ئاوێسەر
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و تەنیشت قەیسەریی دەوەن. لە ٢٨ دوکان پێکدێت. دواى کیمیابارانی هەڵەبجە دروستکراوە و بە قەیسەریی (کڵاشچنەکان)یش ناوی دەرکردووە. دوو دەروازەى هەیە، کە هەردوو شەقامی ئەمدیو و ئەودیوى خۆی پێکەوە دەبەستێت. دوو لە دوکانەکانی کتێبخانەن.
باڵانبۆ
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەى ڕابردوو لەلایەن بنەماڵەى شێخ عیزەدینەوە دروستکراوە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دواتر سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. زیاتر لە ٣٠ دوکانی لە جۆر و پیشەی هەمەڕەنگی تێدابووە.
خانەقا
کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) لە ژێر خانەقاکەدایە. هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. بە قەیسەری (شێخ عەلادین)یش ناسراوە. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و ڕیزە دوکانەکانی ئەمبەر و ئەوبەری یەکتربوون. نزیکە ٦٠ دوکانی تێدا بووە لە جۆری بازرگان و عەتار و پێداویستییەکانی خواردن و کەرەستەی هەندێک پیشە و بەرگدروو.
سەید محەممەد
کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (حاجی سەید محەممەد) خاوەنی بووە و زیاد لە ٢٠ دوکانی تێدابووه. زۆرتر بۆ کوتاڵفرۆشی و قەسابی بەکارهاتووە.
شنروێ
یەکێکە لە قەیسەرییە کۆنەکانی هەڵەبجە. کەوتووەتە تەنیشت مزگەوتی پاشا لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٨١ لەلایەن بنەماڵەى حاجی کەریمەوە دروستکراوە. ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە. پاش ڕاپەڕین، دووبارە دروستکراوەتەوە. لە ئێستادا سێ نهۆمە و زیاتر لە ٢٢٠ دوکان لەخۆى دەگرێت.
شێخ سادق
کەوتووەتە ناو گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لەلایەن (شێخ سادقی شێخ محەممەد)ەوە دروستکراوە. لە ١٨ دوکان پێکهاتووە و تایبەت نەبووە بە پیشە و کەرەستەیەکی دیاریکراوەوە. دوکانەکانی دەرەوەی قەیسەریش ئاسنگەری بوون، بە دەڕابەی دار داخراون. دوو دەرەوازەی گەورەی هەبووە و شەوانە داخراون، سەربانەکەی وەک گۆڕەپانێک وابووە بۆ منداڵان، لە گەشەی گوڵپدا لەدوای ساڵی ١٩٢٥ شێخانی نەقشبەندی سەرەتا تۆڕێکی تۆکمەی دابەشکردنی ئاو بونیاددەنێن و پاشان کانی و شوێنی ئەرک و خۆشۆردنی ژنان بە جیا دروستدەکەن. بازاڕ و قەیسەریش بووەتە پێداویستیی گرنگ.