شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

گمەی مەیدان

کەوتووەتە باکوری خۆرهاڵاتی گوندی نارنجڵەوە. لە نێوان زەوییەکانی گوندەکانی(گەچێنە و هەمزەیی و نارنجڵە)دا وەک سنور وایە. ڕووبەرەکەی(٠, ٠٨کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی ناوچەکە و وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە، جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە.

گێجێ

کەوتووەتە دەشتی سازان و لە بەشی کۆتایی دەشتەکەیە. دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و چەمی ئاوەمار. هۆکاری ناوهێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە قولەیەکی بەرزی هەیە، ئەگەر سەیری چەمی سیروان کرابێت لەسەریەوە، سەر گێژی خواردووە.

لاڕان

کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى يەک کيلۆمەتر لە ناوەندى گوندەکەوە دووره.‌ (٥٣٥م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بە هەميشەيى ڕێگەى هاتوچۆى ڕان و ئاژەڵى گوندەکە و سنورەکە بووه،‌ بۆيە پێیوتراوە گردى لاڕان.

لاسان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (هاوار). (١٥٨٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر گوندی هاوار و تاوێرە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی، ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەبێتە سەرچاوەی ئاوپێدەری کانیاوەکانی هاوار و لە زستاندا دەڕژێتە نێو چەمی دواوان.

لاسەو فاتەخانێ

کەوتووەتە سنوری گوندی هانەیدن و دەرەیمەڕ. (١٨٦٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. کەوتووەتە دامێنی چیای هەسوون. بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ڕووپۆشی ڕووەکی، لە بەهاراندا خەڵکێکی زۆر سەردانیدەکەن. لە باکورەوە شەوگەو دۆڵاوی و تاقودڕەیەکا و لوتکەی کەمانجەڕ و لە دۆڵی کۆرێ و حاجی ڕاو مرۆدۆڵە و لە خۆرهەڵاتەوە لوتکەی تەتە و کەڵە لانکێ و لە خۆرئاواوە چاڵاوا و پەچەو سێ قادری و دەشتڵێ دەورەیانداوە. ساڵانە بڕێکی زۆر باران و بەفری لێدەبارێت و دەڕژێتە نێو دۆڵی دەرەیمەڕ.

لاشانی ملەکەوە

لە ملەی تەمورە ژەنان دەستپێدەکات و لێژدەبێتەوە تادەگاتە ڕوباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخان. پێکهاتەی خاکەکەی ڕووتەنی مەیلە و شینە و هەربۆیەش پێیدەوترێت ملەکەوە. لەدیوی گوندی مامەشەیی گۆڕستانێکی تێدایە بەناوی گۆڕستانی دەروێش عەلی و بەشی باشوری چەمی باخی مەلا محمودی تێدایە. سنـوری جیاکـەرەوەی هـەردوو گـونـدی بەشـی پیـرک و مـامـەشـەیـی پێکدەهێنێت.

لاهاڵی

کەوتووەتە نێوان کەورگی (ئەیاڵە مەڕ و تەپی ترجان)ەوە. لە گوندی (دەرەتوێ) هەڵکەوتووە. شوێنەکە لمی سوری تێدایە، کە بەهۆی ڕاماڵینی بارانەوە لەوێدا دروستبووە. ئەم شوێنە زیاتر وەک ناونیشانێکی ناوچەکە بەکاردێت.

لاواندەران

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (نەیجەڵە) و لە نێوان شاخەکانی کوڵی متکان و پێگەیە و ئاوەڕێژگەکەی لەیەکیان جیادەکاتەوە. لە گوندی پێگەوە ڕێگای خاکی بۆ دەڕوات. لەبەشی ناوەڕاستدا ئەشکەوتی تێدایە. بەشی سەرەوەی شاخەکە، بانێکی بەرز و تەختە و وەک لەوەڕگا بۆ ئاژەڵ بەکارهاتووە. دۆڵی دورودرێژی تێدایە و بەرەو سیروان لێژدەبنەوە.

لەتکەی ئاوگە

کەوتووەتە نێو چیای داڵانی. (٢٠٣٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵی کێوی و دانیشتوانی هەورامان لە بەهاراندا سەردانیدەکەن و کاتێکی پڕ چێژ و خۆشی تێدا بەسەر دەبەن و گژوگیای بەهاری لێ دێننەوە.

لەشکرگا

کەوتووەتە باکوری گوندی (باخەکۆن). (١٢٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە. دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری سەردانیدەکەن.

لەنگەلەرز

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (هانەیدن). لە نێوان زەوییەکانی هەردوو گوندی (هانەیدن) و (دەرەیمەڕ)دایە. ڕووبەرەکەی ٥٤کم٢) و(١٢٠٠ بۆ ١٦٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم بانە شوێنێکی گرنگ بووە بۆ ئاژەڵدارەکانی گوندی هانەیدن و سەرگەت و دەرەیمەڕ. وەکو لەوەڕگایەکی سروشتی سودیانلێوەرگرتووە. جگەلەوەی دەوڵەمەندە بە ڕووەکی سروشتی و گژوگیای بەهارە، هەروەها بەهارە سەیرانگایەکی دڵگیرە و خەڵکێکی زۆر سەردانیدەکەن، لەم دواییانەدا کانی بەردینی لێدراوە و بەردەکانی بەکاردەهێنرێن بۆ دروستکردنی بیناو خانو وتەڵانی باخەکان، ئەمەش بووەتەهۆی شێواندنی دیمەنە سروشتییەکەیی و وێرانیکردووە.

ماریا

بە دووری (٢٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی گورگەچیاوە. پێدەچێت ناوەکەی لە گردی بە مارانەوە هاتبێت. بەڵام بەریتانیەکان کاتێک کنە و پشکنینیان کردووە بە ماریا ناویان هێناوە. لەگەڵ گردی گورگە چیا بەیەک تیم کاریانکردووە. لە کنە و پشکنیەنەکاندا زۆر گرنگی پێدراوە. مۆری بەردین و پەیکەر و هێمای گایەکیان تێدا دۆزیوەتەوە، کە لە دۆکیۆمێنتی تیمەکاندا وێنەی بڵاوکراوەتەوە. کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی بابلییەکان دەگەڕێتەوە.

مازووە ڕێ

یەکێکە لە لوتکە بەرزەکانی زنجیرە چیای سورێن. سنوری گوندی کانی ئاسکانە و میلەی مەرزیی بۆ جیاکردنەوەی سنوری خۆرهەڵات و باشوری کوردستانی تێدا جێگیرکراوە. بەهۆی بوونی داری مازووەوە ئەو ناوەی لێنراوە. خەڵکی ناوچەکە سوودیان لەو دارانە بۆ کاروباری جیاواز وەرگرتووە.

ماسناوەکە

کەوتووەتە باکوری گوندی (یاڵانپێ). (١٧٤٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە‌. کەوتووەتە دامێنی چیای منارەکەوە و لۆکە و عەزیز بەگی. بەرزییەکی زۆری هەیە و دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری لە گوندی یاڵانپێ و بانیشار و بناری چیای سورێن و دەشتی شارەزوور، بۆیە لەڕووی سەربازییەوە گرنگیان بۆ پاراستنی شۆڕشەکان و پێشمەرگە زۆر بووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێدا ماونەتەوە و لە لایەن دانیشتوانی گوندەکانەوە خواردنیان بە نهێنی بۆ براوە، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و لە وەرزی بەهاردا خەڵک بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهارە سەردانیدەکەن. ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ و باڵندەی کێوی تێدا دەژین.

ماشەجەڕێ

دەڕوانێت بەسەر ڕوباری سیروان و گوندەکانی بەردەمی و بەرانبەری لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لەوەڕگایەکی لەبارە. ڕێگەی گوندی دەوەرە و چناری پێدا تێپەڕدەبێت.

