شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

61 بابەت

خورماڵ بۆ گوندەکانی - دێکۆن، گۆمەلار - خێڵی حەمە – تەپەکوڕە - شەشکی خواروو

ئەم گوندانە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە ئەم گوندانە، لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕبوونی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە بەرانبەر ڕیگای ئاواییی ڕۆستەم بەگ بە ئاڕاستەی خۆرئاوا درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە گوندی (دێکۆن)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە نزیکەی هەشت کیلۆمەتر دەبێت، پاشان درێژ دەبێتەوە بە ئاڕاستەی خۆرئاوا، هەتا دەگاتە گوندی (گۆمەلار)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت، پاشان درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەی باشوری خۆرئاوا هەتا دەگاتە گوندی (خێڵی حەمە)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە نزیکەی شەش کیلۆمەتر دەبێت، لەم گوندەوە دەبێتە دوو لق، لقێکی بە ئاڕاستەی (باکوری خۆرئاوا) درێژ دەبێتەوە، هەتا دەگاتە گوندی (شەشکی خواروو)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە نزیکەی هەشت کیلۆمەتر دەبێت، و لقەکەی دیکەی بە ئاڕاستەی (خۆرئاوا) درێژ دەبێتەوە، هەتا دەگاتە گوندی (تەپەکوڕە)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە نزیکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت، هەروەها سنوری شارۆچکەی خورماڵ دەبڕێت و تا گاتەوە سەر ڕێگەی جووت سایدی (هەڵەبجە و سیروان).

خورماڵ بۆ گوندەکانی -کوڵکنیی سمایل خەسرە - کوڵکنیی حەمەسوور

ئەم گوندانە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندەکان، ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕ بوونی بە گوندەکانی تەکیە و تازەدێ و لەسەر ڕێگەی (خورماڵ - گردیگۆ) بە ئاڕاستەی باکوردا دەڕواتە نێو گوندی (کوڵکنیی سمایل خەسرەو)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت، پاشان ڕێگەکە درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە گوندی (کوڵکنیی حەمە سور)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە پێنج کیلۆمەتر دەبێت.

خورماڵ بۆ گوندەکانی -کوڵکنیی فەقێ کەرەم - تەپی سەفای خواروو

ئەم گوندانە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندەکان، ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕ بوونی بە گوندەکانی تەکیە و تازەدێ و لە دوای کوڵکنیی سمایل خەسرەو بە ئاڕاستەی باشوردا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی (کوڵکنیی فەقێ کەرەم)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە (٢.٥کم) دەبێت، پاشان ڕێگەکە درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە گوندی (تەپی سەفای خواروو)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە حـەوت کیلۆمەتردەبێت.

خورماڵ بۆ گوندەکانی - مەلا وەیسە - ڕیشێن - میریسوور

ئەم سێ گوندە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندی (ڕیشێن) و دواتر دەبێتە چەوڕێژکراو و درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی (میریسوور)، سەرەتا ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و لە خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) بە ئاڕاستەی باکوردا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی (مەلا وەیسە)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە (١٢کم) دەبێت، پاشان دەچێتە گوندی (ڕیشێن)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە (١٣کم) دەبێت و دەچێتە سەر چاوگی ڕیشێن لە باکوری گوندەکە، دوای (گوندی ڕیشێن) ڕێگەکە دەبێتە ڕێگەیەکی (خۆڵ) و درێژ دەبێتەوە بۆ گوندی (میریسوور)، کە درێژییەکەی دەگاتە (١٧کم)، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە لەنێوان گوندی (میریسوور و عاموورە)دا ڕێگەیەکی دیکەی خۆڵ هەیە، کە درێژییەکەی (دوو بۆ کیلۆمەتر)ە، بەڵام بەهۆی زۆریی چاڵ و چۆڵیەوە لە لایەن دێنشینانەوە بەکارنایەت.

