مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

145 بابەت

سوتانی گوندی تەپەکوڕە

سوتانی گوندى (تەپەکوڕە‌)ی سەر به ‌ناحیە‌ی (خورماڵ)ـە. ‌ساڵی ١٩٦١ لەکاتی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی ئەیلول لەلایەن حکومەتەوە گوندەکە بۆردومانکراوە و دانیشتوانەکەی ئاوارەی ناوچەى هەورامان بوون‌. گوندەکە ئەوکاتە نزیکەی ٧٠ ماڵ ‌بووە‌. خەڵکى گوندەکە زەرەر و زیانى زۆریان بەردەکەوێت و بەشى زۆرى خانوەکان دەسوتێن. بۆیە دواى ساڵێک دەگەڕێنەوە و دەستدەکەنەوە بە دروستکردنى خانوەکانیان.

سوتانی گوندی تەپی سەفای خواروو

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعيم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و لە ئەنجامدا حەوت خانو لەو هێرشەدا سوتاون و دانیشتوانی گوندەکەش‌ ئاوارەی ناوچەکانى هەورامان و گوندەکانى دەوروبەری بوون.

سوتانی گوندی تەپی سەفاى سەروو

ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەردوو گوندی (تەپی سەفای سەروو و تەپی سەفای خواروو) سوتێنراون و زۆربەی خانوەکانیان ڕووخاندووە. بەم هۆیەوە دانیشتوانی هەردوو گوندەکە ئاوارە بوون.

سوتانی گوندی تەکیە

گوندی (تەکیە) سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. له ‌سەرەتای هاوینی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی زەعیم سدیق بۆ ناوچەکە سوتێنراوە. لەو کاتەدا نزیکەی ١١ ماڵی تێدابووه و زۆربەیان سوتێنراون و دانیشتوانەکەشی هیچی وایان بۆ دەرنەچووە و ئاوارەی گوندەکانی تر و بناری شاخەکانی هەورامان و سورێن بوون.

سوتانی گوندی شەشکی خواروو

ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور)، گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و بەو هۆیەوە چەندین ماڵی گوندەکە سوتێنراوە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی دەوروبەر بوون و زۆریان چوونەتە چەمی شێخ ڕەش و خۆيان حەشارداوە. هەندێکی تریشیان ئاوارەى گوندەکانى تر بوون، کە نزیکەی ٣٥ ماڵ لە گوندى شەشکى خواروو بووە.

سوتانی گوندی قەدەفەرى

‌ساڵی ١٩٦٣ لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق)ی ئامر لیوای ٢٠ سەر بە حەرەس قەومییەکان بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجه، گوندی قەدەفەریش بەر ئەو هێرش و پەلامارە کەوتووە و سوتێنراوە. لەوکاتەدا نزیکەی بیست ماڵ لە گوندەکەدا بووە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی بناری (هەورامان و سورێن) بوون، بۆماوەى نزیکەی سێ مانگ ئاوارە بوون، ئەمە جیا لەوەى کشتوکاڵەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.

سوتانی گوندى کوڵکنیى ئیسماعیل خەسرەو

‌ساڵی ١٩٦٣ له ‌کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور، گوندی (کوڵکنیی ئیسماعیلی خەسرەو) سوتاوە و زۆربەى خانوەکان سوتاون و دانیشتوانەکەشی ئاوارەی گوندەکانی (یاڵانپێ و شیرەمەڕ) بوون. دواى چەندین مانگ لە ئاوارەیی بەناچارى خەڵکەکەى گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکە و دووبارە دەستیانکردووەتەوە بە ئاوەدانکردنەوەى ماڵەکانیان.

سوتانی گوندی کوڵکنیی خواروو

لە کاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (کوڵکنیی خواروو) بە فڕۆکە بۆردومانکراوە و هاوڵاتی (ئامینی کاکەخان) شەهیدبووە و ژمارەیەک لە ماڵەکان سوتاوە و دانیشتوانەکەی بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی گوندەکانی (عاموورە، شیرەمەڕ) بوون.

سوتانی گوندى کوڵکنیی سەروو

‌ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی (شارەزوور)، گوندی (کوڵکنیی سەروو)ى سەربەشارۆچکەى (خورماڵ) بەر دەکەوێت و دەسوتێنرێت. ئەوکات گوندەکە ٢٠ ماڵی تێدابووە، هەموو ماڵەکان سوتان و دانیشتوانەکەی ئاوارەی گوندەکانی تر و هەورامان و شارەزوور بوون. هاوڵاتییەکی گوندەکەش‌ بەناوی (ئەحمەدی فەقی کەرەم) بە بۆردومانی فرۆکە شەهیددەبێت. دواى زياتر لە ساڵێک لە ئاوارەیى، خەڵکى گوندەکە دەگەڕێنەوە و دەستدەکەن بە دروستکردنەوەى خانوەکانیان.

