شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

هۆرەکه

کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (بەمۆ) لە چیای خوشک و لە گوندی (گلێجاڵ). (١٢٧٤م) له ‌ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

هێڵەگەمە

کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە) و (باخەکۆن). ڕووبەرەکەی (٠,٠٧کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە هەوارگەی دانیشتوانی گەچێنە و باخەکۆن بووە وبۆ ئاژەڵداریش سودیانلێوەرگرتووە.

وارنوەر

کەوتووەتە نێو سەنتەری شارۆچکەی (بیارە) و دەڕوانێت بەسەریدا. لە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەکە هەڵکەوتووە. بەرزترین لوتکەی (١٢١٢م)ە. بەرانبەر شاخی (کڵاوەی ئاشوور)ە. بە هەردووکیانەوە دۆڵێکی فراوان و قوڵیان پێکهێناوە، کە پێیدەوترێت (دەرەی تەکیە) و (چەمی بیارە). جۆگەی (وەراوەر) بە ناوەڕاستیدا تێپەڕدەبێت، پشتی جۆگەگە دەبێتە ئێران و بەردەمی کەوتووەتە سنوری هەرێمی کوردستانەوە. لەسەر لوتکەکەی قەڵایەکی کۆنی تێدایە پێیدەوترێت قەڵای (وەرانوەر). چڕوپڕە و داری سروشتی و باخاتی زۆری تێدایە. چەندین تولەڕێگەی کۆڵبەری و قاچاخی لێیە و دەڕواتەوە نێو گوندی (هانە گەرمڵە).

وەچەلان

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا) لە سەروو شاخەکانی ملەکەوە و گاماڵ لە نێوان هەردوو گوندی بۆین و کۆساوا. شاخێکی پڕدارە و بەڕوو و قەزوانی زۆری تیایە. لە بەرزترین لوتکەیدا بنکەی پاسەوانی سنوری تێدایە و دەڕوانێت بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا. دەربارەی ناوەکەی بەهۆی ئەوەی چەند شاخێکی دیکە لەم شاخە دەبێتەوە ئەو ناوەی لێنراوە.

وەرەتاو هانەی

کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن). لە هانە هەنجیلانەوە درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە شاخی ڕایی سوور و دواتر دەلکێتەوە بە شاخی شرام. نزیکەی ٥٠٠٠ پێ بەرزە. بەرانبەری شاخی نسارە و دۆڵی شەڵواندڕ بە نێوانیاندا دەڕوات.

وەزەرا

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای کەمانجەڕ لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و دەربەند دزڵی و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم، ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی دەوڵەمەندە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانی دەکەن.

وەزەنێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

وەزڵی

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە). بە دیوی عێرقدا دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی: سۆسەکان، بەڵخە، پاڵانیا، هاوار. بە گیا خۆرسکە بەهارییەکان دەوڵەمەندە. چەند باخیکی تەوێڵەیی و کانی و ئەستێرێکی تێدایە. لە بەشی ئەودیوی گوندەکانی نەوسود و شۆشمێ وەزڵی ئێران و چەند گوندێکی تری لێیە. ڕێگەی کۆڵبەرەکانە. لە ملەگای ویسوورە و پشتی گەڕەکی وەراوەرەوە بۆی دەچێت. (وەزڵیە)یشی پێدەوترێت.

وسوو

کەوتووەتە سنوری گوندی (گورگە چیا). بە نزیکەی (٢٥٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گردی قۆرتاسەوە. بەرزیەکەی نزیکەی دە مەتر بێت. لە ڕۆژنامەی سۆمەر لە ساڵی ١٩٦١ بە وصو ناوی هاتووە. ناوەکەی پێدەچێت لە یوسفەوە هاتبێت، کە لەسەر زاری خەڵکی ناوچەکە بەو ناوە دەوترێت وێسو. ڕووبەرەکەی نزیکەی دۆنم و نیوێک دەبێت. بە گردی ئاشەکەش ناودەبرێت، کە لە زەمانی حامد بەگدا دروستکراوە. بە ئاوی جۆگەی قۆرتاس و کانیی بەهارە، ئاشەکە ئیشیکردووە. بە گردە ماتەکەش ناودەبرێت، چونکە لە چاو گردی قۆرتاسدا بچوکترە. بە بڕوای نوسەر کۆنترە لە گردی قۆرتاس، چونکە جۆرە بەردێکی تێدایە، کە تیژ و نوکنن لە جۆری بەردە چەخماغە.

وڵەهەش

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی تاڤگە و گوندی (زەڵم). (١٨٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەرەس. بەسەر هاوینەهەواری تاڤگەی زەڵم و باخ و باخاتی دۆڵی زەڵم و وشکەناودا دەڕوانێت‌. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی بە تایبەتی ورچ. خودی ناوەکەشی هەورامییە و بە کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی، واتە کونە ورچ. زۆرجار گروپە شاخڕەوییەکانیش سەردانیدەکەن بۆ وەرزش و کات بەسەربردن.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

وێشەڵان

کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (هاوار) و (دەرەتوێ). سنوری هەردوو گوندەکە لەیەکتر جیادەکاتەوە. کانی (وێشەڵان) لەبەردەمیدا هەڵدەقوڵێت، کەلی (تەپەچەرمو) کەوتووەتە باشوریەوە، ئەم شاخە لە گوندی (هاوارەکۆنی) جیادەکاتەوە. بەرزییەکەی (١١٩٢م)ە لە ئاستی دەریاوە.

یاڵەکە

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی زێڕوون)ی سەر بە قەزای (خورماڵ). حکومەتی بەعس سەربازگەیەکی گەورەی لێدروستکردبوو، فڕۆکەی سەربازی لێنیشتووەتەوە. ڕووبەرەکەی لە دۆنمێک زیاترە.

یاڵی مەخفەر

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (کۆساوا). لەنێوان هەردوو گوندی (ڕێشاو) و کۆساوادا هەڵکەوتووە. شاخی سازانڕۆ کەوتووەتە بەرانبەری. مەخفەری کۆنی سەردەمی عوسمانیەکانی پێوە بووە. بەدرێژایی مێژوو ماوەتەوە.

ياڵی ناوەڕاست

کەوتووەتە سەروی حەوزەکەی (سەروەلخ) لە گوندی (پریسی سەروو). لە سێ یاڵ پێکهاتووە، کە یەکدەگرن و یاڵی ناوەڕاست وەک نیشانە و ئاماژە بەکاردێت و ناوی لێنراوە.

چاوگى کۆکۆیى

له ‌چیای باڵامبۆوە لێژدەبێتە بە درێژایى (١.٦کم) بە ئاڕاستە‌ى باکورى خۆرئاواى ناوچەکە، بە پانتایى (٥.٠کم) هەتاوەکو گوندى چاوگ و سەرچاوەى ئاوى چاوگ. جگە لەم سەرچاوە ئاوییه،‌ هیچ کانیاوێکى وەهاى لێنییە تواناى سود لێوەرگرتنى هەبێت.

ئافەوان

کەوتووەتە بەردەم کانی ئافەوان لە خۆرئاوای گوندی (نەوێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی فراوانە و تەختە. بەپیتە و بە ئاوی کانی ئافەوان بەراودەکرێت. بۆ مەبەستی کشتوکاڵ و پڕۆژەی حەوزی ماسی بەکارهاتووە.

ئاڵەماتی نەورۆڵی

ڕووبەرێکی فراوانی کشتوکاڵی ناوچەی نەورۆڵییه. لە ناوەڕاستی گوندەکانی (گوندە، سەراو، چرۆستانە، هانەسوره و کانیتوو) هەڵکەوتووە. لەوەڕگای لەبارە بۆ بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات.

ئاوەلێڵە

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). لە (قەبرى باوەيس)ـەوە دەستپێدەکات، تا (گاڵوگاشاخە) و پاشان تا دەگاتە (کوورە) درێژدەبێتەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠٠ دۆنم دەبێت و جۆری زەوییەکانی پشتاو یان دێمە.

ئەلیاس ئاغا

کەوتووەتە باشوری گوندی (دەڵەمەڕ) لە بناری شاخی شنروێ لەبەردەم شاخی کەکەوسان هەڵکەوتووە. دەشتێکى پشتاو‌ (دێم)ـە،‌ بەڵام زۆر تەخت نيیە و بەرزی و نزمی تێدایە. بەگشتى بە گەنم و جۆ دەچێنرێت.

باخە گەڕۆڵە

بە دووریی نزیکەی یەک کیلۆمەتر کەوتووەتە باکورى گوندى (نێرگسەجاڕ)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). بيست و پێنج دۆنم زەوى (پشتاو -دێم)ـه و بەگشتى دەکرێت بە گەنم و جۆ. دۆڵى دەوەناويى لە دەشتى سوورەوان و دەرياچەى دەربەنديخان لە گوندى جەرداسنه جياىدەکاتەوە. بەهۆى بوونى باخێکى لاواز و کەم گەشە لە زەويەکەدا ناونراوە زەوى باخە گەڕۆڵە.

پێشتر 1
...
23 24 25
...
61 دواتر