مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

145 بابەت

ڕاگواستنی گوندی سۆسەکان

ڕاگواستنی ماڵەکان و چۆڵکردنی گوندی (سۆسەکان)ـه،‌ کە لە چوارچێوەی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، کە حکومەت بڕیاری لەسەر بوو. لە ١٩ی ٩ی ١٩٧٨ خەڵکەکە لەم بەرنامەیە ئاگادارکراونەتەوە، ٣٠ ماڵیان چوونەتە شارەدێی تەوێڵە و بەر شاڵاوەکە نەکەوتوون. لە ٢٦ی ٩ی ١٩٧٨ بە سەیارەی جۆری ئێڤای سەربازی، ٥٦ ماڵی تریان گوازراوەتەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکەی سیروان، خانوەکانیان تەقێنراوەتەوە.

ڕاگواستنی گوندی شیرەمەڕ ١٩٧٨

‌گەرچی ساڵی ١٩٧٨ لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندە سنورییەکاندا، حکومەت گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) ی ڕانەگوێزراوه،‌ بەڵام هەتا ‌هاوینی ساڵی ١٩٨٥ و دوای چەند شەڕێک، کە لە نێوان هێزی پێشمەرگه ‌و حکومەت ڕوویانداوە. گوندەکە کە لەوکاتەدا نزیکەی ١١٠ ماڵ بووە و خەڵکەکەی ئاوارەی گوندەکانی (گردیگۆ، کوڵکونی، تەپەڕێزینە، گردی قازی) بوون.

ڕاگواستنی گوندی گەچێنەی زێڕوون

لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەر سنور لەلایەن حکومەتەوە، ساڵی ١٩٧٨ گوندی (گەچێنەی زێڕوون) وەک یەکەم گوندی بناری سورێن لە (قەزای خورماڵ) بەرەو ئۆردوگای زۆرەملێی (شانەدەری) ڕاگوێزراوە. چەند خێزانێکیش ‌نەچوونەتە ئۆردوگاکەوە و لە شارۆچکەی (سەیدسادق) نیشتەجێبوون. لەو کاتەدا گوندەکە لە شەش ماڵ پێکهاتووە.

ڕاگواستنی گوندی گوڵپ

لە ١٨ی ٩ی ١٩٧٨دا حکومەت گوندی (گوڵپ) ڕادەگوێزێت و خەڵکەکەی دەگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێ لە خورماڵ. دواتریش خانوەکانیان تەقێنراوەتەوە و هەتا پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بە چۆڵی ماوەتەوە.

ڕاگواستنی گوندی گێڵەک

‌ساڵی ١٩٨٦ گوندەکە لەکاتی شەڕی (ئێران و عێراق)دا بەیەکجاری ڕاگوێزراوە بۆ گوندە ڕانەگوێزراوەکانی تر و ئۆردوگا زۆرەملێکان و شارەکانی (هەڵەبجه ‌و سەیدسادق و سیروان). وەکو زۆرێک لە گوندەکانى تر و زیانى زۆریان پێگەشتووە. لەو کاتەدا ٢٥ ماڵ بووە.

ڕاگواستنی گوندی گریانە

لە ١٥ی ٨ی ١٩٧٨ لەلایەن حکومەتەوە گوندی (گریانە) بەرەوە کۆمەڵگەی زۆرەملێی عەنەب ڕاگوێزراوە. مزگەوت و خانوەکانیش تەقێنراونەتەوە و ڕێگەیاننەداوە جوتیارەکان بەرووبوومی ئەو ساڵە کۆبکەنەوە.

ڕاگواستنی گوندى هانەى قوڵ

لە ٢٠ی ٩ ساڵی ١٩٧٨ لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور‌، حکومەت گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) بەرەو ئۆردوگای زۆرملێی (خورماڵ) ڕاگواستووە و کانی و کارێز و باخ ماڵەکانیانی تەقاندووەتەوە. ‌لەوکاتەدا گوندەکە نزیکەی ١٠٠ ماڵ ‌بووە.

ڕاگواستنی گوندی هاوار

لە ٤ی ٩ی ١٩٧٨ لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە گوندی هاوار ڕاگوێزراوە و تەواوی خانوەکانی تەقاندووەتەوه،‌ کە زیاتر لە ١٥٠ خانو بوون.