خورماڵ بۆ گوندەکانی -هانەی قوڵ – یاڵانپێ - مەرزی مڵەخورد

ئەم گوندانە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندی یاڵانپێ و چەوڕێژکراوە، هەتا گوندی هانەی قوڵ و دەبێتە خۆڵ هەتا مەرزی مڵەخورد. لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و بە ئاڕاستەی باکور و لە باکوری مزگەوتی گەورەی خورماڵ دەبێتە دوو لق، لقێکیان بە ئاڕاستەی باکوری خۆرهەڵات درێژ دەبێتەوە، هەتا دەگاتە گوندی (هانەی قوڵ)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە دوو کیلۆمەتر دەبێت، پاشان درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە مەزاری مەحمودخانی دزڵی، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە (٥کم) دەبێت، بەڵام لقی دووەمی ڕێگەکە بە ئاڕاستەی باکوری شاری خورماڵدا درێژ دەبێتەوە و دوای بڕینی گەڕاوی خورماڵ و ڕێگەیەکی پێچاوپێچی سەخت دەگاتە گوندی (یاڵانپێ)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، دواتر لەوێوە دەبێتە خۆڵ و بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات بە دەیان پێچاوپێچ و سەختیدا تێپەڕ دەبێت و بەسەر باسکە دۆڵ و پلەکێ مەلا مسەفای و تکەکە دەبڕێت و دەگاتە سەر سنوری نێودەوڵەتیی نێوان (ئێران و عێراق)، کە بە مەرزی مڵەخورد ناسراوە، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم مەرزە (١٦کم) دەبێت، ئۆتۆمبێلی زۆر تایبەت نەبێت ناتوانێت بەم ڕێگەیەدا گوزەربکات.

خورماڵ – بیارە

شاڕێگەیە. لە شارۆچکەی خورماڵ و سێڕیانی (خورماڵ - ئەحمەدئاوا) بە ڕێگەیەکی دوو ساید دەستپێدەکات و بەردەوامدەبێت هەتا بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای خورماڵ و لەوێوە بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات دەبێتەوە بە یەک ساید. دواتر بە ئاڕاستەی گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ) دەڕوات و لە دەستە ڕاستەوە ڕێگەی گوندەکانی (دێکۆن، خێڵی حەمە و تەپەکوڕە)ی لێ جیادەبێتەوە. دواتر دەگاتە سێڕیانی (داری بەرمەڕا) و لەوێوە بە دەستەچەپدا ڕێگەی گوندەکانی (گوڵپ، گەچێنە، باخەکۆن، سەرگەت، دەرەیمەڕ و هانەیدنی) لێ جیادەبێتەوە. دواتر لە دەستە ڕاستدا ڕێگەی (هەڵەبجە – هەورامان)ی لە نزیک گوندی (خارگێڵان) دێتەوە سەر. ئەم ڕێگەیە هەتا بە ئاڕاستەی بیارە بڕوات بەرزدەبێتەوە. پاشان بەرزبوونەوەکەی زیاتر دەبێت و بەناوەندی گوندی (زەردەهاڵ)دا تێپەڕدەبێت. دواتر بە بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی (هەورامان)دا تێپەڕدەبێت و بە ئاڕاستەی (ملەی چنار) دەڕوات و دەگاتە شارۆچکەی بیارە. ڕێگاکە تاکو مەرزی (شۆشمێ - تەوێڵە) دەڕوات.

خورماڵ - پردی زەڵم - گردیگۆ

درێژییەکەی (٩.٥کم) دەبێت و شارۆچکەی خورماڵ و ناوچەی هەورامان دەبەستێتەوە بە ڕێگە سەرەکییانی دیکەوە. قیرتاوکراوە، تەخت و ڕێکە. گوندەکانی (تەکیە و تازەدێ و کوڵکنی) کەوتووەتە سەر. بازگەی خورماڵی لەسەرە. ڕێگەی سەرەکیی ناوچەی گەشتیاریی (زەڵم و ئەحمەدئاوا)یە. دەڕواتەوە گوندی (گردیگۆ و پردی زەڵم) و لەوێ کۆتاییدێت.

خورماڵ – تازەدێ

ئەم گوندە کەوتووەتە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندەکە، ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕبوونی بە باشوری تازەدێ و لە نێوان گوندی (کوڵکنیی و تازەدێ) بە ئاڕاستەی باشوردا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی (تازەدێ)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە (٥.٣کم) دەبێت.

خورماڵ – شەکرالی

ئەم گوندە کەوتووەتە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندەکە، ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕ بوونی بە گردیگۆدا و لە نێوان گوندی (تەپەتۆڵەکە و لامەرکەزی) بە ئاڕاستەی خۆرهەڵاتدا درێژ دەبێتەوە، تاوەکو دەگاتە گوندی (شەکرالی)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت.

خورماڵ - گوڵەخانە

ئەم گوندە کەوتووەتە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی خورماڵ، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە گوندی (گوڵەخانە)، ڕێگەکە لە خورماڵەوە دەستپێدەکات و پاش تێپەڕبوونی بە گردیگۆدا و لە خۆرهەڵاتی گوندی (قەدەفەری) بە ئاڕاستەی باکوری خۆرهەڵاتدا درێژ دەبێتەوە تاوەکو دەگاتە گوندی (گوڵەخانە)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە، هەتا ئەم گوندە (١٠کم) دەبێت، بە هەردوو بەریدا کراوەتە سەوزایی و سەدان درەختی تێدا نێژراوە، کە دیمەنێکی جوانیان بە ڕێگەکە بەخشیووە.

