شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

37 بابەت

شارەزوور

شەقامێکی کەمەربەندییە. هەتا ساڵی ٢٠٢٣ جێبەجێنەکراوە. لەسەر ڕێگەی هەڵەبجە دەریاچەی دەربەندیخان دەستپێدەکات. لەکۆتایی ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە و چواردەوری گەڕەکەکانی ڕاپەڕین، سێ گردان، حەسەنئاوا، یادگاری، بە نێو دارستانی گوڵان و گەڕەکی گەشتیاریدا تێپەڕدەبێت. ئەم ڕێگەیە زۆر گرنگ و پڕ بایەخە. بەشێک دەبێت لە پڕۆژەی ڕێگای شەست مەتریی هەڵەبجە. لەگەڵ شەقامی شێخ بابا ڕەسوڵ و کوردستان دەبنە کەمەربەندێکی گرنگ بۆ بەستنەوەی تەواوی گەڕەک و شەقامە سەرەکیەکان.

شانزەی سێ

شەقامێکی یەک سایدی سەرەکیی قیرتاوکراوە. هەر چوار گەڕەکی (شەهید فاتیح، توەوشک، مەرزەبۆتۆ، ماردین) پێکەوە دەبەستێتەوە. درێژییەکەی نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک دەبێت. لە سوپەرمارکێتی (١٦ی سێ) دەستپێدەکات، تاکو نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح) دەڕوات، تاکو دەگاتەوە سەر شەقامی (مەولەوی) و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە درێژدەبێتەوە.

شێخ بابا ڕەسوڵی عەبابەیلێ

شەقامێکی کەمەربەندییە. لە نەخشەی بنەڕەتیی هەڵەبجەدا جێگیرکراوە. تاکو ئێستا جێبەجێنەکراوە. گەڕەکەکانی خۆرهەڵات و باشوری هەڵەبجە پێکەوە دەبەستێتەوە. لە شەقامی (تاهیربەگی جاف)ەوە دەستپێدەکات، بە نێوگەڕەکی هەولێردا دەڕواتەوە پشتی بامۆک و کانی هەناران. لەگەڵ شەقامی کوردستان یەکدەگرنەوە.

عومەری خاوەر

شەقامێکە لەناو شاری هەڵەبجە. شەقامی گۆران و لە نزیک مەڵبەندی نۆی شارەزووری (ی. ن. ک) دەستپێدەکات و لەبەردەم سۆپەرمارکێتی (١٦/٣) کۆتاییپێدێت و لەگەڵ شەقامەکانی (ئاشنایی و ١٦/٣) یەکدەگرێتەوە و سێ ڕیانێک دروستدەکات. شەقامەکە یەک سایدە، درێژییەکەی (٣٠٠م)ە. گەڕەکی فەرمانبەران و شەهید فاتح لە گەڕەکی مەرزەبۆتۆ جیادەکاتەوە

قانع

شەقامێکی سەرەکییە لەناو شاری هەڵەبجە. بە (جووتسایدی مامۆستایان)یش ناسراوە. گەڕەکی مامۆستایانی یەک، لەیەکتر جیادەکاتەوە. دەیکاتە دوو بەشی شێوە سێگۆشەیی. دوو سایدی قیرتاوکراوە. نێوان سایدەکانیدا، ستوونی ڕووناکی بۆکراوە. لە مزگەوتی عوسمانی کوڕی عەفانەوە دەستپێدەکات، تاکو دەگاتەوە بە شەقامی احمدموختار جاف. بارەگای چەند دامودەزگایەکی وەک ڕاگەیاندن و فەرمانگەی تێدایە. چەند مۆڵێک و فرۆشگای پێداویستیی خانمان و کەلوپەلی نێو ماڵی تێدایە. درێژییەکەی (٩٣٠)مەترە.

کوردستان

شەقامێکی جێبەجێنەکراوە. بە شەستیەکەی هەڵەبجە بەناوبانگە. لەسەر نەخشەی بنەڕەتیی هەڵەبجە، کەمەربەندێکە بەشێوەیەکی بازنەیی لە بازگەی زەمەقیەوە دەستپێدەکات هەتا دەگاتە پزیشکی دادوەری. بە نێو هەردوو گەڕەکی (شۆڕش و گۆران سیتی و شەهیدانی کیمیاباران)دا تێپەڕدەبێت و چواردەوری گەڕەکەکانی زانکۆ و هەولێر و بامۆک و کانی هەناران دەدات. بە ئەنجامدانی ئەم شەقامە، بارگرانیەکی زۆر لەسەر شەقامە سەرەکییەکانی ناو شار کەمدەبێتەوە.

گوڵان

شەقامێکی سەرەکییە لەناو شاری هەڵەبجە. لە کۆتایی شەقامی پیرەمێرد و (هۆڵی بۆنەکان)ەوە دەستپێدەکات، بە ئاڕاستەی ئامادەیی(باڵامبۆی کوڕان) دەڕوات. دەگاتەوە بە ڕێگەی سەرەکیی هاوینەهەواری چاوگ و باوەکۆچەک. درێژییەکەی (١. ٢ کم)ە. مزگەوتەکانی (کاک ئەحمەدی موفتی زادە) و (فیردەوس)ی کەوتووەتە سەر. ڕێگاکە یەک سایدە. لە ئێستادا شەقامەکە قیردەکرێت و نۆژەندەکرێتەوە. گەڕەکی گوڵان دەبەستێتەوە بە گەڕەکەکانی سەروەران و یادگارییەوە.

گۆران

شەقامێکی دووسایدییە لەناو شاری هەڵەبجە. بەناوی (گۆران)ی شاعیرە ناونراوە. درێژکراوەی شەقامی (پێشمەرگە)یە. لە (مۆنۆمێنتیی هەڵەبجە)وە دەستپێدەکات بەرەو (فولکەی عومەری خاوەر). درێژییەکەی (١. ٤)کم دەبێت. لە فولکەی (عومەری خاوەر) لقێکی بۆ سەر گەڕەکی (کانی قوڵکە) و لقێکی بۆ سەر شەقامی (نالی) دەڕوات.

لۆزان

شەقامێکی سەرەکیی شارۆچکەی (سیروان)ە. کەوتووەتە گەڕەکی ئاشتی و لە فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی دەستپێدەکات و لە شەقامی دەوان کۆتاییپێدێت. درێژییەکەی (٣٥٠م) یەک ساید و قیرتاوکراوە. قوتابخانەی هیوا و باخی گشتیی شارۆچکەکەی کەوتووەتە سەر.

مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس

شەقامێکی سەرەکییە لەناو شاری هەڵەبجە. بەناوی زانای ئایینی(مەلا عبدولکەریمی مودەڕیس)ەوە ناونراوە. لە کۆتایی شەقامی (ئەحمەدموختار جاف)ەوە دەستپێدەکات و بەنێوان هەردوو گەڕەکی شارەوانی یەک و شارەوانیی دوودا تێپەڕدەبێت، تا دەگاتە مزگەوتی (مەلا عەبدولکەریم). شەقامی (دکتۆر ئامانج ڕەحیم)ی لێ جیادەبێتەوە. پاشان دەگات بە گەڕەکی (تەقتەقان) و لە (پزیشکی دادی هەڵەبجە) کۆتاییپێدێت. لەگەڵ شەقامی (ئاسۆ بامۆکی) یەکدەگرن و ڕێگەی سەرەکیی هەورامان لە کۆتایی شەقامەکەوە دەستپێدەکات. درێژییەکەی (٢.١کم)ە. دوو ترافیک لایتی لەسەرە.

مەولەوی

شەقامێکی دوو سایدییە لەناو شاری هەڵەبجە‌. لە چێشتخانەی هەردی و کۆتایی شەقامی قانعەوە دەستپێدەکات، تاکو دەگاتەوە بە شەقامی پێشمەرگە لە نزیک بەنزینخانەی سان. گەڕەکی فەرمانبەران و شەهید فاتیح و خڕی خەزێنەی کەوتووەتە سەر. چەندین نەخۆشخانەی گشتی و فریاکەوتن و منداڵانی لەسەرە. چەندین شەقامی سەرەکیی دیکەشی دێنەوە سەر. درێژییەکەی نزیکەی سێ کیلۆمەتر دەبێت. نێوان شەقامەکانی دارو درەخت و ڕووناکی تێدایە.

ملەگای چنار

شەقامێکی سەرەکییە. کەوتووەتە سنوری شارەوانیی بیارە و لە گەڕەکی ملەگای چنارە. کۆنکرێت کراوە و یەک سایدە. دیواری ڕاگری بەبەرد بۆ کراوە. درێژییەکەی ٣٥٠ مەترە. چەندین فەرمانگەی گرنگی شارۆچکەکە وەک کتێبخانەی گشتی، چاکسازی کارەبا، فەرمانگەی کارتی نیشتیمانی کەوتووەتە سەر.

مۆردانە

شەقامێکی سەرەکییە لەناو شاری هەڵەبجە. لە مزگەوتی مەحوی دەستپێدەکات و لە ڕێگەی بامۆک کۆتاییپێدێت. هەردوو گەڕەکی (کانیعاشقان) و (باوەکۆچەک) لەیەکتری جیادەکاتەوە. درێژییەکەی نزیکەی یەک کیلۆمەتر دەبێت. هەریەکە لە قوتابخانەی (چوارچرای بنەڕەتی) و هۆڵی (فەقێ کۆکۆیی) کەوتووەتە سەر.

نالی

شەقامێکی سەرەکییە لەناو شاری هەڵەبجە. بەناوی (نالی)ی شاعیرەوە ناونراوە. لە فولکەی (عومەری خاوەر)ەوە دەستپێدەکات، هەتا بەردەم (پارک و شاری یاریی هەڵەبجە). بە (شەقامی گشتی) ناسراوە. هەڵەبجە دەکات بە دوو بەشی سەرەکییەوه و بەناو سەنتەری شاردا تێپەڕدەبێت. درێژییەکەی نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت و یەک سایدە. چەندین شەقامی سەرەکی دیکەی دێتەوە سەر.

هەژار موکریانی

شەقامێکی سەرەکیی دوو سایدە لەناو شاری هەڵەبجە. لە کۆتایی شەقامی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسەوە دەستپێدەکات و لەبەردەم چێشتخانەی هەردی کۆتاییپێدێت. درێژییەکەی (١.٦کم) دەبێت. گەڕەکی شارەوانیی یەک و ماردین کەوتوونەتە تەنیشتییەوە. شەقامێکی گرنگە و هاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە. بەتایبەت، کە دەگاتەوە بە بەشی دووەمی ئەم شەقامە، کە پێی دەوترێت شەقامی مەولەوی.

هەورامان

شەقامێکە لەناو شاری هەڵەبجە. هەردوو گەڕەکی شارەوانیی (دوو) و گەڕەکی (شاڕێ) لەیەکتر جیادەکاتەوە. درێژییەکەی نزیکەی (٨٠٠م)‌ دەبێت و یەک سایدێکی پانە. هەردوو شەقامی (حەسەن زیرەک و ئامانج ڕەحیم) بەیەک دەگەیەنێت. قوتابخانەی شنروێ و شەپۆل و هۆڵی بۆنەی کاکەییەکانی لەسەرە. بۆ پێداویستی ڕۆژانەی هەردوو گەڕەکەکە، بووەتە بازاڕێکی بچووک.

یاریگا

هەردوو شەقامی پێشمەرگە و شەقامی کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە. ڕێگەی سەرەکیی یاریگای نێودەوڵەتیی هەڵەبجەیە. درێژییەکەی نزیکە (٦٠٠م)ە. بەشێکی گرنگی بە دوو سایدی و قیرتاوکراوی جێبەجێکراوە. ناوچەی پیشەسازی و یاریگای نێودەوڵەتی لەیەک جیادەکاتەوە.

پێشتر 1 2