ئازادی
شەقامێکی سەرەکییە لە شاری هەڵەبجە. گەڕەکی (سەرا و شەهیدان) بەیەک دەگەیەنێت. یەک سایدی قیرتاوکراوە. درێژییەکەی (٤١٠م)ە. گەڕەکی سەرا دەکاتە دوو بەشەوە. چەندین فرۆشگا و مارکێتی لەسەرە.
ئاشتی
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. شەقامێکی کورت و یەک سایدە. بە کۆڵانە پانەکەی مامۆستایانیش ناسراوە. پانیەکەی (١٨) مەتر و درێژییەکەی نزیکەی (٤٥٠م) دەبێت. شەقامی قانع و ئەحمەدموختار جاف دەبەستێت بەیەکەوە. بارەگای چەند ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی تێدایە و کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایانی یەک.
ئاشنایی
یەکێکە لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو شاری هەڵەبجە. لە گەڕەکی (کانی قوڵکە) و لە چێشتخانە وەهبی لە نێو بازاڕی هەڵەبجە دەستپێدەکات، تا دەگاتە چێشتخانەی هەردی لە شەقامی مەولەوی. درێژییەکەی (١.٨کم) دەبێت. گەڕەکەکانی مەرزەبۆتۆ و تووەوشک و شەهید فاتح و ماردین، لەیەکتر جیادەکاتەوە. بەشی زۆری یەک سایدە و بەشەکەی دیکەی دوو سایدە.
ئاوارە
شەقامێکی بازرگانییە لە ناو سەنتەری شاری هەڵەبجە. کەوتووەتە سنوری گەڕەکی (شەهیدان) و بە کۆڵانی (مزگەوتی شافیعی)یش ناودەبرێت. لە (دیکۆراتی بەرزان)ـەوە دەستپێدەکات بە یەک سایدێکی تەسک و پێچاوپێچ دەڕوات و لە شەقامی (قانع) کۆتاییپێدێت. بازاڕێکی شەوانە ڕۆژیە. چەندین فرۆشگا و کوتاڵفرۆشی تێدایە. درێژییەکەی (٥١٠م)ە.
ئەبا عوبەیدەی جەڕاح
شەقامێکی سەرەکییە. بە شەقامی (زانکۆ)ش دەناسرێت. لە نزیک مزگەوتی عوسمانی کوڕی عەفان دەستپێدەکات. هەتا نزیک چوار ڕیانی مزگەوتی بەختیاری یەک سایدە. دواتر هەتا زانکۆی هەڵەبجە و گوندی عەبابەیلێ دوو سایدە. درێژییەکەی نزیکەی (٣کم) دەبێت. گەڕەکەکانی تەنیشتی لە دەستە ڕاستەوە بریتین لە: (شەهیدان، کارێز، شنروێ، زانکۆ) گەڕەکەکانی دەستە چەپی بریتین لە: (مامۆستایانی دوو، شاڕێ، بەفری میری، گۆران سیتی) و بەنێویاندا تێپەڕ دەبێت. ناوەندی هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە شاخی شنروێ و گوندەکانی خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە.
ئۆزتورک
شەقامێکی سەرەکیی دوو سایدە. بەناوی یەکێک لە وێنەگرانەی کارەساتی کیمیابارانەوە ناونراوە، کە خەڵکی باکوری کوردستانە. لەکۆتایی شەقامی پێشمەرگە و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەوە بە درێژی (٦٧٥م)ە بە ئاڕاستەی گەڕەکی (حەسەنئاوا) دەڕوات. پاشان لە قوتابخانەی (یەکێتی برایان)ەوە بەشێوەیەکی کەوانەیی بە چواردەوری مۆنۆمێنت (یادگاری) هەڵەبجە دەسوڕێتەوە. دەگاتەوە بە شەقامی گۆران. ڕێگەی سەرەکیی گەڕەکەکانی (حەسەنئاوا و سەروەرانی یەک و دوو و یادگاری)یە. ئامادەیی (شەهید عەبدولڕەحمانی میرزا حەسەنی کچان) و (سەنتەری ئۆتیزم) و نوسینگەی هەڵەبجەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) کەوتووەتە سەر ئەم شەقامە.