خورماڵ و بیارە بۆ گوندەکانی - هانەیدن - دەرەیمەڕ - مەرزی سەر سیپە

ئەم گوندانە دەکەونە نێو سنوری کارگێڕیی شارۆچکەی بیارە، لە خورماڵەوە قیرتاوکراوە تاوەکو دەگاتە نزیک گوندی (هانەیدن)، کە دوورییەکەی (١٣کم) دەبێت و پاشان بە ئاڕاستەی باکور درێژ دەبێتەوە و دەبێتە ڕێگەیەکی چەوڕێژکراو هەتا دەگاتە گوندی (دەرەیمەڕ)، کە درێژییەکەی لە خورماڵەوە هەتا ئەم گوندە (١٦کم) دەبێت، هەروەها بە ئاڕاستەی خۆرهەڵات دەڕواتە (مەرزی سەرسیپە)، کە درێژییەکەی (١٥کم) دەبێت و دواتر (٢کم)ی دیکە درێژ دەبێتەوە هەتا دەگاتە (چاڵاوا)، کە شوێنی بارکردنی شمەکە بۆ وڵاتی ئێران و درێژیی ڕێگەکە هەتا ئێرە دەگاتە (١٧کم)، هەروەها دووریی شاری بیارە بۆ گوندی هانەیدن و دەرەیمەڕ (١٦کم) و (١٨ کم)ی یەک لەدوای یەک دەبێت.

داروبەر مەڕای

لە سەر سێڕیانی (خورماڵ - گوڵپ - بیارە). لێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەی شارۆچکەی (خورماڵ)ـە و لاربونەوەیەکی تێیدا هەیە (کە زۆرجار بۆتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل). ئاڕاستەی ڕێگەکە بە باکوری خۆرهەڵات بەرەوگوندی (گوڵپ) دەڕوات و درێژییەکەی (٢.٤کم). بەرەو باکوریش دەچێتە باخەکۆن و گەچێنە. بە گشتی و بەسەرەتاکەیەوە، بەدرێژایی چەمی (باسکە درێژ) هەڵکەوتووە. لای چەپی لە دۆڵێک پێکدێت، کە چەندین ئەشکەوتی گەورە و بچوکی تێدایە، کە ئاژەڵدارەکان بەکاریانهێناوە. ناوی ڕێگەکە (داروبەر مەڕا) بە واتای (دارەکانی بەردەم ئەشکەوت) دێت. بەدرێژایی ڕێگاکە چەند داربەڕوویەکی لێیە بە هەورامی پێیدەوترێت (لاو نەرەکا) و وەک ناونیشان بەکاردێن.

دەرەتفێ – تەوێڵە

ڕێگەیەکی خاکیی سەختە. دەڕوانێت بەسەر (گوڵوی دۆڵە لارێ و تەپی تەمەرخان) لە گوندی (دەرەتوێ) بە درێژایی سنوری (عێراق و ئێران) درێژدەبێتەوە. (دۆڵبیان و پاڵانیا و سۆسەکان) دەکەونە بەری خۆرئاواییەوە. درێژیەکەی نزیک بە (١١) کم دەبێت. لە دیوی خۆرهەڵاتدا بە تەنیشت سنوری گوندی (شوشمێ) و بەرزاییەکانیدا تێپەڕدەبێت. چەند بنکەیەکی (سوپای پاسداران)ی بەسەرەوەیە. لە هەندێک شوێن تەلبەندڕێژکراوە. پێش ئەوەی بگاتە تەوێڵە، بە نێو مەرزی لاوەکی (شۆشمێ)دا دەڕوات.

دووسایدی پارێزگای هەڵەبجە

ڕێگەیەکی نوێیە. درێژییەکەی لە فولکەی تەپەتۆڵەکەوە بۆ فولکەی سەر ڕێگەی (سەیدسادق – زەڕایەن) تەنها (١٧کم) دەبێت. دوو سایدە. لە تەنیشتەکانیدا چەندین گوندی کەوتووەتە سەر وەک (تەپەتۆڵەکە، تەپەسەرقوڵە، کشەدەری، قاجر، مەستەکانی سەروو، ناوگردان، شاتوان، تەپەڕەش، هەیاس، قلرخی خواروو). ئەم ڕێگەیە بە شاڕێگەی سەرەکیی پارێزگای هەڵەبجە دادەنریت. ساڵی ٢٠١٧ کراوەتەوە. حەوت پرد و لادانی کاتی تێدایە. بە دەشتی شارەزووردا تێپەڕدەبێت.

