بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە و وەزارەتی کارەبایە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٤. سەرەتا لەگەڵ هەرسێ فەرمانگەی شارەوانی، ئاو و کارەبا پێکەوەبوون و (عەلی تۆفیق) بەڕێوەبەری بووە هەتا سەرەتای هەشتاکان، پاشان کارەبا جیا دەکرێتەوە و (مستەفا جەعفەر) دەبێتە بەرێوەبەری. بەهۆی باردوخی سیاسیی ناوچەکە و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، چەندین جار ئەم فەرمانگەیە دوچاری داخران و کردنەوە هاتووە. لە دوای ڕاپەرینەوە ساڵی ١٩٩١ هەرچەندە کارەبای نیشتمانی نەبووە، لە بری کارەبا، مۆلیدەیان بەکارهێناوە و (ئەنوەر عارف مستەفا) هەتا ساڵی ٢٠٠٩، دەبێتە لێپرسراوی کارەبای بیارە. دواتر بۆمایەکی کەم (ئەحمەد نادر) دەبێتە لێپرسراو و پاشان خانەنشین دەبێت و (ڕەحمان عەزیز محەممەد) دەبێتە لێپرسراوی چاکسازیی کارەبای بیارە و تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم فەرمانگەیە لە دوو هۆبە پێکهاتووە، کە بریتین لە هۆبەکانی چاکسازی و کارگێڕی، (٢١) فەرمانبەری میلاکیان هەیە، بە کرێ لە خانوی (بێستون محەممەد ڕەحیم) دان. ڕووبەری خانووەکەیان (٢٠٠م٢)یە، ئیشوکاری فەرمانگەکە سیانەکردنی تۆڕەکانی کارەبا و ئیشوکاری ماڵانە لە سنوری شارۆچکەی بیارە و دەوروبەری، ئەم فەرمانگەیە کەوتووەتە گەڕەکی (خانەقا) لە شارۆچکەی بیارە.
کەوتووەتە سە ڕێگای سەرەکیی سیروان-هەڵەبجە، سەرەتای گەڕەکی شەهیدان لە سیروان، نزیک قوتابخانەی ماکوان. ساڵی ١٩٩٧ کراوەتەوە. یەک بەش و (٥٥)کارمەندی هەیە. سنوری کاری سیروان و ٢١ گوندە. کەمال مەحمود عەلی بەرپرسی هۆبەکەیە.
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨. بەڕێوەبەری یەکەمی ئەم هۆبەیە (شەریف حەمەڕەحیم) بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. پاشان (سالار عەبدوڵا مەعروف) دەبێتە بەڕێوەبەر و هەتا ئیستاش بەردەوامە، هەشت فەرمانبەری میلاکیان هەیە. لە ژوورێکی بینای بەشی کشتوکاڵی بیارەدا دەوامدەکەن. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەوى (٣٠٠م٢) دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بیناکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق، کە ئەوکات بۆ نەخۆشخانەى بیارە لە بەرد و چیمەنتۆ دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی (هارە گلان) لە شارۆچکەى بیارە، ئیشوکاری فەرمانگەکە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی دارستانی دەستکرد و سروشتی.
فەرمانگەیەکی کشتوکاڵیی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠١٠ کراوەتەوە. لە یەک بەش پێکدێت بەناوی هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵ. بینای تایبەت بە خۆی نییە. کەوتووەتە ناو کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی خورماڵ لەسەر شەقامی مەحموود خانی دزڵی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی خورماڵ - بیارە. دیارترین دارستانەکانی سنوری ئەم هۆبەیە بریتین لە دارستانی ئەحمەدئاوا، کە لەلایەن (سەفەر جلال مەحموود) سەرپەرشتیدەکرێت و دوو کرێکاری هەیە، دارستانی قەڵای خورماڵ کە لەلایەن (عەینەدین محەممەد شەریف) سەرپەرشتیدەکرێت و سێ کرێکاری هەیە. بە گشتی نۆ فەرمانبەر لە هۆبەکەدا خزمەتدەکەن، کە بریتین لە (بەڕێوەبەر، دوو سەرپەرشتیار، پێنج کرێکار و شۆفێرێک)، لە کاتی کردنەوەی هۆبەکە هەتا ئێستا (ئەنوەر مستەفا محەممەد) بەڕێوەبەریەتی.
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٨، یەکەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکە (د. سەلمان نادر عەبدولڕەحمان) بووە، هەتا ساڵی ٢٠١٠ بەردەوامبووە، پاشان (د. حەکیم جەمیل عەلی) وەک بەڕێوەبەر دەستبەکاردەبێت و تائێستاش بەردەوامە. هەشت فەرمانبەری میلاک و یەک فەرمانبەری خۆبەخشیان هەیە. لە بینایەکی حکومیدا دەوامدەکەن، کە موڵکی فەرمانگەیە و لە بەرد و چیمەنتۆ و لەسەر ڕووبەری زەوی(٢٥٠م٢) و ڕووبەری بینای فەرمانگە(٢٠٠م٢) دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی (هارە گلان) لە شارۆچکەی بیارە، ئیشوکاری فەرمانگەکە بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی و ئاژەڵی بە جوتیارانی سنوری شارۆچکەی بیارە و دەوروبەری.
فەرمانگەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێترنەریی پارێزگاری هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٠ کراوەتەوە. دکتۆر (عەلی عەبدولقادر عەبدوڵا) یەکەم بەڕێوەبەری هۆبەکە بووە و هەتا ئێستادا بەردەوامە. لەسەر ڕووبەری بینای (٢٧٤م) و زەوی (٣٠٠٠م) دروستکراوە. یەک نهۆمە. لە پێنج ژوور پێکهاتووه، کە یەکێکیان تەرخانکراوە بۆ دەرمانخانە. بیناکە موڵکی هۆبە خۆیەتی. لەئێستادا ١٦ فەرمانبەری هەیە.
سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. لە یەک بەش پێکهاتووە. ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ڕووبەری (٥٣٢م٢) نزیک بە نەمامگەی سیروان دروستکراوە، کە موڵکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. لە سەرەتاوە هەتا ئێستا (د. ناجیح محەممەد ئەحمەد) پزیشکی ڤێترنەری بەڕێوەبەریەتی. نۆ فەرمانبەری میلاکی هەیە.
دامەزراوەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. کەوتووەتە دەروازەی مەرزی تەوێڵە. ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە. (شەیما حەسەن حسێن) یەکەم لێپرسراوی بووە و لە ئێستادا (کەیوان مەنوچەر فەتاح) لێپرسراویەتی. چوار فەرمانبەری میلاکی هەیە، لەگەڵ سێ فەرمانگەی تردا لە بینایەکی دوو نهۆمیدان، کە حکومەت ساڵی ٢٠١٣ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە. پشکنین بۆ ئەو بەروبوومانە دەکات، کە لەمەرزی تەوێڵەوە هاوردەدەکرێن.
دامەزراوەیەکی حکومییە، سەر بە وەزارەتی پلاندانانە و بەڕێوەبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانییە. ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە. کەوتووەتە مەرزی شارەدێی تەوێڵە. (ئارام عارف محەممەدئەمین) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و دواتر (پەیمان عەبدوڵڵا فەرەج) و تائێستا بەردەوامە. حەوت فەرمانبەری هەیە. بیناکەی ساڵی٢٠١٣ بە دوو نهۆم لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) دروستکراوه و چەند فەرمانگەیەکی تریش لە ناو بیناکەدان. نمونە لەو بارانە وەردەگرن، کە دێنە ناوەوە و ئاڕاستەی کۆمپانیای ڕەزگەی دەکەن.
سەندیکایەکی پیشەیی سەربەخۆی ناحکومییە. تایبەتە بە دەرچوانی بەکالۆریۆس لە بەشەکانی ئابووری، کارگێڕی، ئامار، بزنس لە زانکۆ تایبەتەکان. لە مانگی پێنجی ٢٠٢١ بە فەرمانی ئەنجومەن دامەزراوە و سەرەتا نوسینگەکەی لە نزیک بازاڕی هەڵەبجە کراوەتەوە و لە (مانگی ٧ی ٢٠٢٣)وە بە فەرمان کراوە بە لق، بەڵام بە هۆی نەبوونی پارە و سەرچاوەی داراییەوە، هێشتا کارا نەکراوە. لەسەر ئاستی کوردستان بەڕیوەبردن و پەیکەرە کارگێڕییەکەی بەرەییەو یەکێتی و پارتی پڕی دەکەنەوە. بەو پێیە لقەکە لە دوونوێنەری یەکێتی و دوو نوێنەری پارتی پێکدێت. سەرکۆ یونس عبدالکریم، بەکالۆریۆس، کارگێڕی و ئابوری، مامۆستا، بە فەرمانی سەندیکا لێپرسراوی لقەکەیە. بیناکەیان کرێیە و خانوی هاوڵاتییە، لە بلۆک و کۆنکرێت و پلاستیک و کاشی لە دوای(٢٠٠٣)وە لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م٢) دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی مەرزەبۆتۆ، سەروی سۆپەر مارکێتی ١٦ی ٣، خوار بەقاڵەکان. ئیشوکاری داکۆکیکردن لە مافی ئەندامەکانی لە دامودەستگاکانی حکومی و کەرتی تایبەتدا.
ڕێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی مرۆڤ و ژینگەیە و کار بۆ تەندروستی و وەرزش، ژینگە و گەشەپێدانی مرۆیی دەکات. ساڵی ٢٠١٢ - ٢٠١٣ دامەزراوە. لە سنوری هەڵەبجە و دەوروبەر بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی، چالاکی ئەنجامدەدەن. هەریەک لە (ئارام خەسرەو حامید، بەرپرسی ڕێکخراو و لوقمان عەبدوڵا جێگری ڕێکخراو و هەریەک لە محەممەد جەبار، عەبدولعەزیم حەمەسەلیم، پەروین ئیبراهیم، کوێستان محەممەد ڕەشید، سوهەیب سەلاح و هیوا ئەحمەد)، وەک ئەندام لە ڕێکخراوەکە دیاریکراون. لە بەشەکانی (پاسکیلسواری، ماراسۆن، شاخڕەوی، کاراتی، مەلەوانی) پێکدێت و بۆ هەر بەشێک ڕاهێنەر و بەرپرسی گروپ دیاریکراوە. هەتا ئێستا بەردەوامن.
کەوتووەتە سەر شەقامی گشتیی دەروازەی هەڵەبجە لە تەنیشت بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٣ فەرمانی کردنەوەی دەرچووە. سەرۆک و جێگر و ژمێریاری و کارگێڕییان هەیە. (نەوزاد والی مەحموود) یەکەم سەرۆکی بووە و هەتا ئێستا بەردەوامە.
ڕێکخراوێکی ڕامیاریی سەربازییە. ساڵی ١٩٨٣ بەسەرکردایەتی مامۆستا (ئیسماعیل مەلا ساڵحی گەورە)ی وتاربێژی مزگەوتی (کانیعاشقان) دامەزراوە. پاش کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕێکخراوەکە خۆی هەڵوەشاندەوەتەوە و مامۆستا ئیسماعیل لە ئێران ماوەتەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.
ڕێکخراوێکی ڕامیاریی سەربازییە. ساڵی ٢٠٠١ لە شارۆچکەی (بیارە) خۆی ڕاگەیاندووە. لە گرووپەکانی (ئیسلاح) و (جوندولئیسلام) پێکهاتووە، کە نەجمەدین فەرەج (کرێکار)یان بە ئەمیری خۆیان هەڵبژاردوە. لەگەڵ (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) لە جەنگدا بوون. سنوری دەسەڵاتیان مەڵبەندی شارۆچکەی بیارە و چەند گوندێکی هەورامان بووە. لە شەوی ٢١-٢٢ی ٣ی ٢٠٠٣ لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوهە موشەکباران کراون و لە ناوچەکەدا نەماون.
کۆمەڵەیەکی ناحکومییە. کار لە دۆسیەی ئەنفالکراوانی هەڵەبجە و مافی ڕزگاربوانی زیندانەکانی نوگرە سەلمان و عەرعەر و تۆپزاوادا دەکات. دوای ئەوەی چەند خەمخۆر و ڕزگاربوویەک وەک خەمێکی تاک، کەیسەکە باسدەکەن و لە ڕاگەیاندنەکان و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیدا دەیورژێنن، بەبیرۆکەی عەبدالقادر شادی و عەلی عارف ڕزگاربوان لە ٢٤ی ٣ی ٢٠١١ لە باخی گشتیی هەڵەبجە کۆدەبنەوە و کۆمەڵەکە ڕادەگەیەنن. ئامانجیان بەڕێوەبردنی ئیشوکاری ڕزگاربووانی نوگرەسەلمان و هێنانە سەرخەتی حکومەتی عێراقە بۆ تێگەشتن و قەرەبووکردنەوە. دەستەی دامەزراندن: عەبدولقادر ئەحمەد فەتاح (شادی)، عەلی عارف ئەحمەد، سەلمان ئەڵڵاکەرەم سەید ئەحمەد، محەممەد حەمەسەعید حەسەن، عومەر محەممەد سبحان، دلێر ئەحمەد عەلی، عەبدوڵا شەریف مەجید، ڕەفعەت ڕەحیم محەممەد، نەریمان مشیر مستەفا، نەوشیروان حەمەڕەشید ڕۆستەم، ئیحسان عەلی قادر. فۆڕمیان بۆ گیراوان و قوربانیان پڕکردووەتەوە، ئاماری کوژراوان و ڕزگاربوانیان کردووە و لە دوای بێسەروشوێنەکانیشەوەن، چەندین بەرنامە و دیداری دۆکیۆمێنتاریان سازکردووە، هەندێک ئەندامیان سەردانی نوگرە سەلمانیان کردووەتەوە، بە ئەرشیف و گێڕانەوەکان خزمەتیان بە چاپەمەنیەکانی جینۆساید کردووە..هتد. بەشێک لە ئەندامەکانیان ٩ی ٨ی ١٩٨٨بۆ ١٩ی ١٢ی ١٩٨٨لە زیندانی نوگرەدا بوون. هەریەکە لە: قادر شادی، سەلمان ئەڵڵاکەرەم، ئیحسان عەلی قادر، بە دوای یەکدا سەرۆکی کۆمەڵەکە بوون. لە ئێستدا نەریمان مشیر، لەدایکبووی ١٩٧٠جێگری بەڕێوەبەری کارتی زانیاریی هەڵەبجە، سەرۆکی کۆمەڵەکەیە.
کۆمەڵەیەکی خۆبەخشی شارستانییە. پاش کردنەوەی یەکەم قوتابخانەی سەرەتایی ساڵی ١٩١٩ لە شاری ھەڵەبجەو حەوت ساڵی خوێندن لە شوێنێکی نەگونجاودا، بیر لەوە کراوەتەوە شوێنێکی گونجاوتر بؤ قوتأبخانەکە دابین بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە و ساڵی ١٩٢٦دا کۆمەڵێک لە خەڵکی شاری هەڵەبجە (کۆمەڵەی ئیعانەی مەکتەبی ھەڵەبجە)یان دامەزراندووە. (ئەحمەد موختار بەگی جاف) وەک ئەندامی کۆمەڵەکە، لە باشوری شار پارچە زەوییەکی خۆی پێشکەش بە مەکتەبەکە کردووە و بانگەوازکراوە هەتا خەڵکی لە خشتێکەوە، هەتا ئەوەی پێیان دەکرێت کۆمەکی کۆمەڵەکە بکەن. سەرەنجام بە دەیان کەس لە گوندەکان و شارەکەوە بەدەنگەوه هاتوون بەشدارییان تێدا کردووە.
