شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

مایەسیاوە

کەوتووەتە بەشی باکور و باکوری خۆرهەڵاتی ناوچەی هەورامان و گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا و ناوباخان. بەسەر چەندین شوێنی ناوچەکەدا دەڕوانێت، وەک: سنوری گوندی زەڵم و ناوچەی گەشتیاری تاڤگەی زەڵم و ئەحمەدئاوا و بنی پەڵگ. درێژییەکە (٠,٩٤کم) دەبێت. دەوڵەمەندە بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ڕووپۆشی ڕووەکیی وەک دارستان سروشتی.

مای قاژان

لوتکەیەکی بەرزە و قولەیەکی سروشتیی گەورەی پێوەیە. لەسەر شاخی کەوگێزەیە لە سنوری گوندی چنار و دەوەرە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و گوندەکانی بەورۆڵ و سیمان لە خۆرهەڵات. سەختە و توانای هەڵزنانی نیيە. بەناوی باڵندەیەکەوە ناونراون.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

مەخسوس تەپە

گردێکی شوێنەوارییە. کەوتووەتە سنوری گوندی نەوێ لە بناری چیای تەپە. ناوەکەی بەواتای گردی تایبەت دێت. لە خۆرئاوای گوندەکە هەڵکەوتووە. نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری گوندەکەوە دوورە. دەشتێکی بەپیت و تەخت لە چواردەوریدا هەڵکەوتووە و کانی و ئاوی هەیە.

مەڕدێیەکان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ). (١٢٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسهر‌ ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ئەم لوتکە چیایە ساڵانە ڕێژەیەکی باش دابارینی هەیە و دەبێتە سەرچاوەی ئاوی کانییەکانی سەرەوە، کە ناومان هێنان.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

مەڕسیاو

شاخێکی بەرزی سەختە و لە زنجیرە چیاکانی سورێنە. لە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێروونە. شوێنەکەی بەرزە و بەفرێکی زۆری لێدەبارێت. دار و دەوەنی هەیە و پێکهاتەی شاخەکە تاوێری ڕەشە. ئاودارە و بەفری زۆری تاکو سەرەتای هاوین لێ دەمێنێتەوە. خەڵکی ناوچەکە بەفریان لە نێو کونە بەفرەکانی سەر چیاکەدا هەڵگرتووە.

مەڕمانگان

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. لە سنوری عێراق و ئێرانە. لەگەڵ خاڵی هاتنەناوەوەی ڕوباری سیروان بۆناو هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. دۆڵی گریانە لەگەڵ چیای شنروێ جیایدەکاتەوە. لە باشوریەوە ڕوباری سیروان و لە باکوریەوە چیای هەورامان هەڵکەوتووە. بەرزترین لوتکەی لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٥٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی (بۆین و گریانە و هاوارەکۆن و هاوار). ناوەکەی بەواتای (ئەشکەوتەکان) دێت. ژمارەیەکی زۆر ئەشکەوتی لێیە، وەک (شەوگەی عەلی ڕەزا) و (کەورگی چەمچەتاشان) و (قوڵنەچین). زۆر سەختە. گەیشتن پێی ئەستەمە. شوێنی خۆحەشاردان و مانەوەی خەڵکانی یاخی بووە. کانیەکی تێدایە بەناوی (کانی هانە ڕەیانێ) و بەناوی ژنێکەوە ناونراوە. لوتکەکەی پێیدەوترێت (قولەی تلی کوڕ).

مەشکەژەنان

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیش). سنوری نێوان (دەرەشیش) و (عەنەب) جیادەکاتەوە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی بەردەمیدا. (٨٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کاتێک خۆر لەسەر ئەم یاڵە نیشتووە، دانیشتوانی گوندەکە وەک ئاماژەیەک بۆ مەڕدۆشین و بەرهەمی شیرەمەنی بەکاریانهێناوە بۆیە پێی وتراوە (مەشکەژەنان) لە کۆندا وەک لەوەڕگایەک بەکارهاتووە.

مەکۆگان

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەبابەیلێ) لەخوارووی ملەی (کانی گوێز) و خۆرئاوای (تەڵوکێ)یە. بەسەر دۆڵی (دەڵەمەڕ)دا دەڕوانێت. لە پێنج تەپۆڵکە پێکدێت. بەرزاییەکانیان تەختن و بە ئاڕاستەی دۆڵەکان لێژدەبنەوە. داری سروشتی زۆر کەمە بەڵام گژوگیای هەیە و بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ بەکاردێت.

مەلا مستەفا

به ‌دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. وەکو دەڵێن بەناوی (مەلا مستەفا) ناوێکەوە ناوی لێنراوه،‌ کە کەسێکی هەورامی بووە و لە گوندی تەکێ ژیاوه.

مەیە سیاوە

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (زەڵم). (١٦٠٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە‌. یەکێکە لە لوتکە چیاکانی هەورامان. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی زەڵم و شاری خورماڵ، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی و دانیشتوانی هەورامان لە وەرزی بەهاردا سەردانیدەکەن و زۆرجار گروپە شاخڕەوییەکانیش دەچنە ئەم لوتکەیە بۆ وەرزش و کات_بەسەربردن.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

مچەسێلاق

کەوتووەتە باکوری گوندی (بێلەنگەوە)، کە زەوییەکانی بەشێکی بە دانەوێڵە دەچێنرێت و بەشێکی فراوانیش لەوەڕگایە.

مزگی وەرگا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت. (١٦٢٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای سەر کۆرەگا، دەڕوانێتە سەر گوندی سەرگەت و هانەیدن و باخەکۆن و گەچێنە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

مستەخوان

زنجيرە گردێکن و کەوتوونەتە ‌دامێنى (چياى خۆشک) لە ناحیەی (بەمۆ) لە خۆرهەڵاتى چياى (تارمشێر). ڕەنگ خۆڵەمێشیى ڕووتەڵەیە. لێژييەکەى دەگاتە ٢٥ پله. ڕووەکەى نيمچە تەختە و بەرزييەکەى دەگاتە نزيکەى (١٥٠م). (٩٩٣م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە.

ملە برایم

کەوتووەتە ناو زنجیرە چیای سورێن‌. ڕێگای سەرەکیی گوندی کانی ئاسکان بۆ باخەکانیان پێدا تێپەڕدەبێت. دەڕوانێت بەسەر چەمی دوو پوان و ڕەزەکانی ناوچەکەدا. شاری سەیدسادق و شانەدەری دەکەونە بەردەمیەوە.

ملە پانکە

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کۆساوا). شاخێکی بەرز و سەختە. بەڵام لەڕووی گوندی بۆینەوە تەختاییەکی هەیە و بەوهۆیەوە بە ملە پانکە ناونراوە. هەروەها چاڵاوێکیشی تێدایە. سنوری جیاکەرەوەی هەردوو گوندی (کۆساوا) و (بۆین)ە. لە نەخشەی کادسترۆدا، کە لە ساڵی ١٩٥٦ کێشراوە، سنورەکەی دیاریکراوە.

ملەپسک

کەوتووەتە دامێنی چیای تەتە و کەلەلانکێ و خۆرهەڵاتی گوندی هانەیدن و سەرگەت. (٢٠٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سنوری جیاکەرەوەی نێوان کێمنە و بێرواس و زەویی گوندی هانەیدن پێکدەهێنێت. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن، هەندێک شوێنی مین ڕێژکراوە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

ملە ڕەش

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (ڕێشاو)، لەنێوان هاوینەهەواری گەڵامۆرد و گوندی (ڕێشـاو) هەڵکەوتووە و بە ئاڕاستەی دەربەندی کۆڵێ ئەڕواتەوە، بە داری بایەو و چەقالە دەوڵەمەندە، پێکهاتەی تاوێرەکانی ڕەشـە بۆیـە بـەو نـاوە نـاونراوە.

ملەشۆپە

کەوتووەتە سەر سنوری نێوان عێراق و ئێران بەرانبەر بە گوندی (سۆسەکان) لە ناوچەی هەورامان. لە لایەکەوە دەڕوانێت بەسەر هەردوو گوندی (شوشمێی خواروو و شوشمێی سەروو) لە هەورامانی ئەودیو. لە لایەکی تریشەوە دەڕوانێت بەسەر چەمی خوارەوەی تەوێڵەدا. ئەم ملەیە خـاڵی سـنـوریيە و پایگای حکومەتی ئێرانی بەسەرەوەیە.

ملەقۆنەرە

کەوتووەتە سنوری جوگرافیی گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). نزیکەی (١٢٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر شاڕۆچکەی خورماڵ و دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. بە گوێرەی بەرکەوتنی خۆر و سێبەری ملەکە، لە کۆندا بۆ دیاریکردنی کات سودیان لێوەرگرتووە.

ملەکەوە ١

کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان). پێکهاتەی خاکەکەی کەوەڕەنگ و سپی باوە. قەدپاڵەکەی کۆنە، گوندی سازانی تێدایە. تا ساڵی ١٩٧٧ و بارکردنی گوندەکان، گوندی ڕەسمی بووە. دواتریش پێشمەرگەکانی دیموکرات لەوێ بارەگایان داناوە. شوێنەواری کەلاوەکانی ماوە و تا ئێستا ئاوەداننەکراوتەوە و خەڵکی گوندەکە لەناو باخەکاندا خانەباخیان کردووە.

پێشتر 1
...
19 20 21
...
61 دواتر