بەرگی حەوتەم
کەسەکان بەپێی پیشە
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
بەرگی حەوتەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.
دادوەری کاراتییە لەسەر ئاستی (ئاسیا) و وەرزشەوانە لە (ئەکادیمای کاراتیی خورماڵ). ساڵی ١٩٨١ لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٤ەوە دەستی بەیاریکردووە و پلەی بەرزی بەدەستهێناوە، لەوانە: ساڵی ١٩٩٨ لە پاڵەوانییەتیی کوردستان پلەی دووەم بەشێوەی تیم، ساڵی ٢٠٠٢ لە پاڵەوانییەتیی عێراق پلەی سێیەم بەشێوەی تاک، ساڵی ٢٠٠٨ بووە بە داوەری وەرزشی. ساڵی ٢٠٢٠ لەسەر ئاستی عێراق و ساڵی ٢٠٢٣ بڕوانامەی ئاسیایی لە دادوەرییدا وەرگرتووە. لە زیاتر لە ١٠ پاڵەوانیەتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێرق و ئاسیا بەشداریکردووە، لە دەرەوەی وڵاتیش لەوڵاتی -ئەردەن بەشداری پاڵەوانییەتیی جیهانی کردووە.
وەرزشەوان، ئامادەکار و شیکەرەوەی وەرزشییە. ناوی (ھیوا سەعدی حامید ڕەزا)یە. ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی (عەبابەیلێ)ی نزیک ھەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە وەرزشدا بەدەستهێناوە و لە ئێستادا مامۆستای وەرزشە لە هەڵەبجە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. کتێبێکی چاپکراوی بەناوی (وەرزش و تەندروستی)یەوە بەچاپ گەیاندووە. ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٦ یاریزان و ئەندامی یانەی وەرزشی پەیام بووە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠٢١ وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە کاریکردووە. پێشتر لە ڕادوێی ھەڵەبجە، کەناڵەکانی ناوخۆی ھەڵەبجە، ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی کاریکردووە و لە ئێستاشدا لە کەناڵەکانی فاڵکۆن و NTRدا کاردەکات. لەگەڵ کردنەوەی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لقی ھەڵەبجە وەک ئەندام دەستبەکاربووە. ماوەی بیست ساڵە بە بەردەوامی لە تەلەفزیۆنەکاندا وەک شیکەرەوەی وەرزشی دەرکەوتووە. جگە لە زمانی دایک، فارسیش دەزانێت.
وەرزشەوانی دێرینە. ساڵی ١٩٦٢ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. تا پۆلی پێنجەمی زانستی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە ئێستادا فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەڵەبجە. وەرزشەوانی گۆڵپارێزە. لە تیپی میللیی وەرزشی کوردستان ساڵی ١٩٧٧ و لە شنروێ ساڵی ١٩٨٤ - گۆڵپارێزی کردووە. لە کاتی خزمەتی سەربازی لە شاری موسڵ ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨١ لە بەشی تۆپیپێ وەک یاریزانی گۆڵپارێز یاریکردووە. ساڵی ٢٠١٦ لێپرسراوی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق بووە لە هەڵەبجە.
ساڵی ١٩٨١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. لە تیپە وەرزشییەکانی: ڕێبەر، شەهیدان و لە یانە وەرزشییەکانی: پەیام، هەڵەبجە، سیروانی هەڵەبجە، شارەزوور، یاریکردووە. لە یاری کیک بۆکسینگ لە هەڵبژاردەی عێراق یاریکردووە و ئاستی بەرزی پیشانداوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و لە ئێستادا پیشەی کاسبە و لە هەڵەبجە نیشتەجێیە.
یاریزانى نێودەوڵەتییە. خەڵکى گوندى (خێڵى حەمە)ى سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ)ـە. ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵی ١٩٩٩ دەستىکردووە بە یاری و سەرەتا لە یانەی وەرزشی سلێمانی کۆنفۆى کردووە و دوو ساڵ یەکەمی شاری سلێمانی بووە لە کێشی (٦٠کغم). ساڵی ٢٠٠٣ دەستیکردووە بە یاری کیک بۆکسینگ و چووەتە یانەی وەرزشی برایەتی، دوای ساڵێک بووە بەڕاهێنەرى هەمان یانە. لە کێشی (٦٣کغم) لە بەغداد بۆ دوو ساڵ بەدواییەکدا یەکەم بووە. ساڵی ٢٠٠٥، تەسفیاتی یانەکانی هەرێم کراوە، لە کێشی (٦٧ – ٧١کغم)دا، پلەی یەکەمى بەدەستهێناوە. تا ساڵی ٢٠٠٩ خاوەنی بڕوانامەی نێودەوڵەتیی پشتووێنی ڕەشی سێ دانی بووە. خاوەنی چەندین بڕوانامەی ڕاهێنان و داوەرییە. لە دوای ساڵی ٢٠١٠وە وازیهێناوە.
لە(ئەکادیمیای کاراتیی خورماڵ) وەرزشەوانی کاراتییه. ساڵی ١٩٨٦ لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. ساڵی ١٩٩٨ لە هۆڵی مزگەوتی (گەورەی خورماڵ) دەستی بە یاریی کاراتی کردووە. قۆناغەکانی بوون بە دادوەریی وەرزشی بڕیوە و بووە بە دادوەر. خاوەنی بڕوانامەی پشتوێنی (ڕەشی دان یەک)ـە. ساڵی ٢٠١٤ لەیەکەم خولی دادوەری پلەی (J.C)و ساڵی ٢٠١٧ پلەی (J.A) و ساڵی ٢٠٢٤ پلەی (R.A) بەدەستهێناوە و بووە بە دادوەری پلە یەکی عێراقی. لە ساڵى ٢٠٢٤دا بووە بە ئەندامی دادوەرانی کاراتی لە پارێزگای هەڵەبجە. وەک دادوەر چەندین پاڵەوانیەتی لە شارەکانی هەرێم و عێراق بەڕێوەبردووە.
ساڵی ١٩٨٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە ژمێریاریدا بەدەستهێناوە. لە ژیانی وەرزشیدا یاری بۆ تیپی وەرزشی شنروێ و یانەکانی: هەڵەبجه، کەمال سەلیمی سلێمانی کردووە. ئاستی بەرزی پیشانداوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. پیشەی فەرمانبەرە لە سلێمانی.
ڕأهێنەر و وەرزشەوانی کاراتییە. ساڵی ١٩٨٨ لە ئۆردوگای (سەرکەوتن) لەدایکبووە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە قەزای (شارەزوور) و پەیمانگای تەکنیکی بەشی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی کردووە و ئەنجامی باشی هەبووە، لەوانە: ساڵی ٢٠١٦ لە پاڵەوانیەتیی کوردستان پلەی پێنجەم، ساڵی ٢٠١٧ لە (ئیدارەی ڕاپەرین) و لەسەر ئاستی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٤ بڕوانامەى ڕأهێنەرایەتى لە یاریى لەشجوانیدا وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٨ هۆڵی (لەشجوانیی خورماڵ)ی کردووەتەوە و نزیکەى ٨٠ یاریزانى هەیە.
مێژووی دروستبوونی ئەم ئۆردوگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨، ئەم ئۆردوگایە ئەو کات سەر بە شارۆچکەی سەوڵاوا بووە لە قەزای (شارستانی) مەریوان. بە شێوەیەکی گشتی یاری تۆپیپێ و تۆپی بالە لەم ئۆردوگایەدا ئەنجامدەدرا. تیپەکانی ئەم ئۆردوگایە ئەم تیپە وەرزشییانە بوون: برایەتی، پەیام، تیپی وەزشی بروسک، پەلامار. تۆپی بالەی ئۆردوگا ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٩، بیست یاریزانی لە تۆپی بالە یارییاندەکرد.
لە ساڵی ١٩٨٨ لە پاش بۆردومانکردن و کیمیابارانکردنی دانیشتووانی شاری هەڵەبجە، زۆرێک لە دانیشتووانی شار ئاوارەی وڵاتی ئێران بوون. ژمارەیەک لە دانیشتووان یان خێزانی هەڵەبجەیی لەم ئۆردوگایەی شاری بەردەسیر سەر بە پارێزگای کرمان نیشتەجێکران و لەنێو ئەم خەڵکە ئاوارەیەدا، ژمارەیەک وەرزشەوان و یاریزانی هەڵەبجەیی لەم ئۆردوگایە گیرسانەوە. پاش جێگیربوونیان، دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاری دۆستانە و ڕێکخستنی خولی نێوخۆیی نێوان بلۆک یان گەڕەکەکانی ئۆردوگا کرد و پەیوەندی وەرزشیان لەگەڵ تیپ و یاریزانەکانی شارەکە و گوندەکانی دەوروبەریدا دروستکرد.
وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجەیی چالاکی وەرزشییان لە یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە لە ئۆردوگای شاری جوانڕۆ (قەزای جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشانە لە کوردستانی خۆرهەڵات) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١، بە شێوەیەکی گشتی لە ئۆردوگای جوانڕۆ ئەم تیپانە هەبوون: ١ - تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی مەولەوی. ٢ - تیپی وەرزشی تۆپیپێی شەهیدان. ٣ - تیپی لاوانی مەولەوی. ٤ - تیی لاوانی شەهیدان. ٥ - تیپی وەرزشی کوردستان. ئەم تیپە وەرزشیانە بە شێوەی هاتن و ڕۆشتن لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکاندا پەیوەندیان هەبوو و سەردانی یەکتریان دەکرد و یاری و چالاکیی دۆستانەیان ئەنجامدەدا، هەروەها لەگەڵ تیپە میللییە وەرزشییەکانی گوند و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەریاندا، پەیوەندیی وەرزشیان هەبوو و یاریی دۆستانەیان ئەنجامداوە و لە خولەکانی یەکتردا بەشداربوون، لە کاتی بەشداری لە خولی دەرەوەی ئۆردوگا بە ناوی هەڵبژادەی ئاوارەکانی ئۆردوگای جوانڕۆوە، بەشدارییانکردووە.
مێژووی دامەزراندنی ئەم ئۆردوگایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ بۆ ١٩٨٨. سەر بە شارەدێی (دزڵی)یە لە قەزای مەریوان، پارێزگای کوردستان لە کوردستانی خۆرهەڵات. ئۆردوگای دزڵی نزیکەی (٢٦کم) لە شاری مەریوانەوە دوورە. ژمارەیەک لە وەرزشەوان و یاریزانی هەڵەبجە و دەوروبەری لەم ئۆردوگایە مەشق و ڕاهێنان و یاری دۆستانەیان ئەنجامداوە و لە خولی وەرزشیی ناوخۆیی ئۆردوگا و خولی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری ئۆردوگا بەشدارییانکردووە و پەیوەندی وەرزشییان لەگەڵ تیپەکانی دەوروبەردا هەبووە. سەرەتا دوو تیپی وەرزشیی بەهێز بە ناوەکانی (قەندیل و شاڵاو) لەم ئۆردوگایە دامەزران، پاشان چەند تیپێکی تر، کە ئەمانیش ئاستێکی باشیان لە ئۆردوگا و خولەکانی شارەدێ و گوندەکانی دەوروبەر پێشکەشدەکرد، دامەزران، کە ئەمانەن: (کۆچەر، بەڵێن، شرام، کوردستان، باوەڕ، مەولەوی). دیارترین کەسانی وەرزشی وەک سەرپەرشت و ڕێکخەری وەرزشی لە ئۆردوگا، چەند کەسێک بوون، لەوانە: عومەر حەمە فەریق، حسێن جەعفەر، عوسمان دەروێش، سەرکەوت حەمە مراد، سەباح محەممەد محەممەد ئەمین.
وەرزش و چالاکیی وەرزشیی یاریزانان و وەرزشەوانانی هەڵەبجەیی لە ئۆردوگای شاری ڕوانسەر (قەزای ڕوانسەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەر بە پارێزگای کرماشانە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٢. یاری تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، لە یارییە سەرەکییەکان بوون، کە لەم ئۆردوگایەدا ئەنجامدەدران. ئەو تیپە وەرزشییانەی، کە لەم ئۆردوگا دامەزرابوون و چالاکیی وەرزشی و مەشق و ڕاهێنان و یاری دۆستانە و سازکردنی خول و بەشداریکردنیان لە خولی گوند و شار و شارۆچکەکانی تردا ئەنجامدەدا، ئەمانە بوون: هەڵبژاردەی ئۆردوگا بە ناوی تیپی وەرزشی هەڵەبشیما (ئۆردوگای ڕوانسەر)، تیپی وەرزشی میللیی تۆپیپێی بروسکە، تیپی وەرزشی تۆپیپێی شەهیدان، لاوانی تیپی وەرزشی بروسکە، لاوانی تیپی وەرزشی شەهیدان، تیپی وەرزشی حەمرین. تیپەکانی ئۆردوگای ڕوانسەر یاری دۆستانەیان لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکاندا ئەنجامدەدا و بە شێوەی هاتن و ڕۆشتن سەردانی یەکتریان دەکرد و لە خولە وەرزشییەکانی یەکتردا، کە سازیاندەکرد، بەشداردەبوون و پەیوەندیی وەرزشییان هەبوو. ئەو سەردەمە ئاستی باشیان پێشکەش دەکرد و لە چەند خولێکدا نازناو و جامیان بە دەستهێناوە.
وەرزش لە ئۆردوگای سەحنە (ئۆردوگای سەفید چیا، یان سەفید چەقای سەحەنە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢. ژمارەیەک لە وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە لەم ئۆردوگایە سەرگەرمی مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە و بەشداریکردن لە خولی وەرزشی تۆپیپێ لە دەرەوەی ئوردوگا بوون. تەنها یەک تیپی لەخۆگرتووە، بە ناوی: تیپی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەحنە. تۆپیپێ و تۆپی بالە دوو یاریی سەرەکی و وەرزشی ئۆردوگا بوون. شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشانە.
چالاکیی وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە و دەوروبەری لەم ئۆردوگایە دەگەڕێتەوە بۆ چەند قۆناغێک: یەکەم: ساڵی ١٩٧٤ لە کاتی ئاوارەبوونی دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری بۆ وڵاتی ئێران، لە ئۆردوگای سەریاس سەر بە شاری پاوە گیرسانەوە و نیشتەجێبوون، یاریزانان و وەرزشەوانانی هەڵەبجە تیپیان پێکهێنا و کەوتنە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانە لەگەڵ تیپەکانی ناحیە و شارەکانی دەوروبەری ئۆردوگای سەریاس و پاوە و کرماشان. وەک لە یارییەکانی: تۆپیپێ و تۆپی بالە، ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی هەڵەبجەیی لەو قۆناغەدا هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی شارەکانی وەک سلێمانی و خانەقین، کە ئەوانیش ئاوارە بووبوون و لە هەمان ئۆردوگا نیشتەجێبوون. پێکەوە تیپیان دروستکرد و مەشق و ڕاهێنان و یارییان ئەنجامدەدا. پاشان گوازرایەوە بۆ (ئۆردوگای ئەنزل) نزیک شاری قەسری شیرین، لەم ئۆردوگایەش مەشق و ڕاهێنان و چالاکیی وەرزشییان ئەنجامدەدا، پاش ماوەیەک گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق و جارێکی تر لە هەڵەبجە وەرزشەوانان و یاریزانەکان کەوتنەوە چالاکی و جموجوڵی وەرزشی. دووەم: ساڵی ١٩٨٧ نزیکەی دە هەزار کەسی شاری هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون و لە ئوردوگای سەریاسی سەر بە قەزای پاوە و چەند شوێنێکی تر نیشتەجێبوون، پاشان وەرزشدۆستان و یاریزانانی هەڵەبجەیی، تیپی وەرزشی تۆپیپێیان دامەزراند و لەگەڵ گوند و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری یارییاندەکرد. تیپی وەرزشی تۆپیپێی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەریاس لە ماوەیەکی کەمدا بوونە یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی ناوچەکە و لەگەڵ شارەکانی وەک: پاوە، ڕوانسەر، جوانرۆ و کرماشان و هەروەها لەگەڵ تیپی گوندەکانی دەوروبەری ئۆردوگادا، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا. سێیەم: ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە ناپاڵم و چەکی کیمیاوی لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨دا، دانیشتوانی شار ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهیدبوون، لەناو شار و دەوروبەری، ژمارەیەکی زۆری تر بە شێوەیەکی گشتی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونەوە و لە چەند ئۆردوگایەکدا نیشتەجێکران، لەوانە ئۆردوگای سەریاس لە پاوە، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانان و وەرزشەوانی شار، لەم ئۆردوگایەش نیشتەجێبوون و دەستیانکرد بە چالاکی و مەشق و ڕاهێنان و پاشان ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لە تۆپیپێدا، تیپە میللییە وەرزشیەکانی تۆپیپێ لەم قۆناغەدا لە ئۆردوگای سەریاس، ئەمانە بوون: ئاوارە، ڕاستی، قوتابیان، بێکەس، ئاشتی، بەڵێن. ئەم تیپە وەرزشییانە لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکانی تر بە شێوەی هاتن و چوون لەگەڵ تیپەکانی شار و شارەکانی تری دەوروبەری خۆیان، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا و لە خولەکانیان بەشداردەبوون لە یاریی تۆپیپێ و تۆپی بالە بەتایبەت.
ئەو وەرزشەوانانەن پاش کیمیابارانی هەڵەبجه، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩١ لە ئۆردوگای سەقز ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا و لەگەڵ تیپەکانی شاری سەقز و دەوروبەریدا، پەیوەندیی وەرزشیان هەبوو. تیپە وەرزشیەکانی ئۆردوگای سەقز ئەمانە بوون: لاوان، شەهیدان، سەرگەڵو، قەندیل. ساڵی ١٩٨٩ خولێکی تۆپیپێ بە بۆنەی یادی شەهیدانی هەڵەبجە بۆ دوانزە تیپی بەهێزی شاری سەقز لە یاریگای نێودەوڵەتیی ئەم شارە بەڕێوە چوو، لە کۆتاییدا تیپی وەرزشی قەندیل لە ئۆردوگای سەقز و تیپی پیروزیی سەقز، گەیشتنە یاریی کۆتایی، یارییەکە بە ئەنجامی یەک بە سفر بە بردنەوەی تیپی وەرزشی پیرووزی کۆتاییپێهات.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجه، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای سەلاسی باوەجانی ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان ئەنجامداوە و لە خولی نێوخۆیی ئۆردوگا و شارەکانی دەوروبەریان بەشدارییاندەکرد. تیپە وەرزشییەکانی ئەم ئۆردوگایە بریتیبوون لە: تیپی وەرزشی مەولەوی، تیپی وەرزشی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەلاسی باوەجانی.
ئەو وەرزشەوانانەن، پاش کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای شاری سنغوری کولیایی سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان لە یارییەکانی تۆپیپێ و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، ئەنجامداوە. خولی نێو ئۆردوگایان ڕێکدەخست و جارجار لە خولەکانی شاری سەنغور و دەوروبەری بەشدارییانکردووە. چەندین یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی هەڵەبجەیی لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم ئۆردوگایەدا نیشتەجێبوون. تیپەکانی ئۆردوگای سەنغوری کولیایی ئەمانە بوون: ١ - هەڵبژاردەی ئۆردوگای سەنغوری کولیایی. ٢ - تیپی وەرزشی هیجرەت. ٣ - تیپی وەرزشی کوردستان. ٤ - تیپی وەرزشی حەمرین. ٥ - تیپی وەرزشی هەڵۆ. ٦ - تیپی وەرزشی برایەتی. ٧ - تیپی وەرزشی ئاسۆ. ٨ - تیپی وەرزشی پەیام. ٩ - تیپی وەرزشی کۆچەر. ١٠ - تیپی وەرزشی ئاوارەکان.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای کامیاران ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانەیان لە نێو خۆیاندا و لەگەڵ تیپەکانی شاری کامیاران و گوندەکانی دەوروبەریاندا ئەنجامداوە و لەگەڵ یاریزانانی ئۆردوگاکانی تردا پەیوەندییان هەبووە و بە شێوەی سەردانیکردنی یەکتری، یان هاتن و چوون، یاریی دۆستانەیان پێکەوە ئەنجامداوە و لە هەندێک خولیشدا، کە لە ئۆردوگایەک ڕێکخرابێت، بەشداربوون. ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی لەخۆگرتبوو، کە زۆر جار بۆ یارییە بەهێزەکان لە لایەن تیپەکانی شاری کامیاران و دەوروبەرەوە بانگهێشتکراون بۆ ئەوەی یارییان بۆ بکەن. بە گشتی شاری کامیاران دوو ئۆردوگای لەخۆدەگرت، ئەوانیش: (شەهرەک و وەرمەهەنگ) بوون. هەردوو ئۆردوگاکە بە دووریی کیلۆمەترێک یان کەم تریش لە شارەوە نزیکبوون. تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهرەک تیپێکی بەتوانا و ئاستبەرزبوون، هەروەها تیپی وەرزشی هیجرەت لە ئۆردوگای شەهرەک لاوانی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهرەک بوو.
ئەو وەرزشەوانانەن، کە پاش کیمیابارانی هەڵەبجە ڕوویان لە ئێران کرد و ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ١٩٩٢ لە ئۆردوگای کەنگاوەری سەر بە پارێزگای کرماشان ژیاون. مەشق و ڕاهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە بوون، هەروەها هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە لە خولەکانی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەریاندا، کە ڕێکیاندەخست، بەشدارییاندەکرد. بە هۆی بەشداریکردنێکی تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگا، هەمیشە خولەکان تام و چێژی تایبەتیان هەبوو، چونکە ململانێ و کێبرکێی وەرزشی لە نێوان تیپی ئۆردوگا و تیپەکانی تر دروستدەبوو، پەیوەندیی وەرزشی ئەم ئۆردوگایە لەگەڵ ئۆردوگاکانی تردا هەبوو، بە شێوەی هاتن یان ڕۆشتن یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا. لەم ئۆردوگایەدا ئەم تیپانە هەبوون: ١ - تیپی هەڵبژاردەی ئۆردوگای شەهیدانی هەڵەبجە (ئۆردوگای گەلیارانی کەنگاوەر) ٢ - تیپی وەرزشی مەولەوی. ٣ - تیپی وەرزی نەوڕەسی. ٤ - تیپی وەرزشی برایەتی. ٥ - تیپی وەرزشی شنروێ. ٦ - تیپی وەرزشی هیجرەت. ٧ - تیپی وەرزشی زەورا. ٨ - تیپی وەرزشی پەرلەمان. تیپی ئۆردوگا لەگەڵ ژمارەیەک تیپی بەهێزی گوندەکان و شاری کەنگاوەر یاریکردووە. نمونەی تیپەکانی شاری کەنگاوەر ئەمانەن: ئاناهیتا، هیلال ئەحمەر، فەرمانداری، عوقاب. تیپی گوندەکان وەک: حسێن ئاباد، تاهیر ئاباد، کوچە، گۆدین، دوم بادام، سەراوفەرش. یاریی تۆپیپێی و تۆپی بالە و تۆپی سەرمێز، یاریی سەرەکیبوون لەم ئۆردوگایەدا. هەندێک لەو وەرزشدۆست و وەرزشەوان، یان یاریزانانەی، کە سەرەڕای ئەوەی خۆیان یاریزان بوون، وەک سەرپەرشتیار، یان ڕێکخەر و هەڵسوڕێنەر بوون، لە وەرزشی ئۆردوگادا، لەوانە: عەلی سەعید ئەحمەد (عەلی مامە سەعید)، عوسمان حەمەئەمین، لوقمان عەبدوڵا سادق، سۆران عەبدوڵا سادق، ئەحمەد حەمەئەمین مستەفا، مەحموود حەمەئەمین مستەفا، حەمید عەبدولقادر، قارەمان عەبدوڵا، ئەمجەد حەمە تۆفیق ئەبوبەکر، بەهجەت تۆفیق ئەبوبەکر، ڕزگار ڕەشید، حەسەن حەمەمین ناوخاس، حەمید حەمە ڕەشید عەبدوڵا، فازیل ئیبراهیم، عەتا حەمە شەریف، ئەرسەلان کاکەبرا. ئەوانەی، کە دەبوونە ناوبژیوان بۆ بەڕێوبردنی یارییەکان لە ئۆردوگا، چەند کەسێک بوون، لەوانە: حەسەن حەمەئەمین، غالب حەمەساڵح، شوان ئەفراسیاب عەلی.