شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

گوڵەخانە

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتی گوندی(گوڵەخانە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی نیو دۆنم دەبێت. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەردی تێدا دەردەهێنرێت و دەگوازرێتەوە بۆ سلێمانی و شارەکانی تری عێراق. لە کاری بازرگانی وەک: خشت، کاشی، دیوار، فلەری قیر بەکاردەهێنرێت.

زیاتر بزانە
کانەبەرد

گوڵپ

کەوتووەتە لای ڕاستی گوندی (گوڵپ) لە پشت ڕێگەی سەرەکیی (گوڵپ - هانەیدن). لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بە بەردەوامی و بە فەرمی بەردی لێدەردەهێنرێت. ڕۆژانە سێ بۆ چوار بارهەڵگر بەردی لێ باردەکەن و بۆ فلەری قیر، کاشی و خانو دروستکردن بەکاردێت. خاوەنداریەتی بۆ بنەماڵەی شێخانی گوڵپ دەگەڕێتەوە و (شێخ ئەمیر) سەرپەرشتی دەکات.

زیاتر بزانە
کانەبەرد

ئاسنەوەرد

دارستانێکی سنەوبەرە و کەوتووەتە خۆرئاوای شاری بیارە و گەڕەکی ملەی چنار و ڕووبەرەکەی (٣٧٠٠٠م٢) دەبێت و دیمەنێکی جوانی بە دەروازەی بیارە بەخشیووە و لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵی بیارەوە سەرپەرشتیدەکرێت. پەرژینکراوە و ڕێگای سەرەکیی بیارە بە دامێنیدا تێپەڕدەبێت، لە باکورەوە چیای کڵاوەی ئاشوور و لە باشور دۆڵی بێزەل و لە خۆرئاوا تەپی خاتوو ئامینە و لە خۆرهەڵاتەوە ملەی چنار دەورەیانداوە.

دارستانی بناری شنروێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٦ و لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقد بۆ مەبەستی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شارەکاندا داچێنراوە. دارستانێکی دەستکردە و لە قەدپاڵی شنروێ و بە درێژایی سنوری گوندەکانی (عەبابەیلێ، جەلیلە، عەنەب) دروستکراوە. ساڵی ٢٠٠٠ بە ڕووبەری ١٠٠ دۆنم لە سنوری گوندی عەبابەیلێ و قەدپاڵی شاخی شنروێ بۆ دارستانەکە زیادکراوە و کۆی گشتیی ڕوبەری دارستانەکە لە ئێستادا نزیکەی ٧٦٥ دۆنم دەبێت. بە گشتی دارەکانی لە سنەوبەر و جۆرەکانی (زاوێتە و حەلەبی) داری زەیتون و هەندێک لە دار قەزوان، بڵالوک، چەقالە، بایەف و یو کالیپتۆس پێکهاتووە. بیری ئیرتیوازی تێدایە. ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا تەنها شەش کرێکاری ماوە بۆ پاسەوانی و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک هەڵپاچین و کێڵان و ئاگربڕ و دەرمانکردن و نوێکردنەوەی گرادۆنی. لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەڵەبجەوە سەرپەرشتیدەکرێت. بەدوورنەبووە لە سوتان و ئاگرکەوتنەوە، ساڵی ٢٠١٠ ئاگرێکی گەورە لە گوندی تاوێرەوە تەشەنەیکرد و گەیشتە دارستانەکە. نزیکەی (٤٥%)ی دارەکانی سووتاند. ساڵانە بۆ قەرەبوکردنەوە و دووبارە داچاندنەوە، بڕێکی زۆر داری جۆراوجۆری لێ چێنراوەتەوە. بەگشتی ژمارەی دارەکانی نزیکەی ١١٥٠٠٠ دار دەبن. ئەم ڕووبەرە سەوزاییە کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر خۆشکردنی ڕەوشی کەشوهەوای ناوچەکە، زیادکردنی ڕێژەی شێ لە هاویندا و کەمکردنەوە کاریگەری ڕەشەبا و خۆڵبارین، هەیە. ژینگەیەکی لەبار بۆ چەندین باڵندەی کێوی و شوێنێکی لەبارە بۆ خۆپاراستنیان. دارستانەکە هەمیشە کراوەیە و دانیشتوانی شار لە وەرزی بەهاردا بۆ پشوودان و کات_بەسەربردن بەکاریدەهێنن. دیمەنێکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە.

دارستانی گوڵان

دارستانێکی دەستکردە. کەوتووەتە بەشی باشوری شاری هەڵەبجەوە. لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە بۆ مەبەستی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بەدەوری شاردا دروستکراوە. سەرەتا ساڵی ١٩٧٢ دەستیپێکراوە. ڕوبەرەکەی نزیکەی ٦٥٢ دۆنم دەبێت. کەوتووەتە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٦ی (باوەکۆچەک). تا سنوری گوندەکانی (حەسەن ئاوا و تریفە) درێژدەبێتەوە. بەسەر (چەمی باوەکۆچەک)دا دەڕوانێت و لە دوو ڕێگای سەرەکیەوە دەتوانرێت بەم دارستانە بگەین، یەکەمیان ڕێگای باوەکۆچەک و چاوگە دووەمیان ڕێگەی گوندی پریسە. دارستانەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانەوە سەرپەرشتیدەکرێت. لە ئێستادا تەنها پێنج کرێکاری بۆ دابینکراوە. کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر خۆشکردنی ئاوهەوای ناوچەکە هەیە. وەک سەیرانگایەک و شوێنێک بۆ کات_بەسەربردن و ئاهەنگی خێزانی بەکاردەهێنرێت. بووەتە ژینگەیەکی لەبار بۆ چەندین باڵندەی کێوی و پاراستنیان. له ‌ئێستادا ٩٨٠٠٠ دار‌ لە جۆری داری سنەوبەر و زەیتون و سەرووی ستوونی و بڵاڵوک و چەقالە و بایەزى تێدايە. بە دوور نەبووە لە کاری تێکدەرانە. لە لایەن خەڵکانی نادیارەوە بەشێوەیەکی نابەرپرسانە دارە گەورەکانی هەڕەشەی بڕین و وشککردنیان لەسەربووە. ساڵی ٢٠١٩ بەدەستێکی نادیار توێکڵی پێنج لە دارە بەتەمەنەکانی هەڵکۆڵران. بەڵام لەلایەن شارەزایانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەوە کاریان لەسەر کرا. لە بری ئەو دارانە چەندین پرۆسەی چاندنی نەمام و داری دیکە ئەنجامدرا.

غاباتەکەی سەر ڕێگەی ئەحمەدئاوا - زەڵم

پڕۆژەیەکی حکومییە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو چاودێریدەکات. کەوتووەتە نێوان گوندی (ئەحمەدئاوا) و شاخی بابازەردەڵە. لە بڕێک لە داری سنەوبەر و کالیپتۆز پێکهاتووە، ئامانج لە ڕواندنیان سەوزکردن و بەخشینی دیمەنی جوانە بە ناوچەکە، لە ڕۆژهەڵاتەوە بە درێژایی گوندەکە درێژبووەتەوە و نیمچە بەرزاییەکەی سەر ڕێگەی دوومی ئەحمەدئاوا و زەڵمیان، سەوزکردووە.

قەزوانی ئەفراسیاو بەگ

ڕاوگە و دارستانێکی چڕە. به ‌دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری هاوینەهەواری (وەزگێڵ)، لە زنجیرە چیای شنروێ هەڵکەوتووە. بەناوی کوڕی جافرسان فەرمانڕەوای هەورامان ناونراوە، دار قەزوانێکی بەناوبانگی لێیە و تا ئێستەش هەر ماوە. ناولێنانەکەی بۆ (ئەفراسیاو بەگ) دەگەڕێتەوه،‌ کە لەکاتی خۆیدا لەوێ هەم خۆی حەشارداوە، هەمیش ڕاوی ئاژەڵی کێوی کردووە. زیاتر کێکف و دار شەهێنی لێیە.

