مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

184 بابەت

تەپەو مەرەغازی

بە دووریی نزیکەی (٤٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (نارنجڵە). مێژوویەکی زۆرتر لە ٦٠٠ ساڵەی هەیە. گۆڕەکانی بەپێی دەستووری ئاینی ئیسلامە، بەڵام کێلەکانی قەبارەیان گەورەیە و بەرزییان دەگاتە مەتر و نیوێک. ڕووبەری گۆڕستانەکە نزیکەی دوو دۆنم دەبێت.

تەپە تەپ

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (ناوباخان)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووەکەی بۆ پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە، چونکە گۆڕەکان تایبەتمەندی شێوازی ئیسلامییان نییە. ڕووبەرەکەی نیو دۆنم دەبێت و لەسەر بەرزاییەکی شێوە تەپۆڵکە هەڵکەوتووە. هەندێک لە گۆڕەکان دوو مردوویان تێدایە.

تەختانی

گۆڕستانێکی دێرینە. بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی نیودۆنم دەبێت. مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ دەگەڕێتەوە. شوێنەواری گۆڕە دێرینەکانی ماوە، کە ئەوانیش هەر لەسەر شێوازی ئاینی ئیسلام دانراون.

تەوەنەو قۆزەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی). بەواتای (بەردی کۆکە) دێت. بەردێک لە گۆڕستانەکەدایه،‌ کە ناوەڕاستەکەی کوناودەرە. لە کۆندا هەر منداڵێکی گوندەکە توشی کۆکە ڕەشە بووە، بۆ چارەسەرکردنی لەسەر ئەم بەردە دایانناوە و جلوبەرگەکەیان بردووە بە ناو کونەکەدا. بڕوایان وابووە، کە چاکدەبێتەوە.

‌تفەو شێخ سمێڵی

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لەناو ماڵەکاندایە‌. مێژووی گۆڕستانەکە لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکدایە و هەتا سأڵی ٢٠٠٣ تەنها منداڵیان لێ ناشتووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی نیودۆنم دەبێت. ناوەکەی به ‌هەورامی بە واتای (تووی شێخ سمێڵ) دێت، کە ناوی شێخێکی بەرزنجەیی بووه و دارتوو‌یەکیش لە ناوەڕاستی گۆڕستانەکەدایە‌. ساڵی ٢٠٠٣، کە گوندەکە چۆڵ کراوە. ئيتر مردووی لێ نەنێژراوە.

تلە قەوییەکە

کەوتووەتە خۆرئاوای‌ گوندی (بانیشاری کۆن). مێژوويەکى ٥٠٠ ساڵەی هەیە. ڕووبەرەکەی نزیکەی نیو دۆنم دەبێت. لەبەر ئەوەی لە ناوەڕاستی گۆڕستانەکەدا بەردێکی گەورە هەیە، بەو ناوەوە ناونراوە.

جووەکان

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان). مێژووەکەی بۆ سەردەمی (ساسانییەکان) دەگەڕێتەوە و شوێنەواری سەردەمی ساسانییەکان لەو شوێنە دۆزراوەتەوە. ڕووبەرەکەی کەمتر لە نیودۆنمە.

جولەکە

کەوتووەتە باشوری وەزەنێ و خۆرئاوای گوندی بەڵخە، بە بەرزیی (١٤٣٠م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەڕوانێتە سەر دۆڵی وەزەنێ و دۆڵی وێڕگا، لە باکورەوە چیای سەخت و باخو خولی و لە باشورەوە دۆڵی باواندەرە و زەڕێن دۆڵ و کۆچەو حەمەڕەزای و چیای بەنەن و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی سینەسەحاب و بەڵخە و لە خۆرئاواوە دۆڵی وەزەنێ و خوگەلانی وارین دەورەیانداوە، کەوتووەتە سەر ڕێگای قیرتاوکراوی بیارە - تەوێڵە و لەم شوێنەوە ڕێگایەکی چەوڕێژکراو دەچێتەوە چیای بەنەن و گوندی خەرپانی و هەڵەبجەی شەهید، لە بەهاراندا شوێنێکی دڵگیرە و خەڵکی بۆ سەیران سەردانیدەکەن.

چریکان

کەوتووەتە گوندی سەراو و لە دامێنی شاخی باڵامبۆدا هەڵکەوتووە، مێژووی دروستبوونی ئەم گۆڕستانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی شەستەکانی سەدەی بیستەم، ئەوکاتەی ئێران هێز دەنێرێتە کوردستان بۆ یارمەتیدانی جەلالییەکان لە دژی مەلایییەکان، سەربازانی ئەو هێزە بە(چریک) ناوزەددەکرێن، ئەم هێزە بەهۆی نەشارەزاییان لە سروشتی ناوچەکە لە بەرزاییەکانی شاخی باڵامبۆ بەڕووی سەراودا گیر دەخۆن، دوای شەڕێک لەگەڵ هێزەکانی مەلاییدا بەشێکیان هەر لەوێدا دەکوژرێن و هەر لەوێشدا دەنێژرێن، ژمارەیەکیشیان لەناو ئاوایی سەراودا دەکوژرێن و لە (گۆڕستانی چگەلە) بە خاک دەسپێررێن.

