ئیسماعیل حەقی
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
نوسەر، شۆڕشگێر و قایمقامە. ناوی تەواوی ئیسماعیل حەقی عەلی ڕەسول ئەحمەد ئاغایە. ساڵی ١٨٩٤ باوکی ئەفسەر بووە لە موسڵ، بۆیە لە موسڵ لەدایکبووە. ساڵی ١٩٠١ چووەتە قوتابخانەی ڕوشدییەی عەسکەری لە سلێمانی و ساڵی ١٩٠٧ تەواویکردووە. پاشان دەچێتە بەغداد و ئەستەنبوڵ و لە قوتابخانەی جەنگیی شاهانە بووەتە ئەفسەر و پلەی ملازمی پێدراوە. لە جەنگەکانی یۆنان و بالکاندا بەشداریکردووە و لە سالۆنک بەدیل گیراوە. پاش ئازادکردنی گەڕاوەتەوە ئەستەنبوڵ و لە جەنگی یەکەمی جیهانی ڕاپێچی جەنگ کراوە و پاش کۆتایی جەنگەکە گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەڕاپەڕین و شۆڕشی شێخ مەحموددا بەشداریکردووە. ساڵی ١٩١٩ وەک نوێنەری شێخ بۆ گفتوگۆ لە گەڵ فرایزەر و سۆن چووەتە کەرکوک و لە داگیرکردنەوەی سلێمانیدا ئینگلیزەکان بە شوێنیدا دەگەڕێن. بە جلوبەرگی پیاوێکی ئایینیەوە دەچێتە بێستانسوری شارەزوور و دەبێتە مەلا شاوەیس. لەو کاتەوە بە ئیسماعیل حەقی شاوەیس ناسراوە. شاوەیس دەبێتە نازناوی بنەماڵەکەیان. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و تورکی و فارسی و ئینگلیزی زانیوە. دوو کتێبی لەسەر فۆلکلۆر و پەندی پێشینان چاپکردووە. قایمقامی مەخموور و ئاکرێ و ڕانیە بووە. لە ڕیزبەندیی قایمقامەکانی هەڵەبجەشدا ناوی هاتووە، لە ساڵی ١٩٥٦-١٩٥٧. قایمقامی بووە. ١٣ى ١٩٧٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە.
سەرچاوەکان:
- ژیان و بەرهەمی ئیسماعیل حەقی شاوەیس، کۆکردنەوەو پێشەکی : ئومید ئاشنا، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٣، ل١٠-١٣، ١١٨.
- هەڵەبجە لەئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، چاپخانە منارە، ٢٠٠٤، ل٣٥.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم