بەرگی هەشتەم
دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
بەرگی هەشتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
فەرمانگەیەکی حکومییە. لە خوارووی کێلەسپی بەرامبەر سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئێستا. لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە. کاری سەرەکیی ئەم فەرمانگەیە پێدانی کەلوپەل و ئامێری کشتوکاڵییە بە جوتیارەکانی سنورەکە و سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی ئاژەڵداریی حکومی کردووە. هاوکات کێڵگەیەکی پەلەوەری (دواجن)یشی لە سەرووی (غاباتەکە)، کە ئێستا بە نەمامگەی سیروان ناسراوە، هەبووە. بۆ یەکەمجار ژمارەیەک نەوەن و ڕەشە وڵاخیان هێنایە سیروانەوە و خۆیان بەخێویانکردووە.
دامەزراوەیەکی حکومییە، سەربە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی هەڵەبجەیە، دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە، لەسەر ڕێگای سەرەکیی خورماڵ -بیارە. لە ١١ هۆبە پێکهاتووە لەوانەش:(کرگێڕی، ژمێریاری، ئامێرەکان، وردبینی، یاسایی، موڵکایەتی، ڕاگەیاندن، باخچەکان، زیادەڕۆیی، هونەری). ٥٤٥٨ مەتر ڕووبەری ئەو زەویەییە، کە بیناکەی لەسەر دروستکراوە. لە نۆ ژوور دوو گەراج بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی شارەوانی پێکهاتووە. ٧٧ فەرمانبەری هەیە. ٣٧ فەرمانبەری هەمیشەیی، ٣٧ گرێبەست و سێ کارمەندی خۆبەخشن. لەساڵی ١٩٧٠ بینای شارەوانی لە تەنیشت مزگەوتی گەورەی خورماڵ بووە. تاکو ئێستا ١٥ کەس بوونەتە سەرۆکی شارەوانی ئەوانیش( تاهیر محەمەد بابان، حسەین ئەحمەد فەتاح، ئاوات محەمەد سەعید، شێخ عەتا، شێخ محەمەد، عەبدوڵا محەمەد شەریف، شێخ نوری، ئەحمەد محەمەد حسەین، سەباح محەمەد، سەلام بیلال، ڕاغیب عابید، سالار ئەحمەد ڕەشید، ئوسامە سەبری، دوایین کەسیش جەلال محەمەد)ە، کە لە کارەکەی بەردەوامە.
فەرمانگەیەکی حکومییە. سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە، کەوتووەتە گەڕەکی (ملەی چنار) لە شارۆچکەی بیارە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە. سەرەتا (بنکەی ڕەگەزنامە و باری شارستانێتیی بیارە) بووە. بەڕێوەبەری یەکەمی فەرمانگەکە (محەممەد حەمەڕەشید فەتاح) بووە، هەتا ساڵی ١٩٨٣ بەردەوامبووە، دواتر (خالید کریم) دەبێتە بەڕێوەبەر و هەتا ساڵی ١٩٨٥ بەردەوامدەبێت، پاشان بەهۆی باردوخی سیاسیی ناوچەکە و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، چەندین جار ئەم فەرمانگەیە دوچاری داخران و کردنەوە هاتووە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ جارێکی تر فەرمانگە دەکرێتەوە و (ئادەم باسام نەسروڵا) دەکرێتە بەڕێوەبەری، هەتا هەتا ساڵی ٢٠٠٠، پاشان (عادل مەجید سالم) دەبێتە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ١٢ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینایەکی حکومیدا دەوامدەکەن، کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ساڵی ٢٠٠٥ بۆ هۆڵی بۆنەکانی دروستکردووە. ڕووبەری زەویی فەرمانگەکە (٣٥٠م٢)یە، لە بلۆک و بەرد و چیمەنتۆ دروستکراوە و لە یەک نهۆم پێکهاتووە. ئیشوکاری ئەم فەرمانگەیە بریتییە لە پێدانی کارتی نیشتیمانی بە هەموو هاوڵاتیانی سنوری بیارە و هەورامان.
ناوەندێکی حکومییە. ساڵی ١٩٢٤ فەرمانگەی ناسنامە لە خورماڵ کراوەتەوە. لە ٦ی ٩ی ٢٠١٨ ناوی بۆ (فەرمانگەی کارتی نیشتیمانیی خورماڵ) گۆڕاوە. لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م) بینا و (٥٠٠م) زەوی دروستکراوە. لە یەک نهۆم پێکهاتووه. موڵکی بنکەکە خۆیەتی. کەوتووەته سەر شەقامی مەحموودخانی دزڵی لەسەر ڕێگای خورماڵ – بیارە. لە ئێستادا ١٦ فەرمانبەری هەیە و (نەژاد عوسمان محەممەد) بەڕێوەبەریەتی.
فەرمانگەیەکی حکومیی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانییە. لە ١٣ی ٩ی ٢٠١٨ لە بری فەرمانگەی ڕەگەزنامە و باری کەسێتیی پێشووی سیروان دەستبەکار بووە. کەوتووەتە گەڕەکی ڕاپەڕین لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە لە تەنیشت بنکەی ئاگرکوژێنەوەی سیروان. دوو ئەفسەر بە پلەی (ڕائید) و ١٧ کارمەندی هەیە.
فەرمانگەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. ساڵی ٢٠١٧ کراوەتەوە. کەوتووەتە گەڕەکی گۆران سیتی لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە. یەکەم بەڕێوەبەری (ئەحمەد حەمەکەریم) بووە و پاشان ڕائد (ئاراس بارام ڕەمەزان) بووە بە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستا بەردەوامە. ٢٣ فەرمانبەری میلاکی هەیە. بیناکەی ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن حکومەتەوە لەسەر ڕوبەری (١٥٠٠م٢) بە یەک نهۆم دروستکراوە. ئیشوکاریان دەرکردنی کارتی نیشتمانی و تازەکردنەوەی، مامەڵەی لەدایکبوون و مردن، تۆماری نوێ، هاوسەرگیری، ناوگۆڕین، پێدانی وێنەی تۆمارە.
فەرمانگەیەکی کشتوکاڵیی حکومییە. کەوتووەتە ناو کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی خورماڵ لەسەر شەقامی مەحموودخانی دزڵی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی خورماڵ - بیارە. بەشێکی سەربەخۆیە بە ناوی بەشی کشتوکاڵیی خورماڵ. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٩٨ کراوەتەوە و (جەلال ڕەشید) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوامبووە. لە چوار هۆبە (زەویوزار، خزمەتگوزاری، پاراستنی ڕووەکی و سامانی ئاژەڵ) پێکدێت. بینای فەرمانگەکە (١٠٠م)ە. لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م) دروستکراوە. لە ئێستادا ٢٢ فەرمانبەری هەیە و (هاوناز عوسمان ئەحمەد) بەڕێوەبەریەتی.
سەر بە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و وەزارەتی ناوخۆیە. کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە، گەڕەکی سەرا، تەنیشت بانکی هەڵەبجە. مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٦٩ و دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە، کە بە بڕیارێک کراوە بە قەزا و یەکەم قایمقام (محەممەد پاشای کوڕی کەیخەسرەو پاشا)ی بەگی جاف بووە. جافەکان بە شەش قایمقام بۆ ماوەی ٦٩ ساڵ ئیدارەی هەڵەبجەیان بەڕێوەبردووە. ئەوانیش: (حەمەپاشای جاف، عوسمان پاشا، عادلەخان، تاهربەگی جاف، ئەحمەدموختار جاف، حامدبەگی مەجیدبەگ، دوای نەمانی دەسەڵاتی جاف لە هەڵەبجە، لە ساڵی ١٩٣١ حکومەتی عێراقی حامد بەگی گواستەوە بۆ چەمچەماڵ و (موراد ڕەحمەتوڵڵا)ی بۆ هەڵەبجە داناوە. پاشا و سەرۆک کۆمارەکانی عێراق بەردەوامبوون لە دانانی قایمقام بۆ هەڵەبجە، هەتا ساڵی ١٩٨٨ و کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، ٣٠ قائیمقامیان داناوە: لەوانە: موراد ڕحمەتوڵڵا، ناجی هورمزی، ئەحمەد فەخری، سدیق القادری، سەعید قەزاز، شاکر فەتاح، سعید عبدالقادر کەرکووکی، ڕەشید غەفور قۆڵچی، حەسەن محەمەد بەغدادی، جەمال ڕەفعەت، ئیسماعیل شێخ، عومەر ئاغا، خالد نەقشبەندی، ئیسماعیل حەقی، باییز ئاغا،فەوزی سائیب، سوعاد تاڵەبانی، کانەبی دزەیی، سەعید محەمەد عەرەب، ڕەشید جەعفەری، شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدولڵا، جەمال نامق، ابو القائد، عبدالمنعم باد، هۆشمەند مستەفا فەتاح، تەلعەت هادی ئەحمەد، شێخ یەحیا بەرزنجی. لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٣(ئەکرەم حەمەعەلی) کراوە بە قایمقام، دوای ئەویش هەریەک لە(شێخ جەعفەر مستەفا، جەمیل عبدالرحمان، فوئاد ساڵح ڕەزا، شاهۆ عوسمان، گۆران ئەدهەم، ئەرکان حەسەن غەفور ) وەک قایمقام دانراون، هەتا ساڵی ٢٠١٦ خاتوو(نوخشە ناسیح) کراوە بە قایمقامی هەڵەبجە و هەتا ئێستاش لەکارەکەی بەردەوامە. لە ئێستادا قایمقامیەتی هەڵەبجە لە دووبەش (کارگێری، وردبینی) و دوو هۆبە (ژمێریاری، خزمەتگوزاری) پێکهاتووە. ٢٤ فەرمانبەری میلاک و سێ فەرمانبەری خۆبەخشی هەیە. ئەم فەرمانگەیە لە بینای میریدا دەوامدەکەن، کە لە ساڵی ١٩٩٩ لە لایەن حکومەتەوە لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە.
سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەى زانستییە. مێژووی کردنەوەی بۆ ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێتەوە. (د. قادر حەمە کەریم قادر) یەکەمین ڕاگری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٧ بەردەوامبووە. دواتر هەریەک لە (د. بەرزان ئەحمەد، د. تاهیر محەممەد لایق، د. دانا ئەحمەد مستەفا) ڕاگری کۆلێژەکە بوون و لە ئێستاشدا (د. بەختیار عبید شەریف) ڕاگریەتی. لە سێ بەشی: (زانستی خۆراک و کۆنتڕۆڵی جۆری، زانستی تاقیگەی پزیشکی، کارگێڕیی پرۆژە کشتوکاڵییەکان) پێکهاتووە. ١٤٩ فەرمانبەری میلاک و ٢٦ فەرمانبەری گرێبەستیان هەیە. ئامانجی کۆلیژەکە فەراهەمکردنی خوێندنی تەکنیکی و پیشەییە بۆ خوێندکاران بۆ ئەوەی یەکبگرێتەوە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و دابینکردنی هەلیکاردا. کەوتووەتە دەروازەى شار و لە تەنیشت پەیمانگای تەکنیکیی هەڵەبجەوەیە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان). ساڵی ٢٠٠٣ دروستکراوە. بنکەی پاسەوانی سنوری حکومەتی عێراقی لێیە و دەڕوانێت بەسەر ڕووباری سیرواندا.
مەرزێکی نا_فەرمییە. بەناوی شاخەکەوە (مڵەخورد) ناونراوە، کە لە نزیکییەتی و شاخێکی بەرزی نێوان هەردوو دیوی کوردستانی خۆرهەڵات و باشور و سەرسنوری نێوان عێراق - ئێرانـە. سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە. (٢٥٠٠م) لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە تەنیشت شاخی (داڵان)ـەوەیە. مەرزەکە کەوتووەتە نێوان گوندی (دزڵی) لەدیوی خۆرهەڵات و شارۆچکەی (خورماڵ) لە باشور. لەدیوی ئێرانەوە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی هەیە، بەڵام لە دیوی عێراقەوە هەتا ساڵی ١٩٨٨ ڕێگەی ئۆتۆمبێلی نەبووە.
کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ). سەر به بەڕێوبەرایەتیی (پسوڵەی خۆراکی پارێزگای هەڵەبجە)یە. ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە. لەیەک بەش پێکهاتووە. یەکەم بەڕێوەبەری (ڕێبوار ڕەحمان عەبدوڵا) بووه، هەتا ئێستا بەردەوامە. بیناکە موڵکی حکومەتە لە ژوورێک پێکهاتووە و ساڵی ٢٠٠٣ دروستکراوە. کاری فەرمانگەکە سەرپەرشتیکردنی خۆراکی سنوری خورماڵ و ٤٦ گوندە، جگە لەوەش سەرپەرشتی ژمارەیەک لە گوندەکانی سنوری (بیارە) دەکات، کە فۆڕمی خۆراکیان سەر بە خورماڵه.
فەرمانگەیەکی حکومییە. سەربە بەڕێوەبەرایەتیی پۆستە و گەیاندنی پارێزگاری هەڵەبجەیە. کەوتووەتە سەر شەقامی مەحموودخانی دزڵی لەسەر ڕێگای گشتیی خورماڵ - بیارە. ساڵی ١٩٩٩ کراوەتەوە و تەنها یەک نوسینگەی هەیە. (ئیسماعیل ئەحمەد حسێن) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. بینای نوسینگەکە دوو نهۆمە و لە خشت دروستکراوە. موڵکی نوسینگەکە خۆیەتی. لەئێستادا ١٩ فەرمانبەری هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە هەتا ئیستا (تالیب مەجید خالید) بەڕێوەبەریەتی.
فەرمانگەیەکی حکومییە و سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمە لە پارێزگاری هەڵەبجە. کەوتووەته گەڕەکی ئەردەڵان لە ناوبازار لە نزیک بینای بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی خورماڵ. لە یەک بەش پێکهاتووە. ساڵی ٢٠٠٩ فەرمانی کردنەوەی بۆ دەرچووە و ساڵی ٢٠١١ دەستبەکاربوون. (ئازاد سەلاح نادر) یەکەم بەڕێوەبەری بووە. بینا نوێیەکەی لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەسەر ڕووبەری (١٥٠م) بینا و (٢٠٠م) زەوی دروستکراوە. له یەک نهۆم پێکهاتووە، کە دوو هۆڵ و مشتەمەلاتێک لەخۆدەگرێت. موڵکی فەرمانگە خۆیەتی. لە ئێستادا پێنج فەرمانبەری هەیه و (پشتیوان مەجید عەزیز) بەڕێوەبەریەتی.
فەرمانگەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە. کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییش. ساڵی ٢٠٠٩ بەڕێوەبەرایەتییەکەی دروستکراوە، لە ٢٦ی ١ی ٢٠١١ نوسینگەکەی دەستبەکاربووە. یەکەم بەڕێوەبەری نەقیب (ڕێکەوت موەفەق عەلی ڕەزا)بووە و دوای ئەو، ڕائد (نەجیم حەسەن ڕەشید) بووە بە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستاش بەردەوامە. حەوت فەرمانبەری میلاکی هەیە. بینای فەرمانگەکە شوقەی نیشتەجێبوونە و حکومەت دروستیکردووە. ڕووبەری بیناکە (٢٠٠م٢)یە و سێ نهۆمە.
سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گواستنەوە و گەیاندنی هەڵەبجە و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە، مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە. یەکەم لێپرسراوی نوسینگەکە (جەبار موئمین) بووە، هەتا ساڵی ٢٠٠٩بەردەوام بووە، پاشان (ڕەحمان ڕەحیم حسەین) بووە بە لێپرسراوی نوسینگەکە و هەتا ئێستاش بەردەوامە. ١٣ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینایەکی حکومیدا دەوامدەکەن، کە موڵکی فەرمانگەیە و پێشتر لە ساڵی حەفتاکاندا بۆ (الادارە محلیة) و لە بەرد و چیمەنتۆ لەسەر ڕووبەری زەویی (١٢٠م٢) دروستکراوە. لە یەک نهۆم پێکهاتووە، کەوتووەتە گەڕەکی (هارە گلان) لە شارەدێی بیارە، ئیشوکاری فەرمانگەکە بریتییە لە نوێکردنەوەی کارتی ئۆتۆمبێلی پاس و تەکسی.
فەرمانگەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی پارێزگاری هەڵەبجەیە. کەوتووەتە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتیی ناحیە لە گەڕەکی ئەردەڵان لە ناوبازاڕی خورماڵ. ساڵی ١٩٩٩ لە ناحیەی خورماڵ کراوەتەوە و سەرەتا لەگەڵ نوسینگەی پۆستەوگەیاندن پێکەوەبوون. (ئیسماعیل ئەحمەد حسێن) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. ساڵی ٢٠٠٢ بەدواوە لە نوسینگەی پۆستەوگەیاندن جیابووەتەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا (سامان ئەحمەد حسین) بەڕێوەبەریەتی. بینای سەربەخۆی خۆی نییە و لەئێستادا چوار فەرمانبەری هەیە.
کەوتووەتە سەر جادەی حەمەوغان تەنیشت نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. پێشتر لەناو بینای نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجەدا بووە و بینا نوێیەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی بنەماڵەی (حاجی حەمه ڕەشید خاڵان)ـەوە دروستکراوە. دەوامی شەش کاتژمێرییە. لە بەشەکانی: بەڕێوەبەری نوسینگە، هۆبەی تۆماری لەدایکبووان، هۆبەی تۆماری مردووان، هۆبەی کۆمپیوتەر و ئامار، پێکدێت.
سەر بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە. ساڵی ٢٠٠١ کراوەتەوە. کەوتووەتە سەنتەری شار و لە گەڕەکی پاشا نزیک ئامادەیی هەڵەبجەی کچان. (محەممەد سابیر) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوامبووە. پاشان (ساسان ئەنوەر عەبدولڕەحمان) هەتا ساڵی ٢٠٠٦ و دواتر (گوڵستان ئەحمەد عوسمان) هەتا ئێستا بەردەوامە. بەگشتی لە نۆ بەشی سەرەکی پێکهاتووه. ١٨ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینایەکی کرێدان، کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەویی (٤٠٠ م٢) دروستکراوە. کاری چاودێری و بەداواچوون و بڵاوکردنەوەى هۆشیارییە لەڕووی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئامادەکردنی ڕاپۆرتە لە بارەی ڕەشی مافی مرۆڤ لەسنوری پارێزگای.
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی و وەزارەتی کشتوکاڵە. ساڵی ٢٠٠٨ ئەم هۆبەیە لە هەڵەبجە کراوەتەوە. کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدان، سەروو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە. یەکەم بەڕێوەبەر (سالار محەممەد عەلی) بووە و دواتر (ئەشرف حەسەن ویس) بووە بەڕێوەبەری و هەتا ئێستا بەردەوامە. شەش کارمەندیان هەیە. بیناکەی لە دوو نهۆم پێکهاتووە و بە موڵکی هی فەرمانگەکەیە و ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن حکومەتەوە دروستکراوە. کاری دروستکردنی پۆند و گۆگەی ئاو و گەیاندنی ئاوە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان.