دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

بەرگی هەشتەم

دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

زانیاری دەربارەی دامەزراوە حکومی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کە لە کەرتی جیاوازدا خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

ناوەڕۆک

774 بابەت

بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری هەڵەبجە

سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٩٦٧ دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵی ١٩٧٤ لە بینایەکدا بووە لە گەڕەکی جولەکەکان، دواتر گوازراوەتەوە بۆ شەقامی سەرەکی لە گەڕەکی کانی قوڵکه. ساڵی ١٩٩٩ لەسەر ڕووبەری (١,٢٧٦م٢) بینای نوێی بۆ دروستکراوه. یەکەم بەڕێوەبەری (د. ئیسماعیل) بووە، پاشان لەکاتی جیاجیادا هەر لە (ئەحمەد حەمەوەیس)، (د. عەباس هەلی عەبدی)، (د. یاسین شەفیق) لێپرسراوی بووە. ساڵی ٢٠١٧ کراوە بە بەڕێوەبەرایەتی و‌ یەکەم بەڕێوەبەری (د. نەبەز عوسمان قادر)ە، هەتا تائێستا بەڕێوەی دەبات. ٥٢ فەرمانبەری میلاکی هەیە‌.

بەڕێوبەرایەتیی کاروباری خۆپاراستنی تەندروستیی هەڵەبجە

کەوتووەتە پشت نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجەوە. شوێنی پێشتری لە تەنیشت کۆمەڵگەی پزیشکی ددان بووە لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٥ لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕووبەری (٥٥٦م٢) دروستکراوە. پێشتر ناوی (بایەخدانی تەندروستیی هەڵەبجە) بووە. ١٢ کاتژمێرییە. یەک نهۆمە و لە بەشەکانی: کارگێڕی، پشکنین، چاودێریی بازاڕ و خۆراک و ڤاکسین، پێکدێت. ٤٢ کارمەندی هەیە. لە ئێستادا (ئەکرەم محەممەد ئاغا) بەڕێوەبەریەتی.

بەرێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەڵەبجە

دامەزراوەیەکی حکومییە. سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان. ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە. کتێبخانە گشتییەکانی: هەڵەبجە، سیروان، تەوێڵە، بیارە، خورماڵ، بەمۆ، لەخۆدەگرێت. ٦١ فەرمانبەری هەیە. لە هۆبە کاراکانی: کارگێڕی، خواستنی کتێب، پۆلێن، گۆڤار و ڕۆژنامە، خۆیەتی، ژمێریاری، کۆمپیوتەر، سپاردن، منداڵان، گەنجینەی کتێب، پێکهاتووە. هۆبەکانی: ئەنتەرنێت، توێژینەوە، ڕاگەیاندن و پەیوەندی، مەختوتات، تا ئێستا نەکراونەتەوە. بینای تایبەتییان نییە و لە کتێبخانەی گشتی (حاجی محەمەدی بامۆکی)دا دەوامدەکەن. کاریان ڕێکخستنی ئیشوکاری کتێبخانەکانی پارێزگاکەیە، داواکردنی سەرچاوە بۆ کتێبخانەکان، سەرپەرشتی کۆڕ و سیمینار و پێشنگای ساڵانە، کردنەوەی خول و پێدانی ژمارەی سپاردنە.

بەڕێوەبەرایەتیی کار و ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە

دەکەوێتە گەڕەکى شەهیدان تەنیشت بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى هەڵەبجە، ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییە. بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کار و ڕاهێنانی پیشەیی هەڵەبجە، بە فەرمانى کارگێڕى ژمارە (١٠٧) لە ڕێکەوتی ٦ى٢ى٢٠٢٢ لەلایەن وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى/بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵاتییەوە فەرمانی کردنەوەى بۆ دەرچووە. هۆبەکای بریتین لە(بەڕێوەبەر، کارگێڕی، ژمێریاری، خزمەتگوزاری، ئایتی، میدیا، خزمەتگوزاریی پاش فرۆشتن، تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی، بەکارخستن، کرێکاری بیانی و خۆماڵی، یاسا، ڕاهێنان و کۆگا). لە ٨ فەرمانبەری میلاک و ١٨ فەرمانبەرى گرێبەست پێکهاتووە، کە ١٥ فەرمانبەرى نێر و ١١ فەرمانبەر مێیە. بیناکەی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکراوە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، نهۆمی خوارەوەی لە (بلۆک و چیمەنتۆ) و نهۆمی سەرەوە لە(ساندیچ پەناڵ)دروستکراوە. ڕووبەرەکەی یەک دۆنمە، نیو دۆنمی بینایە و نیو دۆنمەکەی دیکەى حەوشە و گەراج و باخچەیە. لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا (تارا محەمەد عەبدوڵا) بەڕێوبەرە. لە دوو بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتووە، بەشی کار، کە ئیشوکاری لەگەڵ کرێکار و خاوەنکاردایە. بەشی ڕاهێنان، کاری کردنەوەی خول و ڕاهێنانی جۆراوجۆری بێبەرامبەرە، تا لەڕێیانەوە گەنجان فێری پیشەیەک ببن.

بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان

دامەزراوەیەکی حکومییە. سەرەتا سەنتەرێک بووە سەر بە JCC سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٠ بووەتە بەڕێوەبەرایەتییەک و سەر بە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانە لە وەزارەتی ناوخۆ. لە ناو دیوانی پارێزگای هەڵەبجەدایە. ئەردەڵان سەلاح یەکەم بەڕێوەبەری بووە. ئێستا فریاد نەجمەدین کەریم بەڕێوەبەرە و لە کارەکەی بەردەوامە. یەک کارمەندی تەنسیب و سێ خۆبەخشی هەیە. لینکی پەیوەندی نێوان حکومەتی لۆکاڵی و ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکانە. هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پێش کارەساتە سروشتییەکان و ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتەکاندا دەکات. هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هێنانی پڕۆژەی ڕێکخراوەکان لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان دەکات و هەلیکار دەڕەخسێنێت و خولی ڕاهێنان و بەهێزکردن بۆ فەرمانگەکان دەکاتەوە و سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات. هەروەها سەرپەرشتی کۆگای سەنتەری لۆجستی و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی دەکات: ١- کۆگای سەنتەری لۆجستی: کەوتووەتە ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر ڕووبەری (٢٨٠٠م) لەلایەن ئاژانسیTHW ی ئەڵمانی دروستکراوە و تەواوی پێداویستیەکانیان بۆ دابینکردووە. لە بەشەکانی: کۆگا، ساردکەرەوە، ئۆفیس پێکهاتووە. کەلوپەل و پێداویستیی سەرەکی بۆ کاتی کارەساتی سروشتی و لێقەوماوانی تێدا هەڵگیراوە، وەک بەتانی و فەرش و دۆشەک و خۆراک و هتد. بە ژێرخانێکی گرنگی لۆجستی پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت بۆ کاتی کارەساتە سروشتییەکان و قەیرانە مرۆییەکان. ٢- تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی: ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هاوکاری و پاڵپشتی تیمەکانی بەرگری شارستانی و شارەوانی و تەندروستی دروستکراوە، لەلایەن ئاژانسی THW ی ئەڵمانی پاڵپشتی دەکرێن و کەرەستە و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە ١٩ کەس پێکدێن و بەشێکیان کارمەندی سەر بە دامودەستگا حکومیەکانن و بەشێوەی خۆبەخش کاردەکەن. ئەم تیمە ڕۆڵی هەیە لە بەدەمەوەچوونی مەیدانیی هاوڵاتیان لە کاتی کارەسات و قەیرانەکاندا.

بەڕێوەبەرایەتیی گەنجینەی هەڵەبجە

سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابورییە، لە ٨ی ٨ی ٢٠١٨ دامەزراوە. (محەممەد فائیق ساڵح) کراوە بە بەڕێوەبەر و پاش خانەنشینبوونی لە ١ی ٧ی ٢٠١٩ (شادمان ئازاد محەممەد) بووە بە بەڕێوەبەری گەنجینە. بەگشتی لە ١٧ بەش و هۆبەکانی دارایی شارۆچکەکانی (خورماڵ، سیروان و بیارە) پێکهاتووە و (٥٠) فەرمانبەری میلاکی هەیە. بینای فەرمانگەکە لە دوو نهۆم و ژێر زەمینێک پێکهاتووە و بیناکەی موڵکی فەرمانگەیە. لەسەر ڕووبەری (٨٠٠م٢) دروستکراوە. کاری فەرمانگەکە بریتییە لە وردبینیی خەرجی و داهاتی فەرمانگەکانی پارێزگای هەڵەبجە. کەوتووەتە گەڕەکی مۆردانە و لەناو کۆمەڵگەی فەرمانگە داراییەکاندایە، لەسەر ڕێگای چاوگ.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەڵەبجە

سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییە، لە ٣١ی ٨ی ٢٠١٥ فەرمانی کردنەوەى لە هەڵەبجە بۆ دەرچووە و دامەزراوە. کەوتووەتە سەنتەری شار و لە گەڕەکی پاشادا لە نزیک بانکی هەڵەبجە. (ئارام جەمال محەممەد معروف) یەکەم بەڕێوەبەری بووە و هەتا ئێستا بەردەوامە. لە هەشت بەش پێکهاتووە، ٢٣ فەرمانبەری میلاک و ١٠ فەرمانبەری گرێبەستیان هەیە، فەرمانگەکە بینای تایبەت بە خۆی نییە و بە شێوەی کرێ لە موڵک (خانوو)ی هاوڵاتییەک دان. لە سێ نهۆم پێکهاتووە و لەسەر ڕووبەری زەوی (٢٠٠م٢) لە ساڵی ٢٠١٠ دروستکراوە، کاری ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئیشوکاری مزگەوتەکان و کاروبارە ئاینییەکانە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە

سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانە. ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە. سەرەتا ناوی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە بووە و (د. بەمۆ نامیق عەبدولکەریم) بەڕێوەبەری بووە، پاشان کراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی شارەزوور، دواتریش کراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە. لە ئێستادا (د. ئازاد مستەفا قادر) بەڕێوەبەریەتی. بیناکەی کەوتووەتە سەر ڕێگەی حەمەوغان لە ناو شاری هەڵەبجە و موڵکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیە و ساڵی ٢٠١٢ بە دوو نهۆم دروستکراوە. لە بەشەکانی (ژمێریاری، یاسا و گرێبەستەکان، کارگێڕی، پلاندانان، ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، دەرمانسازی، تاقیگە، پەرەپێدانی پیشەی بەردەوام، ئەندازە و ئامێری پزیشکی، وردبین، پەرستاری و کارمەندانی تەندروستی، کاروباری هونەری، پشکنین و بەدواداچوون، کوالێتی کونترۆڵ) پێکهاتووە. ١٥٥٠ کارمەندی تەندروستی هەیە. سەرپەرشتیی نۆ مەڵبەندی تەندروستی و ٢٩ بنکەی تەندروستی و شەش نەخۆشخانە و ١٥ پانزە دامەزراوەی تەندروستی دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەڵەبجە

ناوەندێکی خزمەتگوزاری چاودێری و سەرپەرشتیکردنی کۆمەڵایەتییە، حکومییە و سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە لە حکومەتی هەریمی کوردستان. بەپێی فەرمانی وزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیاری کردنەوەی دراوە. سالار فەتاح قادر، خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە کۆمەڵناسی، بووەتە یەکەم بەڕێوەبەری گشتی و هەتا ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٢ لەکارەکەی بەردەوام بووە. دواتر دانا حەمەشەریف سەعید خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆس و دەرچووی بەشی ئینگلیزی، کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی، دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی و هەتا ئێستا لە کارەکەی بەردەوامە. لە ئێستادا بەشەکانی: کارگێڕی، ژمێریاری، وردبینی، یاسا، پلان، چاودێریی خێزان، دایەنگاکان، نوسینگەی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرێتیی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لەکاردان و بەشەکانی بەڕێوەبەرێتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرێتیی چاودێریی کەمئەندامان، خانەی بەساڵاچووان، ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان، خانەی منداڵانی کوڕان و کچان، پەیمانگای نابینایان و نابیستان و پیشەیی نەکراونەتەوە. بیناکەی لە دوو نهۆم و موڵکی بەڕێوەبەراتییەکەیە. دەکەوێتە شەقامی جوت سایدی ئەندازیاران لە تەنیشت سەندیکای ئەندازیاران. کاری بەڕێوەبەرایەتییەکە بریتییە لە خزمەتکردن لە بوارەکانی گەشەپێدان و چاودێریی کەمئەندامان و منداڵان و ئافرەتان و بەساڵاچووان. بەگشتی ١١٨ فەرمانبەری هەیە، کە ٨٨ یان میلاکن و ٤٢ نێر و ٤٦ یان لە ڕەگەزی مێن. ٣٠ فەرمانبەری گرێبەست، کە ١٠ نێر و ٢٠ لە ڕەگەزی مێن. هەروەها چوار کارمەندی خۆبەخش لە ڕەگەزی مێ.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە

دامەزراوەیەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیرییە. پێشتر بەڕێوەبەریەتی بووە تا ساڵی ٢٠١٥، هەریەکە لە کەمال هەورامی، مەریوان هەڵەبجەیی، شاهۆ حەمە فەرەج، ئازاد ساڵح، ئیبراهیم هەورامانی، بەڕێوەیانبردووە. ٢٠١٥‌ کراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی. سەرەتا (پەروێز نیازی ئەسکەندەر) هەتا ساڵی ٢٠٢٠ بەڕێوەبەری گشتی بووە‌. دواتریش هونەرمەند (محەممەد فەتاح محەممەد) بووەتە بەڕێوەبەر و لە ئێستادا سەرخێڵ غەفار حەمەخان بەڕێوەبەرە. نزیکەی هەشتا فەرمانبەری هەیە. لە بەشەکانی (شێوەکاری، موزیک، شانۆ، سەنتەرەکان، ڕۆشنبیریی منداڵان) پێکهاتووە. ژمارەیەکی لەبەرچاو چالاکیی ڕۆشنبیریی و هونەرییان بەئەنجامگەیاندووە، لەوانه، سازدانی ڤێستیڤاڵ، دیدار، کۆنسێرت و کردنەوەی پێشانگا و بەڕێوەچوونی ئاهەنگى گۆرانى و شانۆ، کردنەوەى خولی تۆپیپێ، مەراسیمى ناساندن و بڵاوکردنەوەى بەرهەمی نوسەران، یادکردنەوەی بۆنەکان‌، چاپکردنی بەرهەمی نوسەران، نمایشکردنی فیلم، مەراسیمی ڕێزلێنان.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە

سەربە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، لە ٢٠ی ١١ی ٢٠١٦ کراوەتەوە. بە سەرجەم شارەوانییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، ١٨٣ فەرمانبەری میلاک و ١٣٤ فەرمانبەری گرێبەستی هەیە.(حەسەن ڕەشید محەممەد) یەکەم بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەکە بووە. لە ئێستادا ئەندازیار (خێڵان عەبدولڕەحمان میرزاحسن) وەک بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە دەستبەکارە. ڕووبەری زەویی فەرمانگەکە ١٠٠٠م٢یە و لە یەک نهۆم پێکهاتووە. کەوتووەتە سەر شەقامی گشتی و لە سەرو‌وی باخی گشتییەوەیە. کاری ئەم فەرمانگەیە بریتییە لە بەڕێوەبردن و ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی (سیروان، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە و بەمۆ).

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە

سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە لە حکومەتی هەریمی کوردستانه. ساڵی ٢٠١٦ بەپێی فەرمانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڕیاری کردنەوەی دراوە. (ستار مەحموود ساڵح) بەڕێوەبەری گشتی بووە و تائێستا بەردەوامە. لە پێنج بەڕێوەبەرایەتی: (کارگێڕی و خۆیەتی، ژمێریاری، توێژینەوەی کشتوکاڵی، باخداری، دارستان و پاوانی هەڵەبجە) و ١٢ بەش (خزمەتگوزاری کارگێڕی، پلاندانان و بەدواداچوون، پاراستنی ڕووەک، سامانی ئاژەڵ، ڕێنمایی کشتوکاڵی، خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان، بەرهەمهێنان و پەرەسەندنی بنەتۆو، وردبینی، زەویوزار، بەشی سیروان، خورماڵ و بیارە) پێکهاتووە و بەشەکانی (یاسا و موڵکداری، سەوزەوات و خانوی پلاستیکی، کشتوکاڵی بەمۆ) هێشتا کارا نەکراون.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە

فەرمانگەیەکی حکومییە و سەر بەدەستەی گەشتوگوزار - وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستانە. کەوتووەتە نزیک جادەی حەمەوغان و خوار قوتابخانەی شەهید ئەنوەر. ساڵی ٢٠٠٥ کراوەتەوە و ٢٠٠٧ کراوە بە بەڕێوەبەرایەتی و ساڵی ٢٠٢٢ کراوە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی. لە بەشەکانی (کارگێڕی، ژمێریاری، پلاندانان، ئەندازیاری، گەشتیاری، مۆڵەت، یاسا و گرێبەستەکان، ڕاگەیاندن و بە بازاڕکردن) و چەند هۆبەیەک پێکهاتووە. لە بنکە_بوونیەوە تا بەڕێوەبەرایەتی، ئەم کەسانە بەڕێوەبەری بوون: ١-عباس حەمەسعید حسێن. دبلۆم، هونەری، ٢٠٠٥-٢٠١٣ ٢-سامان کریم غفور. دبلۆم، کارگێڕی گەشتوگوزار، تا ٢٠١٨ ٣-وەهاب امین میکە. دبلۆم، تا ٢٠٢٠ ٤-غریب احمد حەمەحسێن. تا ٢٠٢٢ لە ئێستادا (چیا قاسم حەمەسلیم) بەڕێوەبەری گشتییە. ٤٨ فەرمانبەری میلاک و گرێبەست و خۆبەخشی هەیە. بیناکەی ساڵی ٢٠١٠ دەستکراوە بە دروستکردنی و ٢٠٢٣ تەواوبووە. کاری بەڕێوەبردنی کەرتی گەشتوگوزاری گشتی و تایبەت و چاودێریکردنی پرۆژەکان و مۆڵەتدان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بە ناوچە گەشتیارییەکان و گەشتیاران.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەڵەبجە

سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەریمی کوردستانە. بەپێی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ - بەرێوەبەرایەتیی گشتی دیوان، ژمارە ١٨١٠٣ لە ٣٠ی ٨ی ٢٠١٥ بڕیاری کردنەوەی دراوە. مقەدەمی هاتوچۆ (فازیل حەمەئەمین مەعروف) یەکەم بەڕێوەبەری گشتیی بووە و هەتا ساڵی ٢٠١٩ بەردەوام بووە. دواتر عەمیدی هاتوچۆ (حەسەن عەبدوڵا محەممەد) دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی و هەتا ٧ی ٨ی ٢٠٢٣ لە کارەکەی بەردەوام بووە. لە ئێستادا عەمیدی هاتووچۆ (ئەنوەر محەممەد قادر) بەڕێوەبەرە. لەم بەشانە پێکهاتووە: مۆڵەتی شۆفێریی، کارگێڕی و خۆیەتی، ڕأگەیاندن و هوشیاری، یاسایی، ژمێریاری، ئامێرسازی، ئامار و پلان و بەدواداچوون، ئەندازە، هاتوچۆی ناوشار و وردبینی. هەروەها بەهۆی کەمی ئەفسەر و کارمەندەوە، هەریەک لە بەشەکانی تۆمارکردن و ئایتی و تۆمارکردنی سەرپێچیەکان، نەکراونەتەوە. بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە لە دوو نهۆم پێکهاتووە و موڵکی بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆیەتی. دەکەوێتە کۆتایی شەقامی ئامانج ڕەحیم لە گەڕەکی گۆران سیتی، کاری فەرمانگەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتوچۆ لە سنورەکە. ٢٤ فەرمانبەری میلاک و ١٤ فەرمانبەری گرێبەستی هەیە و تەواوی فەرمانبەرەکان لە ڕەگەزی نێرن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە

سەر بە دەستەى وەبەرهێنانە. لە ١١ی ١٠ی ٢٠٢١ کراوەتەوە. لە چوار بەڕێوەبەرایەتی و ١٠ بەش و حەوت هۆبە پێکهاتووە. سێ فەرمانبەری میلاک و ٣٠ فەرمانبەری گرێبەستی هەیە. (زانیار حەمەنووری میرزا محەممەد) بەڕێوەبەری گشتی ئەم فەرمانگەیەیە. لە بینایەکی حکومیدا دەوامدەکەن، کە ڕووبەری زەوییەکەی نزیکەی یەک دۆنم و (٦٠٠م٢)یە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. کەوتووەتە سەر شەقامی بەختیاری بەرانبەر پارکی شاری یاریی هەڵەبجە. کاری فەرمانگەکە بریتییە لە دابینکردنی مامەڵەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان.

بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە

سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە. کەوتووەتە گەڕەکی گۆران سیتی، لەخوار زانکۆی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و سەرەتا وەک ناوەندی وەرزشی لاوان و پاشان ساڵی ٢٠١٧ کراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی لاوانی هەڵەبجە و (ئەریوان سەڵاح حەمەنووری) بەڕێوەبەری بووە. لە حەوت بەش پێکهاتووە. ٢٢ فەرمانبەری میلاک و چوار فەرمانبەری خۆبەخشیان هەیە، لە بینای حکومیدا دەوامدەکەن، کە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن (حکومەتی هەرێمی کوردستان) و لەسەر ڕووبەری زەوی (١٤,٤٦٠م٢) دروستکراوە، لە دوو نهۆم پێکهاتووە.

بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی

بە ژمارە (٢٨٠) لە ٤ی ١١ی ١٩٩٩ لەلایەن حکومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) لەسەر میلاکی قەزای خانەقین بڕیاری لەسەر دراوە، کراوەتەوە. لەگوندەکانی (گڵێجاڵ، پشته، گمە، بەڕوێن، تووەوشکێی، کانی پاشا، کانی وەیسکێی، چواردارانی سەروو، چواردارانی خواروو، بەلەسۆ، قەڵپ، سەعداوا) پێکهاتووە. بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (١٥٢) لە ١ی ٩ی ٢٠١٥ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٩٧١) لە ١٣ی ٩ی ٢٠١٥ و فەرمانی وەزاریی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (١٩٩٧٤)، لە ٢٠ی ٩ی ٢٠١٥، فەرمانی کارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە (٩٠١) لە ١٨ی ١٠ی ٢٠١٥، بڕیاردراوە بە پچڕاندنی ناحیەی بەمۆ لە ئیدارەی گەرمیان و بەستنەوەی بە پارێزگای هەڵەبجەوە. بەڕێوەبەرەکانی بریتیبوون لە: ١- عومەر فەرەج ئەمین: ساڵی ١٩٩٩ بۆماوەی شەش مانگ بەکاتی بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ٢- سەروەت: ساڵی ٢٠٠٠ هەتا ساڵی ٢٠٠٤ بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ٣- ساڵح محەممەد: ساڵی ٢٠٠٤ هەتا ٢٠٠٩ بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ٤- جەمال ساڵح محەممەد: ساڵی ٢٠٠٩ تاساڵی ٢٠١٤ بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ٥- عادل مەلا ساڵح: ساڵی ٢٠١٤ تا١٠ی ٦ی ٢٠١٩ بەڕێوەبەری ناحیە بووە. ٦- سمکۆ سالار موشیر: ساڵی ١٩٧٦ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ١١ی ٦ی ٢٠١٩ هەتا ئیستا بەڕێوەبەری ناحیەیە.

بەڕیوەبەرایەتیی ناحیەی بیارە

دامەزراوەیەکی حکومیەی، مێژووی دامەرزاندنی ناحیەی بیارە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتی ٦ی ٤ی ساڵی ١٩٧١، سەر بەوەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمە، ناحییەکە دەکەوێتە بەشى ڕۆژهەڵاتى بیارە و لەسەر ڕێگاى سەرەکى (بیارە-تەوێڵە)، ناحیەکە و پۆلیسى ناحییەکە بەیەکەوە لەیەک بینان و بیناکە موڵکى پۆلیسى بیارەیە، ڕووبەرەکەى نزیکەى ٥٠٠مەتر دووجا دەبێت، لە بەرد و چیمەنتۆ و شیش دروستکراوە، هەیکەلى ئیداریى لە یەک بەش پێکدێت، کە بەشى کارگێڕییە، بە هۆى نەبونى کارمەندى پێویستەوە، تاکو ئیستا بەشى وردبینى و ژمێریارى و خزمەتگوزارى لە ناحییەکەدا نەکراونەتەوە. کۆى گشتیى فەرمانبەرانى ناحییەکە لە ٩ فەرمانبەر پێکدێت و وەلید حەسەن سەعید بەڕێوەبەرى بەشى کارگێڕیى ناحییەکەیە. بەڕێوەبەرەکانی ناحییەکە، فازیل سوارەتوکەیی، جەمال شێخ کەمال نەقشبەندی، سەعید یەعقوب، محەمەد عەلی، عەبدلوەفا، سیروان فەوزی سلێمانەیی. لەپاش ڕاپەڕین و دروستبونی حکومەتی هەرێم لە هەریەک لە ناسر حاجی ئەحمەد غەفور بیارەی، سمکۆ سالار مشیر، نوخشە ناسیح، حەمید بارام مستەفا بەڕێوەبەر بوون، کە دواین کەس ئێستاش بەردەوامە. ٢٠ کەرتی کشتوکاڵی و ٢٨ گوند سەر بە ناحیەکەن.

بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی

دیوانى ناحیەیە، لە ساڵی ١٥٨٢ کراوەتەوە. ناوەندی ویلایەتی شارەزوور تا کەرکوک سنورەکەی بووە. پاشان‌ کراوەتە قەزاى گوڵعەنبەر، ناحیەی بەرزنجە و قزڵجەى لەسەر بووە. ساڵی ١٩١٩ کراوەتەوە به ناحیە، تاکو ئێستا ٣١ بەڕێوەبەرى هەبووە. یەکەم بەڕێوەبەری (کەریم بەگی حەمەدبەگی قادر پاشا) ناسراو بە (عەبدولکەریم فواد). ساڵی ١٩٢٦، پاشان هەریەکە لە: سەعید ئەفەندی (سەعید جیعەتلی. ساڵی ١٩٣٠)، کەریم بەگی گەرمیان ناسراو بە( کەریم بەگی ماین شێ، عزەت بەگ، سەعید ئەفەندی- سەعیدسور، عەلى عاسم، شاکرفەتاح، باقی بەگ، فەخری بەگ، عیزەتى تەل، ھادی ڕەشید چاوشلی ناسراو بەمودیرە سوور، جەمال، ئەکرم عەلی غالب ساڵی ١٩٥٥ کە سیدسادق دەبێته ناحیە، حەمەئەمین باڵتە، عەبدول جەبار زەنگەنە، فایەق سەبری بەگ، ڕوشدی بەگ، نەجمەدین عەبدولکەریم شێخ ئەحمەد عەبدولقادر نەقشبەندی، شێخ جەمال نەقشبەندی، شێخ عەلی شێخ حوسەین کەسنەزان، تاھیر محەمەد بابا جەلەولایی، سیروان فەوزی ڕەشید، عەبدوڵڵا شەریف هەلاج، کۆتا مودیر ناحیەی خورماڵ بووە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا. پاشان شێخ قادر شێح شەمسەدین، بووەتە ئەنجومەنى ناحیەکە. ساڵی ١٩٩٧ تا ١٩٩٩ دانا شێخ نوری، ١٩٩٩ تا ٢٠٠٣ فوئاد حەمەساڵح مۆریاسی، ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٦ سمکۆ سالار، ٢٠٠٦ تا ٢٠١٩ عوسمان ئەنوەر شارباژێڕی، ٢٠١٩ تا ٢٠٢١ بوونەتە بەڕێوبەر. کۆتا بەڕێوەبەری (فەرەیدون موحەمەد) بووە لە ساڵی ٢٠٢١ بووەتە بەڕێوەبەر و تا ئێستا بەردەوامە. پێشتر بیناکی ناحیە لە قەڵا بووەو ئێستا بیناى ناحیەی خورماڵ دەکەوێتە گەڕەکى ئەردەڵان لە ناوبازارى خورماڵ، پیکهاتەى بیناکە لە بەرد و چیمەنتۆ و شیش دروستکراوە و لە دوو نهۆم پێکدێت و لە هۆبەکانى خزمەتگوزارى، کۆمپوتەر، کارگێڕى، ژمێریارى، هاتوو و ڕۆشتوو، هەشت فەرمانبەرى هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی

دامەزراوەیەکی حکومییە، لەساڵی ١٩٥٦ دروستکراوە، ئێستا سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمە، لەکاتی سەردانی مەلیک فەیسەڵی دووەم، فەرمانی بوون بە ناحیەی دەرچووە. سەرەتا دوو گوند بوون، به ‌ناوەکانی جانجان و کێلەسپی. سەرەتا بەناوی ناحیەی دوجەیلەوە بووە، دواتر و لە ساڵى ١٩٨٢دا ناوەکە گۆڕاوە بۆ سیروان. یەکەم بەڕێوەبەرى ناحیەى سیروان کەسێک بووە بەناوى (ئەبابەکر زیبارى)، پاشان چەند کەسێکی تر کراون بە مودیر ناحیە، وەک: ملازم علی عوبێد دلیمی، لەهەمانکاتدا بەڕێوبەری پۆلیسش بووە، مستەفا مەحمود ڕەسوڵ ئاغاپژدەری، هاشم تاهیر بەرزنجی، مساوات زاخۆیی، ئەبوعومەر، عەبدوڵای شەریف هەلاج هەڵەبجەیی. لەپاش ڕاپەرین و دروستبونی حکومەتی هەرێم، چەند کەسێکى تر بوونەتە بەڕێوەبەرى ناحیەکە، لەوانەش کەمال دۆڵپەمۆیی، شاهۆ عوسمان، عەلى عوسمان، هێمن حەمە حسێن، کە تا ئێستا بەردەوامه. لە دووبەشی سەرەکی (کارگێڕی و خزمەتگوزاری) پێکدێت، ٨ فەرمانبەری هەمیشەیی و سێ فەرمانبەری گرێبەست و یەک فەرمانبەری خۆبەخشی هەیە. بیناکەی دەکەوێتە گەڕەکی ڕاپەرین، ٧٢ گوندی لەسەرە. لە دوو نهۆم و نۆ ژوور پێکدێت، ڕووبەرەکەی نزیکەی مەتر ١٠٠٠م٢ دەبێت.

پێشتر 1
...
28 29 30
...
39 دواتر