شێخ حسامەدین
ئارامگەی پیاوچاکە. کەوتووەتە گوندی باخەکۆن لە باکورى شارۆچکەی (بیارە)وە و نزیکەی (١٢کم) لە خانەقاى بیارەوە دوورە. گۆڕی شێخ حیسامەدین کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵەیی لێیە. چەند جارێک تێکدراوە و نۆژەنکراوەتەوە. لە نزیکییەوە حەوز و ئاوێکى سازگار و باخچەی ڕازاوه هەیە و مریدان و خۆشەویستانی ڕێبازەکە ئێستەش سەردانیدەکەن.
ئەول جەلیل
بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٠٦م)، دەکەوێتە چەقی گوندەکەوە لە تەنیشت کانی جانە، لەناو قەورسانی (گۆڕستانی پریس)دایە.
ئەول خەلیل
بریتییە لە گۆڕی پیاوچاکێک لە گوندی (پریسی سەروو)، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریادا (٨٣٩ مەتر)، دەکەویتە چەقی گوندەکەوە.
بابازەردەڵە
پیاوچاک و نەزرگەیە. بە قەدپاڵی شاخێکەوەیە لەپشت گوندی (ئەحمەدئاوا). بە پێی هەندێک سەرچاوە، نازناوی شێردڵە و دەشوترێت برای بابا ئەسکەندەر و باباخوادادە. هەندێک سەرچاوەش بە برای بلالی کوڕی سەید ئیبراهیمی ناودەبن، کە ناوی گۆڕستانەکانی دەوروبەری ئەحمەدئاوایان بە ناوەوەیە.