ڕاگواستنی گوندی مەلاوەیسە

ساڵی ١٩٧٨ ڕژێمی بەعس بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکانی سەر سنوری داو گواستنیەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێ دروستکراوەکان. ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٧٨ گوندی (مەلاوەیسە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ی ڕاگواستووە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی شانەدەری، که ‌لەوکاتەدا لە نزیکەی ٦٠ ماڵ پێکهاتبوو، بەڵام دانیشتوانی گوندەکه زۆربەیان نەچوون بۆ ئۆردوگاکە و بەره ‌و سەیدسادق و هەڵەبجە و خورماڵ ڕۆیشتن.

پەلاماری گوندی میریسوور

‌ساڵی ١٩٧٦ له ‌کاتی چالاکییەکی هێزی پێشمەرگەدا‌، کە تراکتۆرەکانی سەیدسادقیان ھێناوە بۆ گوندەکە، ڕژێم بە هێزێکی زۆرەوە پەلاماری گوندی (میریسوور)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) ی داوە و شەڕ دروستبووە. لە ئەنجامدا چەند سەربازێک کوژراون‌ و دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی چیاکانی سورێن بوون و بۆماوەی مانگێک نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان.

ڕەوکردنی گوندی هاوار

لە ٣ی ٥ی ١٩٢٧ تۆفیق بەگ بەهۆی بیانوگرتن لە کاکەوەیس هاواری، کە بەبێ پرسی ئەو ڕاویکردوە، سەد تمەنی تارانی جەزای دەخات. خەڵکی هاوار بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەحمەدموختار جاف، کە بۆ گەشت چووەتە ناوچەی شنروێ، بڕیاریانداوە بە خاوو خێزان و ماڵاتەکانیانەوە ڕەوبکەن بەرەو چاوگی دەڵەمەڕ. شێخەکانی عەبابەیلێ و خەڵکی ناوچەکە ڕێزیانلێگرتوون و قەدەغەی کەژەکانیان بۆ کردونەتەوە، تا کەپر بۆ خۆیان و کۆزە بۆ ماڵاتەکەیان ببەستن. پاش چەند ڕۆژێک ئەفراسیاو بەگی برای تۆفیق بەگ دێتە لای هاوارییەکان و داوای لێبوردنیان لێ کردوون‌ و لەگەڵ تۆفیق بەگ ئاشتی کردوونەتەوه.‌ لە ٤ی ٦ی ١٩٢٧ خەڵکی هاوار گەڕاونەتەوە هەوارگەکانیان لە سپی تل لە چیای شنروێ.

زیارەتی هەورامیان

زیارەتی هەورامیان ناوی ئەو شوێنەیه،‌ کە کە‌وتووەتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (ئەحمەدئاوا). لەم شوێنەدا هەورامییە وەرزێرەکانی سانەکان لەسەر خەرمان خەوتوون. لە ئەنجامی ناکۆکی و ململانێی نێوان سان و بەگزادەکانی جاف، بەگزادە شەو دەچنە سەریان و دەیانکوژن و خەرمانەکان دەسوتێنن. ئەم ڕووداوە دەبێتە مایەی نیگەرانی شێخەکانی نەقشبەندی. بۆ ئەو مەبەستە شێخ ئەحمەدی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە، ساڵی ١٨٦٥ لە تەوێڵەوە هاتووەتە نزیک ئەم شوێنە و ئەحمەدئاوای ئاوەدانکردووەتەوە و کەوتووەتە نێوان سان و بەگزادەکانی جاف.

‌ژێرئاوکەوتنی گوندی‌ کشەیەر‌

ساڵی ١٩٦٣ بەهۆی زۆربوونی ئاوى دەریاچەی دەربەندیخان، گوندی (کشەیەری کۆن) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) بووە بەژێرئاوەوە. بەهۆی ئەوەی گوندەکە کەوتووەتە باکوری دەریاچەکەوە‌، ئاو گرتوویەتییەوە و دایپۆشیوە. دانیشتوانەکەی گوندەکەیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون، کە لەو کاتانەدا نزیکەی ١٢ خێزان بوون‌. ‌ساڵی ١٩٧٣ له ‌گردی (چاڵەڕەش) لە سەرووی گوندە‌ کۆنەکەوە دووبارە گوندێکیان دروستکردووەتەوە.

ساڵی ئاوڵەکە

بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵە بووە لە چەند گوندێکی هەوراماندا بە تایبەتی لە شارەدێی (تەوێڵە)، لە ساڵی ١٩٣١دا نەخۆشییەکە بەجۆرێک بووە بەپێی یاداشتیکی قادر بەگ ژمارەی مردن تەنها لە تەوێڵەدا ١٠٩ کەس بووە، ئەوە جگە لەوەی کاریگەری نەخۆشییەکە بە دەموچاوی منداڵانی ئەو ساڵەوە دەرکەوتووە.

ساڵی تاعونەکە: قڕان

ساڵی ١٨٥٩ بە ساڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تاعوون لە ناوچەی خورماڵ و گوندەکانی دەوروبەریدا ناسراوە، بەجۆرێک ڕێژەی مردن بەرزبووەتەوە، گوندی واهەبووە کەسی لێدەرنەچووە، وەک گەلباخی بەردەمی هانەی قوڵ، بۆیە ناوی لێنراوە (قڕان). چەند ساڵێکی تریش تاعوون بڵاوبووەتەوە. دەفتەر و یاداشتی خوێندەواران و تەنانەت فۆلکلۆر و شیعری شاعیرانیش ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکانی تریش کردووە. بوونی ئەشکەوتیک بە ناوی تاعوونیان سەلمێنەری کاریگەریی نەخۆشییەکەیە لەسەر خەڵکی.

ساڵی کۆچ و لیرە

مەبەست ساڵی گرانییە گەورەکەی ساڵی ١٩١٧یە کە بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە باشوری کوردستان دەگرێتەوە. هەڵەبجە و هەورامانیش لەو سەختی و ناڕەحەتییەیان بەرکەوتووە. سەروەت و سامان هەرزان بووە و خواردن گران. لە تەوێڵەدا بەو ساڵە وتراوە (کۆچ و لیرە) واتە مەنێ گەنم بە یەک لیرە بووە. ناوچەکەی گرتووەتەوە و خەڵکی هەورامان بەهۆی بوونی (توو، بەڕوو، مێوژ) توانیویانە گرانییەکە تێپەڕێنن.

ساڵی هەراکە

ڕووداوێکی مێژووییە و لە گوندی (گڵێجاڵ) ڕوویداوە. لە بشێوییەکانی پاش کوژرانی "مەلا یوسفی گڵێجاڵی"دا لە هاوینی ١٩٤٦ بە دەستی خزمەتکارێکی شێخ، خزمەکانی ئاگریان لە ماڵی هاوینەی شێخزادەیەکی هەورامان (زاهید) لە پێدەشتی ئاواییەکە بەرداوە، بەم هۆیەشەوە کەلوپەلەکەی سوتاوە و ژن و منداڵی شێخ بەرەو خانەقای نەقشبەندییەکان لە (گمە) دەربازکراون. بۆ تۆڵەکردنەوەی ماڵەکەش، موریدان و خەزوورانی شێخ لە ناوچەی (سەلاسی باوەجانی) ئێرانەوە، لەشکریان هێناوەتەسەر (گڵێجاڵ). بەم هۆیەشەوە ئاواییەکە دووچاری ناخۆشی بووەتەوە. لە پاش هێرشەکە، خەڵکی گوندەکە ئاوارەبوون و بەرە و گوندەکانی دەورووبەر لە پشتکێوی بەمۆ ڕۆشتوون. بۆ ماوەی ساڵێکیش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، ئەمەش لە یادەوەریی خەڵکی ناوچەکە بە "ساڵی هەراکە" بەناوبانگە. هێزێکی پۆلیس لە گڵێجاڵ بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشەکە جێگیرکراوە. لەسەر ئەمەش شێخەکان سکاڵایان لە "شاکر فەتاح"ی قایمقامی هەڵەبجە کردووە لە بەغداد، بەڵام بە پێی گێڕانەوەی خۆی وەزارەتی ناوخۆ پشتیوانی لە ڕێوشوێنەکانی قایمقام کردووە، ناوبراویش دادگای بە کەمتەرخەم لە ئاست لێپێچینەوە لە کوژرانی دوو کەس لە گڵێجاڵ داوەتەقەڵەم.

سەردانەکانی شێخ مەحموودی حەفید بۆ خورماڵ

١- شێخ مەحموودی حەفید و جەنگاوەرانی لەپاش وەدەرنانیان لە ئەشکەوتی جاسەنە و سنوری سلێمانی و شارباژێڕ، لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوویانکردووەتە‌ زنجیرە شاخی سورێن لە سنوری ناحیەی خورماڵ و هەتا ساڵی ١٩٢٧ ماونەتەوە و‌ لەو ماوەیەدا چەند ڕووبەڕووبوونەوه ‌و پێکدادان و ڕێکەوتن و دانیشتنێکیان لەگەڵ ئینگلیز و ڕژێمی پادشایەتیدا کردووە. ٢- بۆ جاری دووەم و پاش ئەوەی چەندین هاوڵاتی لە خۆپیشاندانی ١٩٣٠ شەهیددەبن، شێخ مەحموود بڕیاردەدات واز لە ژیانی پەناهەندەی بهێنێت و بە‌ هێزێکی زۆرەوە لە گوندی پیرانی خۆرهەڵاتی کوردستانەوە بەرەو گوندەکانی‌ بناری سورێن دێت و لە گوندی ڕیشێنی سەر ناحیەی خورماڵ بنکە دادەنێت و لەماوەیەکی کەمدا خورماڵ ئازاد دەکات. لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٩٣١، شێخ مەحموود سەردانی خورماڵ دەکات و دەبێتە میوانی سەعید ئەفەندی بەڕێوەبەری ناحیەکە.

سەردانی ئەدمۆندس بۆ گوندی یاڵانپێ

(سیسیل جۆن ئیدمۆندس) بە (ئەدمۆندس) ناسراوە. ئەفسەری باڵای ئینگلیز و سیاسی و مێژوونوسە و ساڵی ١٩٢٢ کراوەتە جێگری حاکمی سیاسی ئینگلیز لە قەزای (هەڵەبجە). ئەرکی دامرکاندنەوەی نەیارانی ئینگلیز بوو، کە (مەحموودخانی دزڵی) لە سنورەکە پاڵپشتی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفیدی دەکرد. لە یادداشتەکانیدا بەم جۆرە باسی سەردانەکەی دەکات (بەمەستی وتووێژ لەگەڵ مەحموودخانی دزڵی سەرۆکی تائیفەی بارام بەگییەکان، سەردانەکە ‌له ‌مانگی ئەپرێل بۆ گوندی یاڵانپێ له ‌بناری هەورامان ئەنجامی گرت... لەنێوان ژمارەیەک عەشایەری مێزەر زلی چەکدار دانیشتبووم، کە چەپ و ڕاست فیشەکدانیان لەخۆیان هاڵاندبوو. هەیوانێکی بەر ئاوڵە دەیڕوانیییە ‌بنارێکی داپۆشراو بە داربەڕوو و دەشتی شارەزوور هەتا ئەو جێیەی چاو هەتەرەی دەکرد دیمەنی ناوچەکە بەرەو خۆرئاوا بەتەنیشتی چیاکاندا دەبینرا، قسەو باسەکانی ئەو ڕۆژەم لەبیر نییه، بەڵام بەڕواڵەت سەرکەوتوبوون یان ڕێگایان بۆ سەرکەوتن خۆش کرد).

سەردانی بێڵ بۆ لای ئەفراسیاو بەگی ڕۆسەم سان

سەردانیکردنی شوێنەوارناس و گەشتیار و دیبلۆماتکاری ئینگلیز (گیرترود بێڵ)ـە بۆ لای سالار ئەفراسیاو بەگی ڕۆستەم سان لە گوندی (هانەگەرمڵە) و مانەوەی بۆ شەوێک لە کۆشکی سالار، کە لە شەوی ١٣ لەسەر ١٤ تشرینی یەکەمی ١٩٢١ بووە. شەوێک پێش ئەوەی بێڵ بگات، هەسەن بەگی کوڕی جافرسان لە ئەشکەوڵ بە دەستی کەیکاوس ناوێکی خەڵکی چۆڕ و نەنەی لای مەریوان، کوژراوە. بێڵ دوای گەشتێکی بۆ هەڵەبجە سەردانی هەورامانی کردووە و ئەوانەی ئامادەی دانیشتن و میواندارییەکە بوون: کاپتن دوگڵاس، قادربەگی جافرسان و هەر سێ کوڕە بچووکەکەی ئەفراسیاو بەگ بوون. بێڵ وەسفێکی کۆشک و گوندەکە و نێوانی سالار و قادربەگ و ئاوهەوای نێوان بیارە و هانەگەرمڵەی کردووە.

پێشتر 1
...
3 4 5
...
8 دواتر