بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی (١٨م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. بە دووریی سێ کیلۆمەتر، کەوتووەتە سنوری جوگرافیی گوندی لامەرکەزی لە سنوری شارۆچکەی سیروان، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان و هەڵەبجە. ڕووبەری گردەکە (٢٠٠٠م) دەبێت. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ شوێنەوارەکە نەکراوە، بۆ سەردەمی (ساسانی و ئیسلامی) دەگەڕێتەوە. و لەئێستادا پرۆژەی تەنکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکەی لەسەر دروستکراوە. بەهۆی ڕیگاوبان و جۆگای ئاودێرییەوە شێواوە.
گردێکی شوێنەوارییە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (گردی قازی) سەر به ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (١٠٠م٢)، بەرزییەکەی چوار مەتر دەبێت. بە شوێنێکی شوێنەواری ئەژماردەکرێت و لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین کەلوپەلیان تێدا دۆزیوەتەوە و لەکۆندا شوێنی ژیان بووە.
گردێکی شوێنەوارییە و شێوەی لاکیشەیی هەیە، بەرزییەکەی نزیکەی سێ مەتر لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە و ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠م) دەبێت. بە دووریی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە دەشتی شارەزوور و لە باشوری شارۆچکەی سیروان، لە باشوری گوندی گورگەچیاوە بە دووریی (٧٠٠م). سەبارەت بە هەڵکۆڵینی گردەکە ساڵی (٢٠١٣) لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی وکۆڵێجی زانکۆی UCL)) لەندەنییەوە هەڵکۆڵینی تێدا کراوە، ئەو ئامڕازانەی تێیدا دۆزراونەتەوە بریتین لە: (گلێنەی سەردەمی چاخی کانزایی، سەردەمی عوبێد ٥٥٠٠ بۆ ٤٥٠٠ پ. ز. سەردەمی ئورک و بابلی و ئاشووری و هەروەها گڵێنە و کەرەستەی سەردەمی ئیسلامی)شی تێدا دۆزراوەتەوە، لەئێستادا کێڵڕاوە و ساڵانە دەکرێت بە کشتوکاڵ و گەنم.
گردێکی شوێنەواریی بچوکی دەستکردی تورەکەڕێژە، بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تازەدێ)ی سەربەناحیەی (خورماڵ). بەرزيیەکەی چوار مەتر دەبێت. بەشێوەیەکى گشتى ڕووبەرەکەی نیودۆنمە. مێژووى دروستبوونى زۆر دێرینە و بۆ سەردەمى ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و چەندین جار کەلوپەلى شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە و بەرزیەکەی لە ئێستادا نزیکەی پێنج مەتر لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە (تورەکەڕێژە)، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. بە دووریی شەش کیلۆمەتر، کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی خورماڵەوە، لە گوندی (مەتا)، کە گوندێکی نوێیە و لەدوای ١٩٩١ بونیادنراوە و ئاوەدانکراوەتەوە، لە نێوان هەردوو گوندی (تەپەڕێزینە و گوڵەخانە)دایە، لەسەر ڕێگای سەرەکیی (گردیگۆ - سەیدسادق)، ڕووبەری گردەکە نزیکەی (٧٥٠٠م) دەبێت. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بۆ سەردەمی (ساسانییەکان) دەگەڕێتەوە و چەندین کەرەستەی شوینەواری تێدا دۆزراوەتەوە.
گردێکی تورەکەڕێژی دەستکردە. کەوتووەتە ناو ماڵەکانی گوندی (کوڵکنیی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی لە دۆنمێک زیاترە. لەڕابردوودا لەکاتی کنەوپشکنیندا ئاسەواری کۆنیان تێدا دۆزیوەتەوە. ئێستا لە چواردەورى گردەکەدا ماڵیان کردوەتەوە، لە کۆنیشدا چاڵیان تێدا دروستکردووە وەک زینانی توتن بەکاریانهێناوه، واتە توتنیان شاردووەتەوە.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی سێ مەتره. لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ دروستبووە (تورەکەڕێژە). کەوتووەتە ناو سنوری گوندی (ڕیشێن)، لەناو گوندەکەدایە، ڕووبەرەکەی نزیکەی (٤٠٠م)، سەر بەسنوری شارۆچکەی (خورماڵ) و بە دووریی (١٥کم) دەکەوێتە سنورییەوە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ شوێنەوارەکە نەکراوە، بەڵام لەساڵانی ڕابردوو بەشێک لە شوێنەوارەکانی کوردستان لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەستدرێژییانکراوەتەسەر و هەڵدراونەتەوە شوێنەوارەکانیان دەرهێنراوە، ئەم گردەش لەم هەڵمەتە بێبەشنەبوە، لەم گردەدا (پاشماوە و کەرەستەی شوێنەواری و پارچەی گۆزە و ئێسوپروسکی مرۆڤ) دۆزراونەتەوە. لەئەنجامی دۆزینەوەی ئەم پاشماوە شوێنەوارییانەوە، دەردەکەوێت، کە گردەکە شوێنەوارییە و بۆ سەردەمە مێژووییەکانی پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە وەک (ئاشووری و ئەشکانی و ساسانی)یەکان، شوێنەکە چەند خانویەکی گوندەکەی لەسەر بونیادنراوە.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی (١٥م) لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی سروشتیە، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. کەوتووەتە گوندی مەلاوەیسە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (گردیگۆ – سەیدسادق). لەگوندی (قەدەفەری)وە ڕیگایەک بەرەو گردەکە و گوندی مەلاوەیسە دەچێت بە دووریی کیلۆمەترێک، ڕووبەری گردەکە نزیکەی (٧٠٠٠م) دەبێت، سەر بە شارۆچکەی خورماڵە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، بۆ سەردەمی (ئاشوورییەکان) دەگەڕێتەوە و چەندین کەرەستەی شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە، وەک گۆزە و سکە و دراو، لەئێستادا گۆڕستانی گوندەکەی لەسەر دروستکراوە. تەواوی خانوی گوندەکە لەسەر گردەکە بونیادنراون و بەشێکی لێکراوە بە کشتوکاڵ، ئەمەش وایکردووە گردە شوێنەوارییەکە گۆڕانکاری لەشێوەکەیدا ڕووبدات.
گردێکی شوێنەواریی تورەکەڕێژی دەستکردە. بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (بەشارەتی سەروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). هەرچەندە مێژووەکەى بەتەواوى دیار نییە، بەڵام بە پێی بڕوای خەڵکى ناوچەکە بۆ سەردەمى ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. لەکاتی کنەوپشکنیندا پاشماوەی شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە.
گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەترە. کەوتووەته سنوری گوندی (گورگەچیا)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠م٢)یە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. چەند پارچەی بەردی تێژ کراو (بەردە ئەستێ) و گۆزەی شکاوی لێ دۆزراوەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بەشێکی بۆ سەردەمی (چاخی بەردینی نوێ) و سەردەمی (ساسانی و ئیسلامی) دەگەڕێتەوە.
پاشماوەی قەڵایەکی کۆنە. کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ)ی ناوەندی ناحیەی (بەمۆ). بەپێی ئەو پاشماوە شوێنەوارییانەی، کە لە قەڵاکەدا دۆزراونەتەوە، بۆ سەردمەی پارسی و ساسانی دەگەڕێتەوە.
گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە قوچەکییە. بەرزییەکەی نزیکەی (٢٥م)ە. کەوتووەتە سەر چەمی (حەوت ئاشان) لە باشور و خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی نزیکە (٩٠٠م)ە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. بەپێی ئەو کەرەستە و ئامڕازانەی لێی دۆزراونەتەوە، بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە باکوری گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە خۆرهەڵاتی ناحیەی خورماڵ بە دووریی سێ کێلۆمەتر، لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجهوە (١٥کم) دوورە. مێژووی گۆرستانەکە: لەسەر بنەمای کێلە نوسراوەکانی گۆڕستانەکە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠ ساڵ لەمەوبەر، کێلە تاشراوەکانی گۆڕستانەکە بەزمانی عەرەبی و خەتی فارسی لەسەریان نوسراوە، کە خاوەنی گۆڕەکان بەگزادە و شێخەکانی ناوچەکەن، لە ئیستادا زیاتر لە ١٥ کێلی شوێنەواری تێدا بەجێماوە.
