دارستانی بناری شنروێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٦ و لەسەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراقد بۆ مەبەستی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شارەکاندا داچێنراوە. دارستانێکی دەستکردە و لە قەدپاڵی شنروێ و بە درێژایی سنوری گوندەکانی (عەبابەیلێ، جەلیلە، عەنەب) دروستکراوە. ساڵی ٢٠٠٠ بە ڕووبەری ١٠٠ دۆنم لە سنوری گوندی عەبابەیلێ و قەدپاڵی شاخی شنروێ بۆ دارستانەکە زیادکراوە و کۆی گشتیی ڕوبەری دارستانەکە لە ئێستادا نزیکەی ٧٦٥ دۆنم دەبێت. بە گشتی دارەکانی لە سنەوبەر و جۆرەکانی (زاوێتە و حەلەبی) داری زەیتون و هەندێک لە دار قەزوان، بڵالوک، چەقالە، بایەف و یو کالیپتۆس پێکهاتووە. بیری ئیرتیوازی تێدایە. ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا تەنها شەش کرێکاری ماوە بۆ پاسەوانی و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک هەڵپاچین و کێڵان و ئاگربڕ و دەرمانکردن و نوێکردنەوەی گرادۆنی. لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەڵەبجەوە سەرپەرشتیدەکرێت. بەدوورنەبووە لە سوتان و ئاگرکەوتنەوە، ساڵی ٢٠١٠ ئاگرێکی گەورە لە گوندی تاوێرەوە تەشەنەیکرد و گەیشتە دارستانەکە. نزیکەی (٤٥%)ی دارەکانی سووتاند. ساڵانە بۆ قەرەبوکردنەوە و دووبارە داچاندنەوە، بڕێکی زۆر داری جۆراوجۆری لێ چێنراوەتەوە. بەگشتی ژمارەی دارەکانی نزیکەی ١١٥٠٠٠ دار دەبن. ئەم ڕووبەرە سەوزاییە کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر خۆشکردنی ڕەوشی کەشوهەوای ناوچەکە، زیادکردنی ڕێژەی شێ لە هاویندا و کەمکردنەوە کاریگەری ڕەشەبا و خۆڵبارین، هەیە. ژینگەیەکی لەبار بۆ چەندین باڵندەی کێوی و شوێنێکی لەبارە بۆ خۆپاراستنیان. دارستانەکە هەمیشە کراوەیە و دانیشتوانی شار لە وەرزی بەهاردا بۆ پشوودان و کات_بەسەربردن بەکاریدەهێنن. دیمەنێکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد مەحموود نادر)ی لەدایکبووی ١٩٧١، پیشە: ئەندازیاری پێشکەوتوو لە بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە، بڕوانامەی بەکالۆریۆس، لە ٢٦ی ١٢ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید