شێخ حسامەدین
ئارامگەی پیاوچاکە. کەوتووەتە گوندی باخەکۆن لە باکورى شارۆچکەی (بیارە)وە و نزیکەی (١٢کم) لە خانەقاى بیارەوە دوورە. گۆڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵەیی لێیە. چەند جارێک تێکدراوە و نۆژەنکراوەتەوە. لە نزیکییەوە حەوز و ئاوێکى سازگار و باخچەی ڕازاوه هەیە و مریدان و خۆشەویستانی ڕێبازەکە ئێستەش سەردانیدەکەن.
ئەول خەلیل
بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٣٩ مەتر)، دەکەویتە چەقی گوندەکەوە.
ئەول کەریم
گۆڕی پیاوچاکێکە لە گوندی (پریسی سەروو). بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٧٩٨ مەتر)ـە، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لەسەرقەڵا.
بابازەردەڵە
پیاوچاک و نەزرگەیە. بە قەدپاڵی شاخێکەوەیە لەپشت گوندی (ئەحمەدئاوا). بە پێی هەندێک سەرچاوە، نازناوی شێردڵە و دەشوترێت برای بابا ئەسکەندەر و باباخوادادە. هەندێک سەرچاوەش بە برای بلالی کوڕی سەید ئیبراهیمی ناودەبن، کە ناوی گۆڕستانەکانی دەوروبەری ئەحمەدئاوایان بە ناوەوەیە.