چگەلە

ئەم گۆڕستانە کەوتووەتە بەشی باکوری (گوندی سەراو)، کە لە باکوری خۆرهەڵاتی سەراوی کۆندا هەڵکەوتووە لە تەنیشت ئەو ڕێگا سەرەکییەی بەرەو گوندى (گوندە) دەڕوات، ئەم گۆڕستانە لە دەورانی جەنگی جیهانیی یەکەمدا دروستبووە، لەو دەمەدا نەخۆشی تاعوون لە ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە و خەڵکێکی زۆری لەناوبردووە، لە گوندی سەراویشدا ژمارەیەک منداڵ بەو نەخۆشییە لەناوچوون، دواتر لـەو شـوێنەدا نێژراون و گۆڕسـتانەکە بووە بە گۆڕسـتانی ئاوایی.

حەوت سواران

مەزارگەیەکی ئاینیە. چەند گۆڕێکی تێدایە. دانیشتوانی گوندی گریانە لە باوباپیرانەوە وایان بیستووە، کە یەکێکە لە ئەسحابەکان و لەوێدا شەهیدبووە. دەشتاییەکی تەختە. وەک گۆڕستانی گوندەکەش بەکارهاتووە. شوێنەواری مەزارگەکە ماوەتەوە.

خاتووئایش

کەوتووەتە سەرگردی (گەورە) لە سنورى گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی دوو دۆنم دەبێت. ناوەکەی بەهۆی بوونی گۆڕێکە بەناوی خاتوو (ئایش)، کە لەو شوێنە بەخاکسپێرراوە. دانیشتوانی گوندەکەش وەک کەسێکى لەخواترس و چاکەکار سەیرى ئەو ئافرەتەیان کردووە و بۆ چارەسەرکردنى نەخۆشی و لەرزوتا چوونەتە سەر‌ گۆڕەکەی.

خەنجەرکوژ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بنجۆی دڕە). نازانرێت بۆ کام سەردەمی دوای موسڵمانبوونی ناوچەکە دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی دوو بۆ سێ دۆنم دەبێت. لە نزیکیدا گۆڕستانێکی تریش بەم ناوناوە هەیە. لە لای خەڵکی ناوچەکە بە (تفۆ ترێشقەی، گمەقوڵێ، خەرمانە زۆنگە، دەرەوکیێ) ناودەبرێت.

خڵەی حاجی

گۆڕستانی خەڵکی گوندی قاینەجەیە. بەڵام لە سنوری گوندی کانی ئاسکان هەڵکەوتووە. داربەڕوویەکی گەورەی تێدایە لەسەر ڕێگای سەرەکیی کانی ئاسکان هەڵکەوتووە.

خێزانی میریسوور

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووی گۆڕەکان‌ بۆ سەردەمی هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە و ڕوو لە قیبلەن. ئەوەى ئەم گۆڕستانە لە گۆڕستانەکانى تر جیادەکاتەوە، ئەوەیە، کە کێلى گۆڕەکان زۆر گەورەن و بەرزیی کێلەکانیان دوومەتر دەبێت و بەشێوازێکى تۆکمە دانراون. ڕووبەرى گۆڕستانەکە دۆنمێک دەبێت. بەهۆی ئەوەی گۆڕ‌ی خێزانی میریسووری لێیە، بەو ناوەوە ناونراوە.

دارئەسحابان

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی ٣٠٠ ساڵەی هەیە. جگە لە بەردەبەل، گوندەکانى (قەڵبەزە، تازەدێ، نەوێ) مردووەکانیانی لێ بەخاکدەسپێرن. ڕووبەری گۆڕستانەکە نزیکەی ١٠ دۆنم زەوی دەبێت و خاوەندارێتییەکەی بۆ بنەماڵەی (کوێخا ڕۆستەم کوێخا فەرەج) دەگەڕێتەوە.

دارەقەورسانان

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (نێرگسەجاڕ). يەکەمين گۆڕستانى گوندەکەيە و موڵکى گشتييە. گۆڕى شێخ مارفى نێرگسەجاڕ (شێخ مارفى گەورە)ی لێیە.

دارەقوت

بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (دەرەیمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)، ڕووبەرەکەی دوو دۆنم دەبێت. مێژووەکەی بۆ چەند سەد ساڵێک دەگەڕێتەوە. بە ناوی جۆرە دارێکی قنج و بەرزەوە‌ ناونراوە. گۆڕەکان لەسەر شێوازی ئیسلامن. شوێنەواری گۆڕە کۆنەکان ماوە.

دارەکونجە

کەوتووەتە باشوری گوندی (بەڕوێن)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. مێژوویەکی ٣٠٠ ساڵەی هەیە. هەتا ئێستا مردوی لێ بەخاکدەسپێرن. ڕووبەرەکەی سێ دۆنم زیاترە.

دارە گەورە

نزيکەى (٦٠٠م) لە ناوەندی گوندى (نێرگسەجاڕ)ەوە دوورە. لە سەر ڕێگەى سەرەکیى گوندەکە و بەتەنيشت دەشتەکانى نێرگسەجاڕەکۆنەوە هەڵکەوتووە، موڵکى گشتيیە و بەهۆى بوونى دارێکى گەورە لە گۆڕستانەکەدا، ناونراوە گۆڕستانى دارەگەوره.

پێشتر 1 2 3 4
...
10 دواتر