نوسینگەی لەدایکبوون و مردنی هەڵەبجە
کەوتووەتە سەر جادەی حەمەوغان تەنیشت نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە. پێشتر لەناو بینای نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجەدا بووە و بینا نوێیەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لەسەر ئەرکی بنەماڵەی (حاجی حەمه ڕەشید خاڵان)ـەوە دروستکراوە. دەوامی شەش کاتژمێرییە. لە بەشەکانی: بەڕێوەبەری نوسینگە، هۆبەی تۆماری لەدایکبووان، هۆبەی تۆماری مردووان، هۆبەی کۆمپیوتەر و ئامار، پێکدێت.
نوسینگەی هەڵەبجەی مافی مرۆڤ
سەر بە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤە. ساڵی ٢٠٠١ کراوەتەوە. کەوتووەتە سەنتەری شار و لە گەڕەکی پاشا نزیک ئامادەیی هەڵەبجەی کچان. (محەممەد سابیر) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بەردەوامبووە. پاشان (ساسان ئەنوەر عەبدولڕەحمان) هەتا ساڵی ٢٠٠٦ و دواتر (گوڵستان ئەحمەد عوسمان) هەتا ئێستا بەردەوامە. بەگشتی لە نۆ بەشی سەرەکی پێکهاتووه. ١٨ فەرمانبەری میلاکیان هەیە، لە بینایەکی کرێدان، کە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەویی (٤٠٠ م٢) دروستکراوە. کاری چاودێری و بەداواچوون و بڵاوکردنەوەى هۆشیارییە لەڕووی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئامادەکردنی ڕاپۆرتە لە بارەی ڕەشی مافی مرۆڤ لەسنوری پارێزگای.
هۆبەی ئاودێریی هەڵەبجە
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی و وەزارەتی کشتوکاڵە. ساڵی ٢٠٠٨ ئەم هۆبەیە لە هەڵەبجە کراوەتەوە. کەوتووەتە گەڕەکی شەهیدان، سەروو بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەڵەبجە. یەکەم بەڕێوەبەر (سالار محەممەد عەلی) بووە و دواتر (ئەشرف حەسەن ویس) بووە بەڕێوەبەری و هەتا ئێستا بەردەوامە. شەش کارمەندیان هەیە. بیناکەی لە دوو نهۆم پێکهاتووە و بە موڵکی هی فەرمانگەکەیە و ساڵی ٢٠٢٠ لە لایەن حکومەتەوە دروستکراوە. کاری دروستکردنی پۆند و گۆگەی ئاو و گەیاندنی ئاوە بە زەوییە کشتوکاڵییەکان.
هۆبەی چاکسازیی کارەبای سیروان
کەوتووەتە سە ڕێگای سەرەکیی سیروان-هەڵەبجە، سەرەتای گەڕەکی شەهیدان لە سیروان، نزیک قوتابخانەی ماکوان. ساڵی ١٩٩٧ کراوەتەوە. یەک بەش و (٥٥)کارمەندی هەیە. سنوری کاری سیروان و ٢١ گوندە. کەمال مەحمود عەلی بەرپرسی هۆبەکەیە.
هۆبەی دارستان و پاوانی بیارە
سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٨. بەڕێوەبەری یەکەمی ئەم هۆبەیە (شەریف حەمەڕەحیم) بووە و هەتا ساڵی ٢٠٠٢ بەردەوامبووە. پاشان (سالار عەبدوڵا مەعروف) دەبێتە بەڕێوەبەر و هەتا ئیستاش بەردەوامە، هەشت فەرمانبەری میلاکیان هەیە. لە ژوورێکی بینای بەشی کشتوکاڵی بیارەدا دەوامدەکەن. لە یەک نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەوى (٣٠٠م٢) دروستکراوە. مێژووی دروستکردنی بیناکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق، کە ئەوکات بۆ نەخۆشخانەى بیارە لە بەرد و چیمەنتۆ دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی (هارە گلان) لە شارۆچکەى بیارە، ئیشوکاری فەرمانگەکە بریتییە لە سەرپەرشتیکردنی دارستانی دەستکرد و سروشتی.
هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵ
فەرمانگەیەکی کشتوکاڵیی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠١٠ کراوەتەوە. لە یەک بەش پێکدێت بەناوی هۆبەی دارستان و پاوانی خورماڵ. بینای تایبەت بە خۆی نییە. کەوتووەتە ناو کۆمەڵگەی فەرمانگەکانی خورماڵ لەسەر شەقامی مەحموود خانی دزڵی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی خورماڵ - بیارە. دیارترین دارستانەکانی سنوری ئەم هۆبەیە بریتین لە دارستانی ئەحمەدئاوا، کە لەلایەن (سەفەر جلال مەحموود) سەرپەرشتیدەکرێت و دوو کرێکاری هەیە، دارستانی قەڵای خورماڵ کە لەلایەن (عەینەدین محەممەد شەریف) سەرپەرشتیدەکرێت و سێ کرێکاری هەیە. بە گشتی نۆ فەرمانبەر لە هۆبەکەدا خزمەتدەکەن، کە بریتین لە (بەڕێوەبەر، دوو سەرپەرشتیار، پێنج کرێکار و شۆفێرێک)، لە کاتی کردنەوەی هۆبەکە هەتا ئێستا (ئەنوەر مستەفا محەممەد) بەڕێوەبەریەتی.