بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
پیرەمێردی شاعیر، کە ناوی (حاجی تۆفیق بەگی کوڕی مەحموود بەگی کوڕی هەمزائاغای مەسرەف)ـە. ساڵی ١٨٦٧ لەدایکبووە و ١٩٥٠ کۆچیدواییکردووه. ڕۆژی ٢١ی ئابی ساڵی ١٩٤١ سەردانی شارۆچکەی خورماڵی کردووە و چووەتە مزگەوتی گەورەی خورماڵ و بە هۆنراوەیەک ڕەخنەی لە شێخەکان گرتووه، کە خزمەتی مزگەوتەکە ناکەن و وتوویەتی: چوومه مزگەوتی خورماڵ بە گریان ئاخ ڕۆژی ڕەش و وێران و عوریان...
لەسەر بانگهێشتی هونەردۆست و دەنگخۆشی هەڵەبجە (وەستا فازیلی خەیات ١٩٢٠-١٩٩٩)، لە پایزی ١٩٦٧ و لە چوارەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، هاوڕێ لەگەڵ هونەرمەند (مەحموودی تۆفیق شیلک) و میوزیسیانان (شەوکەت ڕەشید، سەلاح ڕەشید)، لە ماڵی وەستا فازیل لە گەڕەکی جولەکانی شارەکە، ئاهەنگێکی گۆڕانی و موزیک بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی سازکراوە و کاسێتی ئەو گۆڕانیانە لای موزیسیان (ئازاد ساڵح) پارێزراوە. خەڵکی لە سەربانەکانەوە گوێیان لە گۆڕانییەکان گرتووە و بۆ نەمری هێشتنەوەی شەوە ئاهەنگەکە و یادی زیرەک، پەیکەرێکی لە حەوشەی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە بۆ دروستکراوە.
ڕۆژی ٧ی ٧ی ١٩٩٢ دانیال میترانی خانمی یەکەمی فەڕەنسا و میسیۆ بێرنارد کۆشنێری وەزیری ڕۆشنبیریی و پەیوەندییەکانی فەڕەنسا، بەمەبەستی بینینی هەڵەبجە و ئاستی ئەو تاوانکارییانەی ڕژێمی بەعس دژ بە شارەکە ئەنجامیداوه، سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە و لەلایەن ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی حیزبی و حکومی پێشوازییانلێکراوە. لە وتارێکدا ئەندازیار ئیسماعیل حاجی ئەحمەد غوڵامی وەک نوێنەری ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە، باسی لە تاوانی کیمیابانی هەڵەبجەی بۆ کردوون. دواتر چاویان بە ژمارەیەک لە بریندارانی تاوانەکە کەوتووه و سەردانی ژمارەیەک لە گەڕەک و کۆڵانەکانی هەڵەبجەیان کردووە.
لە پاش ڕزگارکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ژمارەیەک له سەرۆک کۆمارەکانی عێراق سەردانی شاری هەڵەبجەیان کردووە. لە گۆڕینی پاشایەتی ١٩٥٨ هەتا ٢٠٠٣ هیچ سەرۆکێکی عێراق سەردانی شارەکەی نەکردووە. ١- غازی عەجیل یاوەر: لە ٢١ی ٧ی ٢٠٠٤ سەردانی شارەکەی کردووە. ٢- جەلال تاڵەبانی: لە ماوەی (٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٤) سێ جار سەردانی شارەکەی کردووە. ٣- فوئاد مەعسووم: لە مانگی ٣ی ٢٠١٥ سەردانی شارەکەی کردووە. ٤- بەرهەم ئەحمەد ساڵح: لە ٢٨ی ١٠ی ٢٠١٨ سەردانی شارەکەی کردووە. ٥- لەتیف جەمال ڕەشید: لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٣ سەردانی شارەکەی کردووە.
گۆڕانیبێژ (سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی) خەڵکی خۆرهەڵاتی کوردستانە. ساڵی ١٩٣١ سەردانی شاری هەڵەبجەی کردووە. لەو کاتانەدا گروپێکی ٢٠ هەتا ٣٠ کەسی لە هونەردۆست و دەنگخۆش لە شارەکەدا هەبوون، لەوانە ((عەلی عەبدوڵا)ی باوکی ع. ع. شەونم، حسەین عەزیز، حەسەن حەمەمراد، حەسەنی تاقەسوار، مێردمنداڵانی وەک حەمەساڵح حاجی سەعید، فازیلی وەستا سادق). وەک نەریت هەر شەوەی لە ماڵی یەکێکیاندا لەگەڵ میوانانیان بۆ نانخواردن کۆبوونەتەوە و بەزمیان گێڕاوە. بۆ یەکەمجار سەید ئەسغەریش بەشداری لەگەڵدا کردوون.
لە تەمموزی ١٩٥٦، مەلیک فەیسەڵ کوڕی مەلیک غازی، پاشای عێراق بەسەردانێک گەیشتووەتە ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە. لە سەرچاوەی ئاوی کانیە قوڵکە لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (سیروان - هەڵەبجە) لایداوە، جەماوەرێکی زۆر پێشوازییانلێکردووە و ئاژەڵیان لەبەر پێیدا سەربڕیوە. لەو کاتەدا لیوای ٢٠ی سوپای مەلەکی لە کێلەسپی و جانجاندا بووە، هەربۆیە ئامادەکاریی بۆ مەشقی سەربازیی و کۆبوونەوە و ئاهەنگگێڕانی جەماوەریی کراوە. ئەم سەردانە هۆکار بووە بۆ گۆڕینی پلەی کارگێڕیی هەردوو گوندەکە بۆ (ناحیە)، هاوکات حکومەتی مەلەکیی عێراق دەیان فەرمانگەی میریی لە شارۆچکەی سیرواندا کردووەتەوە، بەتایبەتی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی.
شێخ مەحموودی حەفید ساڵانی ١٩٢٥ هەتا ١٩٢٧ لە شاخی (سورێن) و سنورەکە ماوەتەوه. ساڵی ١٩٢٦ شێخ مەحموود و چەکدارەکانی بە مەستی بینینی (مەحمودخانی دزڵی) سەردانی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی کردووە. ئەوکات گوندەکە لە سنوری دەسەڵاتی مەحمودخانی دزڵیدا بووە. شێخ لەماڵی ڕیشسپیی گوند (حاجی حەمەزەمان بەگ) نانی خواردووە و چەکدارەکان دابەشبوون بەسەر ماڵەکانی تری گوندەکەدا. ئەم سەردانە لە دەماودەمی خەڵکەکەدا وەک میژوو باس کراوە و لەلایان بە ساڵی سەردانەکەی شێخ مەحموو بەناوبانگە.
ساڵی ١٩١٩ شێخ مەحموودی حەفید سەردانی گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانی کردووە و لەگەڵ (سالار مستەفا بەگی جافرسان)ی حاکمی بەڵخە و دەگاشێخان و خەرپانی کۆبووەتەوە. سالار و شۆڕشگێڕەکانی هەڵەبجە و هەورامان پشتیوانی شێخیان کردووە و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ بەستوون و بەشداری شەڕی ئەشکەوڵیان کردووه. بەم هۆیەوە ئینگلیزەکان بۆردومانی گوندی بەڵخەی هەورامانیان کردووە.
مەلیک فەیسەڵی دوووەم، کە بە (مەلیکە بچکۆل) ناسراوه و ساڵی ١٩٣٩ بۆ ١٩٥٨ مەلیکی عێراق بووە، ڕۆژی ٢٦ی ٩ی ١٩٥٦ سەردانی قەزای هەڵەبجەی کردووە و لەلایەن کاربەدەستان و بەگزادەکانی جاف و سانەکانی هەورامان و شێخانی نەقشبەندی و سەرۆک عەشیرەت و ژمارەیەک لە خەڵکی شارەکەوە پێشوازیلێکراوە. یەکەم سەردان و کۆتا سەردانی بووە بۆ شوێنەکە. له بیرەوریی دانیشتوانی هەڵەبجەدا وەک ڕۆژێکی تایبەت ماوەتەوە. گرنگترین خاڵی سەرکەوتنی ئەم سەردانە بۆ ناوچەکە بڕیاردانی مەلیک بووه. کە هەردوو گوندی (جانجان) و (کێلەسپی) بکرێتە (ناحیە)یەک و بەناوی (دوجەیل) لەیەک بدرێن، کە دواتر بوو بە (سیروان)ی ئێستا.
مەلیک فەیسەڵی یەکەم ١٩٢١ هەتا ١٩٣٣ مەلیکی عێراق بووە. لە هاوینی ساڵی ١٩٣٣ وەک دووەمین سەردانی بۆ سنوری هەڵەبجه و یەکەمین سەردانی بۆ شارۆچکەی خورماڵ، بەمەبەستی سەردانی (شێخ حیسامەدینی نەقشبەندی)، سەردانیکردووە. لەناو بازاڕی خورماڵەوە به گەڵاو گوڵی ژاڵە تاقێکیان بۆ ڕازاندووەتەوە و چرای لۆکسیان پێوە هەڵواسیوە. شێخ حیسامەدین، لە دەرگای حەوشەی ماڵەکەی، کە لە هەمان کاتدا مزگەوتیش بووە، چاوەڕوانیکردووە.
مەلیک فەیسەڵی یەکەم ١٩٢١ هەتا ١٩٣٣ مەلیکی عێراق بووە. ڕۆژی ١٢ی ٦ی ١٩٣١ سەردانی شاری هەڵەبجەی کردووه. له لایەن کاربەدەستان و بەگزادەکانی جاف و سانەکانی هەورامان و شێخانی نەقشبەندی و ژمارەیەک لە خەڵکی شار، پێشوازی لێ کراوە. مەلیک سەردانی قوتابخانەی کوڕانی هەڵەبجەی کردووە و بۆ شەوەکەی لە ماڵی حامیدبەگی جـاف مـاوەتەوە ئەوکـات قـایمقامـی قـەزاکە بووە.
ساڵی ١٨٨٨ میر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانی (فەریق نامیق پاشا) لەلایەن سوڵتانی عوسمانی بەمەبەستی تاپۆکردنی زەوییەکانی دەشتی شارەزوور و ئەو ڕاپۆرتانەش، کە دژی مەحموود پاشای جاف نێررابوون بۆ ئەستانە، ڕاسپێرراوە سەردانی هەڵەبجە بکات. مەحموود پاشای جافی کەسی یەکەمی عەشیرەتی جاف و قایمقامی قەزای هەڵەبجەی بینیوه و دواتر چووە بۆ لای وەسمان پاشای جاف و عادیلەخانم. کە هەواریان لەزەڵم بووە.
وەسی عەبدولئیللا، ناوی (عەبدولئیلا کوڕی شەریف عەلی کوڕی شەریف حسێنی مەککە)یە. ساڵی ١٩١٣ لە وڵاتی حیجاز لەدایکبووە. لەگەڵ باوکیدا هاتووەتە عێراق و سەرەتای خوێندنی لە شاری قودس بووە. کۆلێژی ڤکتۆریای لە ئەسکەندەریە تەواوکردووە. ڕێپێدراوی عێراق بووە لە بەرلین. دوای مردنی مەلیک غازی و دیاریکردنی مەلیکە بچکۆل ١٩٣٩، بووە بە سەرپەرشتیاری مەلیک. ڕۆژی ٢٦ی ٩ی ١٩٥٦ سەردانی هەڵەبجە و شارەدێی تەوێڵەی کردووە. لە تەوێڵە لە سەرەڕێگەی هاتنەناوەوەی، شارەدێیەکەی بە ڕاخستنی فەرش و مەوج بۆ ڕازێنراوەتەوە و بۆ شەوەکەشی لە ماڵی (محەممەدی سان ئەحمەد) ناسراو بە (ڕەئیس)، کە سەرۆکی شارەوانی تەوێڵە بووە، ماوەتەوە. ناوبراو بەڵێنی دابینکردنی کارەبا و پڕۆژەی ئاو و دروستکردنی ڕێگای (تەوێڵە ـ بیاره)ی داوە.
لە پاش گەڕانەوەی شێخ مەحموودی حەفید لە هیندستان و دیاریکردنی وەک مەلیکی کوردستان و پێکهینانی کابینەی حکومەتەکەی، وەفدێک لە بەگزادەکانی و سەرۆک عەشیرەت و پیاوماقوڵان بەمەبەستی پیرۆزبایی سەردانیدەکەن. هەواڵەکە لە ڕۆژنامەی بانگی کوردستاندا بەم جۆرە بڵاودەبێتەوه: (... بۆ پیرۆزبایی لە شێخ مەحموود، کە پێکدێن له بەگزادەی وەڵەدبەگی جاف جەنابی ئەحمەد بەگی ڕیشێن و محەممەد عەلی بەگ و محەممەد بەگی حەسەن بەگ و حەسەن بەگ و ڕۆستەم بەگ کوڕانی مەڕحووم یار ئەحمەد بەگ لەگەڵ جەنابی شێخ حیسامەدین نەقشبەندی شێخ محەممەد نەقشبەندی کوڕی بۆ زیارەتی حەزرەتی حکومدار تەشریفیان هاتۆته سلێمانی بەخێرهاتن، هەروەها لە حەزرەتانی موحتەرامانی بەگزادەی جاف: جەنابی عەلی بەگی مەحموود پاشا، جەنابی کەریم بەگی فەتاح بەگ، جەنابی حسێن بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حامیدبەگ، جەنابی ئەحمەد موختاربەگی وەسمان پاشا، جەنابی ئەحمەد بەگی مەحموودپاشا، جەنابی حسێن بەگی حەسەن بەگ، جەنابی ئەحمەد بەگی حەمەساڵح بەگی جاف، جەنابی داود بەگی حەمەسەعید بەگی جاف، جەنابی محەممەد بەگی فەتاح بەگ، جەنابی شەهاب سەڵتەنە عوسمان بەگی شەرەف بەیانی، ڕۆژی دوو شەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢ تەشریفیان هاتووە بۆ سلێمانی بۆ زیارەتی حوکمداری کوردستان، لە سەرۆک عەشیرەتەکانیش: لە عەشیرەتی "شاتری" محەممەد ئیبراهیم و ئەحمەد مەحموود، حەمەتالیب سڵێمان عەلی، لە عەشیرەتی "ڕۆخزایی" ساڵحی کاکەخان و ڕۆستەمی حەمەی مەحموود و حەمەڕەشید باباجان، فەتاح کامەران خەسرەو و حەمەعەلی مەحموود، لەعەشیرەتی "تەرخانی" حەمەحەسەن حەمەشاسوار ڕۆبتەن سەلیم ئەحمەد، لە عەشیرەتی "هاروونی" عەلی محەممەد ئەمین و عەبدلکەریم حاجی عەبدلحەمید محەممەد ئەمین، لە عەشیرەتی "سەدانی" خەسرەو مستەفا و ئەحمەد هەڵەبجەی، لە عەشیرەتی "نەورۆڵی" عەلی عەزیز، لە عەشیرەتی "میکایەڵی" ڕۆستەم حەسەن حاجی قادر و عەزیز حەمە گوردون و میرزای حاجی حسەین و حسەینی ئەحمەد شاسوار و حەمەی فەتاحی سمایل و حاجی کاکەوەیس هاتون بۆ سلێمانی).
مەبەست ڕەشبگیری تورکە عوسمانییەکانه، کە لە دوای ١٨٥٠وە بە فەرمانی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم لەو ناوچانەی کراوە، کە داگیریانکردوون. لەنێوان ساڵی ١٨٥٣-١٨٥٦ بەزۆر خەڵکی پەلکێشی سوپا کردووە. هەتا لە جەنگی یەکەمی جیهانی ١٩١٤ هەڵمەتەکە گەیشتووەتە کوردستان و کوردیان ناردووە بۆ شەڕی بەڵقان و بولغار و کروات، هەروەها لە جەنگەکانیان لەگەڵ ڕووس و ئینگلیز و فەڕەنسادا بەشدارییانپێکراوە. لە شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامانەوە زۆر هاوڵاتییان بردووە و نەگەڕاونەتەوە.
سەگی ڕەش و دڕی بیابان و زیندانی نوگرەسەلمانە و بە تایبەت سەگەڕەشی عەجاج ناسراوە. لە پاڵ سەگە سوور و سەگە بۆر و کۆمەڵێک سەگی تری ڕەشدا، لە ئەنجامی خواردنی گۆشتی ئەنفالکراوانی کورد و ئەو تەرمانەی دوای مردنیان، کە دەرخواردی ئەم سەگانەدەدران، هاربووبوون. چیرۆکی ترسناک و بیرەوەری تاڵیان لە بیری ڕزگاربواندا بەجێهێشتووە. لە گێڕانەوەی شایەتحاڵەکانەوە وەک هۆکارێکی ترس و تۆقاندن و سوکایەتی بە بوونی مرۆڤ، باس لەم سەگانە کراوە. لەچەندین سەرچاوە و کتێبدا باسيان لە گەڵ یاداشتی زیندانی نوگرە و ناوی حەجاجدا هاتووە.
ساڵی ١٩٦٣ بە بڕیاری (زەعیم سدیق مستەفا) دەست بە بۆردومانی چڕی شارۆچکەکە کراوە و بەجۆرێک، کە تەنها خانوی (حسەینی مەحموود) لە گەڕەکی جانجان بە نەڕووخاوی ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور) گوندی (ئاوایی حەمەی مرواری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و تەواوی خانوەکانی گوندەکە سوتاون و دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی خورماڵ و گوندی تازەدێ بوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی سوپای عێراق بە سەرپەرشتی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، چەند گوندێک سوتاون. لەوانە گوندی بەشارەتی سەرووی سەر به ناحیەی (خورماڵ). جگە لەوەی پێنج خانوی گوندەکە سوتاوە و زيانى زۆر بەر کشتوکاڵ و زەویوزارى خەڵکى گوندەکە گەشتووە، دانیشتوانەکەشی چەند ڕۆژێک ئاوارەی چەمی شەشک بوون.
ساڵی ١٩٨٥ بەهۆی بوونی شەڕێکی نێوان هێزی پێشمەرگە و حکومەت لە نێوان گوندەکانی (گێلەک و گردی قازی)دا، کە بووە هۆی کوشتنی دوو سەربازى حکومەت، کاریگەریی شەڕەکە گواسترایەوە بۆ گوندی (تەپەڕێزینه)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) و لە ناو گوندەکە شەڕ ڕوویداوە، هەندێک لە خەڵکی گوندەکە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە. موختاری گوندی تەپەڕێزیینە بەناوی حاجی (عەبدلکەریم سەلیم ڕەزا) لەو شەڕەدا شەهیدبووە و دە خانو سوتاون و زیان بەر دانشتوانەکەی کەوتووە.