ئاوێسەر
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و تەنیشت قەیسەریی دەوەن. لە ٢٨ دوکان پێکدێت. دواى کیمیابارانی هەڵەبجە دروستکراوە و بە قەیسەریی (کڵاشچنەکان)یش ناوی دەرکردووە. دوو دەروازەى هەیە، کە هەردوو شەقامی ئەمدیو و ئەودیوى خۆی پێکەوە دەبەستێت. دوو لە دوکانەکانی کتێبخانەن.
باڵانبۆ
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەى ڕابردوو لەلایەن بنەماڵەى شێخ عیزەدینەوە دروستکراوە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دواتر سەرلەنوێ دروستکراوەتەوە. زیاتر لە ٣٠ دوکانی لە جۆر و پیشەی هەمەڕەنگی تێدابووە.
حامید بەگ
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٢٦ لە لایەن (حامید بەگی مەجید بەگی وەسمان پاشا)وە دروستکراوە. جگە لە وەستاکانی هەڵەبجە، لە سلێمانی و سنەوە وەستای دەستڕەنگینی بۆ هێنراوە. لە خشتی سوور و گەچ و قسڵ دروستکراوە و نموونەی جوانی تەلارسازی و هونەری سەردەمەکەیان نەخشاندووە. ڕووبەرەکەی (٢٦٠٠م)ـە. دوو نهۆم بووە و نهۆمی سەرەوەی وەک میواخانە (ئوتێل) بەکارهاتووە. بەشی سەرەوەی لە شەش گومەزی کڵاوڕۆشنەدار پێکهاتووە. نهۆمی خوارەوە چەندین دوکان و فرۆشگە و باخچەیەکی بچوکیشی تێدابووە. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ڕووخاوە و دواتر نۆژەنکراوەتەوە و کراوەتە بازاڕێکی سەردەمی.
خانەقا
کەوتووەتە شارۆچکەی (بیارە) لە ژێر خانەقاکەدایە. هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە. بە قەیسەری (شێخ عەلادین)یش ناسراوە. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و ڕیزە دوکانەکانی ئەمبەر و ئەوبەری یەکتربوون. نزیکە ٦٠ دوکانی تێدا بووە لە جۆری بازرگان و عەتار و پێداویستییەکانی خواردن و کەرەستەی هەندێک پیشە و بەرگدروو.
سەید محەممەد
کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. (حاجی سەید محەممەد) خاوەنی بووە و زیاد لە ٢٠ دوکانی تێدابووه. زۆرتر بۆ کوتاڵفرۆشی و قەسابی بەکارهاتووە.
شێخ سادق
کەوتووەتە ناو گوندی (گوڵپ)ی سەر بە ناحیەی (بیارە). لەلایەن (شێخ سادقی شێخ محەممەد)ەوە دروستکراوە. لە ١٨ دوکان پێکهاتووە و تایبەت نەبووە بە پیشە و کەرەستەیەکی دیاریکراوەوە. دوکانەکانی دەرەوەی قەیسەریش ئاسنگەری بوون، بە دەڕابەی دار داخراون. دوو دەرەوازەی گەورەی هەبووە و شەوانە داخراون، سەربانەکەی وەک گۆڕەپانێک وابووە بۆ منداڵان، لە گەشەی گوڵپدا لەدوای ساڵی ١٩٢٥ شێخانی نەقشبەندی سەرەتا تۆڕێکی تۆکمەی دابەشکردنی ئاو بونیاددەنێن و پاشان کانی و شوێنی ئەرک و خۆشۆردنی ژنان بە جیا دروستدەکەن. بازاڕ و قەیسەریش بووەتە پێداویستیی گرنگ.