بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
دامەزراوەیەکی حکومییە. سەرەتا سەنتەرێک بووە سەر بە JCC سلێمانی، ساڵی ٢٠٢٠ بووەتە بەڕێوەبەرایەتییەک و سەر بە ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکانە لە وەزارەتی ناوخۆ. لە ناو دیوانی پارێزگای هەڵەبجەدایە. ئەردەڵان سەلاح یەکەم بەڕێوەبەری بووە. ئێستا فریاد نەجمەدین کەریم بەڕێوەبەرە و لە کارەکەی بەردەوامە. یەک کارمەندی تەنسیب و سێ خۆبەخشی هەیە. لینکی پەیوەندی نێوان حکومەتی لۆکاڵی و ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و لۆکاڵییەکانە. هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پێش کارەساتە سروشتییەکان و ڕووبەڕووبونەوەی کارەساتەکاندا دەکات. هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هێنانی پڕۆژەی ڕێکخراوەکان لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکان دەکات و هەلیکار دەڕەخسێنێت و خولی ڕاهێنان و بەهێزکردن بۆ فەرمانگەکان دەکاتەوە و سەرپەرشتی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکات. هەروەها سەرپەرشتی کۆگای سەنتەری لۆجستی و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی دەکات:
١- کۆگای سەنتەری لۆجستی: کەوتووەتە ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە. ساڵی ٢٠٢٤ لەسەر ڕووبەری (٢٨٠٠م) لەلایەن ئاژانسیTHW ی ئەڵمانی دروستکراوە و تەواوی پێداویستیەکانیان بۆ دابینکردووە. لە بەشەکانی: کۆگا، ساردکەرەوە، ئۆفیس پێکهاتووە. کەلوپەل و پێداویستیی سەرەکی بۆ کاتی کارەساتی سروشتی و لێقەوماوانی تێدا هەڵگیراوە، وەک بەتانی و فەرش و دۆشەک و خۆراک و هتد. بە ژێرخانێکی گرنگی لۆجستی پارێزگای هەڵەبجە دادەنرێت بۆ کاتی کارەساتە سروشتییەکان و قەیرانە مرۆییەکان.
٢- تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی: ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هاوکاری و پاڵپشتی تیمەکانی بەرگری شارستانی و شارەوانی و تەندروستی دروستکراوە، لەلایەن ئاژانسی THW ی ئەڵمانی پاڵپشتی دەکرێن و کەرەستە و ئۆتۆمبێلی تایبەت بە خۆیان هەیە. لە ١٩ کەس پێکدێن و بەشێکیان کارمەندی سەر بە دامودەستگا حکومیەکانن و بەشێوەی خۆبەخش کاردەکەن. ئەم تیمە ڕۆڵی هەیە لە بەدەمەوەچوونی مەیدانیی هاوڵاتیان لە کاتی کارەسات و قەیرانەکاندا.
سەرچاوەکان:
- پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (فریاد نەجمەدین کەریم ئەمین)، لەدایکبوو: ١٩٨٦، بڕوانامە: بەکالۆریۆس. پیشە: بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، لە ٢٢ی ٥ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید