مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

183 بابەت

تۆپخانە

شوێنی دامەزراندنی تۆپ و تفاقی بۆردومانی عوسمانییەکانە. کەوتووەتە پشتی بێدەری لە خواروی تەوێڵە بە دەستی چەپدا. دوای جیاکردنەوەی سنور و هێڵی هومایون، تەوێڵە بەر عوسمانییەکان دەکەوێت. لە ساڵی ١٩٠٥ بۆ ١٩١٤ گۆڕانکارییەکان دەسەڵاتی جافرسان کەم دەکەنەوە و سان شەڕی دوو دەوڵەت دەکات. پێش شەڕی یەکەمی جیهانی، جافرسان بە هاوکاری جەماوەر عوسمانییەکان دووردەخاتەوە. دواتر عوسمانی بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری هەورامانی لهۆن دەدەن و دێنە ناو تەوێڵەوە. جافرسان و چەکدارەکانی بۆ نەوسود و دەوروبەری نۆدشە دوور دەخەنەوە. تەوێڵە دەکەنە گۆڕەپانی سەربازی و ئەم تۆپخانەیە دادەمەزرێنن و ئێستاش بەو شوێنە دەوترێت تۆپخانە. لەوێوە بۆردومانی نۆدشە و شۆشمێ و نەوسود دەکەن و دەیسوتێنن. پاش ماوەیەکی کەم جافرسان و جەنگاوەرانی بە سەرکردایەتیی کەریم بەگی جافرسان و جافە گەڵاڵییەکان، پەلاماری عوسمانییەکان دەدەن و دەپەڕێنەوە. قادر بەگی جافرسانیش بە هاوکاری خەڵک دەس بەسەر تەوێڵەدا دەگرنەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

جاور

شوێنەوارێکی ئایینیی یارسانەکانە. کەوتووەتە نێوان گوندی جاور و گوندی هاوار. بەناوی کاکەی جاورەوە ناونراوە، کە یەکیک بووە لە کەسایەتییە دیارەکانی یارسانی لە ناوچەکەدا.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

خانە

گۆڕستانێکی دێرینی شوێنەوارییە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پشتە) ی سەر بە ناحیەی بەمۆ نزیک سنوری خۆرهەڵاتی کۆردستان. باوەڕ وەهایە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

خانەقای تەوێڵە

کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای شارەدێی (تەوێڵە). لە شێوەیەکی ھونەریی ڕەسەن و بەرزدا دروستکراوە. لە ١٧ ژوور، مزگەوتێک، ھەیوانێک، چلەخانەیەک و گومەزێک پێکهاتووە. مێژووی بۆ ساڵی ١٧٢٧ دەگەڕێتەوە، کە شێخ عوسمان دروستیکردووە و لە دوای خۆیشی (شێخ محەممەد بەهائەدین) فراوانی کردووە. ڕۆڵێکی گەورەی بنیوە لە پێگەیاندی چەندین زانا و کەسایەتیی بەناوبانگدا، لەوانە (مەولەویی شاعیر و مامۆستا تاهیری سوبحانی)، ھەروەھا سەردەمێک لەم خانەقایە جگە لە زانستە شەرعییەکان زانستەکانی وەکو کیمیا، گەردونناسی و بیرکاری تێدا خوێنراوە. مەڵبەندی کۆبوونەوەی چەندین شاعیر و زانا بووە. لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەردەمییانە خەریکی کارکردنن تێیدا.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

حەساری ملەی قۆنەرە

شوورایەکی کۆنه و لە دیوارێکی لە بەرد هەڵچنراو پێکهاتووە. کەوتووەتە ‌سنورى گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ). لە ملەى قۆنەرەوە لە خۆرهەڵاتی گوندەکەوە دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە باکورى گوندەکە و زیاتر لە کیلۆمەترێک درێژدەبێتەوە. مێژووەکەى دیارنییە و لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوەتەوە. لە هەندێک شوێندا بەرزى دیوارەکە دەگاتە مەترێک.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

حەسار

شوورایەکی مێژووییە. کەوتووەتە سنوری گوندی (ناوباخان)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ). لە باکوری گوندەکەوە دەستپێدەکات، هەتا شاخی (ملەقۆنەرە) و درێژەکەی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر دەبێت. سەرجەمی بە بەرد دروستکراوە و دیوارێکە پانییەکەی لە نیو مەتر زیاترە و بەرزییەکەی لە هەندێک شوێندا دەگاتە مەتر و نیوێک. مێژووی دروستبوونی بۆ پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا شووراکە شوێنەواری ماوە و لە هەندێک شوێندا داڕماوە. لەناو خەڵکی ناوچەکە بە حەسارەکە ناودەبرێت.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دارە قوتەڵە

شوێنەواری گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە لای باکوری شاری هەڵەبجە لە نێوان گەڕەکەکانی (سەرا، شەهیدان، کارێزەکەی شەهیدان و لای باخچەی ڕۆشنا). داربەڕوو و دارگۆیژێک لەسەر بەرزاییی گۆڕستانەکەبووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. لەکاتی لێدانی جادە لە سەراوە بۆ گەڕەکی مامۆستایان چەندین ڕوفات دەرکەوتوون‌. لە ئێستادا بووەتە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانی دەوروبەری مزگەوتی شەهیدان و گەڕەکی شەهیدان.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دارەکونجە

گۆڕستانە، کەوتووەتە باشوری ڕۆهەڵاتی گوندی (تووەوشکێ)وە. کێلەکانی بەرزن و لەسەر شێوەی لەشی مرۆڤ داتاشراون. لەسەر کێلی گۆڕەکان نوسین بەزمانی عەرەبی هەڵکۆڵراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی یازدەی کۆچی.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەرەنەجات

کەوتووەتە سنوری گوندی بەڵخەی هەورامان. بە دیاریکراوی لە پشتەوەی ڕێگای سەرەکی و (٢٠٠م)ێک لە پشت کەبابخانەکانە. شوێنەواری گوندێکی کۆنە و پاشماوەکانی دیارن. لەژێر دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا بووە. خەڵکی لە هەر شوێنێکەوە لەترسی دەسەڵاتی عوسمانییەکان هەڵهاتبێت و گەیشتبێتە ئەم شوێنە، پێیوتراوە ڕزگار یان (نەجات)ت بووە. بۆیە پێیدەوترێت (دەرەنەجات). لەسەرەتای دروستبوونی گوندی (بەڵخە)ەوە، خەڵکی (دەرەنەجات) و (دێگە) هاتوون و لەوێ نیشتەجێبوون.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەرەو تەرتیبا

شوێنەواری گوند یان ئاوەدانییەکی دێرینە. مێژووەکەی بۆ پێش ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی چەمی (دزاوەر)ی نزیک شاردێی (تەوێڵە). شوێنەوار و پاشماوەی شارەکە وەک قەیسەری و ئاتەشگەی لێماوەتەوە. لە ئێستادا باخ و باخاتە، بەڵام بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە، مینێکی زۆری تێدایە. دەڵێن (دە) کەس لە دانیشتوانی (تەرتیبا) هاتونەتە خوارەوە بۆ شوێنی ئێستەی تەوێڵە و لەوێ نیشتەجێبوون. دانیشتوانی (تەرتیبا) پێیانوتوون (دە وێڵە). کە دواتر بووەتە (تەوێڵە) ئەمە تەنها یەکێک لە بیروبۆچونەکان.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەرەو کۆرێ

کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی باکور بۆ خۆرئاوا هەڵکەوتووە. (١٤٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی و گەچێنە و نارنجڵە، لە باشورەوە شوێنەواری گردی کۆسەو بەبەڵەی و لە باکورەوە ئەشکەوتی هەلاجان و چیای کەمەر خەپلە و لە خۆرهەڵاتەوە چیای شرام و سێخڕان و دۆڵی هەمزەی و لە خۆرئاواوە بانی هێڵە گەمە دەورەیانداوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەرەی خەنەک: خەندەق

کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ). لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە (دەرەی خەنەک)یشی پێدەوترێت. خەندەقێکی پان و قوڵە و لەشێوە چەمێکدا هەڵکەنراوە. قوڵیی و بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەتر دەبێت و لەهەندێک شوێنیشدا زیاترە. مرۆڤ ناتوانێت بەئاسانی لێیبپەڕێتەوە. دەوترێت لە دێریندا شاری خورماڵ لە هەموولایەکەوە بەئاو دەورەدراوە، لای بەری (باکوری)یەوە بە (ئاوی گەنجان) و ئاوی ئەو (مێرگە گەورەیە)ی لەپشت قەڵای (خورماڵ) واتە باکوری شارەکەوە هەبووە، لەبەری خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاواشیەوە بەهاوتەریبی (شوورا)پان و بەهێزەکەی (خەندەق)ێکیش هەبووە گەشتووەتەوە سەر ئاوی چەمی زەڵم. بۆ پاراستنی شارەکە لە هەر پەلامار و هێزێکی دەرەکی، خەندەقەکە لەکاتی مەترسیدا پڕ کراوە لە ئاو و ئاوی چەمی زەڵمی خراوەتە سەر بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت بەئاسانی لێیبپەڕێتەوە و نزیکی شووراکانی شارەکە بکەوێتەوە. ئەم خەندەقەش پردی لەسەر بووە بۆئەوەی هەر کات بیانەوێت و لەکاتی پێویست بپەڕنەوە بۆ دەرەوەی شار.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەرەی قەڵاگا

بریتیە لە دەرە (دۆڵیک) ی بچوک لە بەرزاییەک لێژ دەبێتەوە بۆ خوارەوە، چەند بەرزاییەکی سروشتی لەشیوەی تاوێرە بەرد یەک لەدوای یەک لە لاتەنیشتێکی دۆڵەکەدا هەن و لەشێوەی قەڵادان، لەسەرەوە بەرەو خوار لێژ بونەتەوە بەئاڕاستەی دۆڵەکە، دەکەونەناو سنوری جوگرافیی گوندی یاڵانپێی سەر بەشارۆچکەی (خورماڵ)ەوە، بە دووریی پێنج کیلۆمەتر ئەم شوێنەوارە لەخۆرئاوای گوندەکەدا هەڵکەوتووە. مێژووەکەی: ئەگەر چی لەبنەڕەتدا هەتا بە ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، لەبەشی باشوری دۆڵەکە بەئاڕاستەی خورماڵ پارچەی شوینەواری جۆراوجۆری تێدا دۆزرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوترێت گۆڕەکان لە یەک کەس زیاتریان تێدا بووە و گۆڕی تێدابووە ١٦ مردووی تێدا نێژراوە، ناوەوەی گۆڕەکان بە دیوار هەڵچنراوەتەوە تاکۆتاییی گۆڕەکە و بەردری گەورەیان بەسەرەوە بووە بۆ داپۆشینی دەرگای گۆڕەکان. ناوی (دەرەی قەڵاگا) لەوەوە سەرچاوەیگرتووە، کە پەیوەندی بەناوی (دەرە دزان: دەرە دژان)ەوە هەیە، کە بە دووریی ٥٠٠، لەخواروی خودی دەرەی قەڵاگاوە هەیە، وەک ئەوەی، کە وشەی (دژان: دزان) بەواتای (قەڵا)کان دێت، لەمەوە دەتوانێن بڵین (دەرەی قەڵاگا لەدەرە دزان)ەوە هاتووە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دەشتی ڕەقە

بریتییە لەدەشتێکی پان و بەرین و ئاوەڵا، کە پانتاییەکی فراوانی هەیە و نزیکەی ١٠٠ دۆنم زەوی دەبێت، دەشتێکی دێمییە و بۆ چاندنی کشتوکاڵی زستانەی دێمەکار (وەک گەنم و جۆ و نۆک و نیسک و پاقلە) بەکاردەهێنرێت، واتە ئەو بەروبومانەی، کە لەوەرزی زستاندا دەچێندرێن و لەوەرزی بەهاراندا بەئاوی باراناو تێر ئاو دەبن و پێدەگەن. ناوی ڕەقە هەرلەوەوە سەرچاوەیگرتووە، کە شوێنکی ڕەق و بەردەڵانە و کەم_ئاو و وشکە، ناوی ڕەقەی شێرە مەڕ بریتییە لەو شوێنە وشک و بەردەڵان و کەم_ئاوەی، کە لە گوندی شیرەمەڕەوە نزیکە. شوێنی جوگرافیی ڕەقە (ڕەقەی شیرەمەڕ) ئەم دەشتە، کە بە ڕەقە ناوی دەرکردووە، لەبەشی باکوریەوە گوندەکانی (هانەی قوڵ و یاڵانپێ و بانی شار)ەو لەخۆرهەڵاتیەوە شارۆچکەی (خورماڵ) لەبەشی خۆرئاوایشەوەگوندی (شیرەمەڕ) و لەبەشی باشوریشیەوەگوندی (تەکیە) هەڵکەوتووە. لەناو دڵی ئەو دەشتەدا و لەناو خاک و خۆڵەکەیدا دەیان و سەدان و بگرە هەزارانیش پارچەی شوێنەواری بوونیان هەیە. هەتا ئێستا پشکنینێکی زانستی بۆ ئەنجامنەدراوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دۆڵى کەڕەجاڵ

کەوتووەتە کۆتايى دەربەندى زەڵم و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باکورى گوندى (زەڵم)ـەوە دوورە. درێژییەکەی نزيکەى کیلۆمەترێکە. بەرزییەکەی نزيکە لە ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠م لە ئاستى ڕووى دەرياوە دەبێت. لە بەهار و هاويندا بەهۆى بوونی کانييەکانى و توانەوەى بەفرى شاخەکانەوە وەک مێرگێکى لێدێت و دەبێت بە شوێنی سەیرانکەران‌. بوونی قەڵاى بەرەگاخوگان و چەند ئەشکەوتێک ئەوە دەسەلمێنن، کە سەردەمانێک مرۆڤی لێ ژیاوە. لای يارسانەکان بە شوێنێکى پيرۆز دانراوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

دێکۆنی جەلیلە

کەوتووەتە دیوی پشتەوەی گوندی (جەلیلە). لە نێو دۆڵێکی تەنگی چیای شنروێدایە. دێیەکی زۆر کۆن و بەناوبانگ بووە. قەڵا و شووراکەی ماوە. کانییەکی تێدایە. مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. مردوویان لەناو گۆزەدا ناشتووە. لە ئێستادا لەبەردەم کانیەکە کۆمەڵێکک باخ و باخاتی تێدایە. کوپەی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە. خەڵوزی تیابووە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

زەڕیندۆڵ

شوێنەواری گوندێکە. کەوتووەتە دۆڵێکی نێوان گوندەکانی (بەڵخە) و (خەرپانی). لە ئێستادا شوێنەواری ماڵەکانی نەماوە، بەڵام گۆڕرستانەکەی ماوە. وەک زەوی موڵکی بەڵخەییەکانە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

زيندانی ئەورامن

ئەسکەندەری مەکدۆنی لە دەوروبەری زاخۆ دروستیکردووە. پاش ئەوەی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و دەیسوتێنێت و زەردەشتیەکان لە ناودەبات؛ هەرچی دەمێنێتەوە بەرەو هەورامان هەڵدێن و وەک پەناگەیەک لەوێ بەرگری سەخت دەکەن. هەورامییەکان لە شاخەکانەوە بەردی گەورە تل دەکەنەوە و زیان لە سوپاکەی ئەسکەندەر و هێلێنییەکان دەدەن. بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە نەیانتوانی هەورامان بگرن. لەبەرئەوە ئەو بەندیخانە بۆ ئەو هەورامییانەی دەکەونە بەردەستی، دروستدەکات. ئەوی خرابێتە ئەو زیندانەوە بەربوونی نەبووە. فردەوسی ئاماژەی پێکردووە: سکندر بە هرکس غزب در گشود.. اشارە بە زندان اورامن نمود). ئەم ڕووداوە چوەتە نێو ئیدیۆم و پەندی ناوچەی هەورامانەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

زيندانی تۆپزاوا

سەربازگەیەکی عێراقییە. بە نەخشەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران، لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک، ڕژێمی بەعس دوای نسکۆ زەوییەکانی لە گوندنشینە کوردەکان سەندوەتەوە خستوویەتیە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقی و دوای دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران بڕیاری دروستکردنی داوە و ساڵی ١٩٨٢ تەواوبووە. ٦٠کم لە خۆراوای شاری کەرکوکەوە دوورە. لەسەر ڕێگەی کەرکوک - حەویجەدایە. دوو دەرگای گەورە و چوونەژوور و هاتنەدەری هەیە. بە سایدی قیرتاوکراو و شۆستەوە، لە چەند هۆڵێکی گەورە و چەندین هۆڵی بچووک پێکهاتووە. ژوور و ئۆفیسی ئیداری و چێشتخانە و شوێنی مانەوەی فەرماندە سەربازییەکانی و مەیدانی مەشقی هەیە. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال، دەستبەسەر و گیراوەکانی بۆ سەرژمێری و دیاریکردنی چارەنوسیان و جیاکرنەوەی کچی گەنج و ژن و پیر و منداڵ تێداکۆدەکرایەوە. چەندین خێزانی هەڵەبجەیی دوای لێکۆڵینەوەیان لە بەڕێوەبەرێتیی ئەمنی سلێمانی، ڕەوانەی ئێرە کراون و لێرەوە گواستراونەتەوە بۆ بیابانی سەماوە بۆ زیندەبەچاڵکردن و هەندێکیشیان بۆ نوگرەسەلمان و چارەنوسی هەندێکیان هێشتا نادیارە. لە بیرەوەریی هەڵەبجەییەکاندا شوێنی گرتووە و چەندین شایەتحاڵ باسیان لەم زیدانە کردووە و بە دەروازەی دۆزەخ ناویانبردووە. ڕزگاربوانی ئەنفال و چالاکوانان و نوسەرانی جینۆساید داواد دەکەن بکرێتە مۆنۆمێنێت.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

زیندانی زوحاک

بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی (نەوێ). بە ناوی (زوحاک)ی پاشای گەورەی مادەوە ناونراوە. بۆ سەردەمی ئیمپرتۆریەتی میدیا (٧٠٠-٥٥٠پ. ز) دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی (ئەژدەهاک یان زوحاک) پادشای مادەکان ساڵی ٥٥٩ پ. ز پایتەختی دەوڵەتەکەیان لە (ئەکبەتان)ـەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە و شارێکی نوێ لە بناری شاخی (سورێن)ـدا دروستدەکات و دەیکاتە پایەختی نوێی ئیمپراتۆریەتەکەی و بەناوی کوڕەکەیەوە ناوی دەنێت (زوور). ڕووبەری شارەکە بەجۆرێک گەورە و فراوان بووە، کە لە (نەوێ)وە گەیشتووەتە (گوڵعەنبەر) و خورماڵی ئێستا. بوونی قەڵای زوحاک و زیندانی زوحاک لە گوندەکەدا، سەلمێنەری ئەوەن ئەم شوێنە مێژوویەکی دێرینی هەیە. تایبەتمەندیی بیناسازیی ماددەکانی هەیە و بریتییە لە تاوێرە بەردێکی گەورە، کە ناوەکەی هەڵکۆڵراوە، لە لایەکیەوە لەئاستی زەوییەکەدایە و لەلاکەی تریەوە (واتە لەلای دەرگاکەیەوە) بەرزەترە، ئەگەر لە دیوی سەرەوەی سەرنج بدەین لاکێشەییە و نزیکەی سێ مەتر پانی و شەش مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزییەکەیەتی. سەرەتا بۆچوونە ناو شوێنەکە، دەرگای سەرەکی دەبینرێت، کە شێوەیەکی ئەندازەیی هەیە و پێوانەکەی (٦٠سم) پانی و (١١٠سم) بەرزییەکەیەتی. لە تەنیشت دەرگاکەیدا شکانێک هەیە نوێیە و پەیوەندی بەکاتی دروستکردنی شوێنەوارەکەوە نییە، کە تاڕادەیەک شێوازە ئەندازەییەکەی دەرگاکەی شێواندووە. دەرگاکەی بەشێوەیەک داتاشراوە، کە بەئاسانی هەست بەوەدەکرێت، بەردێکی تری داتاشراو هەبووبێت بۆ داخستنی دەرگای شوێنەکە. بەشی ناوەوەی بریتییە لە ژورێکی هەڵکۆڵراوی شێوە چوارگۆشە بەپێوانەی دوو مەتر پانی و دوو مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزی)، بەشێوەیەکی ڕێک و هونەری داتاشراوە، لەبەرزاییی لاکانیدا لەشێوەی تاقی چوارگۆشەدا بە پێوانەی (٥٠سم) پانی و (٥٠سم) درێژی و (٥٠سم) بەرزیی، هەڵکۆڵینێکی ئەندازەیی بەرچاودەکەوێت، کە دەشێت بۆ دانانی ئاگر بەکارهاتبێت. بەشی خوارەوەی شوێنەوارەکە، بە قەبارەی چەند کەسێک لەسەری دابنیشن، لەشێوەی کورسیی دانیشتندا ڕێکخراوە و داتاشراوە. هەموو ئەمانەش پێکەوە دەرخەری ئەوەن ئەم شوێنە لەشوێنێکی ئاینی و پەرستش دەچێت، کە پیر و موغەکانی زەردەشتی تێیدا مابێتنەوە و پەرستشیان ئەنجامدابێت، هەرچەندە لەدێر زەمانەوە خۆی بە (زیندانی زوحاک) ناوی هێنراوە، بەڵام ئەوەندەی لە شوێنیکی ئاینییەوە نزیکە، کەمتر لە زیندان دەچێت. تائێستا هچ کنەوپشکنینی زانستی بۆ ئەم شوێنەوارە ئەنجامنەدراوە و زۆر پیسکراوە و شێوێنراوە و بەشەکانی ڕووی سەرەوە و لاتەنیشتی دەرگاکانی شکێنراوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت.

زیاتر بزانە
شوێنەوار
پێشتر 1 2 3
...
10 دواتر