ڕاوە کەو
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
ڕاوێکی باوە لە هەورامان و دیارترین جۆری ڕاوکردنە. بریتییە لە ڕاوکردنی کەو لە کەژ و کێوەکاندا. قۆناغ و سروشت و وەرزی جیاجیای هەیە. لەوانە:
١- ویار: ڕاوەکەوە لە ئاخروئۆخری زستان و سەرەتای بەهاردا لە سیپەدا بە تەقەکردن دەکرێت. سیپە، ماڵەقۆڵە (خانۆچکە)و پەناگایەکی تایبەتە. هێندەی جێی کەسێک بە گەڵا و هەژگ بە شێوەیەکی ناڕێک دادەپۆشرێت، ڕاوچی بەیانی یان ئێوارە بۆڕاو دەچێتە ناوییەوە.
٢- شەڕەبەق: لە ئاخروئۆخری زستان و سەرەتای بەهاردا دەکرێت. لەڕێگەی بەقی دەنگخۆشی نێو قەفەسی ڕاوچییەکەوە کەوی تر ڕادەکێشرێن و ڕاوچی لە سیپەی خۆیەوە تەقەیان لێدەکات.
٣- کۆڵیت: پاییزان لە کاتی زۆری کەو باڕەکەودا دەکرێت. ڕاوێکی عەشوایی و هەڕەمەکییە. لە نزیک کانی و ئاودا. ڕاوچی لە کۆڵیتێکی پەنهانەوە تەقەیانلێدەکات.
٤- دێوجامە: پارچەقوماشێکی یەک گەزی چوارگۆشەیی کون کونە. پەڕۆی ڕەنگاوڕەنگی پێوە دەدورن و بۆ ڕاوی هەندێک کەوی ڕەنگ پەرست بەکاردێت. ڕاوچی لەودیوی قوماشەکەوە لە کونەکانەوە کەو دەبینێت و تەقەیانلێدەکات.
٥- چێڵکڕ: لە بەهارێکی درەنگدا ئەو کاتەی کەو بەسەر هێلکەکانەوە کڕکەوتووە؛ ڕاوچی لەڕێگەی بردنی چێڵ (ماکەو)ێکەوە بۆ شاخ سەرنجی بەق (نێرەکە) ڕادەکێشێت و ڕاوی دەکات.
٦- ڕەت: جۆرە تەڵەیەکە بریتییە لە چوارچێوەیەکی نیوگەز چوارگۆشەیی، دەرگایەکی دولایی هەیە، بە جۆرێک، کە داخران ناکرێنەوە. لە ڕێگەی کەودا دادەنرێت. یان دەخرێتە سەرچاڵێکی داپۆشراو. بە گەڵاو پوش دادەپۆشریت.
٧- هەوازەنی: بریتییە لە تەقەکردن لە باڵندەکان بە هەواوە. ئەم ڕاوە بە ڕاوچی دەستڕاست دەکرێت.
سەرچاوەکان:
- مێژووی هەورامان، د. محمد امین هورامانی بەرگی یەکەم، انتشارات بلخ، ٢٠٠٠، ل١٠٥٥-١٠٦٠.
- چاوپێکەوتن ئامادەکار لەگەڵ مامۆستا (هاوڕێ قادر مەحموود هاواری)، لەدایکبوو: ١٩٧٠، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: مامۆستا، لە ٢٢ی ١١ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم