مەڕمانگان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 198

چیا

کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. لە سنوری عێراق و ئێرانە. لەگەڵ خاڵی هاتنەناوەوەی ڕوباری سیروان بۆناو هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. دۆڵی گریانە لەگەڵ چیای شنروێ جیایدەکاتەوە. لە باشوریەوە ڕوباری سیروان و لە باکوریەوە چیای هەورامان هەڵکەوتووە. بەرزترین لوتکەی لە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٥٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندەکانی (بۆین و گریانە و هاوارەکۆن و هاوار). ناوەکەی بەواتای (ئەشکەوتەکان) دێت. ژمارەیەکی زۆر ئەشکەوتی لێیە، وەک (شەوگەی عەلی ڕەزا) و (کەورگی چەمچەتاشان) و (قوڵنەچین). زۆر سەختە. گەیشتن پێی ئەستەمە. شوێنی خۆحەشاردان و مانەوەی خەڵکانی یاخی بووە. کانیەکی تێدایە بەناوی (کانی هانە ڕەیانێ) و بەناوی ژنێکەوە ناونراوە. لوتکەکەی پێیدەوترێت (قولەی تلی کوڕ).

سەرچاوەکان:

  1. کاریگەری ئاوهەوا لەسەر بەرهەمهێنانی سەوزەی هاوینە لە پارێزگای هەڵەبجە، مقداد عمر عبدالله، (ماستەرنامە) لە زانکۆی سلێمانی، زانستەمرۆڤایەتییەکان، جوگرافیا، ٢٠١٥، ل١٠.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (کەریم عەلی مەحموود)، لەدایکبوو: ١٩٤٢، لە ٣ی ٤ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

وەزەرا

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٦٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە نێو چیای کەمانجەڕ لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و دەربەند دزڵی و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم، ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی دەوڵەمەندە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانی دەکەن.

وەزەنێ

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی دەگاشێخان و باکوری ناوچەی گەشتیاریی وەزەنێ. (٢١١٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی دەگاشێخان و دۆڵی وەزەنێ و گوندی بەڵخە و هانە گەرمەڵە و کێمنە و بێرواس. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و باڵندە و ئاژەڵی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئای کانیاوەکانی دەگاشێخان و بەڵخە و وەزەنێ، ڕێگایەکی خۆڵ لە بەڵخەوە دەڕواتە چیای تەوەنێ و بە دامێنی ئەم لوتکەیەدا تێپەڕە دەبێت بە شێوەیەک تەنها (١٩٠م) لێیەوە دوورە، ئەم ڕێگایە دەچێتە ناوچەی گەشتیاریی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە).

قوڵتا

کەوتووەتە باکوری گوندی (نارنجڵە) و خۆرهەڵاتی گوندی (گوڵپ). (١٢٢٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی ڕووتەنە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و دەڕوانێتە سەر گوندی نارنجڵە و گوڵپ.

قۆڵی بلچ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن و گەچێنە. (١٧٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی چڕە بە دارستانی سروشتیی بەڕوو و گۆیژ. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە.

کانى ژاڵه

کەوتووەتە باشورى ناحیە‌ی (بەمۆ). بە لوتکەى کانى ژاڵە ناسراوە و تاکە دەرچەى ناحیەی (بەمۆ)يە بەسەر دەوربەريدا. بەرزيیەکەى لەئاستى ڕووى دەرياوە (١٤٩٦م) دەبێت. سنورى نێوان ناحیەی بەمۆی ئيدارەى گەرميانە.

کەرەسی

کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەیمەڕ). (٢٢٠٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای کەمانجەڕ و نێو چیای کەرەس لە سنوری گوندی دەرەیمەڕدایە، دەڕوانێتە سەر هەورامانی دیوی ئێران و گوندی دەرەیمەڕ و سەرگەت و زەڵم. ناوچەیەکی سەر سنوریی پێکدەهێنێت. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی. لە بەهاردا خەڵکی بۆ کات بەسەربردن و هێنانەوەی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.