کانی گوێز

لە خۆرهەڵاتی گوندی (کانی گوێز) هەڵکەوتووە. بەهۆی چڕوپڕیی دار بەڕووەکانیەوە، گوندنشینەکانی ناوچەکە پێیانوتووە شەخەڵەکە. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە وەک نەریتێک پارێزراوە. ساڵانە کاری هەڵپاچین و ئاگربڕیان بۆ کردووە. زیاتر لە سەد ساڵە نەسوتاوە و نەبڕاوەتەوە و گوندنشینان قەدەغەیانکردووە.

بامۆک

زەوییەکی شێداری شێوە زۆنگاوی گوندی (بامۆک)ـە، کەوتووەتە باشوری (مۆڵەگال) و خۆرهەڵاتی زەوییەکانی (سەرکەن)، ئاستی ئاوی ژێرزەویی شوێنەکە بەرزبووە و کانی تێدابووە، بۆیە دەوڵەمەندبووە بە گژوگیا و شوێنێکی گرنگی بەخێوکردنی ئاژەڵان بووە، لە ئێستادا بەهۆی وشکەساڵییەوە تا ڕادەیەک وشکبووە.

باوا ئەحمەد

کەوتووەتە نێوان چیاکانی کەمەربەڕەزا و قولە ڕەش. کانیەکی بچوکی لێیە. ئاوی باخێکی بچوک دەدات. وشکیکردووە. بەناوی ئەحمەدی ئەلیاس ناونراوە. لە نزیک دەربەندی مام ئەمینە.

بەردەچەخماخان

کەوتووەتە نێوان گوندی چنار و چاوگ و مۆردین. لەسەرووی وارگەپانی سەروو هەڵکەوتووە. لە کۆمەڵێک تاشەبەرد پێکدێت و بۆ ئاگرکردنەوە بەکارهاتوون.

بەردە قۆزە

کەوتووەتە سنوری گوندی (میری سوور). بەردێکی تاڕادەیەک گەورە و نیمچە خڕبووە، بە پانیی دوو مەتر و بەرزیی زیاتر لە دوو مەتر بووە، کونێکی شێوە بازنەیی تێدا بووە، کە چێوەکەی نیومەتر بووە و بەردەکەی کوناودەر کردووە. لە ساڵانی ڕابردوودا، لەلایەن کەسانێکەوە بەردەکە شکێنراوە و لەناوچووە. بەڵام تا ئێستاش وەک ناونیشانێکی دیار بەکاردێت. لەکۆندا بە تێڕوانینی خەڵکی، هەر منداڵێک توشی نەخۆشی کۆکە بوبێت و چاک نەبوبێتەوە، بردویانە و لەکونی بەردەکەوە ئەم دیوئەودیویان پێکردووە، کە گـوایە ئەمە دەبێتە هۆی چاکبوونەوەی.

بەردی گەڵاکە

تاکە بەردێکی گەورەی ناودار و بەناوبانگە. کەوتووەتە گوندی (دەرەتفێ (دەرەتوێ)) و بەشی سەرەوەی چیای موڵکە ڕەش. (١٤١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەهۆی ئەوەی بەردەکە لەم شاخە دەرپەڕیوەتە دەرەوە و قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە و لە بنەوە وەک شاخێکه،‌‌ ئاژەڵدارەکان گەڵای داربەڕوویان لێکردووەتەوە و لەسەر ئەم بەردە دانراوە،‌ تاکو ئاژەڵ بیخۆن، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە.

بەردی باباناوس

بە دووری (٤٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هانەیدن). مێژووەکەی بۆ سەردەمی ژیانی باباناوس دەگەڕێتەوه، کە لە سنوری (هانەیدن و سەرگەت) ژیاوە. بەردەکە (١٠م) بەرزە و تیرەکەشی (١٣م)ە. بە شێوەی قوچەکی ڕاوەستاوە و ئەشکەوتێکی بچوک له ‌بەشی ژێرەوەیدا هەڵکەوتووە و باباناوس وەک چلەخانە بەکاریهێناوه،‌ لا تەنیشتی بەردەکە، تاڕادەیەک سفتە و خەڵکی لەکۆنەوە تا ئێستا بۆ گرتنەوەی نیاز بەکاریدەهێنن. بەردێکی بچوک وەک دەنکە چەوێک بە بەردی باباناوسەوە دەلکێنن و ئەگەر پێیەوە بنووسێت ئەوە لایان وایە مەراز گیرابووە.

بەردی قادر کوژراو

کەوتووەتە سەر ڕێگەی سازان بۆ هەڵەبجە. لە خوارووی ملەی سازان و لە سەرووی بەردی نیونار هەڵکەوتووە. بەڵام بەردەکە بەر فراوانبوونی ڕێگەکە کەوتووە و لابراوە. بەڵام ناوەکەی هەر ماوە و بەو شوێنە دەوترێت قادر کوژراو، ئەو ناوەش نازانرێت بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە.

بەردی گەڵاکە

تاکە بەردێکی گەورەیە، لە بەشی سەرەوەی (موڵکە ڕەش)ـە. ناوچەکە دار بەڕووی زۆری تێدایە، گەڵاکانی بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ بەکارهاتووە. بەهۆی ئەوەی ئەو بەردە لەو ناوچەیە هەڵکەوتووە. بە بەردی گەڵاکان ناونراوە. ئاژەڵدارەکان گەڵای درەختەکانیان لێکردووەتەوە و لەسەر ئەو بەردە دایانناوە. ئیدی بەو شێوەیە ناوی ڕۆشتووە. وەک ناونیشانێکی دیار، لە ناوچەکە ناوی دەهێنرێت.

بەردى نیونار

بەردێکی گەورەیە. لە قەدپاڵی ملەی سازان هەڵکەوتووە. کەوتووەتە سەر ڕێگای سازان - هەڵەبجە و لەنیوەی ڕێگاکەیە. کاتێک خەڵکی ناوچەکە بەپێ و وڵاخ بەو ڕێگەیەدا هاتوونەتە هەڵەبجە، لەو شوێنەدا پشوویەکیانداوە. بەو پێیەی نیوەی ڕێگەکەیان بڕیوە. بۆیە بەو بەردە و شوێنەکەشی دەوترێت (نیونار).

بەردى هارەینان

کەوتووەتە گوندی باوەکۆچەکەوە. بریتییە لە کۆمەڵە بەردێکی گەورە بەقەد پاڵێکەوەن و ژێر بەردەکان بۆشاییەکی فراوانە. وەک ئەشکەوتێکی بچوک وایە. بەردەکان وەک چەترێکن و خەڵکێکی زۆر لە کاتی باران و هەڵگرتنی کەلوپەل و تەنانەت پێشمەرگەش سوودیانلێوەرگرتووە. لەساڵانی ١٩٤٠دا یەکێک لەم ژێر بەردانەدا و لە باخی شێخ ئەوڵادا، ئاشێک دامەزراوە، لەکانی سەرچاوگەوە ئاوی بۆهاتووە.

پڵنگکوژ

کونێکە لە شاخی کوڵی متکانە. دەمەکەی بچوکە بەڵام، کە دەچیتە ناوی بێ بنە. سەلیم بەگی ئێناخی لەوێوە تێپەڕدەبێت. پڵنگ خۆی داوەتە بەر خۆر و پەلاماری دەدات. کەڕەک(کە وەک فەرەنجی وایە و لە لەباو دروستدەکرێت) ئەو دەستەی کردۆتە دەمی پڵنگەکە و بە دەسەکەی دیکەی بە خنجەر کوشتویەتی.

تەختۆدەرەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (پاڵانیا)ی هەورامان. زەوییەکی تەختی گوێ چەم و سێبەردارە. نزیکەی (٨٠٠م) دەبێت، خەڵکی گوندەکە لە بۆنەی تایبەتی وەک زەماوەند و شادی و بۆنەی نەتەوەیی و نیشتمانی و جەژنەکاندا لێی کۆبوونەتەوە و گۆرانیبێژانی هەورامیان لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگێشتکردووە و چەندین زەماوەندی گەورەی لێسازکراوە.

زیاتر بزانە
شوێنی کۆبوونەوە
پێشتر 1
...
58 59 60 61 دواتر