دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

بەڵێندەرانی ڕاستی

کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشییە. بە (بنکەی بەڵێن)یش ناسراوە. لە مانگی ١١ی ١٩٨٧ لەسەر دەستی ژمارەیەک لەو هەڵەبجەیانە دامەزراوه،‌ کە پێشتر ڕوویان لە ئۆردوگای سەریاس کردووە. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گەڕاونەتەوە هەڵەبجە و بارەگای بنکەکەیان کەوتبووە گەڕەکی شافعی. سەرەتا (عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم) سەرپەرشتیاری بووە. زیاتر لە ٦٠ ئەندامیان هەبووە. چالاکییەکانیان بە گوێرەی بۆردی وەرزش و میوزیک و سرود و پەروەردە بووە. لەزۆربەی یاد و بۆنەو ئاهەنگەکاندا بەرهەمیان هەبووە، بە تایبەتی دوای کیمیابارانی هەڵەبجە. لەوانە خولی تێنسی بەردەوام لە پێنج ساڵدا ١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٠، خولی تۆپیپێ ساڵی ٢٠٠٥، دروستکردنی دەستەی ڕاوێژ لە قوتابخانەکان و خزمەت بە قوتابیان، پێشکەشکردنی چەندین سرود و شانۆگەری. دوایین چالاکیان ساڵی ٢٠٠٠ بووە. هەتا ئێستا ناوبەناو وەرزشکارە دێرینیەکانیان بە ناوی بەڵێنەوە یاریدەکەن.

بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستانی عێراق - مەڵبەندی ١ی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی سیاسیی ئیسلامییە و مێژوەکەی بۆ سەرەتای کاری سیاسیی ئیسلامی لە سەردەستی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە کۆتایی حەفتاکاندا دەگەڕێتەوە، کە دواتر لە هەشتاکاندا بزووتنەوەی ئیسلامی دروستدەکات. پاش ناکۆکییەکانی بزووتنەوە لە ٣ی ١٠ی ٢٠٢٣ ڕاگەیەندراوە و لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٤ کۆنگرەی بەستووە. مەڵبەندەکە لە ناوچەکانی هەڵەبجە، سیروان، گوڵان، شەهیدان، پێکهاتووە. بەشەکانی بریتیین لە بەرپرسی مەڵبەند، کارگێڕی و دارایی، پەیوەندیەکان، ڕاگەیاندن، کۆمەڵایەتی، پێشمەرگە دێرینەکان، خوشکان، لاوان. ٢٠ ئەندام مەڵبەندەکە بەڕێوەدەبەن. (موحسین محەممەد ئەمین)، یەکەم بەرپرسی بووە هەتا ناوەڕاستی ٢٠٢٤ بەردەوامبووە و دواتر (فاروق نەجمەدین جەلیلەیی) بووەتە بەرپرس و هەتا ئێستا بەردەوامە. بیانەکەیان کرێیە و خانووە کۆنەکەی عومەری حاجی عینایەتە لەسەر جووت سایدی مامۆستایان بەرامبەر خلیج مۆڵ، بە دوونهۆم لە کۆنکرێت شیش و پلاستیک و کاشی لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠٠٣ لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م) دروستکراوە.

بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی لە کوردستانی عێراق

بزووتنەوەیەکی سیاسیی ئایینیی ئیسلامییە. بە تێکەڵبوون و یەکگرتنی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و بزووتنەوەی ڕابوونی ئیسلامی ساڵی ١٩٩٩ لە شاری هەڵەبجە دامەزراوە. هەیکەلی ڕێکخراوەیی: سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، ئەنجومەنی شورا، مەکتەبەکانی عەسکەری، پەیوەندی، ڕاگەیاندن، مەڵبەندەکانی ڕێکخستن. سەرکردایەتییەکانی: سدیق عەبدولعەزیز، دارا محەممەد ئەمین، شێخ محەممەد بەرزنجی، ئەحمەد کاکە مەحموود، کەمال ڕەحیم. لە کۆنگرەی یەکەمی لە تەویڵە لە ساڵی ٢٠٠٠ ململانێی تێکەوت و بە ترازان و جیابوونەوە گەشت و دواتر بزووتنەوەی جارانی لێ مایەوە و کۆمەڵی ئیسلامی لێ جیابوویەوە و چەند ڕێکخراوێکی تری ئیسلامی لەو ناوەندەدا دروستبوون.

بێسەروشوێنان icmp

تایبەت بە کەیسی ونبووان و بێسەروشوێنان. بارەگای سەرەکی لە لاهای وڵاتی هۆڵەندایە. پەیوەندی بە کۆمەڵەی قوربانیان و تۆڕی ڕێکخراوەکان لە هەڵەبجەوە هەیە. چەندین چالاکیی مەدەنی و یاسایی و هونەرییان ئەنجامداوە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان - مەڵبەندی هەڵەبجەی شەهید

بەرزترین ئۆرگانی پارتەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. کەوتوەتە گەڕەکی مەرزەبۆتۆ لە نزیک فولکەی عومەری خاوەر. پێشتر و لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ ناوچە بووە و لە ساڵی ٢٠١١وە بووە بە مەڵبەند. سنوری سێ بنکە دەگرێتەوە: سیروان، خورماڵ و بیارە. (نەوزاد عەبدولقادر ئەحمەد) یەکەم لێپرسراوی بووە و لە ئێستاشدا (محەممەد عەلی دەروێش گڵاڵی) لێپرسراویەتی. ٧٥ کادیری هەیە. بیناکەیان موڵکی حزبە و لەسەر ڕووبـەری (٣٥٠م٢) دوای ڕاپـەڕیـن دروسـتکـراوە.

پارێزەرانی کوردستان لقی هەڵەبجە

ڕێکخراوێکی پیشەییە، سەر بە سەندیکای پارێزەرانی کوردستانە، لە دوای ساڵی ١٩٩١ و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و خستنەوەگەڕی فەرمانگەکان، ماوەیەک بەرەی کوردستانی وەک دادگا ڕۆڵی بینییوە. خالد حەمەنوری وەک دیفاکتۆ وەک سەرۆک ڕۆڵی بینیوە. دواتر پارێزەران بەختیار محەمەد عەلی، دلاوەر حەیدەر، دانا حەکیم، ڕێبوار ئەمین، حەیدەر حەمەڕەشید، هەوار حەمەخورشید، مستەفا حەمە حسێن، لەژێر چەتری سەندیکای کوردستان لە هەڵەبجە کاری پارێزەریان کردووە. دوای هێنانەوەی دادگای هەڵەبجە لە شارەزوورە بۆ بینای قایمقامیەتی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠٠٠دا، وەک ژوری پارێزەران کاریانکردووە و خالد حەمەنوری سەرۆکی بووە و ٣ پارێزەر و یەک کارمەندی هەبووە و لەساڵی ٢٠٠٦ وە بە نوسراوی فەرمی وەک ژووری پارێزەران مامەڵیان لە گەڵ کراوە. دواتر چوونەتە بینای خانەی دادی هەڵەبجە بەرامبەر باخی گشتی. ساڵی ٢٠٠٨ سەندیکا بە هەڵبژاردن ڕێبوار ئەمین محەمەدی وەک سەرپەرشتیار دیاریکردووە و شەش ساڵ بەردەوام بووە. دوای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ساڵی ٢٠١٤ سەندیکا بڕیاریداوە ژوری پارێزەران بکرێت بە لقی هەڵەبجەی سەندیکا و تا هەڵبژاردن هەر ڕێبوار ئەمین سەرپەرشتیاری بووە. لە ١٧ی ٧ی ٢٠١٤ بە سەرپەرشتی دادوەر فەریق حەمەساڵح دەستەی نوێ بە هەڵبژاردن بۆ لقەکە بەم شێوەیە هەڵبژێردران: (حەیدەر حەمەڕەشید سادق، سەرۆک)، (ئەبوبەرک عومەر حامد، عابد کاکە مەحموود، ئەندام) و( ڕێبوار ئەمین ئەندامی یەدەگ). دواتر لیژنەکانی: دارایی، داوای حکومی، سکاڵا و دیاریکردنی باران محەمەد وەک نوێنەر لە کۆمەڵگای مەدەنی و وریا عەزیز کەریم وەک سەرپەرشتیار لە داوا حکومییەکان لە لق و لیژنەی داوای ئینتیداب لە دادگای کەتن و بۆردی یاسایی لەپارێزگای هەڵەبجە و سەرپەرشتی هەڵبژاردنی ڕێکخراوەکان، دروستکران. لە ساڵی ٢٠١٥ وە ناوی پارێزەرانی هەڵەبجە لە خشتەی پارێزەرانی کوردستان تایبەت بە هەڵەبجە دیاریکراوە، کە ژمارەی پارێزەرانی ٣٣ پارێزەر بووە. لە ئێستادا ژمارەی پارێزەرانی ١٥٠ پارێزەرە. لەبەر ئەوەی دادگای هەڵەبجە لە ئێستادا دوو بەشە، دوو ژوری پارێزەرانیان هەیە. بارەگای سەرەکیی لق لە خانەی دادی هەڵەبجەیە و ژوورەکەی تر لە دادگای بەراییە. دوو کارمەندی نێر و یەک کارمەندی مێیان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان هەیە. زۆرێک لە پارێزەران ئەندامی لیژنەکانی لقەکەن و دەستەکە تا ئێستا لە کارکردن بەردەوامە.

پایتەختی ئاشتی

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایان نزیک قوتابخانەی (شەهید ئازاد هەورامی)ی بنەڕەتی. ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن (سەروەت محەممەد عەبدولکەریم، ساکار سەلام و مەنزەر باسام)ەوە دامەزراوە، لە بواری ئاشتی و بە کلتورکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا کاردەکەن. (سەروەت محەممەد عەبدولکەریم) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە نوسراوی ژمارە ٢٧٢٦ لە ٢٠ى ٩ى ٢٠١٥ تۆمارکراوە، ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە کارکردن بۆ ناساندنی پارێزگای هەڵەبجە وەک پایتەختی ئاشتی، وەک سیمبولی ئاشتی لە جیهاندا، زیاتر ئاشناکردنی هاوڵاتیان بە لێبوردەی و پێکەوەژیان و قبوڵکردنی جیاوازی و کاری خۆبەخشی.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

پەرەپێدانی لاوان Y.D.C

لە ٣ى ١ى ٢٠٠٩ لەلایەن کۆمەڵێک لاوی سەر بە کۆمەڵی دادگەریی کوردستانەوە دامەزراوە و لە بواری پەرەپێدانی لاواندا کاردەکات. لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە کۆدی ژمارە (٥٤ ک) لە ١٨ى ٣ى ٢٠١٣ تۆمارکراوە. ئۆفیسی لقی هەڵەبجە کەوتووەتە گەڕەکی باخی میر، نزیک قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەد. (ناجیح حەمە فەرەج) بەرپرسی ئۆفیسی گشتیی ڕێکخراوەکەیە لە پارێزگای سلێمانی. جگە ئۆفیسی سەرەکی، چوار لقی تری هەیە لە هەولێر، ڕانیە و چەمچەماڵ. (ئاسۆ محەممەد فەرەج) بەرپرسی ئۆفیسی لقی هەڵەبجەیە، ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەرەپێدانی ئاستى هۆشيارى و زانستى و ڕۆشنبيریی لاوان و بەرزکردنەوەى هەستى بەرپرسياريەتى و ئينتيماى ئاينى و نيشتمانییە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراوی پیشەیی

پلاتفۆرمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە، لەلایەن (ئاڤێستا کەمال، عوسمان عەبدوڵا، دانا ڕحمان، هۆشمەند عەتا، والی حەمەخالی) لە بواری هۆشیاری و مرۆییدا کاردەکات، (ئاڤێستا کمال محمود) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی سەرەکی ئەم ڕێکراوە لە پارێزگای سلێمانییە و (دانا ڕەحمان فەرەج) بەرپرسی ئۆفیسی پارێزگای هەڵەبجەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحوکمییەکان بە ژمارە ٥٢٣٩ لە ٧ى ٣ى ٢٠٢١ تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە گرنگیدان بە هەموو ئەو پرسانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە، هۆشیارکردنەوەی تاک، برەودان بە مرۆڤ_سەنتەری، گەشەپێدانی پرسی هاوڵاتیبوون و پێکەوەژیان، ئۆفیسی سەرەکی کەوتووەتە پارێزگای سلێمانی- ڤانیا پاڵاس.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

تاج العارفین

ڕێکخراوێکی پەروەردەیی سەربەخۆی ناحکومییە ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە، لەلایەن (عەبدولدائم مەعروف محەممەد، ئیبراهیم حەمەسەعید عەبدوڵا، سیروان موحسین ئەنوەر)، لە بواری زانست و پەروەردەیی ئاینیدا کار دەکات، (عەبدولدائم مەعرووف محەممەد) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی سەرەکی لە پارێزگای هەڵەبجەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحوکمییەکان بە ژمارە ٥٤٠٧ لە ٢١ى ٧ى ٢٠٢١ تۆمارکراوە، ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەرەپێدانی زانست و پەروەردەی ئایینی، هاوکاری هەژاران و بێ باوکان، خزمەتی کۆمەڵگە بە گشتی، ئۆفیسی ڕێکخراوەکە کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە، گەڕەکی سەرا، تەنیشت باخچەى منداڵانی شەونم.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

تەکنیککارانی ئەندازەیی کوردستان - لقی هەڵەبجە

سەندیکایەکی پیشەییە. لقی هەڵەبجەی لە ١٣ی ١١ی ٢٠١٣ کراوەتەوە و سەر بە سەرۆکی دەستەی باڵای سەندیکاکەیە، کە ناوەندە سەرەکییەکیەی لە شاری هەولێرە و ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە. (نەورۆز جەمال عەبدولڕەحمان) یەکەم سەرۆکی بووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. بینای تایبەتیان نییە و لە ژوورێکی بینای ڕێکخراوە دیموکراتییەکاندایە، کە بیناکەی کەوتووەتە بەرانبەر قوتابخانەی ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی. خاوەن بڕوانامەی پەیمانگا تەکنیکییەکان و ئامادەییەکانی پیشەسازی و هاوشێوەکانیان، دەبنە ئەندام و نزیکەی ٨٧٠ ئەندامیان هەیە. ئیشوکاریان سەرپەرشتی تەکنیککارانی ئەندامان و یارمەتیدانیانە لە کاتی نەخۆشی و پێویستدا.

تواناسازیی ئافرەت

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە، ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن (سۆزان محەممەد عارف) دامەزراوە، لە بواری بەهێزکردنی توانای ژناندا کاردەکەن. (سۆزان محەممەد عارف) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی سەرەکیی ڕێکخراوەکە لە پارێزگای هەولێرە و لقی دیکەی لە بەشێک لە شارەکانی هەرێم و ناوەڕاستی عێراقد هەیە، (سۆزان فەرەج عەبدولکەریم) بەرپرسی لقی هەڵەبجەیە، لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە کۆدی ژمارە (٩٣٠ ک) لە ٤ى ٨ى ٢٠١٣ تۆمارکراوە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە، کۆتایهێنان بە هەموو جۆرەکانی توندوتیژیی جێندەری و داکۆکیکردن لە پەرەپێدانی سیاسەت و چاکسازی و یەکسانیی جێندەری. ئۆفیسی لقی هەڵەبجەی کەوتووەتە گەڕەکی مامۆستایان، نزیک تەلاری پزیشکیی ئایندە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

توانست

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە، لەلایەن (شيلان سديق مەجيد، ميديا عوسمان، نيگا سەعيد ..هتد) لە بواری پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان کاردەکات. (شيلان سديق مجيد) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، بە پێی نوسراوی ژمارە (٢٤٣٨) لە ١٨ى ١١ى ٢٠١٤ مۆڵەتی فەرمیی کارکردنی لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان وەرگرتووە. ئامانجی ڕێکخراوەکە بریتییە لە پەرەپێدانی تواناکانی تاک، ئۆفیسی کەوتووەتە پارێزگای هەڵەبجە، گەڕەکی فەرمانبەران، نزیک ماڵی عومەری خاوەر.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

تۆڕی ڕێکخراوەکانی خورماڵ

چەند ڕێکخراوێکن، سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٢دامەزراوە، پێکهاتووە لە نوێنەری ١٧ ڕێکخراوی سنورەکە، خاوەنی بارەگا و لۆگۆی خۆیەتی، بە هەڵبژاردن سەرۆکی ڕێکخراو و دەستەی کارگێڕی هەڵبژێدراوە. یەکەم سەرۆکی تۆڕەکە (سەنعان فایق محەمەد)ە. لەکارنامەى تۆڕى ڕێکخراوەکانى خورماڵ دا هاتووە، کە هەموو دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ سەرۆک و دەستەى بەڕێوەبردنى ڕێکخراوەکە دەکرێت، تاکو ئێستا دووجار هەڵبژاردنیان ئەنجامداوە. کاریان چاودێری و بەدواداچونی کێشەکانی هاوڵاتیانە لەسنورەکە، وەک خزمەتگوزاری و ئاو کارەبا، لە نوێترین کاریان مانگى٦ى ئەمساڵ بەدواداچونیان بۆ کیشەى ڕاوەستانى پرۆژەى قیرى داڵانى کردووە. دەستەیەکى هەیە، کە پیکدێن لە:(ڕاگەیاندن، ئیدارە، پەیوەندیەکان)، بارەگاکەیان لە ناو بیناى کتیبخانەى گشتیى خورماڵە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە

تۆڕێکی سەربەخۆی ناحکومییە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم تۆڕە لەلایەن هەردوو ڕێکخراوی (گرین و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان)ەوە دروستبووە و پێشنیازکراوە. لە ٦ى ١٠ى ٢٠٠٦ بە ناوی (ئەنجومەنی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە)ەوە دامەزراوە، پاشان ساڵی ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسی ساڵانەی ئەنجومەنەکەدا بڕیاریانداوە ناوی ئەنجومەنی ڕێکخراوەکان بگۆڕن بۆ (تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە)، لە سەرەتای دامەزراندنی تۆڕەکەدا نزیکەی ١٤ ڕێکخراو ئەندامی بووە، بەڵام ساڵانە ژمارەى ئەندامەکانی زیادیکردووە. لە ئێستادا لە ٢٩ ڕێکخراو پێکدێن.(عاسی فایەق ساڵح) سەرۆکی تۆڕەکەیە. ئەم تۆڕە لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە ژمارە ٣٦٠٦ لە ڕێکەوتی ٧ى ١٢ى ٢٠١٧ تۆمار کراوە. ئامانجی تۆڕەکە بریتییە لە کارکردن بۆ هێنانەدى دادپەروەریی کۆمەڵایەتى، دروستکرنى پردى پەیوەندى و لێکتێگەیشتن لە نێوان خەڵک و حکومەت، داکۆکیکردن لە ماف و پرسە نیشتیمانییەکان، چاودێریکردنى دام و دەستگاکانى حکومەت لە پێناو باشترکردنى خزمەتگوزارى. دیارترین چالاکیی ئەم تۆڕە، ئەنجامدانی فیستڤاڵی هەنارە، تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە ئۆفیسی نییە و بۆ ڕاییکردنی کارەکانی خۆی، هەر جارە و لە ئۆفیسی یەکێک لە ڕێکخراوە ئەندامەکانیدا کۆدەبنەوە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

جوند ئەلئیسلام

بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامی بوو. بڕوای بە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێز هەبوو. خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی جیهانی دەزانی و لە ڕووی پەیوەندی ئۆرگانییەوە بنکە و لقێکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەبوو. لە ئەنجامی ناکۆکی و لێکترازانی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی کوردستان لە ١ى ٩ى ٢٠٠١ لە ناوچەی هەورامان ڕێکخراوەکەیاند ڕاگەیاند. لە ئەنجامی یەکگرتنی گروپی حەماسیی نێو بزووتنەوەی جاران و کۆمەڵی تەوحیدی ئیسلامی( بەرەی تەوحید) و هێزی دووی سۆران و چەکدارە عەرەبەکانی نێو کوردستان، پێکهاتووە. لیژنەیەکی چوار کەسی بە ناوەکانی:(ئەبو عبدالرحمن سوری، ئەبو وائیل بەغدادی، ئەبو دەردا، ئەبو یاسر)، بە نوێنەرایەتی ئوسامە بنلادن، سەرپەرشتی ڕاگەیاندن و یەگکرتنەکەیان کردووە. بیرۆکەی یەکگرتن و دروستبوونەکە هی (وریا هەلێری - ئەبو عەبدوڵڵای شافعی)یە، کە پێشتر ئەندامی هیچکام لەو باڵانە نەبووە، بووەتە ئەمیری گشتی. پێکهاتەی ئۆرگانییەکەی هەیئەیەکی شەرعی چوار کەسییە و لەبری مەکتەبی سیاسی بەم جۆرە پێکهێنراوە:(دادگای شەرعی، لێکۆلێنەوە و فتوای شەرعی، لیژنەی فەرمان بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە، لیژنەی چاودێریی شەرعی).

خاڵ بۆ هزر و ڕۆشنبیری

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج_نەویستە. ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و نوسینگەی سەرەکی لە سلێمانی و هەڵەبجە کردووەتەوە. هەریەک لە (تۆفیق کەریم ساڵح: سەرۆک، د. عادل سدیق عەلی: بەڕێوەبەری کارگێڕی، ڕێدار ڕەئوف ئەحمەد: بەڕێوەبەری پڕۆژەکان، بارام محەممەد عەلی: بەڕێوەبەری هونەری، هێمن عەلی مەحموود: بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن) بەرپرسیارێتییان تێیدا هەیە. کار بۆ خزمەتکردنی: زمان، ئاین، ئەدەب، فەرهەنگ، هزر و کلتوری کوردی دەکەن. تا ئێستا چهن‌دین چالاکییان ئەنجامداوە، لەوانە: چاپکردنی دەیان کتێب، دەرکردنی گۆڤاری خاڵ، بەستنی کۆڕ و کۆنفرانس و سەرلەنوێ کۆکردنەوەی بەرهەمی ناودارانی کورد، لەوانه، کۆبەرهەمی: شەکیب، پاڕەزانی، شێخ محەممەدی خاڵ، مەسعوود محەممەد و هەژاری موکریانی. لە ئێستاشدا و بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی هەڵەبجە، کار بۆ ئامادەکردنی (زانیارینامەی پارێزگای هـەڵـەبجە) دەکات.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

خانەى بەیان بۆ پێگەیاندن و کاروباری کۆمەڵایەتی

ساڵی ٢٠١٦ بە ژمارە ٣٢٦٨ی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، لەلایەن (یاسین ئەحمەد عەبدول زەنگەنە، د. محەممەد سینەمۆکی، نەرمین مستەفا حەمەخان، موحسین حسێن ڕەحیم، محەممەد لەتیف ئەحمەد، شوکریە ساڵح کەریم...)ەوە دامەزراوە. سەرەتا، سەرپەرشتیار: د. ئیبراھیم ئەمین جاف. بەڕێوەبەری گشتى: مامۆستا یاسین ئەحمەد عەبدول زەنگەنە بووە و دواتر گۆڕاوە بۆ سەرپەشتیار: د. محەممەد سینەمۆکی. بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانی بووە و لە شارەکانی ڕانیە، هەڵەبجەی شەهید و هەڵەبجەی تازە بنکەی هەبووە. لە بەشەکانی: ئیدارە، پەروەردە، دارایی، ڕاگەیاند، کاروباری خێزان و زانستى، پەیوەندییەکان پێکهاتووە. بنکەی هەڵەبجەی دەستگای خانەی بەیان لە ساڵی ٢٠١٨دا کراوەتەوە. سەرەتا فاروق محەممەد عەزیز بەرپرسی بووە و دواتر مامۆستا یەحیا عەبدوڵا مارف بووە بە بەرپرسی و هەتا کۆتایی ماوەتەوە. دەستگاکە لەماوەی کارکردنیدا چەندین چالاکی و خزمەتی لە بواری پەروەردە، گەنجان، خێزان، زانستی شەرعی و ئافرەتاندا پێشکەشکردوون. دواجار لە مانگی ٥ی ٢٠٢٢ لەگەڵ ڕێکخراوی ئینستیتیوتی ژیار بۆ پەروەردە گەشەپێدانى مرۆیی یەکیانگرتووە.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

خزمەت بۆ هاوکاری مرۆیی

ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە. لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بە ژمارە ٥٥١٩ لە ١٨ى ١١ى ٢٠٢١ تۆمارکراوە. ئۆفیسەکەی کەوتووتە ناو شاری هەڵەبجە لە نزیک بەنزینخانەی کۆن، بەرانبەر قوتابخانەی (گۆران)ی بنەڕەتی. لەلایەن (مقداد عەلی ئەحمەد، فەیرۆز ئیبراهیم عەلی، شاهۆ تۆفیق فەرەج، جەلال مەحموود عەلی، بڕیار ئەحمەد محەممەد) دامەزراوە و لە بواری هاوکاری و مرۆیی بە ئامانجی هاوکاری کەسانی هەژار کاردەکات‌. (مقداد عەلی ئەحمەد) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە، ئۆفیسی سەرەکی لە پارێزگای هەڵەبجەیە. پەیکەری کارگێڕیەکەی لە سەرۆک و جێگر و وردبینیی گشتی و سێ بەڕێوەبەراتی (دارایی، کارگێڕی، پرۆژە و داتاو زانیاری) و سێ بەشی (ڕاپۆرتەکان، یاسا، ڕاگەیاندن) پێکهاتووە. لە ساڵی ٢٠٢٢ هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ سەرچاوەی داهاتەکەی خێرخوازان بووە و توانیویەتی ٥٢٤.٠٠٠.٠٠٠ بەسەر ٥٢٢٤ کەس و خێزاندا دابەش بکات.

زیاتر بزانە
ڕێکخراو - NGO

حرکة التحرریة الکردیة

جوڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی بووە لە شێوەی حزبێکی نهێنیدا. لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٧ و سەرەتای ١٩٤٨ لە خورماڵ و دەوروبەری دامەزراوە. چەند بەیانێکیان بە زمانی کوردی و عەرەب بڵاوکردووەتەوە. لەلایەن (نەسرەدینی شێخ کامیل) سەرکردایەتی کراوە. لە خورماڵ ئەم کەسانە هاوکارییان کردووە:(شێخ حەمەسەعیدی خورماڵی، حاجی کاکەحەمەی ڕوانسەری، حەمەسەعیدی ڕەشەبانەیی، شێخ بورهان و...)، کە لای حکومەت ئاشکرابوون، چەند کەسێکیان لێ دەستگیرکراوە. لەوانە (شێخ تایبی شێخ عومەری بیارە، شێخ غەفوری شێخ عەبدوڵا، حەمەسەعیدی ڕەشە بانەیی، شێخ خالیدی لامەرکەزی، شێخ منزیری خورماڵ) و جوڵانەوەکە کپ کراوەتەوە.

پێشتر 1
...
34 35 36
...
39 دواتر