قەڵا میرزا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە پشتی گەڕەکی (چلانە) و بەرزترین لوتکە شاخە لە (تەوێڵە). دەڕوانێت بەسەر تەوێڵە و چەمی ئاوێسەردا. بە یەکێک لە شوێنەوارە کۆنەکانیش دادەنرێت، کە پێدەچێت شوێنی ژیان بووبێت. ناوەکەی بۆ (قارس میرزا) برای (تەهماسب شا) دەگەڕێتەوە، کە ساڵی ٥٤٢ی کۆچی لەگەڵ براکەیدا تێکدەچێت و لەم شاخە گیرساوەتەوە و قەڵای دروستکردووە. لە کۆڵانی (کاکڵە پیرۆز) و کۆڵانی (تاشڵا)ەوە بۆی سەردەکەویت. دواتر دەگەیت بە (ڕەزە دێمەکانی هەیاس)، لەوێوە سەردەکەویت بۆ ساراییەک و تەختاییەکی لەباری تێدایە. لە بەهاردا خەڵکی بۆ هێنانی گژوگیای بەهارە و قارچک سەردانیدەکەن. لە قەڵا میرزاوە دەتوانرێت بەپێ بگەڕێیتەوە بۆ گوندی (بەڵخە) و باخەکانی (تەوەنێ) شاخڕەوێکی زۆر سەردانیدەکەن.
سەرچاوەکان:
- سەربووردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، تاران، ٢٠٠٥، ل٣٤٨-٣٨٣ .
- هەورامان، ئەیوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم و دووەم، لە بڵاکراوەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان، چاپی سێیەم، ٢٠١١، ل٦٣٦.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حەسن قادر حەسن)، لە دایکبوو: ١٩٦٧، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ١٥ی ٢ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید