بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
ئاشتبوونەوەی هەردوو دەسەڵاتداری ناوچەی هەورامانە. ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم بەگی حەمەسەعید، کە سان حاکمی: هانەگەرمڵە، کەیمنە، بیارە، نارنجڵە، گوڵپ، سەرگەت، گەچێنە، باخەکۆن، بنجۆی دڕە، هانەیدن، دەرەیمەڕ بووە، لەگەڵ مستەفا بەگی جافرسانی حەمەسەعید سان و حاکمی: دەگاشێخان، بەڵخە، خەرپانی، دەرەقەیسەربووە. لەسەر کێشەی موڵک و دەسەڵات، ناکۆکی کەوتووەتە نێوانیان و ئەو ناکۆکییە لە ڕێگەی پیاوەکانیانەوە دژی یەکتری جوڵاونەتەوە. بە فەرمانی جافر سان هەردوو سالار لە شارەدێی (تەوێڵە) لە ماڵی (قادر بەگ) کۆبوونەتەوە و ئاشتبوونەتەوە، بەڵام، کە جافرسان دەزانێت ئاشتبوونەوەکەیان ڕواڵەتییە و لەناو خەڵکدا بڵاوە، کە بەرانبەر یەکتری قین لەدڵن، خۆی هاتووەتە بیارە و هەردوو سانی کۆکردووەتەوە و ئاشتەوایی بنبڕی پێکهێناوە.
ساڵی ١٩٧٤ لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکومەتی عێراق، دانیشتوانی گوندی (قەدەفەری)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەترسی هێرشی فڕۆکەکانی حکومەت ئاوارەبوون. هەندێک دانیشتوانی گوندەکە ڕۆشتوونەتە ئۆردوگای (سەریاس)ی نزیک شارۆچکەی پاوە لە خۆرهەڵاتی کوردستان. هەندێکی تریشیان چوونەتە گوندەکانی دەوربەرى قەدەفەرى.
بەهۆی شەڕی نێوان (یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی) ساڵی ١٩٩٧دا، گوندی (گوڵەخانە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) هێرشیکراوەتە سەر و دانیشتوانەکەی ئاوارەی سەیدسادق و قەزای شارەزوور بوون، بۆ ماوەی چەند مانگێک نەگەڕاونەتەوە.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ سەر ناوچەکانی (شارەزوور و هەڵەبجە)، گوندی (گۆمەلار)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)یش لەو هێرشەدا زیانى بەرکەوتووە و هێرشکراوەتە سەر گوندەکە و بەو هۆیەوە خەڵکى ئەم گوندە ئاوارەی گوندەکانی هەورامان بوون و بۆ ماوەی چەند مانگێک ماونەتەوە، هەندێک لە خانوەکانیان تێکدراوە و کشتوکأڵ و مەڕوماڵاتیان زیانى بەرکەوتووە.
یەکەم خۆپیشاندانی کوردانە لە چلەی مەرگەساتی هەڵەبجە لە گۆڕەپانی سووری یەکێتی سۆڤیەتی جاراندا کراوە. ڕێکخەرانی بریتیبوون لە (مەهدی ئومێد، د. سەیوان فەرەج، د. ڕەشد میران..).. ئەم خۆپیشاندانە کاردانەوەی لەبەرچاوی بووە و بێدەنگیی مۆسکۆ دەشکێت و شیڤەرنادزەی وەزیری دەرەوەی سۆڤیەتی هێناوەتە دەنگ. دواتریش بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران دەستگیرکراون و لەو وڵاتە دوورخراونەتەوە.
هاتنی سکرتێر و کەسی یەکەمی حزبی شیوعی عێراق (یوسف سلیمان یوسف)ـە بۆ هەڵەبجە و خۆ_ونکردنی لەژێر ناوی خوازراودا. وەک دەوترێت لەوێ شیرینیی لوقمەقازی فرۆشتووە. یەکەم کەسی جولەکەی شارەکە ناوی (بابلی یۆن توب) بووە، کە دواتر بە ناوی (تۆفیقی میران) ناسراوە، پەیوەندی پێوە کردووە.
ڕووداوێکی مێژووییە و لە هەورامان ڕوویداوە. تەقەکردن بووە لە ١٠ پیاوی تەوێڵەیی لە ڕۆژی جەژنی ساڵی ١٩١٥. کاتێک عەبدوڵا ئاغا و ١٥ پیاوی تەوێڵەیی بۆ جەژنە پیرۆزە لە شێخ نەجمەدین چوونەتە بیارە و لە گەڕانەوەیاندا عەبدوڵا ئاغا و پێنج لە پیاوەکان بۆ پرسەیەک لادەدەنە دەگاشێخان، ١٠ لە پیاوەکانی تر لە گەڕانەوەیان بۆ تەوێڵە و لە (بانی وات واتا) تەقەیانلێدەکرێت و نۆیان دەکوژرێن. بۆ دامرکانەوەی ئەو پشێوییە، تەوێڵەییەکان بەڕاوێژی شێخ حسامەدین داوا لە جافرسان دەکەن قادربەگی کوڕی بۆ حاکمی تەوێڵە بنێرێت.
گوندی شیرەمەڕی سەر به شارۆچکەی خورماڵ چەند مانگێک پێش شۆڕشی ١٤ تەمموزی ساڵی ١٩٥٨ و لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵی دووەم (مەلیکە بچکۆل)دا ڕاگوێزراوە. بەهۆی ئەوەی موڵکەکانی گوندی شیرەمەڕ تاپۆی حامیدبەگی جاف بووە و موڵکانەی لەسەر وەرگرتووە، دانیشتوانی گوندەکە نەیانتوانی لەوە زیاتر بەرگەبگرن، ڕوویان کردووەتە ناوچەی بازیان و لە گوندی هاڵەی سەرچاوە، کە موڵکی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی حەفید بووه، گیرساونەتەوە. هەڵبژاردنی ئەو شوێنە بەهۆی ئەوەوە بووه، که یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە بەناوی (عەبدوڵا سادق) لە ساڵی ١٩٢٦ لە شۆڕشی شێخ مەحموودا شەهیدبووە و لەبەر خاتری ئەوە، شێخ لەتیفی شێخ مەحموودی حەفید ئەو گوندەی پێشکەشکردوون. دانیشتوانی گوندی شیرەمەڕ، کە ئەوکات نزیکەی ٥٠ ماڵ بوون، بۆ ماوەی شەش مانگ ماونەتەوە و دەستیانکردووە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری. کاتێک، کە شۆڕشی چواردەی تەمموز ڕوویداوە، لەخۆشیدا و به وتنی هۆرەی جافییەوه گەڕاونەتەوە گوندی شیرەمەڕ.
لە جەنگی وڵاتە عەرەبییەکان و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ ژمارەیەک لە خەڵکانی هەڵەبجەیی ڕۆیشتوون و وەک سەرباز بەشداریان لەو جەنگەدا کردووە و پاڵپشتی بۆ سوپای فەلەستین بوون. دوو سەربازی هەڵەبجەیی لە ڕیزەکانی سوپای عێراق لە فەلەستین شەهیدبوون. یەکەمیان ناوی (ئەحمەد مەحموود)ـە، کە سەربازی (مـتطوع) بووە لە سوپای عێراق و لە ٦ی ٦ی ١٩٤٨ شەهیدبووە. دووەمیش ناوی (ئەحمد حەمد موراد)ـە، پلەکەی سەربازە، بەرواری شەهیدبوونەکەشی بە ١١ی ١١ی ١٩٤٨ تۆمارکراوە. لەم جەنگەدا ١٩ هەزار سەربازی عێراقی بەشداربوون و فەرماندەی دیاریان ئەفسەرێک بووە بەناوی (عومەر عەلی) و ٢٠٠ کەسیان گیانیانسپاردووە.
بانە گەورە ناوی گەڕەکێکە لە بەشی سەرەوەی شارەدێلی (تەوێڵە). لە ئەنجامی هاتنی جافرسان و تەسلیمبوونی بە عێراق و مانەوەی بەشێک لە چەکدارە نۆدشەییەکانی لە تەوێڵەدا، کە شەوانە دەچوونە ناو خاکی ئێران و پەلاماری سەربازانی ئێرانیان دەدا، چەند جارێک فڕۆکەی ئێرانی هاتووەتە سەر تەوێڵە. لە ساڵی ١٩٣١ بۆردومانی ماڵەکانی بانەگەورە لە گەڕەکی مالێدەر دەکات و دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی (کەریم نۆدشەیی و عەینا ئەبوبەکر) شەهیددەبن و نۆ هاوڵاتیش برینداردەبن و زیانێکی زۆر بە خانوبەرە دەگەیەنێت و چەند مەڕوماڵاتێکش دەکوژرێت.
ڕۆژی ٢ی ٦ی ١٩٧٧ بەهۆی کوژرانی سەربازێکی حکومەت بەدەستی هێزەکانی پێشمەرگە، حیزبی بەعس لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە و لەسەرزەویش بۆردومانی گوندەکەی کردووە. لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی بەناوەکانی (حاجی وەسمان هەیوەکر، کە خەڵکی گوندی کۆساوا دەبێت و تەمەنی ٨٠ ساڵ دەبێت، لەگەڵ مام مەحموود مستەفا دانیشتووی بۆین تەمەنی ٧٠ ساڵ شەهیدبوون. چوار کەسی تریش برینداربوون و سەرجەمی گوندەکەش سوتاوە، مەڕوماڵات و وڵاخیان بەتاڵانچووە. هەر بەو هۆیەوە دانیشتوانی بۆین و ٢١ گوندی دیکەی ناوچەکەش لە ترسدا بەرەو شاری هەڵەبجە هەڵهاتوون و بۆ ماوەی مانگێک نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە نێو گوندەکانیان.
له بەهاری ساڵی ١٩٨٢ لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگه، گوندی (تەپەسەرقوڵه)ی سەر به ناحیەی (خورماڵ) بە فڕۆکە بۆردومانکراوە. لە ئەنجامدا سێ کەس به ناوەکانی (مەولود بانیشاری و مەحموود حەسەن و غەریب مەحموود)، شەهیدبوون و سێ کەسی تریش بەناوەکانی (ئەنوەر محەممەد سەعید، عەبدول حاجی عەبدوڵا، محەممەد سەعید) برینداربوون. دانیشتوانی گوندەکەش ئاوارەی گوندەکانی دەوربەر بوون و بۆ ماوەی نزيکەى یەک مانگ نەگەڕاونەتەوە. زيانیش بەر ماڵ و باخى هاوڵاتیانیش کەوتووە.
ساڵی ١٩٦٣ کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) ئامر لیوای ٢٠ی سوپای حەرەس قەومییەکان بۆ ناوچەی (شارەزوور و هەڵەبجه) گوندی (ڕیشێن)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەر هێرش کەوتووە و بۆردومانکراوە. نزیکەیی ٦٠ تۆپی بەرکەوتووە. لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی گوندەکە بریندار دەبن و چەندین ماڵ زیانیان پێ گەیشتووە و دانیشتوانی گوندەکەش ئاوارەی شاخ و دۆڵەکانی شاخی (سورێن) بوون و بۆ ماوەى چەند مانگێک لە ئەشکەوتەکان و ماڵى هاوڵاتیانى گوندەکانى دەوروبەیان ماونەتەوە.
لە ئەنجامی بۆردومانی ڕۆژی ٥ی ٥ی ١٩٧٤ی گوندی سەراو لەلایەن فڕۆکەکانی حکومەتەوە ژمارەیەک هاوڵاتی شەهیدبوون، کە بریتیبوون لە (فاتمە عەبدولڕەحمان فەتاح، نازدار حسێن قادر، تۆفیق عەبدولقادر حەسەن، ئەحمەد حەمەئەمین عەبدولڕەحیم، ڕەئوف فەتاح ئەمین، بەختیار نووری خورشە، عاسمە محەممەد مەحموود، ئامینە عەلی عەبدولکەریم).
لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) لە ساڵی ١٩٦٣ بۆ سەر ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە و هەورامان، گەرچی حکومەت بەهێزی پیادە نەگەشتووەتە ناوچەی هەورامان، بەڵام بە فڕۆکە بۆردومانی گوندی سەرگەتی سەر بە ناحیەی (بیاره)ی کردووە و لەئەنجامدا ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکە شەهیدبوون و خەڵکەکەش بۆ ماوەی سێ مانگ ئاوارەبوون.
ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی فەرماندەی لیوای بیستی سوپای حکومەت بۆ سەر ناوچەی شارەزوورو هەڵەبجه و هەورامان، گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی تۆپبارانکردووە و لە ئەنجامدا (عەلی کەریمی وەستا عەزیز) شەهیدبووە و دانیشتوانی گـوندەکـەش ئـاوارەی گـوندەکانی دراوسێ بوون.
ساڵی ١٩٦١ و دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلول، چەند پیاوێکی گوندی عەنەب، کە چەک و تفەنگی خۆیان هەبووە، پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە. پاشان حکومەتی عێراق لەڕێگەی هەواڵگریی خۆیەوە، زانیویەتی، کە چەند پیاوێکی گوند پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە و لە هەمانکاتیشدا، خەڵکی گوندەکە هاوکاریی شۆڕش دەکەن؛ بۆیە بە فڕۆکە و تۆپی دەبابە بۆمبارانی گوندەکەی کردووە. هەتا ساڵی ١٩٧٤ و دەستپێکردنی مفاوەزاتی نێوان شۆڕش و حکومەتی عێراقی، چوار جار عەنەب چۆڵکراوە و لە کاتی کشتوکاڵکردندا خەڵک گەڕاونەتەوە. زیانێکی مادی و مەعنەویی زۆر بەر دانیشتوانی گوندەکە و ئاژەڵی ئاژەڵداران کەوتووە. جگە لە چەند بریندارێک، حەوت شەهیدیشی لێ کەوتووەتەوە. لەساڵی ١٩٧٧ و لەکاتی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و بڕیاری ڕاگواستنی زۆرەملێی گوندەکانی سەرسنور بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکاندا چۆڵ نەکراوە، حکومەتی عێراق سەربازگەی هێناوەتە گوندەکە. لەکاتی شەڕی عێراق - ئێراندا بەهۆی بوونی سەربازگە لەلایەن ئێرانەوە، بۆردومانکراوە. چوار شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە. پاشان گوندەکە لەکیمیابارانی هەڵەبجەوە تا ڕاپەڕین چۆڵ بووە و دانیشتوانەکەی چوونەتە شاری هەڵەبجە. لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجەدا، چواردەوری گوندەکە بۆمبارانکراوە و بەو هۆیەوە ٣٠٧ کەسی شەهیدبوون.
ڕۆژی ١٠ی ١٠ی ١٩٨٢ له نێوان هێزی پێشمەرگه و هێزەکانی حکومەت شەڕێکی گەورە ڕوویداوە و لەئەنجامدا نزیکەی ١٨ پیاوی حکومەت کوژراون، هونەرمەند و پێشمەرگە (کاوە حەمەساڵح پێنجوێنی)یش برینداربووە. بەو هۆیەشەوە لە لایەن حکومەتەوە بۆردومانی گوندەکە کراوە و خەڵکەکەی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئاوارە بوون.
ساڵی ١٩٨٢ لە گوندی (کشەیەری) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) شەڕ لە نێوان سوپاى عێراق و پێشمەرگەدا ڕوویداوە و حکومەت بۆردومانى گوندەکەى کردووە و دانیشتوانەکەی بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاوارەى خورماڵ و هەڵەبجە و گوندەکانى دەوروبەری بوون. گەرچی زیانی گیانى لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام ماڵ و ئاژەڵ و کشتوکاڵى خەڵکى گوندەکە زیانیان بەرکەوتووە.
ساڵی ١٩٢٤ بەهۆی بوونی شێخ مەحموود لە ئەشکەوتی مەلیک و چیای تاشڵی، ئینگلیزەکان بە فڕۆکە بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە. بە شەست تیر تەقە لە دانیشتوانی گوندەکە کراوە. بەهۆیەوە مێردمنداڵێک شەهیدبووە.