گۆڕستانی دێی کۆنی گوندی (بەڵخە)یە. بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خوار گوندەکەوە لە لا نساری ڕێوڵە و خوار شاخی هانەوەهارەی بەڵخە و باخی سەی حەبیب. دەکرێت بە دوو بەشەوە. سێ شێواز مردووی لێنێژراوە. بەشێکی کۆنی، کە ڕووفاتەکانیان بۆ پێش ئیسلام و سەردەمی زەردشت دەگەڕێتەوە، چونکە خراونەتە نێو کوپەڵەوە. دەوترێت زەردەشت خۆیشی لە ئەشکەوتێکی نزیک بەم گوندە ژیاوە. بەشێکی مردووەکان ڕوو بە خۆر نێژراون. بەشی دووەمی کەمێک لە خوارترە و لە بەرامبەر بەشەکەی ترەوەیە هی سەردەمی ئیسلامە. بە هۆی نەشارەزاییەوە لە کاتی ئیشوکار و باخەوانیدا، زۆرێک لەم شوێنەوارە لەناوچووە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (خەرپانی) بە دووریی (٥٠٠م) نزیک ڕێگای (هەڵەبجە - خەرپانی). مێژوویەکی دێرینی هەیە. کێلەکانی گۆڕستانەکە لە بەردی ئاسایین و هیچ پاشماوەیەکی زەخرەفە و جوانکارییان بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ). (٨٧٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە شوێنەواری قەڵاگا و کانی شێخ قادر و کانی هاڵ و کانی باخەکان و وەنەکێ ماما هەجێ و ئەشکەوتی مەڕ دێیەکان و لە خۆرهەڵاتەوە کانی هانە چیاڵە و ڕێبوارانی سەروو تفەقەتاراو چەقەڵان و هانەوا وێکەن و حاجی حەمە سیاو و لە باشورەوە کانی وەرو شەخسی و شوێنەواری شێخ سلێمان و کانی میشڵیان و کانی گەورە و هەسەن و دۆڵی ڕەزەمۆزان و لە خۆرئاواوە دۆڵی بانە گەورێ و گوندی بانیشار دەورەیانداوە، ئەم شوێنەوارە تەنها (١٥٠م) لە ڕێگای قیرتاوکراوی گوندی یاڵانپێوە دوورە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی خەرپانی لە نێو دۆڵی کەمانگەرادا. بەسەر گوندی خەرپانی و هانەنەوتیدا دەڕوانێت، شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستا مێژووی نەزانراوە و هیچ کنەوپشکنینێکی شوێنەواری لەڕووی زانستیەوە بۆ نەکراوە. لە باکورەوە کانی دووەچڵە و سەروەزەن و تووەسیاو تووە درێژە و هەساری چەوتانی و لە خۆرهەڵاتەوە چیای نساری کەمانگەرا و کانیەکانی شێخ مەرزە و کەمانگەرا و یەوەجەڕی و ڕازیانەجاڕ و لە خۆرئاواوە چیای باسکە درێژ و گوندی خەرپانی و قەرغی عارفی و نساری سەرچەمە و کانی مچەڕەش و نسارە گولانە و لە باشورەوە لوتکەی نیشانکرد و تلەسیاو دەورەیانداوە. باخ و پرۆژەی ئاژەڵداری لە نزیکییەوە هەیە و پێویستی بە پارێزگاری لێکردنە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (خەرپانی) لە بەرزاییەکانی ملەگاوە. لە باکورەوە گوندی خارگێڵان و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی زەردەهاڵ و لە باشورەوە گوندی خەرپانی لە خۆرئاواشەوە دەشتی سەبانە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و بۆ پێش بارکردن و تێکدانی گوندەکە دەگەڕێتەوە لە ساڵانی حەفتاکاندا.
کەوتووەتە گوندی (خەرپانی) بە دووریی (٥٠م) نزیک ڕێگای (هەڵەبجە - خەرپانی). مێژوویەکی دێرینی هەیە. کێلەکانی گۆڕستانەکە لە بەردی ئاسایین و هیچ پاشماوەیەکی زەخرەفە و جوانکارییان بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (عەبابەیلێ). ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنم دەبێت. زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی کۆن و نوێی تێدایە. هەندێک لەو گۆڕانە هی بەگزادەکانی بنەماڵەی جافن و هەندێکی تریان هی شێخەکانی ناوچەکەن. گۆڕی هەردوو شاعیری گەورە (ئەحمەدموختار و تاهیر بەگ)ی برای تێدایە. سەرچاوەی کانییەک و دارودرەختێکی زۆری لێیە. شوێنەکەی بەرزە و دەڕوانێت بەسەر هەڵەبجەدا. بوونی گڵکۆی (ئەبو عوبەیدەی ئەنساری) پیرۆزییەکی بە شوێنەکە داوە. ساڵی ١٩٤٨ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراقییەوە وەک شوێنێکی شوێنەواری ناسێنراوه.