ڕیشێن - میریسوور

لەنزیک گوندی (قەدەفەری) لە ڕێگەی (سەیدسادق) جیادەبێتەوە. بە ئاڕاستەی گوندەکانی (مەلا وەیسە، ڕیشێن، میریسوور) و بناری چیای (سورێن) دەڕوات. قیرتاوکراوە، درێژییەکەی بە نزیکەی (٨.٦کم) دادەنرێت. بە ناوچەیەکی شاخاویدا تێپەڕدەبێت. ڕێگەی خۆڵی لاوەکی بۆ گوندەکانی (دەرەگۆڵان و قاینەجێ)ی لێ جیادەبێتەوە. لەمیریسوورەوە دەگاتەوە بە گوندەکانی (عاموورە و بانیشار) و لەوێوە دەڕواتە سەر ڕێگەی (شیرەمەڕ) و هەموو ئەو گوندانە دەبەستێتەوە بە شارۆچکەی (خورماڵ)ەوە.

زەلەکێ – عەبابەیلێ

بۆ یەکەمجار ڕێگای گوندی (زەلەکێ) سەر بە ناحیەی (سیروان) ساڵی ١٩٩٣ دروستکراوە. لە گوندی (عەبابەیلێ)وە دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە ناو گوندی (زەلەکێ). درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت و لە ساڵی ٢٠١٤ چاکسازی تێداکراوە و فراوان کراوە. ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە قیرتاوکراوە.

زەمەقیی خواروو

ڕێگەیەکی قيرکراوە. گوندى زەمەقیی خواروو دەگەيەنێت بە ڕێگەى سەرەکیى (هەڵەبجە ــ سيروان). درێژيیەکەى نزیکەی کيلۆمەترێکە. پێنج پردى کەوتوووەتە‌ ژێر، کە يەکێکيان گەورەيە و ئاوى (خڕەخەزێنە)ى پێدا دەڕوات.

سەیدسادق - سیروان – هەڵەبجە

لە (پردی زەڵم)ەوە دەستپێدەکات. تاکو ساڵی ٢٠١٧ ڕێگەی سەرەکیی گرێدانی پارێزگای هەڵەبجە بوو بە شارەکانی دیکەوە. پاش کردنەوەی ڕێگە نوێیەکە ئەو ڕۆڵەی لەدەستدا. درێژییەکەی هەتا شارۆچکەی (سەیدسادق) نزیکەی (٧.٧کم) دەبێت. چەندین گوندی شارەزووری لەسەر هەڵکەوتووە وەک ڕێگەی گوندی (گردی قازی و گێڵەک). دواتر بەنێو (تەپەڕێزینە)دا تێپەڕدەبێت و پاشان ڕێگەی (گوڵەخانە)ی لێجیادەبێتەوە. پاش جیابوونەوەی ڕێگەی گوندەکانی بناری (سورێن) بە گوندەکانی (قەدەفەری و گردەنازێ و گامێش تەپە)دا دەڕوات و دەگاتە شارۆچکەی (سەیدسادق).

سیروان - گردیگۆ

لە سەنتەری شارۆچکەی (سیروان)ەوە دەستپێدەکات و ڕێگەیەکی سەرەکییە. تاکو فولکەی (تەپەتۆڵەکە) دوو سایدە. خێرایی تێیدا نزیکەی (١٠٠کم/ کاتژمێر) ڕێگە پێدراوە. (لۆفەکانی سیروان) کەوتووەتە دەستپێکییەوە. گوندەکانی (خاکوخۆڵ و شەکرالی) لە بەری خۆرهەڵات و گوندەکانی (تەپەگوڵاوی و لامەرکەزی و تەپەتۆڵەکە) لە بەری خۆرئاوایدا هەڵکەوتوون. ڕێگەی سەرەکیی پارێزگای (سلێمانی) لە (فولکەی تەپەتۆڵەکە) لێ جیادەبێتەوە. بەردەوام دەبێت تاکو دەگاتە گوندی (گردیگۆ) و پردی (زەڵم) و درێژییەکەی تەنها (٦.٨کم)ـە. شارۆچکەی (سیروان) بە (خورماڵ) و (سەیدسادق) دەبەستێتەوە.

سێڕا

ڕێگەی یەکتربڕە. کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (پشتە) لەسەر سنوری باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان. شوێنی ئاڵوگۆڕی شتومەکی نێوان باشور و خۆرهەڵاتە. جادەی سەرەکیی مەرزی پشتەی پێدا دەربازدەبێت، کە دەبێتە سێ لقەوە: بەرەو باشور بۆ گوندی (بەڕوێن)، لقی دووەمی بەرەو باشور بۆ گوندی (پشتە)، لقی سێیەمی دەڕوات بەرەو سنور بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان.

پێشتر 1 2 3 4 دواتر