وەچەلان
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا) لە سەروو شاخەکانی ملەکەوە و گاماڵ لە نێوان هەردوو گوندی بۆین و کۆساوا. شاخێکی پڕدارە و بەڕوو و قەزوانی زۆری تیایە. لە بەرزترین لوتکەیدا بنکەی پاسەوانی سنوری تێدایە و دەڕوانێت بەسەر زۆربەی ناوچەکاندا. دەربارەی ناوەکەی بەهۆی ئەوەی چەند شاخێکی دیکە لەم شاخە دەبێتەوە ئەو ناوەی لێنراوە.
وەرەتاو هانەی
کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەیدن). لە هانە هەنجیلانەوە درێژ دەبێتەوە، تا دەگاتە شاخی ڕایی سوور و دواتر دەلکێتەوە بە شاخی شرام. نزیکەی ٥٠٠٠ پێ بەرزە. بەرانبەری شاخی نسارە و دۆڵی شەڵواندڕ بە نێوانیاندا دەڕوات.
وەزڵی
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی شارەدێی (تەوێڵە). بە دیوی عێرقدا دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی: سۆسەکان، بەڵخە، پاڵانیا، هاوار. بە گیا خۆرسکە بەهارییەکان دەوڵەمەندە. چەند باخیکی تەوێڵەیی و کانی و ئەستێرێکی تێدایە. لە بەشی ئەودیوی گوندەکانی نەوسود و شۆشمێ وەزڵی ئێران و چەند گوندێکی تری لێیە. ڕێگەی کۆڵبەرەکانە. لە ملەگای ویسوورە و پشتی گەڕەکی وەراوەرەوە بۆی دەچێت. (وەزڵیە)یشی پێدەوترێت.
قوتی مەیدان
کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). زاڵە بەسەر گوندەکانی (گڵێجاڵ و سەعداوا) و هەموو دەشتی گڵێجاڵدا دەڕوانێت. (١٠٩٥م) لەئاسـتی ڕووی دەریاوە بەرزە.
قوچ
کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل) و دەڕوانێت بەسەریدا. بە قوچی بەردەبەلیش ناودەبرێت. جگە لە شاخی سورێن دەڕوانێت بەسەر هەموو شاخەکانی دیکەی ناوچەکەدا. دیوی پشتەوەی چاڵێکی گەورەی لێیە، کە بە نزارە ڕەش ناودەبرێت و وەک لەوەڕگایەکی سروشتی بەکاردێت.
قوچک
کەوتووەتە بەرانبەر شاخەکانی ماکوان و کەوێڵە لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لوتکەکەی وەک سێگۆشەیە و دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی مۆردیندا. لەسەر لوتکەی ئەم شاخە بنکەی پاسەوانی سنوری لێیە. بە دۆڵێکدا لێژدەبێتەوە و خـانـوەکانی گـوندی مـۆردین لە قـەدپاڵیدا هەڵکـەوتوون. بە (قوچـکە)ش نـاودەبرێت.