کەسەکان بەپێی پیشە

بەرگی حەوتەم

کەسەکان بەپێی پیشە

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ئاوڕدانەوە لە ژیان و بەرهەمی پیشەوەران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسانی دیکە کە خزمەتیان بە کۆمەڵگا کردووە.

ناوەڕۆک

1189 بابەت

بەهرۆز بەڵخەیی

ناوی (بەهرۆز عەلی حەمەڕەحیم)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. بڕوانامەی دبلۆمی لە بەشی کارەبای پەیمانگای تەکنیکی هەولێری بەدەستهێناوە‌. پیشەی فەرمانبەرە. لە دەنگە نوێیەکانی گۆرانیی هەورامییە، چەندین ئاوازی نوێی داناوە و بە شیعری نوێوە وتویەتی. هەندێک لە کارەکانی کلیپ کراون و لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشکراون. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێدا کاریکردووە. لەوانە (کزەی شەماڵ، وەیادی ساڵان، بۆ مەلە، دووری وەسێشا، شەکەتەنا لالۆ). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی سێ منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

بۆکان هەورامی

ناوی (بۆکان حەسەن حەمەسەعید)ە. ساڵی ١٩٩٠ لەدایکبووە. بەشی ماتماتیکی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە ئێستادا مامۆستایە. له ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیکردووە بە گۆرانی وتن. چوار گۆرانی تۆمارکردووە و بە کلیپەوە بڵاوبووەتەوە: (سەوزە های سەوزە، دەردی دڵ، سەرگەرم و دڵتەنگ، چرای نمرە بیست). لە دەیان بەرنامە و پرۆگرامی هونەریدا بەشداریکردووە. زۆرترین کاری بە لایڤ_میوزیک بووە. لە قەزای شارەزوور نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

پەیوەند جاف

ناوی (پەیوەند بارام ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧١ له شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە. لە بنەماڵەی بەگزادەی جافی ھەڵەبجەیە و عادیلە خانم داپیرە گەورەیەتی. لە تەمەنی ١٠ ساڵی و کاتێک قوتابی بووە لە قوتابخانە، سروودی نیشتمانیی وتووە. زیاتر حەزی لە مەقام بووە و سوودی لە ھونەرمەندی فارس (گولپایگانی) وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٠ لەگەڵ تیپی مۆسیقای دەشتی کاریکردووە، یەکەم گۆرانی لەسەر شانۆ لە یانەی سەلاحەدین لە شاری بەغداد وتووە. یەکەم گۆرانی تۆمارکراوی گۆرانی (ئاخۆ کەی دێ) بووە، کە لە ھۆنراوەی (عوسمان جاف) و ئاوازی هونەرمەند خۆی بووە. ساڵی ١٩٩٣ چووەتە ‌ھەندەران و بۆ ماوەیەک لە گۆرانی_وتن دابڕاوە. ساڵی ١٩٩٦ لە تەلەفزیۆنی (مێد تیڤی) گۆرانی تۆمارکردووە. خاوەنی چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆکلیپە، لەوانە ئەلبومی (بۆ گوڵێک)، کە گۆرانییەکانی‌: (بێدەنگی، جێم مەھێڵە، دڵم تەنگە، سکاڵا، نھێنی، پرسیار، کۆچ، یارەکەم، ئەی چاوەکەم... ھتد)ی تێدایە. ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو ھانای شێرکۆ بێکەسدا پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵن.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

پشتیوان نەوڕۆڵی

ناوی (پشتیوان عەلی عەبدولمحەممەد پریسیی)یە و بە (پشتیوان نەورۆڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٨٤ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە دەستی بە گۆرانی_وتن کردووە و لە چەندین بۆنە و ئاهەنگدا بەشداریکردووە. ساڵی ٢٠٠٠ یەکەمین بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە. تا ئێستا ١٤ بەرهەمی بە شێوەی کلیپ بڵاوکردووەتەوە. خاوەنی زیاتر لە سەد بەرهەمە، کە زۆرینەیان لە ئاواز و هۆنراوەی خۆیەتی. شارەزایی لە بواری مەقامدا هەیە. پیشەی پێشمەرگەیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

پێشڕەو هەورامی

ناوی (پێشڕەو کەمال حەمەلەتیف)ـە. ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. بە کلیپی (ئامە کوڵێ گیان فاتەگوڵێ) لەکاتی ئازادکردنی هەورامان لە ساڵی ٢٠٠٣ تۆمارکراوە، ناسراوە. لەگەڵ گۆرانیبێژان: یەعقبوب، وەهبی، سیروان لهۆنی، یونس میرزادا گۆرانی وتووە و ئێستاش لەگەڵ هونەرمەندانی دەرەوەی هەورامانیش ئاهەنگ و گۆرانی هەیە. خاوەنی چوار کلیپ و دەیان سیدی و کاسێتی تۆمارکراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

جەمیل ئەحمەدی

ناوی (جەمیل عەبدوڵا ئەحمەد)ە. بە (جەمیل نەوسوودی) بەناوبانگە. ساڵی ١٩٤٨ لە خانەباخی خەنانەکەڕێی سەر بە شارۆچکەی نەوسوود لە خۆرهەڵات لەدایکبووە. هەر بە لاوی وەک دەنگخۆش و شمشاڵژەن دەرکەوتووە. ماوەیەکی درێژ هاوتایی عوسمان هەورامی کردووە و ناویان پێکەوە هاتووە. یەکێکە لە پایەکانی سیانەی سیاچەمانە_چڕی هەورامان. لەلایەن مامۆستایانی وەک حەمەحسێن و عوسمان و تەواوی گۆرانیبێژانی هەورامانەوە دەنگی پەسەندکراوە. مامۆستا عوسمان بە باشترین و کۆکترینی هاوتای خۆی زانیوە. داهێنەری چەندین بەزمی گۆرانییە، کە لە هەموو هەوراماندا وتراونەتەوە، لەوانە: نەرەی دارەپان و بابەتی شێنگێڕی پەروین گیان، سەوزێم وتێنە، و سیاچەمانەی بەناوبانگی(خواڵەداد). بەشداری چەندین زەماوەند و فیستیڤاڵی کردووە و لەگەڵ عوسمان هەورامیدا لە تەمەنی هونەرییاندا نزیکەی ٧٠٠ کاسێتیان تۆمارکردووە. چەندین جار ڕێزی لێنراوە و لە ناوەندە هونەری و جەماوەرییەکاندا خەڵات کراوە. لەوانە ئەنجومەنی مۆسیقی پاوە، نەوسوود، ڕێزلێنان و خەڵاتی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان. بەشدای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و باوکی هونەرمەندی ناسراو سەعدی ئەحمەدییە. ساڵی ٢٠٢٤ کۆچیدواییکردووە و لە شارۆچکەی نەوسود بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

چرۆ محەممەد عەلی

سرودبێژ و کەسایەتیی دیاری هونەری منداڵانی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی هەڵەبجە و ئەندامی چالاکی تیپی مەشخەڵی کچانە. بە منداڵە دەنگخۆشەکە ناسراوە. ساڵی ١٩٨٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی شەریعەی کۆلێژی زانستە مرۆڤیەتییەکانی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. لە بۆنە ئایینی و نەتەوەیی و یادەکانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بەشداریکردووە. ١٤ بەرهەمی بڵاوکراوەی لە سرود و گۆرانی هەیە و دوو کاسێتی تۆمارکراوی هەیە، ناوی هەندێک لە بەرهەمەکانی (یەکبونی، ئەی شارەکەم، بێ هودەی تەمەن، خوشکی تاساو، ئێمە ڕۆڵەی ڕۆژگارێکین، مەرگەسات، بە پۆل دێن حۆری مەجازان، ئەگەر نەتبینم سەیر نییە خودایە، قوتابی ژیر... ). ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. پیشەی مامۆستایە و لە شاری هەڵەبجە نیشتەجێیە.

حاجی ئایزە

ناوی (عەزیز حەمەئەمین محەممەد)ە. ساڵی ١٨٩٢ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. شەیدای خوێندن و خوێندەواری بووە. کەبابچییەتی و قەسابی کردووە و حەزیشی لە ڕاو بووە. هاونشین و هاومەجلیسی بەگزادە و بەگەکانی جاف بووە و زۆر هاوڕێی ئەحمەدموختار بووە، تا کاتی شەهیدکردنی ئەحمەد بەگیش لە ماڵی ئەحمەدموختاردا بووە. لەگەڵ گۆرانیبێژە ناودارەکانی هەورامان لە ماڵان و بۆنەکاندا گۆرانی وتووە، لەوانە، ئەحمەدی نازارێ و ئەلیلە و مامۆ هەیدەر و نەسکۆڵ و حەمەی ئەلی محەممەد و عوسمان و جەمیل. چەند کاسێتی تۆمارکراوی هەیە. خاوەن شێوازی وتن بووە و هەر بە گوێگرتن دەنگی دەناسرێتەوە. ساڵی ١٩٩٧ کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حاجی ڕەحمان

ناوی (ڕەحمان فەتاح ڕۆستەم)ـە و بە (حاجی ڕەحمان) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٨ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ساڵی ١٩٤٦ بووە بە سەرباز و بەشداری شەڕی فەڵەستینی کردووە و بریندار بووە. کارمەندی شارەوانیی تەویڵەبووە و لە فەرمانگەکانی ئاو و کارەبادا خزمەتیکردووە و ساڵانێکی زۆریش متەوەلی مزگەوتی گەورەی تەوێڵە بووە. هاونشیین هونەرمەندانی گەورەی کردووە و گۆرانی لەگەڵ وتوون، بە تایبەت لە بەزمەکانی شێخانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و منداڵی نەبووە. ساڵی ٢٠٢١ کۆچیدواییکردووە و لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبیژ

حاجی ساڵح

ناوی (ساڵح محەممەد مولود)ە. ساڵی ١٩٤٨ لە گونی خەرپانی لەدایکبووە بە دەنگخۆش و گۆرانیبێژی ناوچەکە ناوبانگی دەرکردووە و توانای چڕینی سیاچەمانەکانی هەیە. لە زۆربەی کۆبوونەوە و بۆنە و ئاهەنگەکاندا بە گۆرانی_وتن بەشداربووە، چەندین بەرهەمی تۆمارکراوی لەگەڵ هونەرمەندانی دیاری ناوچەی هەورامان تۆمارکردووە، لەوانە: (عوسمان کێمنەیی و جەمیل نەوسودی و سەباح هەورامی). ژیانی ڕۆژانەشی وەک کرێکار بەسەربردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی پازدە منداڵە. ساڵی ٢٠٠٩ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حەسەن حسێن کەریم

ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی خارگێڵانی هەورامان لەدایکبووە. دەرچووی ئامادەییە. لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە گۆرانیوتن کردووە و لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی هەوراماندا گۆرانی وتووە، لەوانە: عوسمان هەورامی، عەتا زەڵمی، سەباح خارگێڵانەیی، سیروان لهۆنی، یونس میرزا، ڕزگار گەچێنەیی و گۆرانیبێژانی خۆرهەڵات. دەیان کاسێت و سیدیی تۆمارکراوی هەیە و خاوەنی هەشت کلیپی وێنەگیراوە، کە لە تەلەفزیۆنەکانەوە پەخشکراون. بەشداری دەیان فیستیڤاڵی هونەریی و مۆسیقی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی شەش منداڵە. پیشەی فەرمانبەرە لە کشتوکاڵی خورماڵ.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حەمەئەمینی جەمە خورماڵی

گۆرانیبێژێکى میللیە. ناوی (محەممەد ئەمین ‌ڕەحمان ڕەحیم)ـه و بە ناوی دایکییەوە بە(حەمەئەمینی جەمه خورماڵی) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٧ له ‌شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووه. بەشداری زۆربەی ئاهەنگەکانی (خورماڵ، هەڵەبجه، هەورامان)ى کردووە. چەندین کاسێتی تۆمارکراوی هەیە، هەروەها ئەسپسوارێکی لێهاتوو بووە و له ساڵانی ‌پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا خاوەنی ئەسپی خۆی بووە. بەناوی (ئەسپەبۆر)ەوە، بەشداری چەندین پێشبڕکێ کردووە. ‌ساڵی ١٩٧٠ بەشداری دوانزە سوارەی مەریوان کردووه ‌و پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی ١٠ منداڵە. ‌ساڵی ٢٠١٠ له ‌شاری سلێمانی کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حەمەقوتوو

ناوی (محەممەد ئیبراھیم عەبدول)ـە. ساڵی ١٩٣٩ لە شاری ھەڵەبجە لەدایکبووە. بەھۆی ئەوەی کەسێکی پۆشتە و ڕێکپۆش بووە، بە (حەمەقوتوو) ناسراوە. لە ژیانییدا چەند کارێکی کردووە، لەوانە شۆفێریی هێڵی (سلێمانی - ھەڵەبجە) بووە. ماوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنیش فەرمانبەر بووە. سەرەتای گۆرانیوتنی بۆ سەردەمی لاوێتی دەگەڕێتەوه،‌ کاتێک‌ لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا بە کۆڵانەکاندا (بەتایبەتی کۆڵانەکانی گەڕەکی جوولەکان)دا ڕۆیشتوون و گۆرانی وتووە. ساڵی ١٩٥٤ بۆ تاقیکردنەوەی دەنگی چووەتە ئێستگەی بەغداد و شەش گۆرانی تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٦١ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە‌. ھەرچەندە کەسێکی نەخوێندەواربووە، بەڵام زۆربەی گۆرانییەکانی لە ھۆنراوە و ئاوازی خۆیەتی و تێکەڵ بە فۆلکلۆری کردوون. بەشداری چەندین فیستیڤاڵ و ئاھەنگی لە شارەکانی: سلێمانی، ھەولێر و دھۆک کردووە و لەگەڵ (تیپی مۆسیقای سلێمانی) و (تیپی مۆسیقای مەولەوی)دا بەرھەمی ھەیە. نزیکەی بیست گۆرانی و ستایشێکی ئایینی لە تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٩٢ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
گۆرانبیێژ

حەمەکەریم سلێمان

گۆرانیبێژە. (حەمەکەریم سلێمان وەیسی). ساڵی ١٩٠٧ لە تەوێڵە لەدایکبووە. وەستایەکی باشی کڵاشکردن بووە. ١٩٣١ هاوسەرگیریکردووە. ١٩٥٠وەک کارگوزاری شارەوانیی تەوێڵە دامەزراوە. چەند ساڵێک دەگوێزرێتەوە بۆ هەڵەبجە. بەهۆی شەڕی عێراق - ئێرانەوە نیشتەجێی سلێمانی دەبێت. ساڵی ١٩٨٥ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکدەسپێردرێت.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حەمەکەریمی عەبوولە

ناوی (حەمەکەریم عەبدوڵا قادر)ە. ساڵی ١٩٢٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. ماوەیەک قورئانی پیرۆزی خوێندووە. لە ماوەی دەستتبەسەری جافرساندا لە کەرکوک هاتوچۆی لای سانی کردووە و گۆرانی بۆ وتووە. یەکێکە لە داهێنەرەکان و بەزمێکی سیاچەمانە بە ناوی ئەوەوە دەناسرێت. لەگەڵ گۆرانیبێژانی سەردەمەکەی (ئەحمەدی نازارێ، حسێنی لاوە... هتد) گۆرانی وتووە. ساڵی ١٩٤٨لە نزیک خارگێڵان کوژراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

حەمەلامەرکەزی

ناوی (محەممەد کەریم ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٥٠ لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی چوار منداڵە. لە ساڵی ١٩٧٢ـەوە دەستی گۆرانیوتن کردووە. لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ زۆرێک لە گۆرانیبێژانی ناوچەکە گۆرانی وتووە لەوانە (عوسمان هەورامی، سەباح هەورامی، نەوزاد هانەدنی، جیهانبەخش، مەحموود شێرانی، ئەحمەد شەریف). دەیان کاسێتی تۆمارکردووه، بەڵام لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە فەوتاون. لە ئاهەنگ و بۆنەکانی سنوری هەورامان و هەڵەبجهدا گۆرانی وتووە. زیاتر لە ١٥ ساڵە وازی لە گۆرانیوتن هێناوە و لە ئێستادا لە قەزای سەیدسادق نیشتەجێیە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژی میللی

حسێنی لاوە

گۆرانیبێژ و سیاچەمانەچڕە. ناوی (حسێن حەمەلاو فەتحوڵڵا)یە. لەناو خەڵکدا بە وەستاحسێن و حسێنی لاوە ناسراوە. ساڵی ١٩٠٦ لە تەوێڵە لەدایکبووە. وڵاخداری و کاروانچیێتی کردووە. وەستایەکی دەستڕەنگینی بنەکڵاش بووە. ساڵی ١٩٣٧ لەگەڵ دووبرای و چەند کەسی تر بۆ کار چوون بۆ موسڵ و کاریانکردووە. گرامافۆنی هێناوەتە تەوێڵە. ساڵی ١٩٧١ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (باواسەرهەنگ) لە تەوێڵە بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانبیێژ

خەلیل شەکرالی

ناوی (خەلیل عوسمان عەلی محەممەد)ە و بە (خەلیل شەکرالی) ناسراوە. ساڵی ١٩٩٤ لە گوندی (شەکرالی) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە شەکرالی و ناوەندیی لە گوندی تەپی سەفای خواروو و ئامادەیی لە شارۆچکەی سیروان خوێندووە. کۆلێژی ئاداب بەشی جوگرافیای لە زانکۆی سەڵاحەدین لە ھەولێر تەواوکردووە. خاوەنی ئەلبومێکە بە ناوی (ناڵەی دڵ) و چەندین کلیپ و بەرھەمی ھونەریی تۆمارکراوی هەیە. کلیپی (خاڵۆ ڕێبوار) لە دیارترین بەرھەمەکانیەتی، کە لە ناوچەی نەورۆڵی کلیپی بۆ کراوه. لە دەیان چالاکیی و ئاھەنگی تایبەت و بۆنە جیاوازەکاندا بەشداریکردووە. جیا لە کاری ھونەری، ماوەی پێنج ساڵە کاری ھەنگەوانی دەکات و فرۆشیاری بەرھەمە خۆماڵییەکانە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنی دوو منداڵە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

خولەی شێرالی

گۆرانیبێژی میللییە. ناوی (مەحموود شێر عەلی)یە و بە (خولەی شێرالی) ناسراوە. ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی (تەپەکورە) لەدایکبووە. منداڵ بووە ماڵیان هاتووەتە ناو شاری هەڵەبجە. پیشەی کارگوزار بووە و پاشانیش دوکانی مریشکفرۆشی هەبووە. بەشداری بۆنە و ئاهەنگەکانی ئەو کاتەی هەڵەبجەی کردووە لە باخی میر و گوڵان و گۆڕەپانەکاندا، لە شاییەکاندا لەگەڵ شمشاڵژەنانی وەک مینەی لوولەک ژەن و گۆرانیبێژانی وەک ئەحمەدی مریشکفرۆش و گۆرانیبێژانی تردا گۆرانی وتووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاونی نۆ منداڵە. ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گردی سەیوان بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ

دارا محەممەد عوسمان هەورامانی

گۆرانیبێژ و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٦ لە بەڵخەی هەورامان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٢ دەخرێتە قوتابخانە، بەڵام لە خوێندن بێبەشکراوە. ١٩٦٧ دەبێتەوە بە قوتابی. پاش تەواوکردنی سەرەتایی، ناوەندی ئێوارانی لە سلێمانی تەواوکردووە. ١٩٧٦ بۆ ١٩٧٧ لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی وەرگیراوە. لە ئاهەنگی یەکترناسینی ئەوساڵەدا گۆرانی دەچڕێت. ساڵی ١٩٧٨ گۆرانی ئای بەناز بەنازی بۆ تەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکردووە. کاسێتێکی دووقۆڵی لەگەڵ کەریم خەمزەیی تۆمارکردووە. ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ هونەرمەندان عوسمان عەلی و عەدنان کەریم و مستەفا ڕەئوف بە شداری تۆمارکردنی کاسێتێکی گۆرانی کردووە. لە ئاهەنگ و دانیشتنە هونەرییەکانی سلێمانی و دەرەوەی سلێمانیدا بە گۆرانی_وتن بەشداری هەبووە. لەگەڵ هونەرمەند عوسمان هەورامی گۆرانی تۆمارکراوی هەیە. گۆرانییەکانی (ئاخ لەیل و گیان لەیل و هاوار ناز) لەگەڵ تیپی مۆسیقای مەولەوی تۆمارکردووە. خاوەنی چل گۆرانی و دەیان ئاوازە. چەند بەرهەمێکی چاپکراوی هەیە. لەوانە کتێبی: (مێژووی مۆسیقای هەورامان).

زیاتر بزانە
گۆرانیبێژ
Before 1
...
33 34 35
...
60 Next