ڕێکخراوی ئينستتيوتى ژيار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی هەڵەبجە، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن (د. خالد محەممەد ساڵح، د. عەبدولستار، د. سليمان سەليم)ەوە دامەزراوە. لە بواری زانستى شەرعى و پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆییدا کاردەکەن. (د. خالد محەممەد ساڵح) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە کۆدی ژمارە (٦٧١ - ل) لە ٢٢ى ١ى ٢٠١٨ تۆمارکراوە. ئۆفیسی سەرەکیی ڕێکخراوەکە لە پارێزگای سلێمانییە، لقی لە شار و شارۆچکەکانی تری کوردستاندا هەیە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە قوڵکردنەوەی گیانی بەرپرسیارێتی و پێکەوەژیان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵ و بەگەڕخستنی توانا جۆرا و جۆرەکانیان، لەپێناو بەدیهێنان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و گونجاو بۆ گشت چین و توێژەکان. (عەدنان نووری ئەحمەد) بەرپرسی لقی هەڵەبجەیە و ئۆفیسەکەیان کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەران نزیک بەنزینخانەى کۆن و تەنيشت جوانکاریى شکۆ.
لە ٢٤ی ٧ی ٢٠١٧ بە ژمارە (٣٦٧٣)ی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان مۆڵەتی دامەزراندنی وەرگرتووە. لەلایەن (سەرکۆ ڕەحیم حەمەغەریب)ەوە دامەزراوە. ئۆفیسى سەرەکیی لە شاری هەڵەبجەی شەهیدە و تایبەتکراوە بە منداڵانى خاوەنپێداویستیى تایبەتى. جگە لە شاری هەڵەبجە، لە سلێمانى و هەولێریش لقی هەیە. ئامانجی سەرەکیی ڕێکخراوەکە بریتییە لە خزمەتکردنى منداڵانى خاوەنپێداویستیى تایبەت، لە ڕووەکانی: تەندروستى، دەروونى، ڕاهێنان و دابینکردنى پێداویستییەکانیانەوە. ڕێکخراوەکە لەماوەی کارکردنیدا چەند چالاکییەکی لە بواری پەروەردە و پێگەیاندندا بە منداڵانی کەمئەندام کردووە. بە هاوکارى خێرخوازان نزیکەى ٢٥ هەزار کورسى بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەگەڵ ٧٠٠ قاچ و دەستى دەستکردى بۆ منداڵانى خاوەنپێداویستى تایبەت دابینکردووە.
ڕێکخراوێکی سیاسی و ناونیشانی لیستێکە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ی پەرلەمانی کوردستان. بارەگاکەیان کەوتووەتە جووتسایدی مامۆستایان بەرانبەر خلیج مۆڵ. لە سەرەتای مانگی ٩ی ٢٠٢٤ لە شاری هەڵەبجە کراوەتەوە. لە بەشەکانی: سەرپەرشتیار، کارگێڕی، پەیوەندییەکان، هەڵبژاردن و چەند بەشێکی تر پێکهاتووە. (جەبار نەجیب نامدار) سەرپەرشتیاریەتی و١١ ئەندام ئەنجومەن و سێ یەدەکەیان هەیە و سەرپەرشتی کارەکانی سنوری: تەوێڵە، بیارە، خورماڵ، سیروان دەکەن. بیناکەیان کرێیە و لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) بە دوو نهۆم دروستکراوە.
دەستەیەکی خۆبەخشی مەدەنییە. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولدا لە ناوچەکە بە چەک و ماڵی خۆیان یارمەتی پێشمەرگەیان داوە و لە زۆربەی شەڕەکاندا بەشداربوون، لەوانە: شەڕی پردی زەڵم. لە نموونەی ئەندامەکانی (ئەحمەد حەملە حەمەکەریم، حاجی ڕەحمان حەکۆڵ، عەبدولقادر حەمەعەلی، فەتاح سەعید ساڵح، عەلی ئەحمەد دزڵی، مەحموود حەمەئەمین...). دواتر شۆڕش لقی بۆ کردوونەتەوە و (ئەحمەد حەمل) بووەتە سەرلقیان و بە لقی بەرگریی میللی ناسراون.