وەزەنێ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (بەختیار حەبیب زەڵمی)، لەدایکبوو: ١٩٧٤، ئاستی خوێندن: سەرەتایی، پیشە: کاسب، لە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Google earth pro).
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا