مەشکەژەنان
کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیش). سنوری نێوان (دەرەشیش) و (عەنەب) جیادەکاتەوە. دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی بەردەمیدا. (٨٣٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کاتێک خۆر لەسەر ئەم یاڵە نیشتووە، دانیشتوانی گوندەکە وەک ئاماژەیەک بۆ مەڕدۆشین و بەرهەمی شیرەمەنی بەکاریانهێناوە بۆیە پێی وتراوە (مەشکەژەنان) لە کۆندا وەک لەوەڕگایەک بەکارهاتووە.
نوقتەکە
کەوتووەتە نزیک گوندی (عەبابەیلێ) و دامێنی شاخی شنروێ. ساڵی ١٩٢٠ بنکە و شوێنی چاودێری و جموموڵی سەربازیی ئینگلیزەکان بووە و هەر لەبەر ئەوەشە ناویان ناوە (نوقتەکە) و لە بەردەمیدا چەند قەڵایەکی تر وەک سەنگەر لێدراوە. لە ئێستادا شوێنەواری نەماوە و تاوەرێکی کارەبای لێدانراوە.
هەردوو ڕێ
کەوتووەتە نێوان ڕێگەی (شنروێ - عەبابەیلێ) و (شنروێ - ڕێشاو، کانی گوێز، پێگە و لمە). نێوان ئەو دوو ڕێگەیە پێیدەوترێت (هەردوو ڕێ). لە قەد پاڵی شنروێ و نسارەکەی هەڵکەوتووە. بەرانبەرەکەی پێیدەوترێت (خۆرەتاوی کەرەماڵی).
بەهەشتیڵێ
بەسەر بەشی خوارووی (دۆڵی کەوچ) لە چیای (شنروێ)دا دەڕوانێت و گوندی (عەبابەیلێ) و لەنێوان (داوگە درێژ) و (یاڵی مەجی بەگ) هەڵکەوتووە. لە لایەکەوە درێژدەبێتەوە تاکو دەگاتە گوندی (دەڵەمەڕ). لە کۆمەڵێک تاشەبەرد و تاوێری سەخت پێکدێت، (کەوا شیرداخ)یشی پێدەڵێن.