وەرزشەوانانی هەڵەبجەیی لە ئۆردوگای سەریاس- پاوە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
چالاکیی وەرزشەوانان و یاریزانانی هەڵەبجە و دەوروبەری لەم ئۆردوگایە دەگەڕێتەوە بۆ چەند قۆناغێک:
یەکەم: ساڵی ١٩٧٤ لە کاتی ئاوارەبوونی دانیشتووانی هەڵەبجە و دەوروبەری بۆ وڵاتی ئێران، لە ئۆردوگای سەریاس سەر بە شاری پاوە گیرسانەوە و نیشتەجێبوون، یاریزانان و وەرزشەوانانی هەڵەبجە تیپیان پێکهێنا و کەوتنە ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان و یاریی دۆستانە لەگەڵ تیپەکانی ناحیە و شارەکانی دەوروبەری ئۆردوگای سەریاس و پاوە و کرماشان. وەک لە یارییەکانی: تۆپیپێ و تۆپی بالە، ژمارەیەک یاریزانی بەتوانا و لێهاتووی هەڵەبجەیی لەو قۆناغەدا هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی شارەکانی وەک سلێمانی و خانەقین، کە ئەوانیش ئاوارە بووبوون و لە هەمان ئۆردوگا نیشتەجێبوون. پێکەوە تیپیان دروستکرد و مەشق و ڕاهێنان و یارییان ئەنجامدەدا. پاشان گوازرایەوە بۆ (ئۆردوگای ئەنزل) نزیک شاری قەسری شیرین، لەم ئۆردوگایەش مەشق و ڕاهێنان و چالاکیی وەرزشییان ئەنجامدەدا، پاش ماوەیەک گەڕانەوە بۆ کوردستانی عێراق و جارێکی تر لە هەڵەبجە وەرزشەوانان و یاریزانەکان کەوتنەوە چالاکی و جموجوڵی وەرزشی.
دووەم: ساڵی ١٩٨٧ نزیکەی دە هەزار کەسی شاری هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون و لە ئوردوگای سەریاسی سەر بە قەزای پاوە و چەند شوێنێکی تر نیشتەجێبوون، پاشان وەرزشدۆستان و یاریزانانی هەڵەبجەیی، تیپی وەرزشی تۆپیپێیان دامەزراند و لەگەڵ گوند و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری یارییاندەکرد. تیپی وەرزشی تۆپیپێی ئاوارەکانی ئۆردوگای سەریاس لە ماوەیەکی کەمدا بوونە یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی ناوچەکە و لەگەڵ شارەکانی وەک: پاوە، ڕوانسەر، جوانرۆ و کرماشان و هەروەها لەگەڵ تیپی گوندەکانی دەوروبەری ئۆردوگادا، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا.
سێیەم: ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی بۆمبارانکردنی هەڵەبجە بە ناپاڵم و چەکی کیمیاوی لە ١٦ی ٣ی ١٩٨٨دا، دانیشتوانی شار ژمارەیەکی زۆریان لێ شەهیدبوون، لەناو شار و دەوروبەری، ژمارەیەکی زۆری تر بە شێوەیەکی گشتی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونەوە و لە چەند ئۆردوگایەکدا نیشتەجێکران، لەوانە ئۆردوگای سەریاس لە پاوە، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانان و وەرزشەوانی شار، لەم ئۆردوگایەش نیشتەجێبوون و دەستیانکرد بە چالاکی و مەشق و ڕاهێنان و پاشان ئەنجامدانی یاریی دۆستانە لە تۆپیپێدا، تیپە میللییە وەرزشیەکانی تۆپیپێ لەم قۆناغەدا لە ئۆردوگای سەریاس، ئەمانە بوون: ئاوارە، ڕاستی، قوتابیان، بێکەس، ئاشتی، بەڵێن. ئەم تیپە وەرزشییانە لەگەڵ تیپەکانی تری ئۆردوگاکانی تر بە شێوەی هاتن و چوون لەگەڵ تیپەکانی شار و شارەکانی تری دەوروبەری خۆیان، یاریی دۆستانەیان ئەنجامدەدا و لە خولەکانیان بەشداردەبوون لە یاریی تۆپیپێ و تۆپی بالە بەتایبەت.
سەرچاوەکان:
- وەرزش و یاریزانانی هەڵەبجەیی لە تاراوگە، شوان ئەفراسیاب عەلی، (بەرهەمی بڵاونەکراوە)، ٢٠١٥.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (محەممەد فەتاح لیرە - عەلی سەعید نئەحمەد)، یاریزانی دێرینی هەڵەبجە و تیپی ئۆردوگای سەریاس، لە ١٥ی ١٠ی ٢٠١٩.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (سەعید فەرەج مەحموود)، یاریزانی دێرینی هەڵەبجە و تیپی وەرزشی ئۆردوگای سەریاس، لە ٢٦ی ٢ی ٢٠٢٣.
- وەردەگرتنی زانیاری لە فاروق حمەعەلی، یاریزانی دێرینی تیپی وەرزشی ئاوارە لە سەریاس، پاوە، ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٣.
- گفتوگۆی ئامادەکار لەگەڵ (عەبدوڵا ڕۆستەم)، گۆڵپارێزی دێرینی تیپی وەرزشی ئاوارە، سەریاس، پاوە، ١٠ی ٥ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: شوان ئەفراسیاب عەلی