شوێنی سروشتی

بەرگی یەکەم

شوێنی سروشتی

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

لەم بەرگەدا باس لە جوانییە سروشتییەکانی هەڵەبجە دەکرێت، لەوانە شاخەکان، دەشتاکان و سەیرانگاکان کە سیمایەکی ناوازەیان بە ناوچەکە بەخشیوە.

ناوەڕۆک

1214 بابەت

قەرەچەکان

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا). بە دووری (٢٥٠م) لە باشوری خۆرئاوای گردی قۆرتاسەوە هەڵکەوتووە. لە کۆندا لەنێو زەویی فڵامەرز قەرەچیدا بووە و بەو ناوە ناونراوە. بەهۆی ئەوەی کەوتۆتە نێو زەویە کشتوکاڵییەکانی گوندەکەوە و بەردەوام دەکێڵرێت، مەترسیی لەناوچوونی بەتەواوی لەسەرە. لە شەڕی عێراق و ئێراندا بەر ساتر کەوتووە و شێواوە.

قەریە

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گورگەچیا). گردێکی دێرینە. چەندەها گڵێنەی نەخشدار و خشتی گەورەی تێدایە. بازنێکی مەفرەقی تێدا دۆزراوەتەوە. بەنزیکەی (١٠٠م) لە خۆرهەڵاتی گردی قۆرتاسەوە هەڵکەوتووە. لەبەرئەوەی وەک قەبرستانی گوندی کۆنی قۆرتاس بەکارهاتووە، بۆیە پێیوتراوە: گردی گوندەکە. وەک وەقفی گوندەکە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و کەس بۆی نەبووە بۆ مەبەستی تاکەکەسی بەکاریبهێنێت.

قەڵابۆزان

کەوتووەتە دەستی ڕاستی چەمی ئاوێسەر لە شارەدێی (تەوێڵە) لە پشت مزگەوتی مەلا نەزیر یان بەشی پشتەوەی کۆڵانی هانەسووسوو. پاشماوەی زەردەشتیەکانە لە شارەدێی تەوێڵە. لەلایەن تیرەی (بۆزان) بونیادنراوە، کە یەکێک بوون لەو تیرانەی، کە یەکیانگرتوە و دەوڵەتی (ماد)یان دروستکردووە. لە ئێستا دا یەکێکە لە ئاوەدانیەکانی تەوێڵە و ژمارەیەک ماڵێ تێدایە. هەرچەند سەخت و لێژ و نسرمە، بەڵام ڕێگای هاتوچۆی بۆکراوە. بەشێکی دیکەش پێیانوایە هۆکاری ناونانەکەی بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە، کە لە هەوراماندا ئەو شوێنە سەخت و نسرمانەی، کە درەنگ گیایان تێدا سەوزدەبێت، پێیدەڵێن: شوێنەکە (بۆز) بووە. هەروەک ئەم وشەیەش بۆ مرۆڤی تازە پێگەشتوو بەکاردێت.

قەڵاتێ ١

کەوتووەتە باکوری گوندی (خەرپانی) لەسەر ڕێگەی (خەرپانی - کەمانگەرا). دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی دەوروبەریدا و ئاڕاستەی لێژبوونەوەی لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوایە و تا دەگاتە نزیک چەمی (ڕاوی) یان (دەرە وڕاوی). لە ئێستادا گۆڕستانی نوێی گوندەکەی لێیە. بەهۆی تەختی و فراوانیی گردەکەوه،‌ لە بەهاراندا بووەتە شوێنی حەوانەوەی گەشتیاران. پێش ئەوەی بکرێت بە گۆڕستان، هەندێک بۆنەی کۆمەڵایەتی لێ ئەنجامدراوە. ژمارەیەک خانو بەشێوازی سەردەمیانە لەسەر گردەکە دروستکراون.

قەڵاتێ ٢

کەوتووەتە سنوری گوندی (عەنەب) لە پشتی دارستانی تەپەتوراشە و نزیک چەمی بیسان. گردێکی بەرزە، بەسەر سەنتەری گوندەکەدا دەڕوانێت. بەشێکی زۆری دارستانی سروشتییە. بە داری بەڕوو دەوڵەمەندە.

قەڵا

کەوتووەتە دەستە ڕاستی ملەی مۆردین. لە نێوان چەمی دەرەبۆڵان و سەرزەرد. بەسەر گەچێنە و کانیە کوێردا دەڕوانێت. بەرزە و سنوری گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانیش دیارە. لوتکەکەی بە بەرد کراوەتە قەڵا و پێشمەرگە و سەربازی عێراق بەکاریانهێناوە.

قەڵاڕێزینە

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ) و (نارنجڵە). لەو بەرزاییەدا شێوەی پاسگا و بارەگایەک هەڵکەوتووە. بە قسەی خەڵکی ناوچەکە، دەسەڵاتێک هەبووە لەو دەربەندەدا بارەگای داناوە و بەسەر هاتوچۆی ناوچەکەدا دەستیڕۆشتووە. لەڕێگەی ئاوێنە و هەواڵدەری نهێنییەوە پەیوەندییان بە قەڵاکەی پشتی نارنجڵەوە کردووە و ڕێگرییان لە هەر کەسێک گرتووه،‌ کە نەیانویستبێت بەو شوێنەدا تێپەڕن.

قەڵاڕێزین

کەوتووەتە سەر چیای بەندەن (بەنەن) و بە بەرزترین و ستراتیجیترین لوتکە دادەنرێت. کەوتووەتە گوندی تاوێرە و سەرکەن و (١٤٨٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ئەم لوتکەیە دەڕوانێت بەسەر خەرپانی و چەمی (کانی یاسەمەن). دەرەشیش و دەشتی شارەزەوور کەوتووەتە بەردەمی. بەهۆی گرنگیی پێگەکەی بەدرێژایی مێژوو کراوەتە سەربازگە و شوێنێکی ستراتیجی بووە. پاشماوەی مین و تەقەمەنی تا ئێستا بەسەرەوە ماوە و مەترسیەکانی بۆ سەردانیشتوان و خاوەن باخەکانی ناوچەکە هەبووە. لە قەدپاڵیدا کانیاو و ئاوی سازگار بوونی هەیە و بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی باخەکانی دامێنی. چیاکە دەوڵەمەندە بە گیانەوەری کێوی، وەک کەروێشک و چالەکە و ڕێوی.

زیاتر بزانە
لوتکەى چيا

قەڵا

کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و لەتەنيشتى گوندەکەدا هەڵکەوتووه. (٦٠٠م) لە ئاستى ڕووى دەريا بەرزە. خەڵکى گوند بەهۆى هەڵکەوتەى شوێنەکە و شێوازى گردەکه،‌ کە وەک قەڵايەک دەبينرێت، ئەو ناوەیان لێناوە.

قەڵا میرزا

کەوتووەتە پشتی گەڕەکی (چلانە) و بەرزترین لوتکە شاخە لە (تەوێڵە). دەڕوانێت بەسەر تەوێڵە و چەمی ئاوێسەردا. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانیش دادەنرێت، کە پێدەچێت شوێنی ژیان بووبێت. ناوەکەی بۆ (قارس میرزا) برای (تەهماسب شا) دەگەڕێتەوە، کە ساڵی ٥٤٢ی کۆچی لەگەڵ براکەیدا تێکدەچێت و لەم شاخە گیرساوەتەوە و قەڵای دروستکردووە. لە کۆڵانی (کاکڵە پیرۆز) و کۆڵانی (تاشڵا)ەوە بۆی سەردەکەویت. دواتر دەگەیت بە (ڕەزە دێمەکانی هەیاس)، لەوێوە سەردەکەویت بۆ ساراییەک و تەختاییەکی لەباری تێدایە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهارە و قارچک سەردانیدەکەن. لە قەڵا میرزاوە دەتوانرێت بەپێ بگەڕێیتەوە بۆ گوندی (بەڵخە) و باخەکانی (تەوەنێ) شاخڕەوێکی زۆر سەردانیدەکەن.

قەڵاو بەرزەڵنگی

به ‌دووریی ٢٠ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لە نزیک شاخی داڵانی و ڕەنگین. به ‌بەردەوامی بەفری پێوەیە. لاپاڵەکانی ڕووەکى لۆی پێوەیە و دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان. نزیکەى (١٣٠٠م) لە گوندەکەوە بەرزە.‌

قەڵاتۆ شاتری

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی سۆسەکان و باشوری گوندی بەڵخە و مێشلە. (١٥٣٢م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێتە سەر ناوچەکانی چواردەوری، لە لوتکەی قەڵاکەدا خانویەکی گەورە و مەلەوانگەیەک و دارستانێکی چڕی تێدایە، لە باکورەوە چیای هەوارەبەرزە و مێشلە و لە باشورەوە قەڵای سۆسەکان و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی بلە و لە خۆرئاواوە دۆڵی شەمێ دەورەیانداوە، ڕێگای تایبەتی هەیە و کراوەتە موڵکی تایبەت و پەرژینکراوە.

قەڵای گەچی

کەوتووەتە سنوری گوندی (ڕێشاو) لە دامێنی چیای هەرمێلێ. قەڵاکە مێژوویی نییە و قولەیەکی سروشتیی بەرزە. بەهۆی بەرزیی شاخـەکـەوە ئـەو نـاوەی لێنراوە. لە دامێنی چەمی گەچی هەڵکەوتووە، کە کانی و چەم و بەردی سپی لێیە. بۆیە بەو ناوە بەناوبانگە.

زیاتر بزانە
لوتکە چیا

قوتە کەوە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیەی (سیروان). نزيکەى (٤٥٧م) لە ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە. لەکاتى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى دەرياچەى دەربەنديخان، ئاوى دەرياچەکە چواردەورى دەگرێت و لەشێوەى دورگەيەکى بچووکدا دەردەکەوێت.

قوتەى دارە سێ قاچە

کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان) و نزيکەى (١٣٠٠م) لە سەنتەرى گوندەکەوە دووره. نزيکەى (٤٩٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە و بەهۆى بوونى دارێکـى سـێ قاچـەوه،‌ ناونـراوە گـردى دارە سـێ قاچە.

قەنارە

کەوتووەتە بەردەم چیای (ئاوەزنێ) لە گوندی (گریانە و هاوارەکۆن و دەرەتوێ). دەڕوانێت بەسەر باخی (کەهێڵی زاهیر و باوانی بن)دا. ئەم لوتکەیە سەخت و بەرزە. دەڵێن لە سەردەمێکدا، کە نازانرێت کەی بووە، حاکمێک فەرمانڕەوایی ناوچەکەی کردووە. هەرکەس خراپەیەکی بکردایە ئەوا لەم شوێنەدا لە سێدارەیانداوە، ئەمەیش بۆ وەرگرتنی پەند و عیبرەت. شوێنی لە سێدارەدانی تاوانباران بووە. لەسەر لوتکەکە هەڵدراونەتە خوارەوە. تاکو ئێستاش دانیشتوانی گوندەکانی (هاوار و هاوارەکۆن و دەرەتوێ) هەر بەو ناوە ناوی دەهێنن.

قوتکەکانى قارەمانى

چەند قوتکێکى بەرزن و بەسەر بەرزايى شاخەکانى سنورى گوندى (قارەمانی)ی سەر بە ناحیە‌ی (سیروان)ـەوەن.‌ دەڕوانن بەسەر چەمى ئاوەلێڵه ‌و گوندى قارەمانيدا، بووە بە ناونيشان و شوێنێکى ديارى گوندەکە.

قوتی مەیدان

کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ). زاڵە بەسەر گوندەکانی (گڵێجاڵ و سەعداوا) و هەموو دەشتی گڵێجاڵدا دەڕوانێت. (١٠٩٥م) لەئاسـتی ڕووی دەریاوە بەرزە.

قوچ

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل) و دەڕوانێت بەسەریدا. بە قوچی بەردەبەلیش ناودەبرێت. جگە لە شاخی سورێن دەڕوانێت بەسەر هەموو شاخەکانی دیکەی ناوچەکەدا. دیوی پشتەوەی چاڵێکی گەورەی لێیە، کە بە نزارە ڕەش ناودەبرێت و وەک لەوەڕگایەکی سروشتی بەکاردێت.

قوچک

کەوتووەتە بەرانبەر شاخەکانی ماکوان و کەوێڵە لە خۆرهەڵاتی کوردستان. لوتکەکەی وەک سێگۆشەیە و دەڕوانێت بەسەر چەم و دۆڵەکانی مۆردیندا. لەسەر لوتکەی ئەم شاخە بنکەی پاسەوانی سنوری لێیە. بە دۆڵێکدا لێژدەبێتەوە و خـانـوەکانی گـوندی مـۆردین لە قـەدپاڵیدا هەڵکـەوتوون. بە (قوچـکە)ش نـاودەبرێت.

پێشتر 1
...
12 13 14
...
61 دواتر