سوتانی گوندی گردى قازى

ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور، گوندی (گردی قازی) سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) بەر هێرشەکە دەکەوێت، دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی (شیرەمەڕ و بانیشار) دەبن، زۆربەی ماڵەکانی گوندەکە سوتێنراون. دوای نزیکەی یەک ساڵ دووبارە دەگەڕێنەوە گوندەکە.

سوتانی گوندی گوڵەخانە

ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەکە و له ‌کاتی شەڕی (پردی زەڵم)، گوندی گوڵەخانەی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر هێرشەکە کەوتووە و ‌١٧ خانو و ماڵی خەڵکەکە بەرکەوتووە و سوتاون‌. بەو هۆیەشەوە خەڵکەکەی بۆ ماوەی چەند مانگێک گوندەکەیان چۆڵکردووە.

سوتانی گوندی گێڵەک

‌ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشەکەی (زەعیم سدیق) بۆ سەر ناوچەکه،‌ گوندی (گێڵەک) بەر هێرشەکە کەوتووە، گوندەکە سوتێنراوە و دانیشتوانەکەشی‌ بۆ ماوەی چەند مانگێک ئاوارەی شاخەکانی (خۆرنەوزان، هانەگەرمەڵە، بانیشار) بوون. پاشان گەڕاونەتەوه بۆ گوندەکە.

سوتانی گوندى مەلاوەیسە

ساڵی ١٩٦٣ لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق) بۆ ناوچەی شارەزوور و هەڵەبجە، گوندی (مەلاوەیسە)ی سەر بە ناحیە‌ی (خورماڵ) بەر ئەو هێرشە کەوتووە و لەکاتی بۆردومانی گوندەکە کەسێکی وردەواڵەفرۆش، که ‌خەڵکی گوندی (نۆدشه)‌ی خۆرهەڵاتی کوردستان بووه،‌ بەرکەوتووە و شەهیدبووە. دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی گوندەکانی تر بوون. نزیکەی ٢٥ ماڵى گوندەکە سوتاون. دواى نزیکەى ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئەوکات خەڵکەکەى گەڕاونەتەوە گوندەکە.

شەڕى ئەشکەوەڵ

شوێنی شەڕی نێوان لایەنگرانی شێخ مەحموود و ئینگلیزەکانە لە پشت شاخی شنروێ لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. پاش دەستگیرکردنی شێخ مەحموود لەلایەن ئینگلیزەکانەوە، ئینگلیزەکان کەوتوونەتە سزادانی هەموو ئەو کەس و ناوچانەی، کە پشتیوانی شۆڕشەکەی شێخ بوون. بۆ ئەم مەبەستە هەڵەبجەیان گرتەوە و (لیز)یان کردەوە بە حاکمی سیاسیی ناوچەکە و (ئەحمەدموختار جاف)يشيان کردەوە بە قايمقامى شارەکە. لەبەرانبەردا (حامیدبەگ و داود بەگی ئامۆزای) و شێخانی عەبابەیلێ و خەڵکانی تری، کە لایەنگری شێخ مەحموود بوون، دژی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان ڕاوەستانەوە. لە بەرانبەردا چەند فڕۆکەيەکی ئینگلیز بۆردومانی گوندی عەبابەیلێیان کردووە و دواتریش گوندەکەیان سوتاندووە. خەڵکانی ناڕازی،‌ هەڵەبجە و عەبابەيلێيان بەجێهێشت و ڕوويانکردە گوندی هاوار و خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئینگلیزەکان ئامادەکرد. له ‌دەربەندی (ئەشکەوەڵ)ـدا سەنگەریان گرتووە و کاتێک سوپای ئینگلیز گەیشتنە ‌دەربەندەکە شەڕ لەوێدا لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا، سوپای ئينگليز تێکشکا و گەڕایەوە گوندی عەبابەیلێ‌.

شەڕی خان ئەحمەدخان و خەسرەوپاشا

زستانی ساڵی ١٦٢٩ خەسرەو پاشای والی بەغدا لە دەوڵەتی عوسمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ولایەتەکەی و دوور خستنەوەی مەترسیەکانی خان ئەحمەدخانی ئەردەڵانی لایەنگری شای ئێران، بە خۆی سوپایەکەوە ڕوو لە گوڵعەنبەر دەکات. بەگەکانی ئەردەڵان و بیست سەرۆک خێڵی کورد، لە بەر سوننی_بوون دێنە پێشوازی. سوپای عوسمانی هێزەکانی خان دەشکێنێت و تا هەمەدان پێشرەوی دەکات. لە ماوەی حەوت هەفتەی مانەوەیان، والی بڕیاری نۆژەنکردنەوەی قەڵای خورماڵ دەردەکات و نۆژەنیدەکەنەوە. ساڵی ١٦٣١ خان ئەحمەد پەلاماری گوڵعەنبەر و شارەزوور دەداتەوە، جاریکی تر دەیخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی.

شەڕى چريک

دواى توندبوونى ململانێى نێوان باڵى جەلاليى و مەلايى لە کوردستان و بەتايبەتی لە سنورى هەڵەبجە، پارتى ديموکراتى کوردستان/ باڵى مەلايى بەمەبەستى هێرشکردنە سەر شارى هەڵەبجە و دەرکردنى جەلالييەکان لە شارەکە و دەوروبەریدا، هێزێکی زۆریان لە سنورەکە کۆکردەوە. پارتى و چريک لە شاخى (شنروێ)وە بۆردومانى گەڕەکەکانى سەرا و کانییەقوڵکەيان ‌‌کرد و ژمارەيەک خەڵکى مەدەنى کوژران و برينداربوون. بۆ ناوبژی و لەپێناو ڕوونەدانى زیانی زۆرتر، ژمارەيەک کەسايەتیى ئايينى و کۆمەڵايەتیى شارەکە کەوتە نێوانەوە و سوودینەبوو. لە شەوى ١١-١٢ی ٨ی ١٩٦٩ جەلالییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچانەی، کە هێزەکانى پارتى و چريکى لێ بوو و ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چریک بە پلەی یەکەم و دواتر پارتییەکـان کـوژرا و بریدابوون.

شەڕی مەیدان

پاش تێکچوونی پەیوەندیی نێوان مەلیک مەحمود و ئینگلیزەکان، مەلیک نامە بۆ عەشایەر و سەرۆک هۆزە کوردەکان دەنێرێت بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن دژی ئینگلیز. بۆ ئەو مەبەستەش نامە بۆ شێخ کەریمی عەبابەیلێ دەنێرێت و ئەویش بە هاوکاری هۆز و عەشیرەتەکانی ناوچەکە جگە لە جاف و شوێنکەوتوانی عادیلە خانم، کە پشتگیری ئینگلیز بوون، عەشیرەتەکان زیاتر لە ٢٠٠٠ سوار و چەکدار کۆدەکەنەوە و بە ئاڕاستەی کفری و مەیدان دەڕۆن. لەوێ لەگەڵ عەشیرەتەکانی دیکە، کە بۆ هەمان مەبەست هاتوون یەکدەگرنەوە و هەموویان شێخ کەریمی عەبابەیلێ بە سەرکردەی هێزەکە دەستنیشاندەکەن. پاش دانانی نەخشەیەکی سەربازی لە بەرەبەیانێکی زوودا لە سێ قۆڵەوە هێرش دەکەنە سەر ئینگلیزەکان و سەرکەوتن بەدەستدەهێنن. دەسکەوتەکانی شەڕ بەشێوەیەکی عادیلانە لەنێوان هۆزەکاندا دابەشدەکرێن و شێخ کەریم و هۆزەکانی هەڵەبجە کاتێک دەگەڕێنەوە لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیان لێدەکرێت. ئەم شەڕە دەبێتە شکستێکی گەورە بۆ ئینگلیزەکان و لەپاش سەرکەوتنیان لە دەربەندی بازیان بەسەر شێخ مەحموددا، بڕیاری تۆڵەکردنەوەی لە هەڵەبجە و هۆزەکانی ناوچەکە دەدەن.

شەڕی نەوسوود

شەڕی نێوان عوسمانییەکان و جافر سانە. لە ئەنجامی ناکۆکی و نێوان_ناخۆشیی جافرسان و دەسەڵاتی عوسمانی لە هەورامان، لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، عوسمانییەکان پەلاماری هەورامانی لهۆن دەدەن و نۆدشە و نەوسود دەسوتێنن. لەشکری سان لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری عوسمانی دەدەن، بە فەرماندەیی کەریم بەگی کوڕی و هۆزی گەڵاڵیی جاف، پەلاماری عوسمانییەکان دەدەنەوە، پاش شەڕێکی گەرم، عوسمانییەکان دەشکێن و پاشەکشێدەکەن و دیلیشیان لێدەگیرێت. لەقۆڵی تەوێڵەوە قادربەگی کوڕی جافرسان بە یارمەتی خەڵکی تەوێڵە بەشی زۆری هەورامانی عێراق لە عوسمانی پاکدەکەنەوە. شازدە گوندی هەورامان، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون، بوونەتە بەشێک لە قەڵەمڕەوی حوکمی جافرسان. لەوانە (تەوێڵە، بیارە، سۆسەکان، بەڵخە، دەگاشێخان، خەرپانی، هاوار)، لە دیوی ئێرانیشەوە تفەنگچییە هەورامییەکان بەرەو سنە دەڕۆن، هەتا بەر بە پەلاماری ڕووسەکان بۆ سەر هەورامان بگرن.

شەڕی نێوان هەورامی و ئینگلیزەکان

دوای ئازادکردنی مەحموودخانی دزڵی لەلایەن ئینگلیزەکانەوە و گەڕانەوەی بۆ هەورامان، شۆڕش و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ ئینگلیز زیاددەکات. بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی مەندوبی سامی لە ١ی ٢ی ١٩٢٢ فەرماندەیەک و بیست سەربازی ئینگلیز دەکوژرێن و فڕۆکەیەکیان لە ئاوایی ڕۆستەم بەگ کەوتووەتە خوارەوە. لەوە بەدواوە چەند شەڕێکی یەکلەدواییەکی دەستەوئێخەی نێوان هەورامییەکانی لەشکری مەحموودخان و لیوایەکی سوپای عێراق بەسەرکردایەتی کاپتن ڕیچ بەتالیۆنی لیڤی عێراقی بەسەرکردایەتی ملازم (curtias) لە ١٣ی ٦ی ١٩٢٦دا ڕوو دەدەن. لەو شەڕانەدا هەورامییەکان زۆر بەتوندی ڕووبەڕووی ئینگلیزەکان دەبنەوە. پاش مانگێک لە شەڕێکی تردا لە ناوچەی دۆڵەسووری پێنجوێن لە ١٨ی ٧ی ١٩٢٦ دیسان هەورامییەکان ڕووبەڕووی لەشکری ئینگلیز دەبنەوە. لە تۆڵەدا ئینگلیز لە ٢٥ی ٧ی ١٩٢٦ بڕیاردەدات لەڕێگەی فڕۆکەوە بۆردومانی گوندەکانی (یاڵانپێ، هانەی قوڵ، ئەحمەدئاوا) بکات. ئەم ناکۆکی و دژایەتییە بە تەسلیمکردنی مەحموودخانی دزڵی کۆتاییدێت.

شەهیدانی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی شارۆچکەی خورماڵ

لە ئەنجامی ڕاپەڕینی ڕۆژی ١٣ی ٥ی ١٩٨٧ی خورماڵ لە سێ ڕیانی گردیگۆ لە پردی زەڵم و دەوروبەری شارۆچکەی (خورماڵ)، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان شەهیدکراون و لە نزیک گوندی شانەدەری زیندەبەچاڵ کران. ئەوانیش (یاسین محەممەد ئەمین حەمەکەریم، سەرکەوت محەممەد حەمەلاو قادر، عەبدوڵا ئەحمەد عەلی، عوسمان شەمسەدین ئیبراهیم، عومەر شەمسەدین ئیبراهیم، سامان شەمسەدین ئیبراهیم، ئازاد حسێن مەحموود، زەینەدین ساڵح محەممەد، ساڵح محەممەد فەتحوڵا، ئەحمەد ئیسماعیل حەمەکەریم، جەمال عەلی ڕەزا، عەبدوڵا مەحمود عەزیز، فازل مەحێدین عەلی، حەسەن سەعید کەریم، مەجید کەریم مەحموود، مەنسور محەممەد عزەت، سەلام حەمەئەمین عەلی، جەمال حامد ساڵح، حەمەخان ئەحمەد شەریف، حەمەکەریم حەمەشەریف نەسروڵڵا، حەمەنەجیب حەمەخان عەزیز، ڕەحمان قادر محەممەد، یونس ڕەحیم عەبدوڵا، نوری محەممەد حەسەن، نادر حەمەساڵح مەجید، عەبدوڵا قادر مەولود). ڕۆژی ١٣ی ٥ی ١٩٩٥ تەرمەکانیان دەرهێنرایەوە و لە ڕێوڕەسمێکدا لە خورماڵ بەخاکسپێررانەوە. لەئێستادا بۆ زیندوومانەوەی یادیان، دیواربەندێکیان وەک مۆنۆمێنت لە خورماڵ بۆ کراوە.

پێشتر 1
...
5 6 7 8 دواتر