ماکوان

کەوتووەتە باکوری گوندی (عامورە) و به ‌دووریی (١٠کم) لە گوندەکەوە دوورە. شاخێکى بەرزە و زیاتر لە (١٠٠٠م) بەرزە و بەهاران گژوگیاى سروشتى تێدا دەڕوێت و خەڵکى ناوچەکە بۆ سەیرانکردن ڕووى تێدەکەن.

مالێدەر

یەکێکە لە سێ شاخە گەورەکەی سەر بە شارەدێی (تەوێڵە). گەورەترین بەشی تەوێڵە کەوتووەتە دامێنی ئەم شاخەوە، ڕوو بە قیبلەیە و بەر خۆرەتاوە. لە بەرانبەر دوو شاخەکەی تر هەڵکەوتووە و وەک تەوێڵ و ناوچاو دێتە بەرچاو، جەمسەرێکی لە چەمی زاوەرەوە درێژ دەبێتەوە تا پشتی ئاوێسەر لە خۆرهەڵاتیەوە. دەمی شێناو گەڕەکی مالێدەر و پرۆژەی ئاوی مالێدەر و گۆڕستان و مەزاری پیاوچاکان و دوو مەزگەوت و باخەکانی دەرەتفێ، کەوتوونەتە داوێنی ئەم شاخەوە. بە ڕێگەی پیادە لە چەند شوێنێکیەوە دەتوانرێت بچیتە گوندەکانی زاوەر و نۆدشە و هەورامانی دیوی خۆرهەڵاتەوە، لە ئێستادا بەهەرەوەزی جادەی ئۆتۆمبێلی بۆ براوە.

مامۆئەمین

کەوتووەتە کلکەی داروەنی ئاڵتوون و (١٤٠٠م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە‌. دارەبەنی زۆری هەیە، کە کراونەتە بنێشت. دەڕوانێت بەسەر کەژی هەسەن چاوەشدا، مامۆئەمین خەڵکی گوندی ڕێشاو بووە و دارەبەنەکە هی ئەو بووە بۆیە بەناوی ئەویشەوە ناونراوە.

مامۆ هۆمەر

بە دووریى دوو کيلۆمەتر کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان)، بەرزييەکەى (٦٠٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکۆندا کەسێک بەناوى مام هۆمەر خاوەنى ئەو زەوييانەى دەوروبەرى ئەم ملەيە بووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە‌ و بووە بە شوێن و ناونيشانێکى ديارى گوندەکە.

مام یونس

گردێکی مرۆڤکردی شوێنەوارییە. کەوتووەتە سنوری گوندی (شیرەمەڕ). شێوەیەکی بازنەیی (خڕ)ی نزیک بە (٣٠م)یی هەیە. لە زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە و ڕووبەرەکە نزیکەی (١٠٠٠م)ە. لە جۆرو شێوەی ئەو گردانەیە، کە لە شارەزووردا هەن و پێیاندەوترێت (تورەکە ڕێژ) و بە شان و بازووی مرۆڤ خۆڵەکەی لە شوێـنێکی ترەوە بۆ هێنراوە. بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە زەوی کشتوکاڵیی (مام یونس عەبدولکەریم)ەوە، بەو ناوەوە ناودەبرێت. تا ئێستا هیچ هەڵکۆڵینێکی زانستی تێدا ئەنجامنەدراوە، بەڵام هێماکانی گردی شوێنەواری تێدایە و لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەندین پارچەی گۆزە و گلێنە و هەروەها (ئێسکە پەیکەری مرۆڤ)ی تێدا دەرکەوتووە، کە لەناو گۆزەدا بوون و مێژووەکەیان بۆ پێش هاتنی ئایینی ئیسلام و پێش ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.

پێشتر 1
...
18 19 20
...
61 دواتر