ئەھلی سولەیمانی و مەئموران ئەچوونە دیوەخانەکەی). حکومەتی عوسمانی پلەی (میری میران)ی پێ بەخشیوە و حکومەتی ئێرانیش دیاریی نایاب و بەنرخی پێشکەشکردووە. بە بەردەوامی سەردانی شارەکانی: سلێمانی، کەرکوک و موسڵی کردووە، ھەربۆیە زۆربەی دەسەڵاتەکەی کەوتبووە دەست عادیلەخانمی خێزانی. ڕۆڵی ھەبووە لە پێشخستی هەڵەبجەدا، وەک: دروستکردنی یەکەم بازاڕی سەرگیراو (قەیسەری)، گەرماو (حەمام)ی گشتی و کۆشکی خانەوادەکەی، کە لەسەر شێوازی بیناسازی سنە دروستکراون. دواجار لە دوای بیست ساڵ لە قایمقامییەتیی ھەڵەبجە، عوسمان پاشا لە ساڵی ١٩٠٩ لە ھەڵەبجە کۆچیدواییکردووە. دوو جار ژیانی هاوسەر پێکھێناوە، حەوت منداڵی بووە. خێزانێکی خوشکی جافرسان بووە. ئەوی دیکەیان عادیلەخانمی کچی عەبدولقادربەگی ساحێبقڕان بووە. بەهۆی ئەو خزمایەتیەشی لەگەڵ ئێرانیيەکان ماوەیەکی زۆرە لە بابەتی زەويیوزاردا یارمەتی زۆری جافرسان و لەو ڕێیەشەوە حکومەتی ئێرانی داوە، ئێرانییەکان لەبەر ئەو دۆستایەتی و نزیکایەتییەی، کە لەگەڵ پاشا هەیان بوو شمشێرێکی ڕازاوەیان پێشکەشکردووە و پلەی (خان)یان پێ بەخشیوە. لەسەر ئەم بابەتە کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانی لە عوسمان پاشا تووڕە و نیگەران بوون و داوای لێکۆڵینەوەیان کردووە، چەند جارێک پاشایان بۆ سلێمانی و کەرکوک و هەولێر و موسڵ بانگکردووە. بە بەردەوامی ڕاپۆرت لە دژی عوسمان پاشای جاف بەرزکراوەتەوە و داوای لێکۆڵینەوە و سزادانی کراوە، پێشنیازی دوورخستنەوەی عادیلەخانمی خێزانی لە هەڵەبجە و گواستنەوەی مەڵبەندی قەزاکەش لە هەڵەبجەوە بۆ خورماڵ کراوە، بۆئەوەی قەزاکە لەژێردەستی پاشا و بەگزادەکانی جاف دەربهێنن، سەرباری ئەوەش هەتا کۆچیدوایی لە ١٩٠٩دا نەیانتوانیوە لە پۆستەکەی لایببەن.

فەوزی جەمیل سائیب

له ساڵانی پەنجاکاندا مامۆستای کۆلێجی سەربازی بوو، پاشان چووەتە بواری مەدەنی و بۆ ماوەیەک قايمقامی ناوەندی سلێمانی بوو. دواتر گواسترايەوه بۆ قائیمقامی ڕەواندوز و له دوای شۆڕشی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ ماوەیەکی کەم قایمقای هەڵەبجە بووە. پاشان کراوە به معاون موتەسەڕیفی بەغداد. له ناوەندی شەستەکاندا کراوە به موتەسەڕیفی ناسريه. پاش خانەنشينبوونی له بەغداد نیشتەجێ بووە. له کۆتايی حەفتاکاندا بەیەکجاری چووەتە بەريتانيا و له لەندەن گیرساوەتەوە و هەر لەو شارەیش کۆچیدواییکردووە.

گۆران ئەدهەم ڕەحیم

ساڵی ١٩٧٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا چواری ئامادەیی لە هەڵەبجە دەخوینێت، لە کیمییابارانی هەڵەبجەدا ئاوارەی ئێران دەبن. بە لێبوردن دەگەڕێنەوە و دەبرێنە گردەچاڵ، چوار و پێنج لەوێ تەواودەکات و شەشی وێژەیی لە سلێمانی دەبڕێت و ساڵی ١٩٩٥-١٩٩٦ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. لە دادگاکان کاری پارێزەرایەتی کردووە. پاش ڕوخانی ڕژێمی لە ناوچووی بەعس، هەستاوە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لە سەر تاوانی سەرانی ڕژێمەکە. پاش دامەزراندنی لە دادگای باڵای تاوانەکان، ساڵی ٢٠٠٦-٢٠١٠ وەک سەرۆکی تیمی پارێزەران لە کەیسەکانی هەڵەبجەو کانیعاشقان کاری کردووە و لە کەیسەکانی ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی و کوردە فەیلییەکان وەک ئەندام کاریکردوە. بەشداری دادگایی زیاتر لە ٢٥ وەزیر و کاربەدەستی پێشوو بووە، لە ناویاندا سەدام و عەلی کیمیایی. ٢٠١٠-٢٠١٤ کراوەتە قایمقامی هەڵەبجە. لە سەر داوای خۆی خانەنشین کراوە و گەڕاوەتەوە بۆکاری پارێزەرایەتی. لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەژی.

مەحموود پاشای جاف

دوای محەممەد پاشای جاف، مەحموود پاشای جاف ١٨٤٦ بۆ ١٩٢١ـە. ساڵی ١٨٨١ بووە بە‌ قایمقامی هەڵەبجە و سەرۆکی هۆزی جاف. دەوڵەتی عوسمانی پلەی (بەگلەربەگی) لەگەڵ پلەی (پاشا)یەتی پێ‌بەخشیوە و وەک سەرۆکی عەشیرەتی جاف، دانی بەمەحموود پاشادا ناوە. شای ئێرانیش شێرێکی جەواهیرنیشانی خەڵات کردووە و نیشانە و مەدالیایەکی زۆری پێ‌ بەخشیوە و پلەی (خان)ی داوەتێ. (زێوەر)یش، دەڵێت: (ئەم زاتە دوو دەفعە لەتەرەفی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە تەکلیفی وەزیری لێکرا قبووڵی نەکردووە، مانگی پەنجا لیرەی لەتەرەف حکوومەتەوە هەبوو. ئەو مەعاشەی بۆ تەحسین کرابوو کەئیتاعە بەحکوومەت بکات). لە جێگایەکی تردا دەڵێت: (لە کاتێکدا کە مەحموود پاشا قایمقامی هەڵەبجە دەبێت و دەسەڵاتێکی زۆری لە کوردستاندا دەبێت، پەیوەندی لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکانی ئێران و عێراقدا پەیدا دەکات. لە قزراباتەوە هەتا مەریوان، ئەو دێیانەی قەڵەمڕەوی جاف بوو، مەعاشی بۆ مەلا، وەقف بۆ مزگەوتەکانیان لەتەرەف پاشاوە مەعلوم کرابوو. لە نەفسی سولەیمانیدا هەموو مەلا و مودەڕڕیس و زۆر لە ساحێب خانەدانی لێقەوما و مووچە و بەراتیان هەبوو لای پاشا. مەدرەسەیەکی له ‌قزرابات کردەوە وەک مەدرەسەی "نیزامیەی نیزاموالمولک" دەبوو، هەموو مانگێ‌ چل لیرە زیاتر بۆ مەعاشی مودەڕڕیس و تەلەبەو موئەززین و خادیم لەوەقفێک، که ‌بۆی دایناوە، سەرف دەکرێت). (مێجەرسون) باس لەوە دەکات، که:‌ (ژمارەی سوارەکانی مەحموود پاشا و مەجید بەگی کوڕی عوسمان پاشای برای و محەممەد عەلی بەگی برای لە ٤٠٠٠ هەزار سوارە زیاتر بوون، ئەمانە هەموویان بە تفەنگی مارتینی چەکدار کرا بوون، لەچەند کاتژمێرێکدا دەیانتوانی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکەکانیاندا بۆ جەنگ ئامادەبن). جگە لەوەی پێشتر پلەی سەرعەسکەری و پلەی بەڕێوەبەری ئیستەبڵی عامیره و پلەی قاپوچی باشی هەبووە‌، لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی، کە کردوویەتی بە دەوڵەت، پلەی میری میران (٩ تشرینی دووەم ١٨٨٣)، کە بەرانبەرە بە پلەی پاشایەتی پێیدراوە. چەند جارێک سەری لە مەڵبەندە گەورەکانی ئەو سەردەمە داوە، وەک ئەستەنبوڵ، ڕوسیا، بەغداد و گەلێ شوێنی شارستانی تر. مەحموود پاشا ساڵی ١٨٨٦ پلانی هەبووە حکومەتێکی کوردی دروستبکات، بەڵام کارەکەی سەرینەگرتووە. دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی ئەوەی داوە لە دەسەڵاتی کەم بکەنەوە و لەناو هۆزەکەیدا لاوازی بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش ناکۆکیی زۆریان خستووەتە نێوان خۆی و براکانییەوه،‌ بە تایبەتی عوسمان پاشا و هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی بەهۆی عوسمان پاشاوە سەرۆک جافەکانی لێ دووربخەنەوه و بڕیاری لێوەرگرتنەوەی پۆستی قایمقامی گوڵعەنبەر و سەرۆکایەتیی عەشیرەتەکەی و دەستگرتن بەسەر تەواوی موڵک و سامانەکەیان داوە، هەروەک بۆ دوورخستنەوەی لە ناوچەکە بڕیاریانداوە بیکەن بە موتەسەڕیفی ئورفە لە باکوری کوردستان، ساڵی ١٩٢١ پاشا لە شاری هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە قزرابات لەو مزگەوتەی، کە خۆی دروستیکردبوو بەخاکسپێرراوە.

مەزهەر پاشا

قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. پاش ئەوەی محەممەد پاشای جاف لە ساڵی ١٨٧٣ نێوانی لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی تێکچووە و لەگەڵ عەشیرەتەکەیدا ڕوویان لە ئێران (قاجار) کردووە، محەممەد بەگی قادر پاشا و محەممەد ساڵح بەگ یەک لەدوای یەک بۆ ماوەیەک شوێنیان گرتووەتەوە. دوای محەممەد ساڵح بەگ، مەزهەر پاشا بووە بە قایمقامی قەزاکە و بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی ماوەی نزیکەی دوو بۆ سێ ساڵ قایمقامی قەزاکە بووە، لەو ماوەیەدا قایمقامیەتی قەزای گوڵعەنبەری توندوتۆڵ کردووەتەوە و خەڵکی ناوچەکەشی لە دەستدرێژی عەشیرەتی جاف ‌پاراستووە و بایەخیشی بە ئاسایشی سنور داوە و بە بونیادنانی بینای وەک حەمام و خان و دوکان، خزمەتی قەزاکەی کردووە. دوای ئاشتبوونەوە و گەڕانەوەی محەممەد پاشای جاف و عەشیرەتەکەی بۆ ناو سنوری دەوڵەتی عوسمانی، قایمقامێتیی قەزای گوڵعەنبەری پێ دراوەتەوە(ساڵی ١٨٧٣ تا ١٨٨٢) بەردەوامبووە و مەزهەر پاشاش کراوەتە بە موتەسەڕیفی سلێمانی و پاشان قایمقامی ناوەندی بەغداد.

محەممەد بەگى قادر پاشا

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجه)‌یە، کە هەڵەبجە لە ساڵى ١٨٦٩دا کراوە بە‌ ناوەندى قەزاى گوڵعەنبەر، محەممەد پاشا يەکەم قايمقامى قەزاکە بووه،‌ تا ساڵى ١٨٧٣، کە نێوانى لەگەڵ عوسمانییەکاندا تێکچووە و ڕوویکردووەتە ئێران. لەپاش ئەو، دەوڵەتى عوسمانى محەممەد بەگى قادر بەگ (پاشا)ى سلێمان بەگی ئامۆزاى محەممەد پاشاى لەشوێنی داناوە. و ئەویش نزيکەى دوو ساڵ قايمقامى هەڵەبجه بووە، دواتریش محەممەد ساڵح بەگ شوێنی گرتووەتەوە.

محەممەد پێنجوێنی

ناوی (محەممەد ڕەحیم فەتحوڵڵا)یە. ساڵی ١٩٤٦ لە پێنجوێن لەدایکبوووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی بە شۆڕشی کوردەوە کردووه. ساڵی ١٩٧٦ دوورخراوەتەوه بۆ باشورى عێراق و تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ لە ڕێکخستنەکانى ناو شار کارىکردووه. چەندین پۆستى کارگێڕى و حیزبی بينيوه. لە ٣ی٤ی ١٩٩٦ تا کۆتایی ساڵەکە قایمقامی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە. ساڵی ٢٠٢٠ کۆچیدواییکردووە.

محەممەد ساڵح بەگ

قايمقامی قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. دواى محەممەد بەگى قادر پاشا ئەم پۆستەى وەرگرتووە. بەپێى ساڵنامەى ويلايەتى بەغداد، ساڵى ١٢٩٢ی کۆچی، بەرانبەر بە ١٨٧٥ بۆ ١٨٧٦ زاینی، قايمقامى شارەکە بووە، بەڵام دواى گەڕانەوەى محەممەد پاشاى جاف و عەشيرەتەکەى لە ئێرانەوە بۆ ناو سنوری قەڵەمڕەوى دەوڵەتى عوسمانى ساڵی ١٨٧٧، لابراوە و جارێکى تر محەممەد پاشاى جاف کراوەتەوە بە قايمقامى شارەکە.

محەممەد عەلى بەگ

قايمقامى قەزاى گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)یە. ناوی (محەممەد عەلى بەگ کوڕى محەممەد پاشاى جاف کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە. لە بەگزادە بەناوبانگ و ناسراوەکانى کەيخەسرەوى عەشيرەتى جافه. ساڵى ١٢٦٦ کۆچی بەرانبەر ١٨٥٠ زاینی لەدایکبووە و بەڵام ساڵى کۆچیدواییەکەی، نەزانراوە. دواى کۆچیدوایی محەممەد پاشاى باوکى لە ساڵی ١٨٨٢، عەشيرەتى جاف لە نێوان کوڕەکانيدا دابەشبووە. ماوەيەک قايمقامى مەندەلى و ماوەيەکيش حللە بووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە.

محەممەد یونس فەتحی

قایمقامی هەڵەبجەیە. وادیارە بە وەکالەت قایمقام بووە و لە سەردەمی قایمقامێتیی تەلعەت هادی ئەحمەد سیاندا بووە، چونکە تەلعەت لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٥ بووە بە قایمقامی هەڵەبجە و لە ساڵی ١٩٨٧ گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و وەک وەکیلی پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربووە. ساڵی ١٩٨٧ ڕۆژنامەی (هاوکاری) بە قایمقامی هەڵەبجە بەوەکالەت نـاوی هێناوە.

موراد بەگ

قایمقامی هەڵەبجەیە. پاش گواستنەوەی حامیدبەگ لە پۆستی قایمقامی هەڵەبجەوە بۆ پۆستی قایمقامی چەمچەماڵ، ساڵی ١٩٣١ موراد بەگ لە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییەوە لەشوێنی دانراوه و ماوەی چەند ساڵێک بەردەوامبووە‌. خەڵکی هەڵەبجە بەم گۆڕانکارییە نیگەران بوون، چونکە لەلایەکەوە هەڵەبجە مەڵبەندی عەشیرەتی جاف بووە و دەیان ساڵ بووە پۆستی قایمقامی شارەکە لە دەستی ئەواندا بووە، لەلایەکی تریشەوە موراد بەگ لە دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانی ٦ی ئەلوولی ١٩٣٠ ڕۆڵێکی سەرەکی بینیبوو.

موسا بەگی بابان

قایمقامی گوڵعەنبەرە. لە سەردەمی میرنشینی باباندا و ساڵی ١٧٤٠ بووە بە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر (خورماڵی ئێستا) و تا ساڵی ١٧٨٠ لەو پۆستەدا ماوەتەوە. گرنگی زۆری بە نۆژەنکردنەوەی مزگەوت و خوێندنگاکان داوە. ‌ساڵی ١٧٤٩ مزگەوتی گەورەی خورماڵی نۆژەنکردووەتەوە. تا کۆتای ژیانی قایمقام بووە و لە خورماڵ کۆچیدواییکردووە. لە مزگەوتی گەورەی خورماڵ بەخاکسپێرراوە.

هادی ڕەشید چاوشلی

ڕۆشنبیر نوسەر و مافپەروەرە. بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵ بووە. ساڵی ١٩٢٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، باپیرە گەورەی بە ساڵحەسوور ناوبراوە و ئەمیش بە (مدیرەسوور) ناسراوە. بنەماڵەکەیان لە تورکمانی شاری هەولێرن. خوێندنی سەرەتای ناوەندی لە هەولێر تەواوکردووە، پاشان چووەتە بەغداد و ئامادەیی خوێندووە. ساڵی ١٩٤٣ کولیەی حقوق و ١٩٤٤ کولیەی عەسکەری لە شاری بەغداد تەواوکردووە. چەندین پلەی وەزیفی بینیووە لەوانە: مودیر ناحیەکانی (بازیان، خورماڵ، پێنجوێن، بەرزنجە، قەرەداغ). دواتریش بووەتە قایمقام لەچەند قەزایەک و پاشانیش موتەسەریفی هەولێر و بریکاری وەزیری ناوخۆ. پاشان وازی لە وەزیفە هێناوە دەستیداوەتە پارێزەری. ساڵی ١٩٤٥ بۆ ساڵی ١٩٥٢ مودیر ناحیەی خورماڵ بووە. لە زۆر کۆمەڵی زانستی کاریکردووە. لە چەند گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی و عەرەبی نوسینی بڵاوکردووەتەوە چوار ساڵ سەرۆکی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری وەزارەتی ناوخۆ بووە. ساڵی ١٩٩٤ لە شاری هەولێر کۆچیدواییکردووە.

هۆشمەند مستەفا فەتاح

مامۆستا و قایمقامە. ساڵی ١٩٤٦ لە (تەوێڵە) لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەوێڵە و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە و سلێمانی و بەشی جوگرافیای کۆلیژی پەروەردەی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. یەکەم کەسە بووبێتە مودەیس لە تەوێڵە و ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٥ لەوێ مامۆستا بووە. دوای نسکۆی شۆڕش، کراوە بە بەڕێوەبەری ناحیەکانی (عەربەت، قەرەداغ، سەرچنار). ساڵانی ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٦ قایمقامی هەڵەبجە بووە، هەروەها قایمقامی (کەلار، پێنجوێن، ناوەندی سلێمانی، دەربەندیخان، کۆیە، دوکان، ڕانیە) بووە. پاش ڕاپەڕین، تا ساڵی ١٩٩٢ یاریدەدەری پارێزگای سلێمانی بووە. لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە.

پێشتر 1 2