ئەنسارولئیسلام

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


ڕێکخراوێکی ڕامیاریی سەربازییە. ساڵی ١٩٨٣ بەسەرکردایەتی مامۆستا (ئیسماعیل مەلا ساڵحی گەورە)ی وتاربێژی مزگەوتی (کانیعاشقان) دامەزراوە. پاش کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ڕێکخراوەکە خۆی هەڵوەشاندەوەتەوە و مامۆستا ئیسماعیل لە ئێران ماوەتەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٣ کۆچیدواییکردووە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. بزاوتی ئیسلامی لە ڕەگی ئیخوانەوە بۆ ڕاگەیاندنی یەکگرتوو١٩٤٤-١٩٤٦، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، کۆمپانیای سازیار، چاپی یەکەم، بەرگی چوارەم، سلێمانی، ٢٠٢٠، ل٢٢٧-٢٣٠.
  2. هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، چاپی یەکەم، ل٢٤٧.

ئامادەکردنی: تۆفیق کەریم ساڵح

4

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکان لە هەڵەبجە

١- BHHF: (Bring Hope Humanitarian Foundation) ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی مرۆیی و قازانج_نەویستە. بارەگای سەرەکی لە وڵاتی سویدە. کار بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکان، پێشخستنی درێژخایەن و گەشەکردن و چاندنی هەستی هیوا لە سودمەندەکاندا دەکات لە هەموو تەمەن و ڕەگەز و ئایین و نەتەوەکاندا و هەوڵدەدات ببێتە وەڵامدەرەوەی یەکەم لە دۆخی قەیرانی مرۆییدا. ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمەوە مۆڵەتیوەرگرتووە. (پێشڕەو حاجی بەکر) سەرۆکی ڕێکخراوەکەیە. ساڵی ٢٠١٦ پڕۆژە مرۆییەکانی هێناوەتە پارێزگای هەڵەبجە، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەبواری کەرتی تەندروستی و هاوکاریکردنی لۆجستی و داوودەرمان بۆ نەخۆشخانەی کیمیاباران ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، هەروەها چالاکییەکانی لە کەرتی خوێندنی باڵا پێداویستی بەشەناوخۆییەکانی کچانی زانکۆی هەڵەبجە و لەبواری پەروەردەشدا خزمەتگوزاری پێشکەشکردووە. ٢- دەستگای حباء بۆ گەشەپێدانی بەردەوام: (HEBAA Foundation for Sustainable Development) لە بواری پێکەوەژیان و چاودێری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی پزیشکی و پڕۆژەی زانستیدا کاردەکات. بارەگای سەرەکی لە هەرێم لە شاری هەولێرە. ساڵی ٢٠٢٢ کار و چالاکییەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێم لە هەڵەبجە ئەنجامداوە. لەبواری هاوکاریکردنی منداڵانی بێ باوک و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەسەر هەژاراندا لە مانگی ڕەمەزان. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە (محەممەد سەلیم محەممەد)ە. ٣- دەستگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ: ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە. بارەگاکەی لە وڵاتی ئەڵمانیایە. لەبواری مافەکانی مرۆڤدا کاردەکات. ساڵی ٢٠١٠ بەشێوەیەکی سەرەکی لە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی کیمایی کار لەسەر چارەسەرکردنی ڕزگاربووانی چەکی کیمیایی کردووە و هەتا ساڵی ٢٠٢٢ بەردەوامبووە. جگە لە پێدانی داودەرمان، ڕاوێژی دەرونی و ئامێری هەناسەدانیان بە نەخۆشەکان داوە و خزمەتی کەرتی تەندروستیان کردووە. هەر لە کردنەوەی خولی هۆشیاری هەتا دەگاتە دابینکردنی کەرەستە و پێداویستییەکان. هەروەها لە سێکتەری پەروەردەشدا چالاکییان هەبووە و خولی یاسایی و هۆشیارکردنەوەیان بۆ مامۆستایان و قوتابیان کردووەتەوە. ٤- Pui: (Première Urgence Internationale) ڕێکخراوێکی فەڕەنسییە و بەواتای ئاژانسی فریاگوزاری نێودەوڵەتی دێت. ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری هەڵەبجە و لە نێو نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی لە ڕووی دەرونی و تەندروستی و دابینکردنی دەرمان خزمەت بە ڕزگاربووان و نەخۆشانی چەکی کیمیایی دەکات. تیمی گەڕۆکیان هەیە و سەردانی نەخۆشەکان دەکەن. ٥- TDH:(Terre Des homes) بارەگای سەرەکی لە شاری میلانە لە ئیتاڵیا‌. لە هەرێمی کوردستانیش لە شاری هەولێرە. ساڵی ٢٠١١ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان مۆڵەتی وەرگرتووە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە خاتوو (مەریەم ئەمبرۆسین)ە لە کوردستان. ساڵی ٢٠٢١ هەتا ٢٠٢٢ بە هەماهەنگی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای هەڵەبجە، لەبواری کەرتی پەروەردە و دابەشکردنی پێداویستیی قرتاسیە بەسەر خوێندنگا و قوتابخانەکاندا، چالاکییان هەبووە، هەروەها لەبواری دەروونیش هاوکاری قوتابیانی خاوەنپێداویستیی تایبەتیان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە کردووە، ئەویش لە کردنەوەی خولی هۆشیاری و چالاکیی تایبەتمەند. ٦- BFZ: ڕێکخراوێکی حکومیی ئەڵمانیی قازانج_نەویستە، سەر بە گروپی Bbw، کە لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری سەرپەرشتیدەکرێت. ناوەکەی بەواتای سەنتەری بایەری بۆ ڕاهێنانی پیشەیی دێت. ساڵی ٢٠١٥ هاتووەتە هەرێمی کوردستان. بارەگای عێراقی ڕێکخراوەکە لە شاری هەولێرە. بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە لە عێراق (ئیسماعیل سەعدی بەکر)ە. ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەییان لە هەڵەبجە دامەزراندووە، تەواوی پێداویستی و کەلوپەلی باڵەخانەکەیان دابینکردووە. چەندین خولی پیشەیی و ڕاهێنانیان بۆ ئافرەتان، گەنجان و بەهرەمەندان لەبوارەکانی درومانی، خولی قارچک، ئەندازیاری و ڕوپێوی و هتد کردووەتەوە. سەرپەرشتی پڕۆژەکە یەنس قەیسەر بووە. ئەم سەنتەرە لە ئێستادا سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە. ٧- THW: (ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی)، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانییە. بارەگای سەرەکی لە شاری بۆنە لە ئەڵمانیا، لە بابەتی وەڵامدانەوەی قەیران و بارودۆخی لەناکاودا کاردەکات. ساڵی ٢٠١٣ لە هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لقی کردووەتەوە. خاتوو (سابرینا مانتۆیفل) بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەیە لە هەرێمی کوردستان. بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاکاندا کاردەکات. ساڵی ٢٠٢٢ پڕۆژەیان لە شاری هەڵەبجە ئەنجامداوە، وەک کردنەوەی کۆگایەکی گرنگ بۆ فریاگوزاریی سەرەتایی بۆ قەیرانە سروشتی و مرۆییەکان بەتەواوی پێداویستی و ئامێر و ئۆتۆمبێل، هەروەها دامەزراندنی پڕۆژەی وەڵامدەرەوەی یەکەم و وەڵامدەرەوەی خێرا، کە لە پاش ڕاهێنان بە ستافێک و تەواوی پێداویستیەکانیان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بۆ دابینکراوە. لە ئێستادا هەردوو پڕۆژەکەیان بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجە لە کاردایە. هەروەها پڕۆژەی ڕاهێنان و پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناکانیان بۆ ستافی قەیرانەکان و وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامداوە. ٨- ASB: (ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ئەڵمانییە، کورتکراوەی Arbeiter Samariter Bund Deutschland)یە. لە ٢٠١٥ لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێم و لە ٢٠١٨ لە بەغدا تۆمارکراوە. دانیاڵ نورەدین بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە. زیاتر لە ٣٠٠ لقی لە ئەڵمانیا و جیهاندا هەیە. لە بواری هاوکاری زیانلێکەوتوانی جەنگ و کەسانی مەدەنیدا کاردەکات، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سروشتی و مرۆییەکاندا چالاکی هەیە. لە ساڵی ٢٠٢٢ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان هەردوو قوتابخانەی سەلاحەدین و ڕازیی بنەڕەتی بە بڕی زیاتر لە ١٣٣ ملیار دیناری عێراقی نۆژەنکردووەتەوە. ٩-GIZ : (Gesellschaft für Internationale Zusammenarbeit). ساڵی ٢٠١١ لە ئەنجامی یەکگرتنی سێ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دامەزراوە. وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری سەرپەرشتی و پارەدانی دەکات. ساڵی ٢٠١٥ بارەگای لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. زۆرترین هاوکاری و پڕۆژەی لە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامداوە، لە بواری تەندروستیدا پێداویستیەکانی سەنتەری پەلی دەستکرد، هۆڵی پێشوازیی نەخۆش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن و هتد. لە بواری شارەوانی جگە لە ڕاکێشانی ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامی ناوبازاڕی هەڵەبجەی نۆژەنکردۆتەوە، لە بواری کارەبا چەندین محاویلەی دابینکردووە، ساڵانە پرۆسەی پاککردنەوە و بڕینی درەختی نێوان شەقامەکانی ئەنجامداوە، لە بواری پەروەردە جگە لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، هۆڵێکی وەرشەی بۆ ئامادەیی پیشەسازی دروستکردووە، هەروەها هەفتە بازاڕی هەڵەبجەی دروستکردووە. ١٠- Reach: (Rehabilitation, Education and Community Health). ڕێکخراوێکی ناحکومی و قازانج_نەویست و سەربەخۆی عێراقییە، ساڵی ١٩٩٥ەوە چالاکە لە وەڵامدانەوەی فریاگوزاری و پەرەپێدانی کۆمەڵگادا. پشتگیری دارایی لە ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەردەگرێت و پڕۆژەکانی پێ ئەنجامدەدات، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە پڕۆژەی ئاودێری بۆ گوندەکانی: عەنەب، جەلیلە، باوەکۆچەک و کۆنکرێتی تەوێڵەی ئەنجامداوە، کەلوپەلی کشتوکاڵی و ئاژەڵی بەسەر ١٢٥ خێزانی ناحیەکاندا دابەشکردووە. ١١- VNGi: ڕێکخراوێکی هۆڵەندیە و بارەگای سەرەکی لە لاهایە. ساڵی ٢٠١٥ بارەگای سەرەکی لە هەرێم و عێراق کردووەتەوە و لە شاری دهۆکە. (ڕەوشەن ئەتروشی) بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیە لە عێراق. ئامانجی هاوکاریکردنی حکومەتی لۆکاڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریی هاوڵاتیانە لە بڕیاردان و پڕۆژەکاندا. ساڵی ٢٠٢٢ بۆ یەکەمینجار هاتووەتە هەڵەبجە. پلانی پەرەپێدانی شاری هەڵەبجەیان لە ساڵی ٢٠٢٣ بە هاوکاری وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و بە چاودێری پارێزگای هەڵەبجە ئەنجامداوە، کە تیایدا کۆمەڵگەی ناوخۆیی و سەرجەم دامودەستگاکان بەشداربوون لە دانانی ئەم پلانەدا. نوێنەری ڕێکخراوەکە لە شاری هەڵەبجە (کارزان عەدنان حەمەسەعید) بووە.

لقی هەڵەبجە شەهید ڕێکخراوی اقرا

یەکێکە لە لقە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی اقرا، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی زانستیی ڕۆشنبیریی پەروەردەییە. بۆ بڵاوکردنەوە و فێربوونی زانستەکانی قورئانی پیرۆز کاردەکات. ساڵی ٢٠١٤ مۆڵەتی فەرمی یاسایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە. درێژەپێدەری ناوەندی مەولەویی جارانە. مامۆستاکانی (جەعفەر مستەفا، نەوزەر جاف، حەمەئەمین بیارەیی، ماجد تەوێڵەیی، مامۆستا عەبدوڵا، فەلاح جەمیل جافر، میهرەبان حەمەسەعید)ن. لق و بنکەکانی لە بەشی تەجوید و قرائە و لەبەرکردنی قورئان و فێرکردن پێکهاتووە. لە تەمەنی حەوت ساڵ بەرە و ژوور قوتابی وەردەگرێت. مامۆستایانی ڕێکخراوەکە:(میهرەبان حەمەسەعید، ئایاد جەلال، گەزیزە عەبدولجەبار). بەشی قرائەتی بۆ خوێندنەوەی جوانی قورئان بە ڕیوایەتی جیاواز. بەڕێوەبەرانی لق: فەلاح جەمیل مستەفا ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٥، میهرەبان حەمەسەعید ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٠، گەزیزە عەبدولجەبار ٢٠٢٠ هەتا مانگی یەکی ٢٠٢٤ لە کۆنگرەی دووەمی ڕێکخراوەکەدا (ئەیاد جەلال حەبیبوڵڵا) وەک سەرۆکی لق و هەریەک لە (بەختەوەر بەهائەدین، ئاسۆ عومەر، پێشڕەو عوسمان، مریەم سەعید، شەهلا عەبدولجەبار، شادان موعتەسەم) وەک دەستەی کارگێڕی هەڵبژێرران. لقەکە ئەم بنکانەشی هەیە: ١- بنکەی مامۆستا مەلا شفیق کۆکۆیی: پێشتر ناوی مۆردانە بووە. ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە. یەکەم بەڕێوەبەری نەواز غەفوور حسێن بووە، هەتا ساڵی ٢٠٢٤ لە کۆنگرە بۆ چوار ساڵی تر هەڵبژێردراوەتەوە. ٢٢ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. بیناکەیان لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م) بە سێ نهۆم دروستکردووە. کەوتووەتە سەر جادەی چاوگ، سەرووی قوتابخانەی سالمی بنەڕەتی. ٢- بنکەی پەپوولەکان: ساڵی ٢٠١٩ کراوەتەوە. قوتابی ٥-٩ ساڵ وەردەگرێت. ساڵی ٢٠٢٣ مۆڵەتی وەرگرتووە. یەکەم مامۆستای (ئەدیبە فەریق کەریم) بووە، هەتا ساڵی ٢٠٢٨ کۆنگرە هەڵیانبژاردووەتەوە. ١٢ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. لە بینای کرێدان. ساڵی ٢٠٠٥ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م) بە دوو نهۆم دروستکراوە. کەوتووەتە خوار مامۆستای نەناسراو نزیک مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب. ٣- بنکەی سەرا: ساڵی ٢٠٢٢ کراوەتەوە. یەکەم بەڕێوەبەری سەیفەدین نەسرەدین محەممەد، دبلۆم، وەرزش، بووە و تاساڵی ٢٠٢٤ و کۆنگرە بۆ چوارساڵی تر هەڵیبژاردووەتەوە. ٢٠ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. بیناکە خانوی هاوڵاتییە، بە کرێ دراوە بە بنکەکە، بەڵام هەتا ئێستا کرێی وەرنەگرتووە. ساڵی ١٩٧٨ لەسەر ڕووبەری (٢٥٠م) دروستکراوە. کەوتووەتە گەرەکی بۆینییەکان، تەنیشت مزگەوتی دار الصفا. ٤- بنکەی شارەوانی: ساڵی ٢٠٢٢کراوەتەوە. یەکەم بەڕێوەبەری ڕێبوار ئیسماعیل حەمە، دبلۆم، تەکنیکی، بووە. هەتا ٢٠٢٤ و کۆنگرە بۆ چوار ساڵی تر هەڵیبژاردووەتەوە. ١٣ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. دوو ساڵ لە خانووەکانی حاجی بارام خەرپانەییدا بوون. لە ٣ی ١ی ٢٠٢٤ هاوڵاتی دەشتی حەمزە عەباس بیانەیەکی بۆ خۆی کردووەتەوە بە گرێبەستی ئەوەی هەتا ڕێکخراوەکە هەبێت بەخشیویەتی بە بنکەکە. لەسەر ڕووبەری (٣٠٠م) بە سێ نهۆم دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی نزیک یەکەی مەشق و ڕاهێنان، ترافیکی دووەم. ٥- بنکەی زەمەقی: (شەرافەت کۆکۆیی) زەوییەکەی بۆ بنکەکە کڕیوە و بەخشیویەتی. لە خانوی کرێدان. یەکەم بەڕێوەبەری یاسین حسێن محەممەد، ماستەر، مێژوو، بووە. لە کۆنگرە هەتا ساڵی ٢٠٢٨ هەڵبژێردراوەتەوە. ١٣ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. بینای موڵکی خۆیان لە تەواوبووندایە. لەسەر ڕووبەری (٢٢٥م) بە دوو نهۆم دروستکراوە. کەوتووەتە گەڕەکی زەمەقی، پشت مزگەوتی شێخ عیزەدین. ٦- بنکەی تەوێڵە: کەوتووەتە گەڕەکی بەرانبەر لە شارەدێی تەوێڵە، پشت مەڵبەندی تەندروستیی شەهید نیازی. ساڵی ٢٠١٨ دروستکراوە. لە ٩ی ٣ی ٢٠١٨ کراوەتەوە. یەکەم بەڕێوەبەری (مەلا نەزیر سەلیم حەیدر) بووە، پاشان (فاروق ئەحمەد مەحموود) بووە بە بەڕێوەبەری. نۆ مامۆستای خۆبەخشی هەیە. بیناکە سێ نهۆمە و دوو نهۆمی خێرخواز حاجی موعتەسەم مەحموود بە خشیویەتی بە بنکەکە. ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ڕووبەری (٣٧٠م) دروستکراوە. ٧- بنکەی سیروان: کەوتووەتە شارۆچکەی (سیروان) لە تەنیشت ئامادەیی سورێن. ساڵی ٢٠١٨ لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) بە سێ نهۆم لە لایەن کۆمەڵێک خێرخوازەوە دروستکراوە. یەکەم بەڕێوەبەری (عومەر عوسمان عەلی) بووه. ٢١ مامۆستای خۆبەخشی هەیە.

منداڵپارێزی کوردستان، ئۆفیسی هەڵەبجە

سەر بە منداڵپاریزی کوردستانە، لە ناوجەرگەی هەڵەبجەدایە، خوار باخی گشتی. بێ ڕەچاوکردنی نەژاد و ڕەگەز و پابەندیی ئایین و سیاسەت، یارمەتیەکەکانی پێشکەشدەکات. ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە، بەشەکانی بریتین لە: گرتنەخۆ، هاوکاریی منداڵانی بێ دایک و باوک، تەندروستی، منداڵانی سەرجادە، کێشەدارە یاساییەکان، توێژەری کۆمەڵایەتی. بە پرۆگرامەکانی پاراستن و پەروەردە و ئابوری و تەندروستی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتیەکانی پێشکەش بە منداڵان کردووە. لە مانگی ١٢ی ١٩٩١وە یەکەم گوژمەی هاوکاری پێشکەش بە منداڵانی هەڵەبجە کردووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. چەندین خولی فێربوون و هونەری و پیشەیی بۆ منداڵان کردووەتەوە و لە ڕێگەی سەنتەری گەنجان و کازیوەوە لە چالاکییەکانی ڤێستیڤاڵی هەڵەبجە و بۆنە ڕۆشنبیرییەکانی تردا بەشداربوون. ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤ بەڕێوەبەردنی لە ڕێگەی ستافێکەوە بووە بەناوەکانی (محەممەد گردەنازێیی، ئەمین مەلا مەحموود، ئاراس عابد) پاشان (محەممەد گردەنازێیی) بووەتە بەڕێوەبەری هەتا ساڵی ١٩٩٩ بەردەوامبووە و دوای ئەو ئاراس عابد ئەکرم بووەتە بەڕێوەبەر و هەتا ئێستا لە کارەکەی بەردەوامە. دوو فەرمانبەری گرێبەستی هەیە. بینایەکی ئەهلیی دوو نهۆمە و مانگانە بە ٣٠٠٠٠٠ دراوە بە کرێ گیراوە. سەرەڕای کردنەوەی چەندین یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە و شارۆچکەی سیروان، هاوکاریی مانگانەی بەردەوامی هەیە بۆ ئەو خێزانانەی پێوەر و بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە دەیانگرێتەوە، وەک (هەتیوو، کێشەدار، جیابووەوە، نەخۆش، منداڵی سەرجادە، هەلیکار، یارمەتیی کەمدەرامەت).

یەکێتی نابینایانی کوردستان - لقی هەڵەبجە

وەک یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە نابینایان ساڵی ١٩٩٤ مەڵبەندە گشتییەکەی دامەزراوە. لقی هەڵەبجەی لە ١٢ی ١٢ی ٢٠١٩ کراوەتەوە. دەستەی کارگێڕییەکەی له ‌حەوت ئەندامی خۆبەخش پێکهاتووە. (چالاک تۆفیق ئەحمەد) وەک بەرپرسی لق هەتا ئێستا بەردەوامە. سەرەتا ڕادیۆی تایبەت بە خۆیان هەبووە. بیناکەیان کەوتووتە نهۆمی یەک لە شوقەکانی شارەوانی، کە لە سێ ژوور پێکهاتووە. ٢٠٠٠٠٠ هەزار بودجەی مانگانەیان هەیە، کە مەڵەبەندی گشتیی ڕێکخراوەکە دابینیدەکات. کار بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تاک و خێزانی نابینا و ئاشناکردن بە مافەکانیان و هاوکاریکردنیان دەکات.

جوند ئەلئیسلام

بزووتنەوەیەکی چەکداریی ئیسلامی بوو. بڕوای بە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و هێز هەبوو. خۆی بە بەشێک لە بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی جیهانی دەزانی و لە ڕووی پەیوەندی ئۆرگانییەوە بنکە و لقێکی ڕێکخراوی ئەلقاعیدەبوو. لە ئەنجامی ناکۆکی و لێکترازانی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیی کوردستان لە ١ى ٩ى ٢٠٠١ لە ناوچەی هەورامان ڕێکخراوەکەیاند ڕاگەیاند. لە ئەنجامی یەکگرتنی گروپی حەماسیی نێو بزووتنەوەی جاران و کۆمەڵی تەوحیدی ئیسلامی( بەرەی تەوحید) و هێزی دووی سۆران و چەکدارە عەرەبەکانی نێو کوردستان، پێکهاتووە. لیژنەیەکی چوار کەسی بە ناوەکانی:(ئەبو عبدالرحمن سوری، ئەبو وائیل بەغدادی، ئەبو دەردا، ئەبو یاسر)، بە نوێنەرایەتی ئوسامە بنلادن، سەرپەرشتی ڕاگەیاندن و یەگکرتنەکەیان کردووە. بیرۆکەی یەکگرتن و دروستبوونەکە هی (وریا هەلێری - ئەبو عەبدوڵڵای شافعی)یە، کە پێشتر ئەندامی هیچکام لەو باڵانە نەبووە، بووەتە ئەمیری گشتی. پێکهاتەی ئۆرگانییەکەی هەیئەیەکی شەرعی چوار کەسییە و لەبری مەکتەبی سیاسی بەم جۆرە پێکهێنراوە:(دادگای شەرعی، لێکۆلێنەوە و فتوای شەرعی، لیژنەی فەرمان بە چاکە و ڕێگرتن لە خراپە، لیژنەی چاودێریی شەرعی).

دامەزراوەی ڕایەڵ - ئۆفیسی هەڵەبجە

دامەزراوەیەکی ناحکومی سەربەخۆی قازانج_نەویستە. بۆ ئاڵوگۆڕی کلتوری و گەشەپێدانی مرۆیی لەناو شاری هەڵەبجە. لە ١ی ١٠ی ٢٠٢٤ کراوەتەوە. کەوتووەتە جوتسایدی ئەندازیاران. لە بەشەکانی: ڕۆشنبیری و کلتوری، پەروەردە و خولەکان، پیشەیی، زمان، چالاکییەکان پێکهاتووە. (ڕاڤیار نەوزاد محەممەد) یەکەم لێپرسراوی بووه و هەتا ئێستا بەردەوامە‌. ١٦ کارمەندی هەیە. چەندین چالاکیی ژینگەیی و ڕۆشنبیرییان ئەنجامداوە. بیناکەیان کرێیە و ساڵی ٢٠١٢ لەسەر ڕووبەری (٤٠٠م٢) دروستکراوە.